چاوپێکەوتنی من لە گەڵ گۆڤار ژنان لە نۆروێژ
بە بۆنەی ٨ مارس
·
بونی ڕێکخراوەکانی
ژنان لە تاراوگە چەندە گرنگ دەبینی، وەک چالاکێکی بواری ژنان پێت وایە گرینگی بونی ئەو ڕیکخراوان چیە؟
ئەگەر لە روانگەی کۆمەڵناسیەوە بمانهەوێت رۆڵ
و گرینگی رێکخراوەکانی ژنان هەڵسەنگێنم ، سەرەتا دەبێت لەوەوە دەستپێبکەم کە لە دونیای
ئالۆزی ئەو سەردەمەدا کە گۆرانکارییەکان بەردەوام و خێران، کۆمەڵگە پێویستی بە سازمان
و رێکخراوە هەیە کە لە رێگەی ئەو رێکخروانەوە بتوانرێت لە ئەنەرژی و پیتانسیێلی فکری
و جەستەی کەسەکان بێ گوێدان بە رەگەزیان بۆ بەرەوپێشبردنی کۆمەڵگە و ئیدارەی گشتی کەڵک
وەرگیرێت. لەو راستایەدا رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی کە رێکخراوەکانی ژنانیش بەشێکن
لەوان کە بە شێوەیەکی خۆریسک هاتونەتە مەیدانی خەبات و تێکۆشان بە ئامانجی خزمەتکردن
و بەرەو پێشبردنی کۆمەڵگە،توانیویانە بۆشایی نێوان چینی نوخبە و رۆشنبیری کۆمەڵگە کە هەمیشە
ئەو خاڵە جێگەی سەرنجی پسپۆرانی زانستی سیاسی و کۆمەڵناسییە لە گەڵ خەڵک پڕ
کەنەوە.
بوونی
رێکخراوەکانی مەدەنی بە گشتی دەبێتە هۆی بەرەپێشبردنی بوارەکانی ئابووری،فەرهەنگی و سیاسی لە ناو کۆمەڵگەدا،
هەروەها بوونی رێکخراوەکانی ژنان لە هەر کۆمەڵگەیەکدا نیشانە بوونی دێموکراسییە لە
ناو ئەو کۆمەڵگەیەدا. ژنان دەتوانن لەو رێگەیەوە رۆڵی زیاتر بگێرن لە بەرێوەبردنی کۆمەڵگە
و سیاسەتی گشتیدا. رێکخراوکانی ژنان هەروەها بە راکێشانی سەرنجی خەڵک بە لای خۆیانەوە
و دروستکردن متمانە لە نێوان خۆیان و تاکەکانی کۆمەڵگە و رێکخراوکانی نێودەوڵەتیدا دەتوانن چارەسەری زۆریەک
لە کێشە و ئاریشەکانی کۆمەڵگە بکەن . لەو پێناوەدا هەروەها دەتوانن زۆر کار ئاسانی
بکەن بۆ حکومەت، بەو واتایە کە دەتوانن ئەرکەکان لە سەر شانی حکومەت سوکتر کەن..
·
پێت وایە ئەو ڕێکخراوانەی
کە کار بۆ مەسەلی ژنان لە تاراوگەدا دەکەن
توانیویانە سەر کەوتوو بین ئەگەر نەبون، بە نەزەری ئێوە هۆکارەکەی بۆچی دەگێریتەوە؟
من بە شێوەیەکی زانستی ناتوانم رای خۆم
سەبارەت بەوپرسیارە کە رێکخراوەکانی ژنان تا چەند سەرکەوتوو بوون یان نا دەببرم، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی
سەرکەوتنێکی ئەوتوویان نەیانتوانیوە بەدەست بێنن. ژنان لە بەرێوەبردنی
رێکخراوەکەیاندا کاتێک دەتوانن سەرکەوتوو بن و لە گەڵ کێشەکان رووبەروو ببنەوە کە
بتوانن بەشێوەیەکی زانستی بەربەست و هۆکارەکانی بەرەو پێشەوەنەچوونیان بناسن،
هەروەها بتوانن بە میکانیزمێکی گونجاو چارەسەر بۆ ئەو کێشانە بدۆزنەوە.
