جمعه، مرداد ۱۶، ۱۳۹۴

تۆڵە سەندنەوە!؟؟




تۆڵە سەندنەوە، یەکێک لە سفەت و تایبەتمەندی مرۆڤی سەرەتاییە. بەو مانایە کە کەسی رق ئەستوور بەو رق و کینەی کە لە ناو دڵی دایە، سەرەرای ئەوەی کە ژیان لە خۆی و دەورووبەری تاڵ دەکات، دەبێتە هۆی ئەوەش کە دوزەخێک لە ناخیدا بنیات بنێت .
 بێگومان رق و کینە لە ناخی ئەو مرۆڤانە  وەک بورکان وایە و هێندێک کات دەگاتە خاڵی هەڵچوون. لەو حاڵەتەدا کەسی تٶلەکەرەوە دەبێتە قوربانی رق و کینەی خۆی. هەرکەس لە قۆناغەکانی ژیانیدا ئامادەگی ئەوەی هەیە کە دووچاری رق  هەڵگرتن بێت،بەڵام تەنیا لە حالەتێکدا هەستی تۆڵەسەندنەوە روو دەدا کە باڵانس و هاوسەنگیەکە تێک بچێت. بەو مانایە کە یەکێک لە سەرتر بێت لەوەی دیکە.
هۆکارەکانی تۆڵە سەندنەوە جیاوازن.   ووشەی تۆڵەسەندنەوە هاوتایە لە گەڵ ووشەکانی ئێرەیی بردن ،کێبەرکێ ناساڵم،بێ رێزی و تێهەڵێنانەوە. تٶڵەسەندنەوە ووشەیەکە کە لە مرۆڤە سەرەتاییەکان بۆ ئێمە بە میرات گەیشتووە، بەو هۆیەشەوە کە دەتوانێت ببێتە توندوتیژی چ لە  پەیوەندیدا لە گەڵ کەسەکان و یان گرۆپەکاندا و ئاکامێکی خەراپی لێبکەوێتەوە. بەداخەوە ئەو سفەتەی مرۆڤی سەرەتایی ئێستاشی لە گەڵدا بێت گۆرانکارییەکی ئەو تۆی بەسەردا نەهاتوە.
هێندێک لە دەروونناسان، تۆڵە سەندنەوە بە رەگ و ریشەی هەموو دوژمنایەتییەکی دەزانن. لەو بارەیە تۆماس بوئێم لێکۆلینەوەیەکی بەربڵاوی سەبارەت بە دوژمنایەتی لە گەڵ بێگانە و نەژادپەرەستی کردووە و لەو پیوەندیەشدا باباتێکی زۆری نووسیوە. یان خانم سۆزان کاپلێن توێژینەوەیەکی زۆری سەبارەت بەو کەسانە کردووە کە لە نیزیکەوە شاهیدی کوشتاری خزم و نەتەوەکەیان بووێن. هەر دووک لەودەرووناسانە لەو کەسانە بووێن کە لە سەردەمی جەنگی جیهانی دووەمدا ،ناچار کراون کە وڵاتی خۆیان بە جێبهڵێن و رووبکەنە وڵاتێکی دیکە و بە هۆی ئەوەی خۆیان لە نیزیکەوە شاهیدی زۆر رووداوی تاڵ و ناخۆش بووێن دەستیان کردۆتە ئەو لێکۆڵینەوە.
لێکۆلینەوەی ژیانی تاوانبارانی کوشتاری قەومی ئەوە دەردەخات کە توندوتیژی و جەنایت و کۆشتاری قەوم و گەلانی دیکە، هۆکاری هەنگاو بە هەنگاوی گەشەسەندنی فەرهەنگی زوڵم وەحشیگەرییە.
تۆڵەسەندنەوە دەتوانێت ئەنگیزەیەک بێت بۆ توند وتیژی بەرفرەوان کە دەتوانێت دژی کەسێک یان قەومێک یان گەلێک بێت.
تا ئێرە پێشەکیەک بوو بۆ ئەوەی بچمە ناو بابەتێکەوە کە ماوەیەکە فیکری منی بە خۆوە سەرقاڵ کردوە و بۆتە هۆی ئەوەی هێندێک لە وزە و ئەنەرژیم بەو کەیسەوە لە دەست بچێت، ئەمرۆ کاتێکی بەتاڵم دەست کەوت و خۆم بە نووسینەوەی ئەو بابەتە خەریک کرد بەو هیوایەی کاریگەری هەبێت لە سەر هۆشیارکردنەوەی تاکەکانی کۆمەڵگەی کوردی .
