دوشنبه، شهریور ۳۰، ۱۳۹۴

گەشتێک بەرەو ترۆڵ تونگا (Trolltunga ) مەترسیدارترین شوێنی نۆروێژ


 گەشتێک بەرەو ترۆڵ تونگا( (Trolltunga مەترسیدارترین شوێنی نۆروێژ

لە مانگی ئاگوستی ٢٠١٥ دا لە گەڵ هاورێکانم سیروان و کاروان گەشتێکمان کرد بۆ مەترسیدارترین شوێنی نۆروێژ. ئەم شوێنە پێی دەڵێن ترۆلەتونگا (Trolltunga) و بە یەكێك لە 10 شوێنە جوان و سەرنجڕاكێشەكان و مەترسیدارەكان لەسەر ئاستی جیهان دادەنرێت، كەسێك باری تەندروستیی تەواو نەبێت، ئەستەمە بگاتە ئەو شوێنە. بەپێی ماڵپەری (TOUREXPERIENCE.COM ) ، ئەم شوێنە یەكێكە لە زەحمەتترین شوێنە گەشتیارییەكانی جیهان. دوو بۆچوون لەسەر ناوی شوێنەكە هەیە. یەكەم: بەبڕوای نۆرویژییەكان جۆرێكە لە مرۆڤی خەیاڵی بە ناوی دێو كە لە ئەشكەوتەكاندا ژیاون و لە چیرۆكە میللییەكانیشدا زۆر ناویان هاتووە.  وشەی دووەم: بە مانای زمان دێت، چونكە تاشە بەردەكە كە دەكەوێتە سەر رووبارێك، وەكو زمانی دێو دێتە بەرچاو.


لە شاری ئۆسلۆ را نیزیکەی کاتژمێر ٦ پاشنیوەرۆ وەرێ کەوتین ، دوای تێپەربوونمان بە چەندین شار و شارۆچکە و دێهاتی نۆروێژدا کاتژمێر یەکی شەو گەشتینە شاری توریستی ئۆدە ، ئەو شارەی کە چوار دەوری چیا بەرزن ، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە تاڤگەکانی ئەو شوێنن کە بە سەر قەدپالی ئەوچیانەدا شۆر دەبنەوە خوارێ و دێمەنێکی دڵرفێن دەبخشنە ئەو شوێنە. 

شەوی ئەوڵمان بە هۆی ئەوەی باران بوو فریای چادر هەڵدان نەکەوتین و ناچار بووین هەر لە ماشێنەکەدا تا بەرە بەیانی بخەوین . نەم نەم بارانێکیش دەباری کە دەمای هەوای هێنابۆ خوارەوە و هێندێک جار لە سەرمان بە ئاگا دابووینەوە. کاتژمێر ٩ی بەرەبەیانی بەرەو تیسەداڵ بەرێ کەوتین ، ئەو شوێنە کە ترۆڵە تونگەی لێهەڵکەوتوووە. جاددەی چونە سەری بەرەو ئەو شوێنە زۆر باریکە، زۆر جار ناچار دەبووین کە راوەستین تا ماشێنی بەرانبەرمان بەلاماندا تێپەر دەبوو. دوای نیزیکەی کاتژمێریک گەیشتینە ئەو شوێنەی کە  شوێنی حەوانەوەی توریستەکانە .

