شنبه، اردیبهشت ۲۸، ۱۳۹۲

شانۆی هەڵبژاردنی ئەمجارە و خۆپاڵاوتنی رەفسنجانی




 یازدەهەمین خۆلی هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماری ئێران لە ١٤/٠٦/٢٠١٣ دەستپێدەکات و هەفتەمین سەرۆککۆماری ئێران لە رێگەی هەڵبژاردنە شانۆیەکانی رژیمی کۆماری ئیسلامی هەڵدەبژێردرێت.
هەرچەند لە ناوەرۆکی هەڵبژاردنەکانی ئەمسالیش هیچ جیاوازیەکی ئەوتۆ نابینرێت، بەڵام لە رەوالەت و یاری هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵ جیاوازیەک هەیە نسبەت بە ساڵەکانی دیکە. ئەویش خۆپاڵاوتنی عەلی ئەکبەر هاشمی رەفسەنجانییە بۆ سەرۆککۆماری ئەمساڵ، ئەویش دوای ناز و نوزێکی زۆر لە کۆتایی کاتەکانی ماوەی خۆتۆمارکردن بۆ پاڵێوراوانی هەڵبژاردنی ئەمجارە خۆی یەکلایی کردەوە و لە بنکەی تۆمارکردندا ناوی خۆی وەک پاڵیوراو تۆمار کرد.
خۆپاڵاوتنی هاشمی رەفسنجانی بۆ خوڵی ئەمجارە بە لای زۆریەک لە چاودێرانی سیاسی جێگەی تێرامان و باس لەسەرکردنە،  لە سەرەتادا سەرۆکی دیاری کردنی بەرژەوەندیە سیاسیەکانی ئێران هاشمی لە سەر خۆ پاڵاوتنی  بۆ خوڵی ئەمجارەی چەندین مشت و مڕی سیاسی ناوبووە ، بەڵام دوایی بە رێگە پێدانی لە لایەن  رێبەر خامنەیی خۆی یەكلاکردەوە و هاتە ناو یاری هەڵبژاردنەکانی ئەمجارەش.
هەروەک هەموومان دەزانیین کە هاشمی رەفسنجانی  لە سەرەتای بە دەسەڵات گەیشتن و بناغەدانانی حکومەتی مەلایان لە ئێراندا  چ رۆلێکی هەبوو ، تەنانەت هەوڵێکی زۆریدا کە وڵایەتی فەقیهی لە ناو ئەو سیستەمەدا بچەسپێنێت و خامنەیش دوای مەرگی خومەینی بە رێبەری ئەو سیستمە بگەیەنێت.
هەرچەند خەڵکی ئێران رابردوو و کەسایەتی رەفسنجانی زۆر بە باشی دەزانن و ئاگادارن لە فێل و تەڵەکانی ئەو، ئەوەشیان چەند جار بە کردەوە سەڵماندویانە یەکەم جار لە خۆپاڵاوتنی بە نوێنەری شاری تاران لە کاتی خاتەمیدا  و دووەم جاریش لە خۆ کاندید کردنی بە سەرۆککۆماری  ئێران لە خوڵی پێشوودا کە لە هیچ کام لەو هەڵبژاردنانە دەنگی پێویستی بە دەست نەهێنا.
 بە بیر و بۆچونی من خۆپاڵاوتنی  هاشمی بۆ خۆلی ئەمجارەی هەلێکی باش بۆ رژیمی کۆماری ئیسلامی دەرەخسێنێت کە تاکو بە هێز و ئەنەرژیەکی زیاتر باردۆخی ئێستای کۆماری ئیسلامی بەریتە پێش و درزەکانی ناو دەسەڵات یەکخاتەوە.