پڕۆپاگەندە و ستراتیژیی «سڕینەوەی شوناس»: چۆن داگیرکەران
خەباتی ڕەوای کورد دەشێوێنن؟
پڕۆپاگەندە یان ڕیکلامی سیاسی (Propaganda)، تەنیا ئامرازێکی گەیاندن نییە، بەڵکوو تەکنیکێکی
ئاڵۆزی دەسەڵاتە بۆ دەستکاریکردنی هزر، سۆز و ڕەفتاری کۆمەڵگە. وەک چۆن «تەیلۆر» (Taylor, 1993) ئاماژەی
پێدەدات، پڕۆپاگەندە کۆمەڵێک بڕیاری پێشوەختە و داڕێژراوە بۆ ڕاکێشانی سەرنج و قەناعەتپێکردنی
تاکەکان لەپێناو گەیشتن بە ئامانجێکی دیاریکراو. لە جیهانی ئەمڕۆدا، کە ئامرازەکانی
ڕاگەیاندن گەیشتوونەتە لووتکە، پڕۆپاگەندە بووەتە «بەرەی یەکەمی شەڕ»؛ شەڕێک کە تێیدا
فیشەک ناهاوێژرێت، بەڵکوو «مانا و ڕاستییەکان» تیرۆر دەکرێن.
کورد و دیالێکتیکی «پڕۆپاگەندەی ڕەش»
ئەوەی ئێستا دەرهەق بە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بزووتنەوەی ڕەوای گەلی کورد دەگوزەرێت، نموونەیەکی زیندووی «پڕۆپاگەندەی ڕەش» (Black Propaganda)ـە. لەم جۆرە پڕۆپاگەندەیەدا، سەرچاوەی هەواڵ و زانیارییەکان ناڕوونن و هەموو جۆرە تەحریف و چەواشەکارییەک بەکاردێت بۆ تێکشکاندنی شکۆ و شەرعییەتی نەیار.
داگیرکەرانی کوردستان، بە درێژایی مێژوو هەوڵیان داوە
خەباتی نەتەوەیی کورد، کە لە قووڵایی ڕەنج و هەڵاواردن
(Discrimination) و زەوتکردنی مافە سەرەتاییەکانەوە
سەرچاوەی گرتووە، وەک «پڕۆژەیەکی بیانی» یان «پیادەنیزامی ئیمپریالیزم» وێنا بکەن.
ئەم تێڕوانینە هەوڵێکە بۆ داماڵینی «سوژەی کورد» لە ئیرادەی سیاسیی خۆی. کاتێک دەڵێن
کورد «دەستی ئەمریکا و ئیسرائیلە»، دەیانەوێت مێژووی سەد ساڵەی خۆڕاگری، قوربانیانی
کیمیابارانی هەڵەبجە، کۆمەڵکوژییەکانی سنە و سەردەشت و خەباتی بەردەوامی حزبە کوردییەکان
لە بیروڕای گشتی بسڕنەوە.
لە شێواندنی ڕاستی تا دروستکردنی ترس
وەک «لاسۆڵ» پێناسەی دەکات، پڕۆپاگەندە هەڵبژاردنی وشەکانە
بۆ کاریگەری خستنە سەر ڕەفتار. کاتێک دەوڵەتە ناوەندگەرا و فاشیستەکان وشەی «تەجزیە
تەڵەب» (جیاییخواز) وەک «دالێکی سیاسی» بەکاردێنن، ئامانجیان تەنیا پاراستنی خاک نییە،
بەڵکوو چەواشەکردنی چەمکی «دادپەروەری» و «دیموکراسی»یە. ئەوان بە بەکارهێنانی مێژوویەکی
پڕ لە درۆ، وەک ئەوەی لە ڕووداوەکانی مەهاباد و ناوچەکانی دیکە بینیمان، هەوڵ دەدەن
«قوربانی» وەک «تاوانبار» نیشان بدەن.
داواکاریی کورد بۆ «ناوچەی دژەفڕین» یان هاوکاریی نێودەوڵەتی،
لە ڕاستیدا وەڵامێکی عەقڵانییە بۆ مێژوویەکی خوێناوی کە تێیدا فڕۆکە و کۆپتەرەکانی
دەسەڵات، سنگی خەڵکی سڤیلیان کردووەتە ئامانج. ئەمە نەک خیانەت نییە، بەڵکوو مافی پاراستنی
ژیانە (Right to Life) کە
لە هەموو فەلسەفە سیاسییە مۆدێرنەکاندا وەک ئەولەوییەت دەبینرێت.
ئەنجامگیری
شەڕی کوردستان تەنیا لە سەنگەرەکاندا نییە، بەڵکوو لە
ناوەندی میدیا و جەنگی دەروونیشدایە. وەک «زیایی پەروەر» دەڵێت، هەر شەڕێک لە دوو زەمینەدا
ڕوودەدا: «گۆڕەپانی شەڕ» و «هزری خەڵک». ئەرکی ئێمەی ڕووناکبیر و چالاکوان ئەوەیە کە
ڕێگە نەدەین «پڕۆپاگەندەی ڕەش»ی داگیرکەر، حەقیقەتی خەباتەکەمان غەرق بکات. کورد نە
پیادەنیزامی کەسە و نە دوژمنی گەلانی دیکە؛ بەڵکوو نەتەوەیەکە کە چیتر قبووڵی ناکات
لەژێر هەژموونی فاشیزمی ناوەندگەرادا شوناسی بپلیشێتەوە. داوای ئێمە بۆ «ئێرانێکی دیموکراسی
و فیدراڵ»، کەمترین مافی مرۆیی و سیاسییە کە هیچ پڕۆپاگەندەیەک ناتوانێت لێمان زەوت
بکات.
________________________________________
سەرچاوە کان:
Lasswell, H. D. (Propaganda definition).
McQuail, D. (1972). Sociology of Mass
Communications.
Taylor, P. M. (1993). Munitions of the Mind: A
History of Propaganda.
ضیاییپرور، حمید (١٣٨٦). جنگ نرم؛ ویژه جنگ رسانهای.

هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر