سه‌شنبه، تیر ۱۷، ۱۳۹۹

دیتنی ئەو فرۆکەوانەی بۆمبەکانی نیزیک من خستنە خوارەوە !!!

  • Se kildebildet


جەنگ، یەکێک لە قزێونترین رێگەیە کە ئینسانەکان و دەوڵەتان بۆ چارە سەری کێشەکانیان کەڵکی لێوەردەگرن. جیا لە ئەوەی لەم رێگەوە، ئامانجی باش بەدیناهێنن، بگرە کە ئاکامی خەراپیشی بۆ جیلەکانی دوایش بە جێدەهێلن.

یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی ئاوارەبوونی ئینسانەکان ، جەنگەکانن. منداڵەکان بە هۆی ئەوەی بەرگەی ئەم شەڕانە ناگرن، بە پێی ئامارەکان ٨٠ لەسەدی  ئەو کەسانە پێکدێنن. جیا لە ئاوارە بوونیان کاریگەری خەراپیش لە سەر جەستە و رووحیان جێدێلێت.

لە دایکبوونی ئێمە، هاوکات بوو لە گەڵ ئەو شۆرشە نگریسەی ئیسلامی ئێران و دەستپێکی هەشت ساڵ جەنگی ئێران وئێراق. بەو واتایە کە تەواو روئیا و ئارەزوەکانی منداڵی ئێمە ،بە هۆی ئەو شەڕە بێ ئامانجەی ئەو دوو وڵاتە ، بێ باڵ و پەر کران.  

یەکێک لە بیرەوەرییە تاڵانەی کە لە تەمەنی شەش ساڵی مندا روویدا کەوتنە خوارەوەی ئەو بۆمبانە بوو کە فرۆکە شەرکەڕەکانی ئێراق لە کێو و دۆڵێ تەنیشت گوندی ئێمەی دەیانخستە خوارەوە. 

رۆژێک جیرانێکمان کە خەریکی کارکردن بوو لە  رەز و باغەکەی وپێنج کیلۆ میتر دوور بوو لە دێهاتەکەمان ، خواردنی لە بیر چوو بوو بۆ نیوەرۆ لە گەڵ خۆی بەرێت. کوری دراوسێکەمان کە هاورێی من بوو داوای لێکردم لە گەڵی بچم . هاورێکی دیکەشمان لە گەڵ کەوت. نیزیکەی سێ کیلۆمیتر لە دێهاتەکەمان دوور کەوتبوینەوە کە دەنگی فرۆکە جەنگییەکانی ئێراقمان  گوێ لێبو. ئێمە زوو خۆمان لە پەنا دارێک شاردەوە. بە چاوی خۆمان چاومان لێبوو کە دوو فرۆکەکە ئەوندە نیزیکمان ببونەوە کە هەڵاتنمان بۆ نەدەکرا و بە ئاسانی چاومان لەو بۆمبانە بوو کە بەرەو زەمین دەهاتن. لە سەرەوەی ئێمە شاخێکی بەرز بوو. بۆمبەکان کاتیک دەکەوتنە سەر عەرز دەتەقینەوە و پریچکەکانی بە سەر ئێمەدا دەخشا. 

ئەو رۆژە زۆر ترسایین،بەڵام لە مەرگ نەجاتیمان بوو. ئەو فرۆکانە یەکەم جارو ئاخیر جاریشیان نەبوو کە بۆمبەکانیان لەو شوێنە بەردەدانەوە. جارێکی دیکەش کە لە یادمە ، جەژنی قوربان بوو، خەڵک بزن و مەڕ و ماڵاتی کریبوو بۆ قوربانی. لە رووبەرووی دێهاتەکەمان ئاشیکی لێبوو. لە سەر بانی ئەو ئاشە و ئەو مەڕ و ماڵاتەیان سەر دەبری. زۆری پێنەچوو کە فرۆکەکانی ئێراق  ئەو رۆژە   بە سەر ئاسمانی گوندی ئێمەدا دەگەرانەوە و بۆمبەکانیان لە دەشت و دۆڵی تەنیشت گوندکە خاڵی کرد و  تەقینەوە دەستیپێکرد و هەرکەسێک لە هەوڵدابوو گیانی خۆی رزگار کات . گوشت و هەموو شتێک تا ماوەیەک بە جێما . ئەو رۆژەش ئێمە خێرمان نەدیت لە گۆشتی قوربانی.

ئەو کات بیرم دەکردەوە، بۆ دەبێت ئەو بۆمبانە لەو شاخانە بخنە خوارەوە، لە حالێکدا هیچ لشکر و پایەگایەکی ئێران لەوێ نەبوو. کاتێک هاتمە  نۆروێژ ، چارەنووس منی بە یەکێک لەو فرۆکەوانانە کە لەو شەڕ نگریسەدا بەشدار بوو ناساند. فرۆکەوانەکە ناوی ئەحمەد  بوو مەسیحی. ئەحمەد کاتێک باسی ئەو شەڕەی دەکرد، لە روخسارییەوە دیار بوو زۆر تورە و نیگەران بوو، دەیگووت:" خومەینی  و سەددام گەوجترین و ئەحمەقترین کەسی رۆژگاری خۆیان بوون." شەڕێکیان دەستپێکرد کە هیچ ئاکامی نەبوو، بێجگە لە مالوێرانی و بەهەدەردانی سامانی وڵاتەکانییان.

ئەحمەد رۆژێک باسی ئەوەی بۆ کردم کە من فرۆکەوانی، فرۆکەی سیخۆ بووم. لە مانگێکدا چەند جارێک فرینمان هەبوو کە بچینە ناو خاکی ئێران و لە پێگەکانی رژیم بدەین.دەیگووت:" من و هاورێیەکم هەمیشە بۆمبەکانمان لە کێو و بەندەنی نیزیک سنووری ئێران و ئێراق دەخستە خوارەوە. بۆ ئەوەی زیان بە خەڵکی ئاسایی نەگات ."

منیش ئەو داستانەی لە سەرەوە بۆ ئێمەی روودا بوو بۆم باسکرد و پێم گووت. ئەحمەد لەوانەیە تۆ ئەو فرۆکەوانە بیت کە بۆمبەکانت نیزیک من بەردایەوە. بە بزەوە پێی گووتم :" ببورە ، لەوانەیە من بوو بم."

 منیش پێم گووت:" مادام تۆ ئەوەندە بە ویژدان بوو بیت بۆمبەکانت نەخستۆتە سەر خەڵکی سڤیل، ئەوا منیش تۆم بەخشی."

ئەحمەد باوەی کە فرۆکەوان بوو لە ئێراق و وڵاتی خۆی، بەڵام لێرە کارێکی زۆر ئاسایی هەبوو، بەڵام هەمیشە لە ناخدا نیگران بوو.لەوانەیە کاریگەری خەراپی ئەو شەڕە زیاتر بوو بێت لە سەر رووح و رەوانی ئەو تا کو من.

بە هۆی ئەو جەنگە بێ ئاکامەی ئێراق و ئێران ، دەبێت چەندین هەزار کەس و چەندین جیل بە کاریگەرییە خەراپەکانی بتڵێنەوە.

شایانی ئاماژەیە کە بە هۆی ئەم شەڕەوە کە هەشت ساڵ درێژەی کێشا ،بە  ملیونها کەس بریندار و کوژراوی لێکەوتەوە، بە هەزاران ملیارد دۆڵاریش زەرر بەر هەر دوو وڵات گەیشت.