من لێرەدا دەتوانم بە شێوەیەکی گشتی ،ئەو کێشە و بەربەستانە کە
دێنە سەر رێگەی ریکخراوەکانی ژنان ، دابەشی دوو بەشی کەم:
هۆکار و بەربەستەکانی بەرەپێشەوەنەچوونی
کارو چالاکییەکانی رێکخراوەکان :
یەکەم.
ئاشنا نەبوونی تاکەکانی کۆمەڵگە لە گەڵ رێکخراوەکان و رۆڵیان لە بەرەو
پێشەوەچوونی کۆمەڵگەدا.
دووەم. نەبوونی باوەر و ئیرادەی ژنان بەو
ریکخراوانە.
سێیەم. نەبوونی دەستراگەیشتن بە زانیاری
پێویست سەبارەت بە میکانیزمی کارکردن لەو
رێکخراوانەدا.
سەرنەکەوتنی رێکخراوەکان و بەردەوام نەبوونی
کارو چاڵاکییەکانیان:
یەکەم. لاوازبوونی خۆ بەرێوەبردن لە کاری
رێکخراوەییدا.
دووەم . دوورکەوتنەوە لە ئامانجی سەرەکی کە
لە ئەساسنامەی رێکخراوەکاندا دیاری کراوە.
سێیەم . لە دەستدانی ئەنگیزە بە هۆی کێشەو
بەربەستەکانی جیاواز.
چوارەم. نەبوونی نوێگەرایی لە بەرێوەبردنی
سیستەم و میکانیزمی کاری رێکخراوەییدا.
بۆ بەربەرەکانی و چارەسەرکردنی ئەو کێشە و
ئاریشانەی کە دێنە سەر رێگەی رێکخراوەکانی ژنان، دەبێت سیاسەتێکی وا پەیرەو
کرێت کە لە هەدەف و ئامانجی سەرکیان دوور
نەخاتەوە کە ببێتە هۆی لە دەست چوونی وزەو و ئەنەرژی ئەندامانی ئەو رێکخراوانە.
·
بە باوەڕی ئێوە دەبی مێتۆدی کارکردنی ڕێکخراوەکانی ژنان چۆن بێت
لە دەرەوەی وڵات؟
هەر رێکخراوەیەک چ لە ناو خۆ و چ لەدەرەوە
دەبێت میتۆدی کارکردنی خۆی هەبێت تاکو بەو ئامانجانەی بۆ دیاریکراوە بە شێوەیەکی
پۆزۆتیڤ و خێرا دەستی پێراگات. میتۆدی کارکردنی ژنان لە دەرەی وڵات بە هۆی ئەوەی
کە لە کۆمەڵگەی خۆیان دوور کەوتونەتەوە شێوەی کارکردنیان سنووردارە . بە باوەری من
رێکخراوەکانی ژنان لە دەرەوەی وڵات دەتوانن میتۆدێک پەیرۆکەن کە لە گەڵ سیستمی
کۆمەڵگەی ئەو وڵاتانە بگونجێت. بە تایبەت کە ئێمە کە لە رۆژهەڵاتی ناوینەوە
هاتوینەتە ئێرە لە کۆمەڵگەیەکدا ژیاوین کە خێلەکییە، بەواتایە کە جەمعگەرایە،
بەڵام کۆمەڵگەی رۆژئاوایی بە پێچەوانەی ئەوە کە تاک گەرایە. دیارە کە جیاوازییەکی
زۆر هەیە لە هەموو بوارەکاندا. کەسانی پەنابەر کە روو لەو کۆمەڵگەیانە دەکەن لە
گەڵ زۆر کێشە روو بەروو دەبنەوە بە تایبەت ژنان. ئەرکی سەرەکی رێکخراوەکانی ژنان
دەبێت بە شێوەیەکی مەیدانی و زانستی بە کەڵک وەرگرتن لە کەسانی پسپۆر دەستنیشانی هەموو ئەو کێشە و ئاریشانە بکەن کە
رووبەرووی ژنان دەبنەوە ،پاشان میتۆدێک دارێژن کە لە ئاستی چارەسەرکردنی ئەو
کێشانەدا بێت.
