دوشنبه، شهریور ۳۰، ۱۳۹۴

گەشتێک بەرەو ترۆڵ تونگا (Trolltunga ) مەترسیدارترین شوێنی نۆروێژ


 گەشتێک بەرەو ترۆڵ تونگا( (Trolltunga مەترسیدارترین شوێنی نۆروێژ

لە مانگی ئاگوستی ٢٠١٥ دا لە گەڵ هاورێکانم سیروان و کاروان گەشتێکمان کرد بۆ مەترسیدارترین شوێنی نۆروێژ. ئەم شوێنە پێی دەڵێن ترۆلەتونگا (Trolltunga) و بە یەكێك لە 10 شوێنە جوان و سەرنجڕاكێشەكان و مەترسیدارەكان لەسەر ئاستی جیهان دادەنرێت، كەسێك باری تەندروستیی تەواو نەبێت، ئەستەمە بگاتە ئەو شوێنە. بەپێی ماڵپەری (TOUREXPERIENCE.COM ) ، ئەم شوێنە یەكێكە لە زەحمەتترین شوێنە گەشتیارییەكانی جیهان. دوو بۆچوون لەسەر ناوی شوێنەكە هەیە. یەكەم: بەبڕوای نۆرویژییەكان جۆرێكە لە مرۆڤی خەیاڵی بە ناوی دێو كە لە ئەشكەوتەكاندا ژیاون و لە چیرۆكە میللییەكانیشدا زۆر ناویان هاتووە.  وشەی دووەم: بە مانای زمان دێت، چونكە تاشە بەردەكە كە دەكەوێتە سەر رووبارێك، وەكو زمانی دێو دێتە بەرچاو.


لە شاری ئۆسلۆ را نیزیکەی کاتژمێر ٦ پاشنیوەرۆ وەرێ کەوتین ، دوای تێپەربوونمان بە چەندین شار و شارۆچکە و دێهاتی نۆروێژدا کاتژمێر یەکی شەو گەشتینە شاری توریستی ئۆدە ، ئەو شارەی کە چوار دەوری چیا بەرزن ، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە تاڤگەکانی ئەو شوێنن کە بە سەر قەدپالی ئەوچیانەدا شۆر دەبنەوە خوارێ و دێمەنێکی دڵرفێن دەبخشنە ئەو شوێنە. 

شەوی ئەوڵمان بە هۆی ئەوەی باران بوو فریای چادر هەڵدان نەکەوتین و ناچار بووین هەر لە ماشێنەکەدا تا بەرە بەیانی بخەوین . نەم نەم بارانێکیش دەباری کە دەمای هەوای هێنابۆ خوارەوە و هێندێک جار لە سەرمان بە ئاگا دابووینەوە. کاتژمێر ٩ی بەرەبەیانی بەرەو تیسەداڵ بەرێ کەوتین ، ئەو شوێنە کە ترۆڵە تونگەی لێهەڵکەوتوووە. جاددەی چونە سەری بەرەو ئەو شوێنە زۆر باریکە، زۆر جار ناچار دەبووین کە راوەستین تا ماشێنی بەرانبەرمان بەلاماندا تێپەر دەبوو. دوای نیزیکەی کاتژمێریک گەیشتینە ئەو شوێنەی کە  شوێنی حەوانەوەی توریستەکانە .

 ئێمە ئەو رۆژە بە بێ پرسیار هەر بە ماشێنەکە کەمێک زیاتر چوینە سەر و شوێنێکمان دیتەوە بۆ پارکەرینگی ماشێنەکە . دوایی هێندێک خۆراکمان خستە ناو ساکێکەوە و بە جادەیەکدا بەرێ کەوتین بۆ شوێنی مەبەست. ئەو شوێنەی پێدا تێپەر بووین خوارەوەمان ئاوبەندێک بوو کە بەراستی کاتێک رۆژ لەو ئاوەکەیدەدا دەتوانی لە شوێنە تەنکاوەکاندا خیز و بەردی ژێر ئاوەکە ببینی. چواردەوەرەی ئەو ئاوبەندە شاخی بەرز بوو و لە سەرەوەرا بە هۆی تواندنەوەی بەفرەوە تاڤگەی جوان بە سەر قەدپالی ئەو چیانەدا بەردەبوونەوە . دوایی گەیشتینە تابلۆیەک کە رێگەیەکی کورت بوو بۆ سەر ترۆڵە تونگە ، ئێمەش چونکە منداڵی کوردستان بووین و هەر بە منداڵی بە سەر چیاکانی سەردەشتدا بێ هیچ کەڵ و پەلێکی شاخەوانی سەردەکەوتین و راهاتبووین کە بەرەو بەرزایی هەنگاو بنێین. گوتمان ئەو رێگەیە دەبرین. بە شوێنی زۆر ئاستەمدا سەرکەوتین ،بیجگە لە من و هاورێکانم کەسێکی دیکەت لەو شوێنە بەدی نەدەکرد . چەند جارێک رێگەمان هەڵە دەکرد ،بەڵام دوایی رێگەی سەرەکییەکەمان دەدۆزیەوە بەهۆی ئەوەیکە چەند بەردێکیان کردبوونە نیشانە. رێگەیەکی زۆرمان بۆ سەر چیاکە بری، بێ ئەوەی چاو لە خوار خۆمانەوە بکەین. کاتێک سەرمان هەڵبری دیتمان نزیک بووینەوە سەر چیاکە، گوتمان با پشوێک بدەین لە قەدپالی چیاکە ، دوایی ئەوەندەی ماومانە سەردەکەوین،بەڵام کاتێک چاومان لە خوارەوە کرد ،ئەوەندە هاتبووینە سەر کە ئەمن جورئەتم نەکردەوە بۆ جارێکی دیکە زۆر لە خوارەوەی خۆمان بروانین. کاتێک ئاوریکمان لە پشت خۆمان دایەوە زانیمان رێکەکە چەند سەخت و دشوارە، چونکە دیتمان کە گروپێکی شاخەوانی لە سەرەوەرا دەهاتنەوە خوارە. ئەوان هەموو کەڵ و پەلێکیان تایبەت بە شاخەوانی پێبوو، بەڵام ئێمە هیچ.

