دوشنبه، تیر ۲۸، ۱۳۹۵

قۆناغەکانی تێپەرکردنی پرۆسەی غەم و پەژارە لە کاتی لەدەستدانی ئازیزانمان




لە دیدی رەوانناسییەوە ، فشارو زەختی دەروونی  لە بەرانبەر کێشە و ئاریشەکانی ژیاندا بە چەندین دەستە دابەش دەکرێن،کە لە هێندێک بابەتدا مرۆڤ دەتوانێت بە کەڵک وەرگرتن لە توانا و بەهرەی خۆی یان بە یارمەتی کەسانی دیکە چارەسەریان کات . هێندێک جاریش ئەو کێشانە لە کۆنترۆل و توانای ئێمە بەدەرەو و ناچارین دان بەخۆدا بگرین. بۆ نموونە مەرگی ئازیزانمان! بێجگە لەوەی کە دەبێ دان بە خۆدا بگرین و سەبرمان هەبێت، هیچ کارێک ناتوانیین بۆ رێگەگرتن لێی ئەنجامی بدەین. تەنیا شتێک لەو دوونیایەدا کە دادپەروەرانە دابەش کراوە بە سەرماندا مردنە، هەموو کەس دەگرێتەوە . کەوایە دەتوانیین بلێین کە مردن حەتمییە ودێتە سەر رێگەی هەموومان.



لە روانگەی دەروونناسییەوە کاتێک کەسێکی ئازیز کۆچی دوایی دەکات ، کەس و کاری دەبێت ئەو چوار قۆناغە تێپەرێنن.

1.       قۆناغی ئینکارکردن

2.       قۆناغی تورەبوون

3.       قۆناغی غەم و دڵگرانی

4.       قۆناغی قەبووڵکردن



لە قۆناغی یەکەمدا، مەرگی ئازیزانمان زۆر بە سەختی دێتە باوەرکردن . ئەو پرسە بە تایبەت کاتێک ئایزێکمان بە هۆی نەخۆشییەکی کوتوپڕ کۆچی دوایی دەکات زیاتر خۆی دەردەخات. بێ هۆ نییە بە تایبەت کاتێک کەسێک بە هۆی سەکتەوە یان بە رووداوێکی نەخوازراوەوە کۆچ دەکات، کەس و کاری زۆر بە زەحمەت قەبووڵی ئەوە دەکەن کە هێندێک لە ئەندامەکانی لەشی کەسەکەیان ببەخشن. چونکە ئینکارکردنی حەقیقەتی مردن لە لایەن کەس و کاری خاوەن مردوو، یەکێک لەو قۆناغانەیە. ئەو بەرنامەیە کە لە سەرەوە ئاماژەمان پێدا، دەبێتە یارمەتیدەر کە بتوانیین ئەو قۆناغە خێرا تێپەری کەین.

قۆناغی تورەبوون، لەو قۆناغەدا  لە گەڵ ئەوەشدا باوەرمان کردوە بە  مەرگی  کەسی ئازیزمان، بەڵام تورەیین لە هۆکارەکەی. جێی ئاماژەیە کە لەوانەیە ئەو  خەشم و تورەبوونە بە سەر کەسانی دەوروبەریشمان بەتاڵ کەین . لەوبابەتەدا زیاتر دەتوانین شاهیدی ئەو کەسانە بین کە کەسەکانیان بە رووداوێکی هاتوچۆ یان  بە هۆی سەکتەوە کە لە گەڵ کەسێک دمەقاڵەی بووە یان لە ژێر نەشتەرگەریدا لە دەستیان داوە. بۆیە لەو قۆناغەدا دەبێت زیاتر ئاگادار بین، لەوانەیە بە هۆی تورەبوونمانەوە بە هۆی مەرگی ئازیزمان قسەهایەک بکەین کە دەورو بەرمان زیاتر نارەحەت کەین یان لەوانەیە کردەوەیەک لە خۆمان نیشاندەین لە بەرانبەر ئەو کەسانەی کە بوونەتە هۆی مەرگی ئازیزانمان.

بۆیە لەو قۆناغەردا کەسانێک کە بوونە هۆی لەدەستدانی کەسەی ئازیزمان، نابێت لەو قۆناغەدا داوای بەخشینمان لێبکەن . هەروەها ئەگەر سەبەبکارێکیش بوونی نەبێت ئەو گلەیەکانمان ئاراستەی خوا دەکەین کە بۆچی ئەو رووداوەی بۆ ئێمەی هێناوەتە پێش. بە پێی بەرنامە کە لە خوارەوە ئاماژەی پێدەدەم ، دەتوانین بە پێی ئەو پلانە زوتر لەو قۆناغەش تێپەر بین.

قۆناغی غەم، ئەو قۆناغە لە هەموو قۆناغەکانی دیکە زیاتر دەخایەنێت، بەڵام نابێت لە ٦ مانگ زیاتر درێژە بکێشێت، دەنا دەچینە حالەتی خەمۆکی و دیپرێشون کە پێویستی بە پرۆسەی دەرمان هەیە. پلاندانان بۆ  پرسی مردن دەبێتە یارمەتیدەر بۆ ئەوەی ئەو قۆناغە زوو تێپەرێنیین.