·
ئایە ئەوان توانیویانە ئەو پردە لە نێوان خۆیان و ژنانی نێوخۆدا دروست
کەن ، یاخۆ بە واتایەکی تر توانیویانە دەنگیان
بە ژنانی ناو خۆ بگا، یان ئازارو کیشەکانی
ئەوان چۆن دەبینین وە چۆن دەتوانین هاوکاریان بکەن؟
بە باوەری من نە تەنیا نەیانتوانیوە کە پردێک دروست
بکەن، تەنانەت زۆر کەمیش توانیویانە کە کاریگەریان هەبێت لە کەمکردنەوەی ئازار و
کێشەکانی ژنانی ناوخۆی وڵات. ئەویش چەندین هۆکاری هەیە کە گرینگتریان سیستمی
دیکتاتۆری رژیمی ئێرانە کە دەبێتە بەربەستێکی سەرەکی لە سەر رێگەی کارکردنی
رێکخراوەکانی ژنان لە ناوخۆی وڵات وهاوکاریکردنیان لە گەڵ رێکخراوەکانی دەرەوەی
وڵات. تەنیا کارێک کە رێکخراوەکانی ژنان دەتوانن لە دەرەوەی وڵات ئەنجامی بدەن
هۆشیارکردنەوەی تاکەکانی کۆمەڵگەیە چ لە ناوخۆی وڵات ویان دەرەوە سەبارەت بە هەموو
بوارەکانی ژیان لە رێگەی ئەو ئامرازانەی بەدەستیانەوەیە یان دەستیان پێرادەگات.
·
چەندە گرینگە کە
ڕێکخراوەکانی ژنان سەر بە خۆ بن ؟
گرینگییەکی زۆری هەیە بۆ هەر رێکخراوەیەک کە
سەربەخۆیی خۆی بپارێزێت و نەبێتە پاشکۆی هیچ حیزب و رێکخراوەییەکی سیاسی. ئەگەر
هەر رێکخراوەییەکی مەدەنی سەربەخۆیی خۆی لە دەست بدات بە هەر هۆکارێک ، ئاکامەکەی
سنووردارکردنی کار و چالاکییەکانییەتی، هەروەها دەبێتە دوورکەوتنەوە لە ئامانجانەی
کە لە ئەساسدا بۆی دیاریکراوە.
·
بە باوەڕی بە ڕێزتان
ئەرکی هەرە گرنگی ڕێکخراوەکانی ژنان لە تاراوگە چیە؟
رێکخراوەکانی ژنان ئەگەر بە مانای کەلیمە بە کار و
ئەرکەکانیان هەستن ئەوا خزمەتێکی گەورە بە رەوەندی کورد لە تاراوگە دەکەن. بۆ
نمونە هەموو ئەو کەسانە کە بە هەر هۆکارێک لە وڵاتی خۆیان کۆچ دەکەن و روو لە وڵاتانی رۆژئاوایی دەکەن ،وەک ئەوە وایە
کە بێنە هەسارەیەکی دیکە، کە هەموو شتێکی کۆمەڵگەی تازە بەلایانەوە سەیر و نامۆیە.
ئەگەر لە رێکخراوەکانی ژنان کەسانی پسپۆرهەبن سەبارەت بەو بوارانەی کە پێویستە ئەو
کەسانە هۆشیار کەنەوە و لە گەڵ کۆمەڵگەی تازەدا رایان بێنن و بتوانن ئاوێتەی
کوڵتوری تازەیان بکەن، ئەوا زۆر یەک لە کێشەکان بە تایبەت کێشەی خێزانی ئەو
پەنابەرانە چارەسەر دەبێت.
·
چەندە گرینگە کە
ژنانی ناو ڕێکخراوەکان چالاکی سیاسیش بن ،
بۆ؟
گرینگ نییە کە ئەو ژنانەی کە لە
رێکخراوەکانی ژناندا کار دەکەن یان چالاکیان هەیە سیاسی بن یا ئەندام بن لە
رێکخراوەیەکی سیاسیدا. بە باوەری من گرینگ ئەوەیە کە ئەو کەسانە کە لەو
رێکخراوانەدا کار دەکەن رۆشنبیر و هۆشیار بن سەبارەت بە مافەکانی ژنان و بەو ئەرک
و چالاکیانەی بۆیان دیاری کراوە بە باشترین شێوە ئەنجامی بدەن و ئاکامی کار و چالاکییەکانیان
بەلایانەوە گرینگ بێت .