من ئەودەم ترسم رێ نیشت ، گوتم من ناتوانم بەو بەرزایەدا بێ ئیمکاناتی شاخەوانی سەرکەوم. سیروانیش گووتی:" دەبێ هەرچی زوتر بچینە خوارە تا ئەو شاخەوانانە لێمان نزیک نەبوونەوە، چونکە ئیحتیمالی ئەوەی هەبوو کە پۆلیس بانگ بکەن یان بێ کەڵ و پەلی شاخەوانی بۆمان نەبێت بگەرەینەوە . هەرچونێک بوو بە ترس و لەرزەوە هاتینەوە خوار کێوەکە. دوای کەمێک حەسانەوە و خواردنی کاڵەکێک کە لە هەموو رێگەکەدا پێمان بوو و بریارمان دابوو لە سەر لوتکەی چیاکە بیخۆین، گەراینەوە شوێنی حەوانەوەی توریستەکان. چادرمان لە شوێنێک هەڵدا و ئاگرێکی باشمان کردەوە و شەومان لە ژێر چادرەکەدا بەسەر برد. هەر لە تەنیشت ئێمە دوو کوری باکووری سوئیدیش هەر لە تەنیشت ئێمە چادریان هەڵدا. بەرەبەیانی لە گەڵ توریستی دیکە بە سەر چیاکەدا سەر کەوتین. ئەو رێگەیە خۆشتر بوو ،بەڵام مەودای چون و هاتنەوەی سی کیلۆمێتر بوو. کاتێک گەیشتینە سەر چیاکان دیتمان خەڵکانێکی زۆر لە وڵاتانی جیهان هاتونەتە سەردانی ئەم شوێنەیە بکەن. بەفر لە سەر  چیاکان مابۆووە و خەریکی تواندنەوە بوو، بەڵام ئەوەی زۆر خۆش بوو و ئێمە لێی تێر نەدەبووین خواردنەوەی ئەو بەفراوە بوو. دوای چەند کاتژمێرێک بە رێگەدا رۆیشتن گەیشتینە ئەو شوێنە . چەندین وێنەمان بە یادگاری لەو شوێنە گرت و توانیشمان ئالای کوردستان لە مەترسیدارترین شوێنی نۆروێژ بشکێنینەوە کە جێگەی رێزی گەشتیارانیش بوو. چونکە کاتێک سیروان ئالاکەی دەرهێنا و لەو شوێنە کە زمانی دێوەکە بوو راوەستا بە چەپلە پێشوازیان لە ئالای کوردستان کرد.

شایانی ئاماژیە کە دوو هەفتە دوای ئێمە گەشتیارێكی ئوسترالی لەو شوێنە كەوتە خوارەوە و گیانی لە دەستدا.

کاتی کاڵک خواردن
................................................................................................................................