لە راستیدا شەڕی رەفسنجانی لە گەڵ رژیم لە سەر دەسەڵاتە و درێژەدانی تەمەنی ئەو رژیمەیە. بە کورتی رەفسنجانی پیاوی رۆژە سەخت و دشوارەکانی ئەو نیزامەیە کە هەر کات دەکەوێتە تەنگانە بە هانایەوە دێت. بە هاتنە سەرکاری ئەحمەدی نژاد لە دوو خولدا، تا رادەیەک پەردەی لە سەر ماهیەت و شوناسی راستەقینەی ئەو رژیمە هەڵماڵی و بەکاربردن و درێژەدانی سیاسەتە هەڵە و چەوتەکانی چ لە بوارەکانی ناوخۆیی و دەرەوەدا رژیمی بەرەو هەڵدێر بردووە. خامنەیی ئێستا بەو دەرکە گەیشتووە کە بە هێنانە سەرکاری ئەحمەدی نژاد چ هەڵەیەکی گەورەی کرد، بۆیە ئێستا دەیهەوێت کە ئەو هەڵەیە بە شێوەیەک کەمرەنگ کاتەوە، ئەویش بە رێگەپێدانی بە رەفسنجانی بۆ خۆپاڵاوتنی بۆ هەڵبژاردنی ئەمجارەی سەرۆککۆماری ئێران، ئەویش بەو مەبەستە کە لە سەرەتادا هاشمی وەک کەسایەتیەکی بەرزی ئەو نیزامە مەشروعیەت دەبخەشێتە دەسەڵات بۆ جارێکی دیکە، لە ئەگەری سەرنەکەوتنی رەفسنجانی لە هەڵبژاردنەکانی ئەمجارەدا هەروەها ، رژیم بەهانەیەکی باشی دەکەوێتە دەست و دەتوانێ مانۆری پێبدات. چونکە لە ئێستادا هاشمی هیوای ریفۆرمخوازان و تەنانەت وڵاتانی رۆژئاوایشە. بە سەرنەکەوتنی ئەو رژیم  پێگەی کۆمەڵایەتی لە ناو خەڵکدا بۆ دەگرێتەوە و دەشتوانێت وەک چەکیک بۆ دەمکوتکردنی ئیدیعای نەیارانی بەکار بێنێت.
هەروەها زەمینەیەکی باش  بۆ دەسەڵات دەرەخسێنێت کە لە رێگەی راگەیاندنەکانی ئەو پروپاگەندانەی کە لە خۆڵی هەلبژاردنەکانی پێشوو لە سەر ناراستی و تەزویری هەڵبژاردنەکان دەکرا بە درۆ بخاتەوە. هەروەها دەبێتە هۆی ئەوە کە رژیم بەو ئیدیعایەی کە خەڵک پشتیوانیەتی بە ئەنەرژی و هێزێکی زیاترەوە بەرنامە ناوچەیی و جیهانییەکانی بەریتە پێش و روخسارێکی جێگیر و جوان پێشانی دوونیای دەرەوە بدات.
جێگەی سەرنجە کە پشتیوانی هێزە ریفورمخوازەکان و ئەپۆزسیۆن لە هاشمی لە خوڵی ئەمجارەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری ئێراندا هەڵەیەکی گەورەو و مێژووی و ستراتیژیک دەبێت.
بوونی هاشمی رەفسنجانی لە بزوتنەوەی دێموکراتخوازاندا پێویستی بە دانپێدانانیەتی بەو هەڵانەی کە لە رابردوودا لەو ماوەیەی دەسەڵاتداریدا ئەنجامیداون. تەقەڵاکردنی هاشمی بەوەی کە هەڵەکانی بەخاتە  ئەستۆی کەسانی دیکە هیچ یارمەتیەکی نادات، بەڵکو دەبێتە هۆی ئەوە کە خەڵک زیاتر نسبەت بە ئەو بێ باور و بێ متمانە بن.
هاشمی رەفسنجانی لە درێژایی مێژووی کۆماری ئیسڵامیدا بە هەموو شێوە و هێزیەوە بەرگەری لەو رژیمە کردوە و بۆتە هۆی ئەوە کە سیستەمی وەلایەتی فەقیهی لە ئێراندا زیاتر جێگیرتر کات. بۆیە لێرەدا بە راشکاوی دەتوانم ئاماژە بەوە بدەم کە خۆپاڵاوتنی بۆ خوڵی ئەمجارەی هەڵبژاردنە شانۆیەکانی رژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران تەنیا بۆ پارستن و درێژەدانی کۆماری ئیسلامی ئێرانە و هیچ دەسکەوتێکی بۆ خەڵکی ئێران لێناکەوێتەوە.
.

دوشنبه، اردیبهشت ۱۶، ۱۳۹۲

ئەفسانەی نائومیدی!