تەرکیز کردن ، تێکنیکێکە کە دەتوانین بە یارمەتی ئەو تێکنیکە ئەو قۆناغە لە ماوەیەکی کەمدا بە سەر غەم و پەژارەماندا زاڵ بیین. ئەو تێکنیکەش بەم شێوەیە کە بە جێگەی تەرکیز خستنە سەر ئەو بیرەوەری و یادانەی کە لە گەڵ کەسی کۆچکردومان هەبووە ، دید و رەوانگەی خۆمان بەرفروان بکەین و زیاتر لە گەڵ ئەو ئازیزانەی کە لە ژیاندا ماون کاتمان بەسەر بەرین . بەو مانایا لە گەڵ ئەوانەی کە تا ئێستا کاتی مەرگیان نەهاتووە، زیاتر لێیان نیزیک بینەوە و رێز و خۆشەویستی خۆمانیان پێ نیشان دەین .

دواین قۆناغ، قۆناغی قەبووڵکردنی کۆچی ئایزانمانە، کە لە دیدی خەڵکەوە بە قۆناغی فەرامۆشی کەسی کۆچکردوو دادەنرێت.هەموو کەس دەبێت بگاتە ئەو قۆناغە، بەڵام پلاندانان بۆ تێپەراندنی ئەو قۆناغە ئاسانکاری دەکات کە زووتر و خێراتر بگەرێینەوە حالەتی سروشتی و نۆرماڵی خۆمان و پەژارە و غەممان کەمتر بێتەوە، سەرەرای ئەوانە دەگەینە قۆناغێک کە زیاتر دەتوانین دەروونی خۆمان بناسین.

سوودێکی دیکەی ئەو قۆناغە، هەستی هاودەردییە لە گەڵ بەجێماوانی کۆچکردوو. ئەگەر ئێمە شارەزای ئەو قۆناغە بین باشتر و کاریگەرتر دەتوانین هاودەردی لە گەڵ کەس و کاری کۆچکردوو بکەین.

یەکەم: بەو کەسانەی کە ئازیزێکیان لە دەستداوە ، بە تایبەت لە قۆناغی یەکەمدا نابێت ئامۆژگاری کرێن. بۆ نموونە  پێیان بلێین، ئەوە قۆناغێکە دێتە سەر رێگەی هەموومان، یان بلێێن کە ئەو ئێستا رووحی لە بەهەشتە  یان   تۆ نابێت نیگەران بیت دەبێ سەبرت هەبێت .

دووەم: دەتوانیین بەو رەستانە تا رادەیەک غەمی ئەو کەسانەی کە ئازیزێکیان لە دەستداوە سووکتر کەین، ئەویش بە هاودەردی و کەڵک وەرگرتن لەو رەستانە: کۆچی ئازیزتان بۆ ئێمە زۆر ناخۆش بوو و هەمووی ئێمەشی دڵگران کرد و خۆمان بەشەریک غەم و پەژارەی  ئێوە دەزانیین، یان  بلێین ، لە راستیدا لەدەستدانی ئازیزتان هەمووی ئێمە تاساند، دەزانیین کە ئێوە سات و کاتێکی ناخۆش تێپەر دەکەن.

سێێەم: لەوانەیە بتوانیین  بە سەردانکردن و باوەشکردن بەو کەسانەی کە ئازیزێکیان لە دەستداوە لە هەر چوار قۆناغدا، زیاتر یارمەتیدەریان بیین بۆ ئەوەی سۆکنایی بە دڵ و دەروونیاندا بێنیین.

چوارەم: یارمەتیدانی ئەو کەسانەی کە کەسێکیان لە دەست داوە لە دەفن و کەفنی کۆچکردوویان لە گەڵ کارە یاساییەکانی بۆ ئیجازە وەرگرتن بۆ بە خاکسپاردنی، دەتوانێت غەمی سەر شانیان سوکتر کەین.

پنجەم: لە قۆناغی سێیەمدا یەعنی قۆناغی غەم ، کە رێ و رەسمی ناشتن و پرسە و سەرەخۆشی تەواو بووە و دەور و بەری بەجێماوانی کۆچکردوو خەڵوەتر بووە ، ئەو قۆناغە زیاتر رۆژی حەفتەم یان چلە روودەدا. باشتر وایە کە سەردانیان بکەین یان داوەتی ماڵی خۆمانیان بکەین. هەروەها دەتوانیین کە لەو رەستانەی کە لە سەرەوە ئاماژەمان پیدان لە غەم و نارەحەتیان کەم کەینەوە.

لە کۆتاییدا دەبێت ئاماژە بەوە بدەم کە پلاندانان بۆ پرسی مردن کە لە سەرەوە باسمان کرد. یەکەم: بە تێپەرکردنی ئەو چوار قۆناغە تا رادەیەک ئاسانکاری دەکات کە غەمی کۆچی ئازیزانمان  لە سەر شانمان سوکتر بێت و مەرگیان قەبوول کەین. دووەم:  روانگە و دیدی ئێمە سەبارەت بە رەوتی ژیان بگۆرێت و دەست لە خەیاڵ و پڵاوی زۆر کە بۆ داهاتوومان هەیە هەڵگرین و مردن کە قۆناغێکە لە ژیانمان بە شتێکی سروشتی دانێین و هەمیشە لە یادمان بێت بۆ ئەوەی ژیانمان سادە و ساکارانە بێ هیچ غەم و نیگەرانیەکی قۆڵ تێپەر کەین.