ڤیدیۆکان سەبارەت بە ترٶل تونگە


جمعه، مرداد ۱۶، ۱۳۹۴

تۆڵە سەندنەوە!؟؟




تۆڵە سەندنەوە، یەکێک لە سفەت و تایبەتمەندی مرۆڤی سەرەتاییە. بەو مانایە کە کەسی رق ئەستوور بەو رق و کینەی کە لە ناو دڵی دایە، سەرەرای ئەوەی کە ژیان لە خۆی و دەورووبەری تاڵ دەکات، دەبێتە هۆی ئەوەش کە دوزەخێک لە ناخیدا بنیات بنێت .
 بێگومان رق و کینە لە ناخی ئەو مرۆڤانە  وەک بورکان وایە و هێندێک کات دەگاتە خاڵی هەڵچوون. لەو حاڵەتەدا کەسی تٶلەکەرەوە دەبێتە قوربانی رق و کینەی خۆی. هەرکەس لە قۆناغەکانی ژیانیدا ئامادەگی ئەوەی هەیە کە دووچاری رق  هەڵگرتن بێت،بەڵام تەنیا لە حالەتێکدا هەستی تۆڵەسەندنەوە روو دەدا کە باڵانس و هاوسەنگیەکە تێک بچێت. بەو مانایە کە یەکێک لە سەرتر بێت لەوەی دیکە.
هۆکارەکانی تۆڵە سەندنەوە جیاوازن.   ووشەی تۆڵەسەندنەوە هاوتایە لە گەڵ ووشەکانی ئێرەیی بردن ،کێبەرکێ ناساڵم،بێ رێزی و تێهەڵێنانەوە. تٶڵەسەندنەوە ووشەیەکە کە لە مرۆڤە سەرەتاییەکان بۆ ئێمە بە میرات گەیشتووە، بەو هۆیەشەوە کە دەتوانێت ببێتە توندوتیژی چ لە  پەیوەندیدا لە گەڵ کەسەکان و یان گرۆپەکاندا و ئاکامێکی خەراپی لێبکەوێتەوە. بەداخەوە ئەو سفەتەی مرۆڤی سەرەتایی ئێستاشی لە گەڵدا بێت گۆرانکارییەکی ئەو تۆی بەسەردا نەهاتوە.
هێندێک لە دەروونناسان، تۆڵە سەندنەوە بە رەگ و ریشەی هەموو دوژمنایەتییەکی دەزانن. لەو بارەیە تۆماس بوئێم لێکۆلینەوەیەکی بەربڵاوی سەبارەت بە دوژمنایەتی لە گەڵ بێگانە و نەژادپەرەستی کردووە و لەو پیوەندیەشدا باباتێکی زۆری نووسیوە. یان خانم سۆزان کاپلێن توێژینەوەیەکی زۆری سەبارەت بەو کەسانە کردووە کە لە نیزیکەوە شاهیدی کوشتاری خزم و نەتەوەکەیان بووێن. هەر دووک لەودەرووناسانە لەو کەسانە بووێن کە لە سەردەمی جەنگی جیهانی دووەمدا ،ناچار کراون کە وڵاتی خۆیان بە جێبهڵێن و رووبکەنە وڵاتێکی دیکە و بە هۆی ئەوەی خۆیان لە نیزیکەوە شاهیدی زۆر رووداوی تاڵ و ناخۆش بووێن دەستیان کردۆتە ئەو لێکۆڵینەوە.
لێکۆلینەوەی ژیانی تاوانبارانی کوشتاری قەومی ئەوە دەردەخات کە توندوتیژی و جەنایت و کۆشتاری قەوم و گەلانی دیکە، هۆکاری هەنگاو بە هەنگاوی گەشەسەندنی فەرهەنگی زوڵم وەحشیگەرییە.
تۆڵەسەندنەوە دەتوانێت ئەنگیزەیەک بێت بۆ توند وتیژی بەرفرەوان کە دەتوانێت دژی کەسێک یان قەومێک یان گەلێک بێت.
تا ئێرە پێشەکیەک بوو بۆ ئەوەی بچمە ناو بابەتێکەوە کە ماوەیەکە فیکری منی بە خۆوە سەرقاڵ کردوە و بۆتە هۆی ئەوەی هێندێک لە وزە و ئەنەرژیم بەو کەیسەوە لە دەست بچێت، ئەمرۆ کاتێکی بەتاڵم دەست کەوت و خۆم بە نووسینەوەی ئەو بابەتە خەریک کرد بەو هیوایەی کاریگەری هەبێت لە سەر هۆشیارکردنەوەی تاکەکانی کۆمەڵگەی کوردی .
لەو سەردەمەدا کە کوردستان و ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوین،  بۆنەتە دەریایەکی تۆفانی و لە زڵکاوی رق و کینەدا خەریکە نقوم بن . هێندیک بەرپرسی کورد کە لە دەسەڵات و سەرۆکی شوێنێک یان حزبێکن  بە بەکگراوندێکی رەق و کینە و تۆڵە سەندنەوە قسە لە گەڵ یەکتر دەکەن . من خۆم زۆر جار گوێ دەگرم لە هێندێک چاوپێکەوتن کە لە گەڵ بەرپرسانی پارتەکان یان حکومەت ئەنجام دەدرێت . بۆ نموونە رۆژێک یەکێک لەو کەسانە کە ئێستا بەرپرسی پارێزگایەکە و لە هەڵبژاردنیشدا دەنگێکی بەرچاوی بەدەست هێنا ، باسی ئەوەی دەکرد کە لە شەرێ ناوخۆی باشووری کوردستان کاتێک پارتی بەرانبەر دەستی بە سەر هەموو هەرێمەکەدا گرت ، ئێمە بە بیری تۆڵەکردنەوە گەراینەوە باشوور . هەر ئەو کەسە لە بەرنامەیەکی دیکەدا رەق و کینەی بە شێوەیەکی دیکە دەردەبری و دیگووت:" وامان لێنەکەن کە بیر لە هەرێمێکی سەربەخۆ بۆ سلێمانی بکەینەوە." ئەو روانینە نابەرپرسانە لە بەرانبەر نەتەوەیەک یان گەلی باشوری کوردستان مەترسیدارە . ئەو جۆرە کەسانە لە هەموو پارتە کوردییەکاندا بوونیان هەیە ، شتێکی ئاساییە کە کەسێک لە شەڕدا زوڵمی بەرانبەر کراوە یان کەس وکاری گوژراوە، رەق و کینەی هەبێت،بەڵام مەترسییەکە ئەو کاتەییە کە هەر ئەو کەسە ببێتە بەرپرسێکی بالا و بریاری گەلێکی بەدەستەوە بێت.
نموونەیەکی دیکە کە خۆم کاتێک لە باشووری کوردستان وەک رۆژنامەنووسێک کارم دەکرد بۆ کارێک رووم لە ئاسایشی گشتی هەولێر کرد بۆ ئەوەی لە شوێنی کارەکەم وەک کارمەندی رەسمی وەربگیرێم ، دوای ئەوەی کە پرسیاری لێکردم کە باسی خۆم بکەم  و ئەو شوێنانەی کاریان بۆ دەکەم یان بابەتیان بۆ دەنووسم، کاتێک گەیشتمە ئەوی کە بڵێم لە رۆژنامەی نوێشدا کار دەکەم، یەکسەر گووتی بچۆ دەر ، بێ ئەوەی روونکردنەوەی بۆ بدەم. ناوبراو بەوە تێگەیشت کە من کار بۆ رۆژنامەی کوردستانی نوێ دەکەم کە سەر بە یەکێتی نیشتیمانییە ، لە حالێکدا رۆژنامەی نوێ بە سێ زمان دەردەچوو و سەربە فەراکسیۆنی کوردەکانی پەرڵەمانی عێراق بوو. نموونەیەکی دیکە،  لە گەڵ دوو هاوکارم چووینە بۆ ئەنجام دانی کارێکی شەخسی بۆ دایرەیەک ، پیرەمێردێک ناسنامەی خۆی و خێزانەکەی بزر کردبوو ، هاتبوو ناسنامەیەکی دیکە دەرێنێتەوە ، بەرپرسی ئەو بەشە بە زمانێکی زۆر ناشیرین ئەو پیاوە پیرەی وەدەرنا، دوای ئەوەی ئێمە بە سەرسورمانەوە چاومان لێکرد، بۆ ئەوەی پاساو بێنێتەوە بۆ کارە ناجوانەکەی خۆی ، دەیگووت:" ئەوانە هەمووی بەعسی بوون." ئەوانە و دەیان نموونەی دیکە هەن کە هەر هاوڵاتیەکی کورد رۆژانە تەجروبە یان دەیانبینێت. ئێستاکەش کە کێشەو ئاریشەکانی هەرێمی باشوور کەڵکە بووە و بەرپرسانی ئەو هەرێمەش هەر بەو رووانینەی رق و تۆلە سەندنەوە دەروانە یەکتر، دەرئەنجامێکی باش بۆی چاوەروانناکرێت، مەگەر ئیرادەیەکی بەهێز هەبێت و لە ناوخۆیاندا ئاشتی میللی رابگەیەنن.
مەترسی ئەو جۆرە کەسانە کە بیر لە تۆلە سەندنەوە دەکەن و بەرپرسیارییەتیان بەدەستە زۆر زیاترە لە کەسانی ئاسایی کە هیچ مەسئولییەتێکیان نییە.
پارتەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان ، رۆژئاوا و باکووریش دەستی کەمیان نییە لە پارتەکانی باشوور . کێبەرکێ ناسالمی ئەو پارتانە، دەرئەنجامەکەی شکەستی گەلێکە، کە مێژوو هیچ کات لێیان نابورێت.