رۆژێک شەیتان بە هەموو دوونیادا بانگی دەدا کە دەیهەوێت دەست لە کار بکێشێتەوە و دەیهەویست ئەسپاب و کەڵ و پەلەکانی بفرۆشێت.
هەموو ئەو کەڵ و پەلانەی کە ئامرازی کاری بوو بە نرخێکی ئەرزان خستبوونیە بازارەوە کە ئەو شتانەی لە خۆ دەگرت، شەهوەت ، ئێرەیی، تورەیی، کینە و رقلێبوونەوە، خۆ بەزڵزانین و زۆر شتی دیکە، بەڵام لە ناو ئەو شتانە یەک شت کە زۆر قەدیمی و کۆن دیار بوو، شەیتان نەیدەویست بە پارە و نرخێکی کەم بیفرۆشێت.
کەسێک دەنگی هەڵێنا و بانگی شەیتانی کرد و گوتی: " ئەو شتە چیە؟"
شەیتان وڵامی دایەوە کە بێ هیوایی و خەمۆکییە!!!
ئەو کەسە بە سەر سورمانەوە گوتی:" ئەی بۆچی ئەوەندە گرانە؟"
شەیتان بەو پێکەنینیە شەیتانییە وڵامی دایەوە و گوتی:" ئەوە تەنیا ئامرازی کاریگەری منە دژی مرۆڤەکان؟"
"هەرکات هەموو ئەو ئامرازانەم کە پێیە و بەکاریان دێنم تەئسیر و کاریگەری ئەوتۆیان نابێت ، ئەوا دەتوانم تەنیا بەو  ئامرازە بچمە ناخی مرۆڤەکانەوە. کاتێک توانیم کەسێک نائومید و دڵگرانی کەم ئەوا ئەوەی پێمخۆشبێت، دەتوانم لە گەڵی بکەم.ئەمن ئەو ئامرازەم دژی هەموو مرۆڤەکان بەکار هێناوە بۆیە ئەوەندە کۆنە."

شنبه، اردیبهشت ۱۴، ۱۳۹۲

بەرەو کوێ دەرۆی، پلانت چییە؟



بەرەو کوێ دەرۆیی، پلانت چییە؟
جێگەی داخە، ئەوەندە دەرگیری کێشەکانی ژیانمان دەبین کە خۆمان لە بیر دەکەین کە ژیان دەکەین.
ساتێک تایبەت کە بە خۆت.... بیر کەوە و تێرامێنێ .... لە خۆت پرسیار بکە، بەرەو کوێ دەچم؟ ئامانجم چییە؟
 نازانی ! کە ئەو پرسیارانە چ جادویەک دەخنە ناو مێشکتەوە.
ئەگەر کات نەدەیتە خۆت،  پەنجە بەرەو زەمان درێژ دەکەیت وتەواو دوونیا بە خەتابار دەزانیت، بێ ئاگا لەوێ کە خۆمان بە دەستی خۆمان خەنجەر دەخەینە سەر روئیا و ئارەزوەکانمان.
خەتاباری سەرەکی خۆمانیی، ئەوەدەبێت قەبووڵ کەین....، لە گەڵ هەر رێبوارێک دەکەوینە قسە... دەبینە هاورێ!
 هەموو شتێک دەبینین،بەڵام گەورەیی ژیان نابینین، گاڵتەمان پێ دێت، تەنانەت هێندێک جار گەورەیی خۆمانیش وون دەکەین....
 نازانین کێین؟ بێ خەیال لە زۆر شت دەگوزەرێین و گێلانە مامەڵە لە گەڵ ژیان و خۆمان دەکەین.
رۆژێک دەبێت جوابگۆ بین...
لە کۆتایدا وای لێدێت کە سەر لە خۆمان دەشێوێنین و نازانین بەرەو کوێ هەنگاو دەنێین...
بریار بدە!
ئامانجت چییە؟
لەوانەیە ئەو ساتە وەختە ژیانت ژێر و روو بکات.
بەڵام، ئەوە بزانە کە گۆرانکاری غیرەت و ئازایەتی دەوێت، لە غیرەت و ئازایەتیشدا ، حکمەت و ژیرییەکی بێ وێنە شاراوەیە.