 ئێمە ئەو رۆژە بە بێ پرسیار هەر بە ماشێنەکە کەمێک زیاتر چوینە سەر و شوێنێکمان دیتەوە بۆ پارکەرینگی ماشێنەکە . دوایی هێندێک خۆراکمان خستە ناو ساکێکەوە و بە جادەیەکدا بەرێ کەوتین بۆ شوێنی مەبەست. ئەو شوێنەی پێدا تێپەر بووین خوارەوەمان ئاوبەندێک بوو کە بەراستی کاتێک رۆژ لەو ئاوەکەیدەدا دەتوانی لە شوێنە تەنکاوەکاندا خیز و بەردی ژێر ئاوەکە ببینی. چواردەوەرەی ئەو ئاوبەندە شاخی بەرز بوو و لە سەرەوەرا بە هۆی تواندنەوەی بەفرەوە تاڤگەی جوان بە سەر قەدپالی ئەو چیانەدا بەردەبوونەوە . دوایی گەیشتینە تابلۆیەک کە رێگەیەکی کورت بوو بۆ سەر ترۆڵە تونگە ، ئێمەش چونکە منداڵی کوردستان بووین و هەر بە منداڵی بە سەر چیاکانی سەردەشتدا بێ هیچ کەڵ و پەلێکی شاخەوانی سەردەکەوتین و راهاتبووین کە بەرەو بەرزایی هەنگاو بنێین. گوتمان ئەو رێگەیە دەبرین. بە شوێنی زۆر ئاستەمدا سەرکەوتین ،بیجگە لە من و هاورێکانم کەسێکی دیکەت لەو شوێنە بەدی نەدەکرد . چەند جارێک رێگەمان هەڵە دەکرد ،بەڵام دوایی رێگەی سەرەکییەکەمان دەدۆزیەوە بەهۆی ئەوەیکە چەند بەردێکیان کردبوونە نیشانە. رێگەیەکی زۆرمان بۆ سەر چیاکە بری، بێ ئەوەی چاو لە خوار خۆمانەوە بکەین. کاتێک سەرمان هەڵبری دیتمان نزیک بووینەوە سەر چیاکە، گوتمان با پشوێک بدەین لە قەدپالی چیاکە ، دوایی ئەوەندەی ماومانە سەردەکەوین،بەڵام کاتێک چاومان لە خوارەوە کرد ،ئەوەندە هاتبووینە سەر کە ئەمن جورئەتم نەکردەوە بۆ جارێکی دیکە زۆر لە خوارەوەی خۆمان بروانین. کاتێک ئاوریکمان لە پشت خۆمان دایەوە زانیمان رێکەکە چەند سەخت و دشوارە، چونکە دیتمان کە گروپێکی شاخەوانی لە سەرەوەرا دەهاتنەوە خوارە. ئەوان هەموو کەڵ و پەلێکیان تایبەت بە شاخەوانی پێبوو، بەڵام ئێمە هیچ.

من ئەودەم ترسم رێ نیشت ، گوتم من ناتوانم بەو بەرزایەدا بێ ئیمکاناتی شاخەوانی سەرکەوم. سیروانیش گووتی:" دەبێ هەرچی زوتر بچینە خوارە تا ئەو شاخەوانانە لێمان نزیک نەبوونەوە، چونکە ئیحتیمالی ئەوەی هەبوو کە پۆلیس بانگ بکەن یان بێ کەڵ و پەلی شاخەوانی بۆمان نەبێت بگەرەینەوە . هەرچونێک بوو بە ترس و لەرزەوە هاتینەوە خوار کێوەکە. دوای کەمێک حەسانەوە و خواردنی کاڵەکێک کە لە هەموو رێگەکەدا پێمان بوو و بریارمان دابوو لە سەر لوتکەی چیاکە بیخۆین، گەراینەوە شوێنی حەوانەوەی توریستەکان. چادرمان لە شوێنێک هەڵدا و ئاگرێکی باشمان کردەوە و شەومان لە ژێر چادرەکەدا بەسەر برد. هەر لە تەنیشت ئێمە دوو کوری باکووری سوئیدیش هەر لە تەنیشت ئێمە چادریان هەڵدا. بەرەبەیانی لە گەڵ توریستی دیکە بە سەر چیاکەدا سەر کەوتین. ئەو رێگەیە خۆشتر بوو ،بەڵام مەودای چون و هاتنەوەی سی کیلۆمێتر بوو. کاتێک گەیشتینە سەر چیاکان دیتمان خەڵکانێکی زۆر لە وڵاتانی جیهان هاتونەتە سەردانی ئەم شوێنەیە بکەن. بەفر لە سەر  چیاکان مابۆووە و خەریکی تواندنەوە بوو، بەڵام ئەوەی زۆر خۆش بوو و ئێمە لێی تێر نەدەبووین خواردنەوەی ئەو بەفراوە بوو. دوای چەند کاتژمێرێک بە رێگەدا رۆیشتن گەیشتینە ئەو شوێنە . چەندین وێنەمان بە یادگاری لەو شوێنە گرت و توانیشمان ئالای کوردستان لە مەترسیدارترین شوێنی نۆروێژ بشکێنینەوە کە جێگەی رێزی گەشتیارانیش بوو. چونکە کاتێک سیروان ئالاکەی دەرهێنا و لەو شوێنە کە زمانی دێوەکە بوو راوەستا بە چەپلە پێشوازیان لە ئالای کوردستان کرد.

شایانی ئاماژیە کە دوو هەفتە دوای ئێمە گەشتیارێكی ئوسترالی لەو شوێنە كەوتە خوارەوە و گیانی لە دەستدا.

کاتی کاڵک خواردن
................................................................................................................................


ڤیدیۆکان سەبارەت بە ترٶل تونگە