بۆیە پێویستە کە هەموو پارتەکان و خەڵکی کوردستان بەتایبەت ئەو کەسانەی بەرپرسیاریەتێکیان بەدەستە بیر لە رێگە چارەیەک بکەنەوە کە زاڵ بن بە سەر رق و کینەیاندا و بەرنامە و پلانیان هەبێت بۆ خۆ و بۆ نەوەکانی داهاتووی ئەم میللەتە .

جمعه، تیر ۲۶، ۱۳۹۴

رۆڵف یاکوبسێن ، شاعیری سروشت و جوانی


بەشی دووم:
مرۆڤ هیچ کات بەورادەییە هەستی بە تەنیایی نەکردووە!؟

شێعرەکانی یاکوبسێن تاکو ئێستا وەرگێردراوەنەتە سەر ٢٢ زمان. بە هۆی کاریگەری لە رووی زمانەوانییەوە و شێوە و فۆرمی شێعرهەڵبەستن و هەم لە روانگەی سەبارەت بە کۆمەڵگە و سروشت شێعرەکانی  یاکوبسێن خوێنەرێکی زۆری بۆ لای خۆیدا راکێشاوە . یاکوبسێن زۆر سادە و ساکار دەنووسێت، بەڵام لە عەینی سادەبوون شێعرەکانی مانایەکی قوڵ بە خوێنەر دەبەخشن.
ئەو سەبارەت بە شێعر و سیاسەت دەڵێت:" گروپێکی بچوک لە کۆمەڵگەدا لە بان راوەستاون و سەبارەت بە هەموو شتێکی ئێمە بریار دەدەن. ئەوانە نوێنەرانی سیاسی کۆمەڵگە نیین،بەڵکو تێکنۆکراتن . من ئەو گروپە وەک مەلا و قەشەی مودێرن دەیاناسم. ئەگەرچی بیرو فیکری سیاسی لە ناو شێعرەکانمدا بوونی هەیە، بەڵام من هەرگیز نەمویستوو کە لە ناو شێعرەکانم لە رەوتێکی سیاسی تایبەت پشتیوانی بکەم. ئەگەرچی قسەکردن سەبارەت بە جەنگی ڤیتنام لە ساڵەکانی ١٩٦٥ سەرنجراکێش بوو، بەڵام ئێستا  هیچ کس شێعری ئەو سەردمە ناخوێنێتەوە. شێعر دەبێت بە زیندوویی بمێنێتەوە .
لە روانگەی یاکوبسێن، جیاوازی چینییایەتی لە نێوان چینەکانی هەژار و دەوڵەمەند کە ئێستاکە لە نێوان دوو جەمسەری باکوور و باشوور لە بەرانبەر یەک راوەستاون، هەمیشە یەکێک لە گرینگترین پرسیارەکانی ئەو بووە و لەو بارەیەوە دەڵێت:" ئێمە ئورووپایی و ئەمریکاییەکان بێ گومان باشتر لە خەڵکانی دیکە نیین. کەشتیمان ساز کرد و بەو کەشتیانە جیهانمان داگیر کرد و خەڵکی وڵاتانی دیکەمان خستە ژێر رەکیفی خۆمانەوە. ئێمە بەو کارە گەیشتینە رەفا و گەشەسەندنی کۆمەڵایەتی، بەڵام لەو رێگەوە زۆر شتمان لە دەست دا. ئیمە نۆروێژییەکان و باقی خەڵکی ئورووپا، خەڵکانێکی تەنییاین. ئێمە خەڵکانێکی ماددیگەراین کە لە بەییانییەوە تاکو شەو هەوڵ دەدەین بۆ ئەوەی کە  ژیانێکی باشتر لەوەی کە هەمانە دەستەبەر بکەین، بەڵام لەو رێگەوە زۆر یەک لە بەها مرۆڤایەتییەکانمان لە دەست داوە. ئێمە وەک خەڵکی وڵاتانی گەشە سەندوو دەستانێکی پڕ و دڵەکانمان خاڵییە. ئەوەی لە ئێمەدا خەریکی مردنە هەستی نیزیکبوونەوە لە خەڵکانی دیکە و دەرکی باردۆخی ئەوانە. هەرگیز ئینسان بەو سنوورە تەنیا نەبووە. ئەو باردۆخەش کە بۆ مرۆڤ هاتۆتە پێش، هیچ هەڵەی مرۆڤ تیدا نییە . باردۆخ جۆرێکە یان ئەوەی کە دەبێت لە راستای ئەو رەوتە مەڵە بکەین یان ئەوەی بچیە بن گۆم. کۆمەڵگە بە پێی کێبەرکێ و پەرەستیژ ، دەبێتە کۆمەڵگەیەکی مەترسیدار.
ئێمە بە هۆی پێشکەوتنی پیشەسازی و تێکنۆلۆژی لە باردۆخێکدا ژیان تێپەر دەکەین کە ئاکامەکەی  بە گشتی  نەخوێندنەوار بەرهەم دێنێت . سەردەمێک کە هێزی بیرکردنەوە و خەیاڵی لە مرۆڤدا بە شێوەیەکی سەر سورهێنەر هێناوتە خوارەوە. هەرجۆرە ئیمکاناتێکی مادی و رووحی لە پێشدا ئامادە کراوە، بە داگرتنی دوگمەیەک ئەو پیویستیانە  بۆت دابین دەکرێت و نامێنێت. ئەوەندە  خۆمان لە لابەلای لاپەرەکانی رۆژنامە و تەلەفزیۆن  نقووم کردووە کە هێزی بیرکردنەوە و خەیاڵ لە مێشکماندا وشک بووە و نەخوێندواری گشتی بۆتە مەترسی بۆ سەر ئێمە.
بە بێ خەیاڵ کردن و بیرکردنەوە و بە بێ هونەری خۆشەویستی و هەستی پێکەوەبوون ، بێ گومان ئێمە دەگەرێنتەوە سەردەمی بەرد و ئەشکەوت . ئێمە خەریکە زۆر یەک لە بەها مرۆڤایەتییەکانمان کە بە درێژایی مێژوو بەدەستمان هێناوە  لە دەست دەدەین. ئەمن بە گۆرانکارییەکی بنەرەتی خۆشبینم و هیوادارم، بەو مەرجە کە ئەوەی کۆمەڵگەی ئێمە دەخاتە مەترسییەوە لە رێگەی هونەرمەندان و شاعیران بۆ خەڵک وێنە بکێشرێت بەو مانایا روون بکرێتەوە.
بە هۆی پێشەوەچوونی شارنشینی لە سەرتاسەری جیهان، من بەرچاوروونییەک بۆ داهاتووی مرۆڤ نابینم . ئەرکی شاعیران و هونەرمەندانە کە سەرنجی خەڵک بۆ سروشت و ژینگە راکێشن و بەها بدەنە ناخی مرۆڤ. لە رێگەی ئافراندی شێعر و هونەر دەتوانیین رەنگێکی باشتر بدەینە ژیان. 