لەو سەردەمەدا کە کوردستان و ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوین،  بۆنەتە دەریایەکی تۆفانی و لە زڵکاوی رق و کینەدا خەریکە نقوم بن . هێندیک بەرپرسی کورد کە لە دەسەڵات و سەرۆکی شوێنێک یان حزبێکن  بە بەکگراوندێکی رەق و کینە و تۆڵە سەندنەوە قسە لە گەڵ یەکتر دەکەن . من خۆم زۆر جار گوێ دەگرم لە هێندێک چاوپێکەوتن کە لە گەڵ بەرپرسانی پارتەکان یان حکومەت ئەنجام دەدرێت . بۆ نموونە رۆژێک یەکێک لەو کەسانە کە ئێستا بەرپرسی پارێزگایەکە و لە هەڵبژاردنیشدا دەنگێکی بەرچاوی بەدەست هێنا ، باسی ئەوەی دەکرد کە لە شەرێ ناوخۆی باشووری کوردستان کاتێک پارتی بەرانبەر دەستی بە سەر هەموو هەرێمەکەدا گرت ، ئێمە بە بیری تۆڵەکردنەوە گەراینەوە باشوور . هەر ئەو کەسە لە بەرنامەیەکی دیکەدا رەق و کینەی بە شێوەیەکی دیکە دەردەبری و دیگووت:" وامان لێنەکەن کە بیر لە هەرێمێکی سەربەخۆ بۆ سلێمانی بکەینەوە." ئەو روانینە نابەرپرسانە لە بەرانبەر نەتەوەیەک یان گەلی باشوری کوردستان مەترسیدارە . ئەو جۆرە کەسانە لە هەموو پارتە کوردییەکاندا بوونیان هەیە ، شتێکی ئاساییە کە کەسێک لە شەڕدا زوڵمی بەرانبەر کراوە یان کەس وکاری گوژراوە، رەق و کینەی هەبێت،بەڵام مەترسییەکە ئەو کاتەییە کە هەر ئەو کەسە ببێتە بەرپرسێکی بالا و بریاری گەلێکی بەدەستەوە بێت.
نموونەیەکی دیکە کە خۆم کاتێک لە باشووری کوردستان وەک رۆژنامەنووسێک کارم دەکرد بۆ کارێک رووم لە ئاسایشی گشتی هەولێر کرد بۆ ئەوەی لە شوێنی کارەکەم وەک کارمەندی رەسمی وەربگیرێم ، دوای ئەوەی کە پرسیاری لێکردم کە باسی خۆم بکەم  و ئەو شوێنانەی کاریان بۆ دەکەم یان بابەتیان بۆ دەنووسم، کاتێک گەیشتمە ئەوی کە بڵێم لە رۆژنامەی نوێشدا کار دەکەم، یەکسەر گووتی بچۆ دەر ، بێ ئەوەی روونکردنەوەی بۆ بدەم. ناوبراو بەوە تێگەیشت کە من کار بۆ رۆژنامەی کوردستانی نوێ دەکەم کە سەر بە یەکێتی نیشتیمانییە ، لە حالێکدا رۆژنامەی نوێ بە سێ زمان دەردەچوو و سەربە فەراکسیۆنی کوردەکانی پەرڵەمانی عێراق بوو. نموونەیەکی دیکە،  لە گەڵ دوو هاوکارم چووینە بۆ ئەنجام دانی کارێکی شەخسی بۆ دایرەیەک ، پیرەمێردێک ناسنامەی خۆی و خێزانەکەی بزر کردبوو ، هاتبوو ناسنامەیەکی دیکە دەرێنێتەوە ، بەرپرسی ئەو بەشە بە زمانێکی زۆر ناشیرین ئەو پیاوە پیرەی وەدەرنا، دوای ئەوەی ئێمە بە سەرسورمانەوە چاومان لێکرد، بۆ ئەوەی پاساو بێنێتەوە بۆ کارە ناجوانەکەی خۆی ، دەیگووت:" ئەوانە هەمووی بەعسی بوون." ئەوانە و دەیان نموونەی دیکە هەن کە هەر هاوڵاتیەکی کورد رۆژانە تەجروبە یان دەیانبینێت. ئێستاکەش کە کێشەو ئاریشەکانی هەرێمی باشوور کەڵکە بووە و بەرپرسانی ئەو هەرێمەش هەر بەو رووانینەی رق و تۆلە سەندنەوە دەروانە یەکتر، دەرئەنجامێکی باش بۆی چاوەروانناکرێت، مەگەر ئیرادەیەکی بەهێز هەبێت و لە ناوخۆیاندا ئاشتی میللی رابگەیەنن.
مەترسی ئەو جۆرە کەسانە کە بیر لە تۆلە سەندنەوە دەکەن و بەرپرسیارییەتیان بەدەستە زۆر زیاترە لە کەسانی ئاسایی کە هیچ مەسئولییەتێکیان نییە.
پارتەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان ، رۆژئاوا و باکووریش دەستی کەمیان نییە لە پارتەکانی باشوور . کێبەرکێ ناسالمی ئەو پارتانە، دەرئەنجامەکەی شکەستی گەلێکە، کە مێژوو هیچ کات لێیان نابورێت.

بۆیە پێویستە کە هەموو پارتەکان و خەڵکی کوردستان بەتایبەت ئەو کەسانەی بەرپرسیاریەتێکیان بەدەستە بیر لە رێگە چارەیەک بکەنەوە کە زاڵ بن بە سەر رق و کینەیاندا و بەرنامە و پلانیان هەبێت بۆ خۆ و بۆ نەوەکانی داهاتووی ئەم میللەتە .