چهارشنبه، تیر ۲۴، ۱۳۹۴

رۆڵف یاکوبسێن ، شاعیری سروشت و جوانی


                                          رۆڵف یاکوبسێن

بەشی یەکەم:

رۆڵف یاکوبسێن لە ساڵی  ١٩٠٧ لە وڵاتی نۆروێژ چاوی بە دوونیا هەڵێنا  و لە رێبەندانی ١٩٩٤ لە تەمەنی ٨٧ ساڵیدا لە یەکێک لە خانوە کۆنەکانی شاری هامار کۆچی دوایی کرد.
یاکوبسێن یەکەم شاعیری نۆروێژییە کە تێکنیکی بەربەرەکانی و پێکەوەژیان و سروشتی هێناوەتە ناو شێعرەوە. ئەو سێ هۆکارە ، مرۆڤ، تێکنیک و سروشت وەک گرینگترین ئەنگیزە لە هەموو شێعرەکانی ئەودا بە شێوەیەکی بەردەوام رەنگی داوتەوە.
رەخنەگرێکی فەرانسەویی سەبارەت بە شێعرەکانی یاکوبسێن  دەڵێت:" زۆر یەک لە ووشەکان و بەها کۆنەکانی کوڵتوری نۆروێژی لە شێعرەکانی یاکوبسێن دووبارە زیندوو دەبنەوە و بە شێوەیەکی سەردەمیانە دادەرێژرێنەوە. هەروەها ئەو ئاماژە بەوە دەکات کە شاعیر نە، لە رێگەی ئیدە و بیروبۆچونەکانی بە ڵکو لە رێگەی وشەکانە کە دەتوانێت شێعرێکی جوان پێشکەش کات، شێعرەکانی یاکوبسێن بەو شێوەیەن.

یاکوبسێنی ٨٧ ساڵە لە کۆتایی ساڵەکانی تەمەنیدا زۆر بە کەمی لە ماڵ دەچۆ دەر بە هۆی ئەوەی کە دەست و لاقەکانی دەڵەرزی و زۆر بر زەحمەت دەیتوانی هەنگاو هەڵێنێت. تەنانەت کاتێک کەمێک جموجۆڵی دەکرد سەری لە گیژەوە دەهات. ئەو دەیگوت:" پێشدا من بەو شێوەیە نەبووم بیجگە لە پورتەگاڵ تەواو وڵاتانی ئەورووپایی و هەموو گۆشە و قوژبنێکی نۆروێژ لە گەڵ پێترا گەراوم. ئەو بۆ چەند ساتێک چاوی بریە وێنەیەک کە لە ژورەکەی هەڵاوەسرابوو کە رەسمی خۆی و خێزانی پێترا بوو کە لە نێو جەنگەڵێکدا ئەو وێنەیان کێشابوو. ئەو دەڵێت:" من و پێترا پلانی ئەوەمان هەبوو بچینە پۆلێن، بەڵام بە مەرگی پێترا تەواو ئەو پلان و بەرنامانەی کە دامنابوون گۆرانکاریان بەسەرهات . ئێستا تەنها لە گەڵ یادگارییەکانی شەو دەکەمەوە و هەمیشە ئەو پرسیارە ئاراستەی خۆم دەکەم کە بۆچی من هەمیشە لە سەفەر دابووم؟ هیچ وڵامێکی دروستم بۆ نەدۆزیوەتەوە .
لە گەشتەکانم زیاتر لە هەر شتێک لە ناسینی کەسانی دیکە جێژ و سودم بینیوە. ئەفکاری جیاواز لەوەی کە خۆم هەمبووە.
دروست لە رووبەرووی پەنجەرەی ماڵی یاکوبسێن رێگەی سەرەکی شەمەندەفەری لێیە و لەو هێلەوە لە شەو رۆژێکدا چڵ شەمەندەفەر تپەردەبن بەسەر ئەو رێگەیەدا. یاکوبسێن دەڵێت:" دەنگی تێپەربوونی شەمەندەفەر زۆر بیرەوەری دەخاتەوە بیر من. ئەو شەمەندەفەرانە منیان گەیاندۆتە تەواو دوونیا. من و براکەم کاتێک منداڵ بووین ئێواران سەعات دە چاوەرەی شەمەندەفەری ئۆسلۆ و هامارمان دەکرد و رۆژنامەی ئێوارانی ئەو رۆژەمان دەگەیاندە باوکمان چونکە ئەو خوی بە رۆژنامە خوێندنەوە گرتبوو. هیچ رۆژێک نەبوو کە بێ رۆژنامە شەو بکاتەوە . منیش هەر لە تەمەنی پێنج ساڵییەوە لە باوکم فێر بووم کە بخوێنمەوە. بیرکردنەوە لە ژیان، لە کێشە و ئاریشەکانی کۆمەڵگە و خەڵک ، ئارەزۆی نووسین زوو لە ناخمدا سەری هەڵدا. لە قۆناغی خوێندنم لە قوتابخانەدا بوومە ئەندامی دەستەی نووسەرانی رۆژنامەی قوتابخانەکەمان. لە رۆژنامەکەدا زیاتر سەبارەت بە قوتابی و ماموستاکانم دەنووسی و یان کاریکاتۆری ئەوانم رەسم دەکرد . لە دواناوندیدا بوومە دەستەی نوسەرانی رۆژنامەیەک بە ناوی Norgesgymnastik.

ئەو رۆژنامەیە ناوندی قوتابیانی دواناوندی سەرتاسەری نۆروێژ بوو. دوای ئەو وەک رۆژنامە نووسێک  دەستم کرد بە هاوکاری و نووسین بۆ گۆڤار و رۆژنامە کانی نۆروێژ . کاتێک دواناوندیم تەواو کرد بیرم لەوە دەکردەوە کە چ رەشتەیەک هەڵبژێرم، ببمە وێنە کێش یان نووسەر؟
سەرئەنجام یاکوبسێن دەچێتە زانکۆ ، بەڵام بەردەوام شێعری دەنووسی ،  شێعرەکانی بۆ هیچ رۆژنامەیەک بۆ بڵاوکردنەوە نەدەنارد. ئەو بریاریدابوو کە هەموویان خر کاتەوە بیانکاتە دیوانە شێعرێک . هیچ نووسەرێکی نەدەناسی ، بەڵام پەیوەندی لە گەڵ زۆر وێنەکێش هەبوو. ئەو بوو بە ئەندامی دەستەن وێنەکێشانی مودێرنیسم و هێندێک جاریش وێنەی دەکێشا. یاکوبسێن دەڵێت:" لە وێنەکێشاندا زۆر خەراپ نەبووم ، بەڵام لە کۆتاییدا گەیشتمە ئەو بریارە کە بەجێگەی وێنکێشان زیاتر دەتوانم هەستەکانم لە رێگەی ووشەوە دەرببرم."

لە قۆناغی زانکۆدا یاکوبسێن لە گەڵ کچێک ئاشنا دەبێت کە موزیسیەنە، هەر لە گەڵ ئەودا (( کۆمەڵەی ئەکادمی کۆر )) یان پێکهێنا. هەر لەو سەردەمەدا بوو کە موزیکی جاز هاتە نۆروێژ. یاکوبسێن حەزی بەو جۆرە موزیکە دەهات. ئەو دەیگووت کە ئاهەنگی شێعرەکانی من بەو جۆرە موزیکە زۆر نیزیکە،بەڵام موزیکی کەلاسیک زیاتر لە گەڵ ئیحساس و رووحیاتی من دەگونجێت. مووسیقی کەلاسیک لە مووسیقی جاز و مودێرن زیاتربەرفرەوانترە .
لە ساڵی ١٩٣٢ یەکەم کۆبەندی شێعرەکانی یاکوبسێن  بە ناوی ( زەمین و ئاسن ) بڵاو بووە. لە گەڵ بڵاوبوونەوەی ئەو کۆبەندە شێعرییە ، یاکوبسێن نازناوی باشترین شاعیری پێبەخشرا بە هۆی ئەوەی کە دەتوانێت ئاریشە و کێشەی ژیانی شاری و پیشەسازی لە رێگەی شێعرەکانیەوە بە باشترین شێوە دەرببرێت. هەر لەو سەردەمەدا یەکێک لە رەخنەگرانی یاکوبسێن  بەناوی هارالد گرەیک دەنووسێت کە یاکوبسێن ئەو شاعیرەییە کە دوای سیگبیۆرن ئۆبسفلدێر و کریستۆفێر ئۆپپداڵ،  گەورەترین شاعیری نۆروێژییە کە شارستانیی پێشەسازی لە رێگەی شێعر دەهۆنێتەوە. لایەنێکی دیکەی شێعری یاکۆبسێن هێزی دەربرینییەتی. ئەو توانایی ئەوەی هەیە کە هەر ئەو شتەی کە دیتوویەتی یان تەجروبەی کردووە بە شێوەیەکی زۆر ماهیرانە لە شێعرەکانیدا وێنەی بکێشێت.
لەو کۆبەندە شێعرییەی یاکوبسێن هێندێک جار دەتوانیین کاریگەری شێعری رۆمانتیک لە ناو شێعرەکانیدا ببینین.
دووەمین  کۆبەندی شێعری یاکوبسێن لە ساڵی ١٩٣٥ بناوی ( قرەبالغ ) و سێیەمین کۆبەندی شێعری  ئەو بەناوی
( شەمەندەفەری رێگەی دوور ) لە ساڵی ١٩٥١ بڵاو بۆووە.

یاکوبسێن لە گەڵ داگریساندنی سیگارێک دەڵێت :" بۆچی دەبایە من شانزدە ساڵ چاوەرێ بکەم بۆ ئەوەی سێیەمین کۆبەندی شێعریم چاپ بکەم، چونکە وام بیر دەکردەوە کە ئێستا هەر ماومە و پێویستە پێبگەم. ئەمن لە بنەماڵەیەکدا هاتومەتە دوونیا کە تێکەڵاو بوونی منی لە گەڵ دوونیای دەرەوە سنووردار کرد بوو . دەبایە بچووبامە دەرەوە و زیاتر لە جیهان تێبگەیشتبامایە. ئەو جیهانە بێ رەحمەی کە ئێمەی دەورداوە، بەڵام بەداخەوە من  هیچی لێ تێنەدەگەیشتم. ئەگەرچی من لە قۆناغی منداڵیەوە  بیرەوەری تاڵم هەیە. ئەمن شارم بیر نەکردووە، جیاوازی چینیایەتی ، زیادبوونی حەشیمەت لە زۆربەی بنەماڵەکان، ئەو خانووە بچکۆلانەی کە  ئەو کرێکارانی کە لە دارستان کاریان دەکرد تێیادا دەژیان، بڵاوبوونەوەی نەخۆشی سێل و ئەو بنەماڵانەی دوانزدە منداڵیان هەبوو و شەوان لە یەک ژووردا دەخەوتن. باوکم دوکتۆر بوو و نەخۆشەکانی چارەسەر دەکرد ، منیش ئەندامی  یەکیتی لاوانی حیزبی کرێکار بووم. دوایی بووە بەرپرسی رێکخراواەی لاوانی حیزبی کرێکار لە ناوچەی خۆمان، بەڵام من هەمیشە باوەرم وابوو کە ناتوانم ببمە سیاسەتمدارێکی باش . ئەمن شاعیرێکم و شێعر دەنووسم. ئەمن لە ساڵی ١٩٧٠ کە پێشەسازی بە شێوەیەکی سەر سوورهێنەر دەچۆ پێش ، زیاتر نیگەرانی دەکردم. پێشەوەچوونی پیشە سازی و زیادبوونی حەشیمەت نەتەنیا مەترسییەک بوون بۆ ژینگە و سروشت، بەڵکو فەرهەنگ و کوڵتوری ئێمەشی دەخستە مەترسییەوە. سروشت بەشێکی هەرە زۆری فیکر و بیری منی داگیر کردووە لە حاڵێکدا من هیچ کات شاعیرێکی رومانتیک نەبووم کە لە رووداوە تاڵەکان دوور کەومەوە. رۆمانتیک و وشە ئایینییەکان ئی سەدەی رابرددون. چۆنییەتی ئەو سەردەمە پێویستی بە ووشەی دیکەیە . ئەرکی ئێمە ئەوەیە کە دەبێ ئەو ووشانە بدۆزینەوە و بیخەینە ناو چوارچێوەی شێعرەوە. کارێکی قورسە ،بەڵام دەبێت لە شوێنێکەوە دەستپێبکەین.
چوارەمین کۆبەندی شێعری یاکوبسێن لە ساڵی ١٩٥٤ بڵاو بۆووە. لەو کۆبەندەدا شاعیر خەریکی دۆزینەوە شتەهایەکی نوێیە. لەو کۆبەندەشێعرییەدا تەنانەت شاعیر بە ناسنامە و بوونی خۆی شک دەکات. لە یەکێک لە شێعرەکان ئاماژە بەوەدەکات کە (( ئایا من رەگێکم لە ناو خاکدا یان لقێکم بە دەست باوە)).
پێنجەمین کۆبەندی شێعری بە ناوی (( هاوین لە ناو چەمەندا)) لە ساڵی ١٩٥٦ بڵاو بۆوە . لە کۆبەندە شێعرییەدا هەر وەک شێعرەکانی دیکە وێنەی جوان و سەرنچ راکێش بۆ خوێنەری شێعرەکانی دەنەخشێةێت.
یاکوبسێن دەڵێت:" لە کۆبەندی شێعری (( مەشقی نەفەس کێشان)) هەوڵمداوە کە خۆشەویستیم بە زەمین و ئاسمان کە ژیانی ئێمە ی لە ژێر رەکیڤی دایە دەرببرم . زەمینێک کە زۆر بێ رەحمانە هێرشمان کردۆتە سەری . لە کۆتا کۆبەندی شێعرییەکەم بە ناوی Nattåpent   بە روونی ئاماژەم پێداوە کە کوڵتوور و فەرهەنگی ئینگلیزی وئامریکایی ناسنامەی مێژوویی و نیشتیمانیی ئێمە دەخاتە مەترسی لە ناوچوون. ئێمە خەریکین ببینە هەرێمێک لە ئەمریکا. من تا کو کۆتا کۆبەندی شێعریم ،شێعری ئاشقانەم نەنووسیوە چونکە تەواو عەشقی من پێترا بوو. ئەویش هەمیشە لە لام بوو. 

جمعه، بهمن ۰۳، ۱۳۹۳

خالێکی وەرچەرخان لە مێژووی رۆژهەڵاتی ناویندا



رۆژهەڵاتی ناوین  ,ئەم شوێنە کە بە یەکێک لە ئاڵۆزترین ناوچەکانی جیهان لە درێژایی مێژوودا دادەنرێت ، بەواتایا ئەگە چاوخشاندنێکی کورت بە مێژووی مرۆڤایەتیدا بخشێنین ، دەبینین کە ئەگەر تەواو ئەو ساڵانەی کە شەر و ئالۆزی تێدا نەبووە کۆکەینەوە لە دوو سەد ساڵ تێپەر ناکات .
گرنگی  و بایخی هەڵكەوتەی جوگرافیایی ئەم شوێنە وای كردووە هەرلەكۆنەوە شوێنی چاوتێبڕینی زڵهێزەکانی جیهان بێت .ئەم ناوچەیە  لە هەر قۆناغێکی جیاوازدا لە رەورەوی مێژوویی خۆیدا بۆتە گۆرەپانی مڵمڵانی زڵهێزەکانی دوونیا و خەڵکی ناوچەکە . بۆ نموونە پێکدادانی  جیاوازی ئایینەکان    لە هەرێمەدا لە پێش زاینەوە دەست پێدەكات و تا کو ئەمرۆش درێژەی هەیە ، بە هۆی ئەوە ی کە شوێنی سەرهەڵدانی سێ‌ لە هەرە ئاینە گەورە ئاسمانیەكانە ، هەروەها لەسەردەمی نوێشدا دوایی دۆزیینەوەی پترۆلێكی زۆر لەناوچەكەدا جاریكی دیکە و زۆر چڕتر لەجاران ناوچەكە روبەڕووی لێشاوی داگیر كاری وڵاتە زلێزەكان بۆتەوە .  ئەگەر خوێندنەوەمان هەبێت بۆ مێژوی نوێی ناوچەکە دەبینیین کە هەرلەدوای جەنگی جیهانی یەكەمەوە ، وڵاتانی خاوەن هێز بە تەواو ئیمکاناتێک کە لە ژێر دەستیان دابوو کەوتونەتە دابەشكردنی ناوچەكەدا بە بێ خواست و ئارەزووی گەڵانی ناوچەکە. ئەو دابەشکردنەش  لەسەر بنەمای بەرژەوەندی ئەو وڵاتانە و دەرامەتە سروشتییەكانی ناوچەكە بووە کە لە دەرئەنجامدا چەندین دیکتاتۆر لە قۆناغە جیاوازەکان بە پشتیوانی ئەو وڵاتانە هاتونەتە سەر کار و خەڵکی ناوچەکەیان چەوساندۆتەوە  .لە ئاکامی هاتنە سەر کاری ئەو دیکتاتۆرانە  لەو ناوچەیەدا بۆتە هۆی ئەوە کە رۆژهەڵاتی ناوەراست لە هەر سەردەمێکدا جۆرێک لە توند و تیژی لێبکەوێتەوە ، هەروەها بەکارهێنانی  خەراپی دەستەڵاتیان بۆتە هۆی ئەوە کە خەڵکی ئەو ناوچەیە هەمیشە لە دڵەراوکە و ترس و شڵەژانی رووحیدا ژیان بە سەر بەرن . لە راستیدا هەموو ئەو دیکتاتۆرانەی کە بە خواستی رۆژئاوا هاتنە سەر کار وەک رۆبۆتێک وا بوون کە هیچ ئیختیارێکیان لە خۆووە نەبوو. تەنیا ئامانجی رۆژئاواش دەستراگەیشتنی بوو  بە سەرچاوە سروشتییەکانی ئەو هەرێمانە بە نرخێکی ئەرزان و قاڵکردنەوەی کاڵا جەنگییەکانی خۆی لەو بازارەدا .
ئەوەی من مەبەستمە لێرەدا ئاماژەی پی بدەم بە کورتی و دەبێ وەک خاڵێکی وەرچەرخانی مێژووی سەیر بکرێت، لە دەست چوونی کۆنترۆڵی ناوچەکەیە لە ژێردەستی رۆژئاوا کە بە مەرگی شا عەبدوللە گەیشتە لوتکە . من نامهەوێت بچمە بنج و بنەوانی شرۆڤەکردنی ئەو قەیرانانەی کە ناوچەکەی گرتۆتەوە و پێیدا تێپەر دەبێت ، بەڵام بە پێی ئەو خوێندنەوەی کە ماوەیەکی درێژە بۆ ئەو ناوچەیەم هەیە پێشهاتێکی باشی بۆ چاوەرێ ناکەم . بە گشتی پێشبینییەکانی من بۆ ئەم باردۆخە بەم شێویە:

·        بە نەمانی شا عەبدوللە ، شای سعودی وەک هێزێکی خاوەن پارەو رێبەری وڵاتانی عەرەبی ناوچەکە زیاتر ئالۆزی بە خۆیەوە دەبینێت، بە شێوەیەک کە ئاڵوگۆری جێگری شا عەبدوللە کێشەی تێدەکەوێت و دوور نییە لە ماوەی یەک ساڵدا شا سەلمان بن عەبدولعەزیز لە دەسەڵات نەمێنێت و ئەو رەوتە درێژەی دەبێت تا ماوەیەکی نادیار .
·        ئێران کە وەک زلهێزێکی ناوچەکەیە دێتە ئەژمار و بۆتە هۆی ئەوە ی کە هاوسەنگییەک دروست بێت لە ناوچەکەدا بەرانبەر  بە وڵاتانی عەرەبی، بە هۆی مەرگی شا عەبدوللە ئەو هاوسەنگییە لاواز دەبێت و دەبێتە هۆی مڵمڵانی زیاتری شیعە و سوننە لە ناوچەکەدا، دوریش نییە کە وڵاتانی عەرەبی بە پشتیوانی وڵاتانی رۆژئاوا جەنگێک لە نێوانیاندا روو بدات لە داهاتوێکی نیزیکدا, بە هۆی ئەوەی حوسییەکان لە یەمەن کە شیعە مەزهەبن دەسەلات دەگرنە دەست و ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوە کە  کاریگەری هەبێت بۆ سەرشیعەکانی سعودیاش ،لە دەرئەنجامدا ئەوانیش بە پاڵەپشتی ئێران و شیعەکانی یەمەن جەنگێک دژی دەسەڵات سعودیا بەرپا دەکەن کە زیاتر لە جەنگێکی ناوخۆیی دەچیت.
·        بە هۆی مڵملانی دەسەڵات لە سعودیا ، باڵی توندرەویی ئیسلامی بە هێزتر دەبێت و دوور نییە کە دەسەڵات لە سیستەمی پاشایاتی بگەرێتەوە بۆ سیستەمی خەلیفە ، ئەو سیستەمەی کە ئێستا داعش پەیرەی دەکات ، لە ئەنجامیشدا داعش لەوانەیە لە گەڵ ئەو باڵەی سعودیا رێکبکەون لە بەرانبەر ئێراندا یەکبگرن .
·        ئاڵۆزییەکان لە سووریا زیاتر پەرە دەستێنێت و لە لایەن گرووپێک، بەشار ئەسەد لە ماوەی ئەمساڵدا دەکوژرێت و لە دەسەڵات نامێنێت.

·        لە ئاکامی پێکدادانی شیعە و سوننە وەک ئاماژەم پێدا کوردستانی سەربەخۆ لە دایک دەبێت، هەرچەندە ئێستا باشوری کوردستان بۆ سەربەخۆیی کۆسپی زۆری لە سەر رێگایە، بەڵام بە روودانی ئەو جەنگە ئەو کۆسپانە کەمدەبنەوە و یان نامێنێت.