فێتیشیزمی خاک و فاشیزمی ناوەندگەرا: بۆچی لۆژیک لە
ئاست "کورد-هراسی"دا دەوەستێت؟
دوای ماوەیەکی درێژ لە هەوڵدان بۆ دیالۆگ و
وەڵامدانەوەی لۆژیکی لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکاندا بەو زمانانەی کە دەیانزانم،
گەیشتوومەتە قەناعەتێک: کێشەی ناسیۆنالیزمی ناوەندگەرا لە ئێراندا (چ ئایینی بێت
یان پاشایەتیخواز و ئێرانشەهری)، کێشەی "نەزانین" نییە، بەڵکو کێشەی
"نەویستنی تێگەیشتنە". کاتێک بابەتەکە دەگاتە سەر کێشەی کورد و ئەو
هەزاران قوربانییەی لەپێناو مافە سەرەتاییەکانیدا داویەتی، هەموو ئەو ڕەوتە
دژبەرانە دەبنە یەک دەنگ و یەک ویژدان: ویژدانی سڕینەوەی "ئەویتر".
لێرەدا دەمەوێت لە چەند ڕەهەندێکی فەلسەفی و
زانستییەوە تیشک بخەمە سەر ئەم چەقبەستووییە فیکرییە:
1. پارادۆکسی دیموکراسیخوازە "دیکتاتۆرەکان":
بۆ من جێگەی تێڕامانێکی قووڵە؛ چۆن دەکرێت مرۆڤێک لە
ئاتمۆسفێری دیموکراسیترین وڵاتانی جیهاندا هەناسە بدات، سوود لە پلۆرالیزم (فرەیی)
و سیکولاریزم وەربگرێت، کەچی کاتێک نۆرە دەگاتە نەتەوەکانی ناو جوگرافیای ئێران،
یەکسەر دەگەڕێتەوە بۆ عەقڵییەتی چەند سەدە پێشتر؟ ئەمە پێی دەوترێت
"شیزۆفرینیای سیاسی". ئەوان دیموکراسییان تەنها بۆ "ناوەند" و
"خۆیان" دەوێت، نەک وەک پرۆسەیەکی گشتگیر بۆ هەمووان.
2. چەمکی "تەمامییەتی ئەرزی" وەک دێوەزمە:
دەیان ساڵە چەمکی "تجزیەطلبی" (جوداخوازی)
وەک "دالێکی سیاسی" بۆ سەرکوتی هەر جۆرە داواکارییەکی
"لامەرکەزییەت" (Decentralization) بەکار
دەهێنرێت. ئەوەی ئەم ڕەوتانە لێی دەترسن، تێکچوونی خاک نییە، بەڵکو
"دابەشکردنی عادلانەی دەسەڵات"ە. فەلسەفەی سیاسیی مۆدێرن پێمان دەڵێت کە
هاوپێوەندیی نیشتمانی بە بۆمب و تۆمەتبارکردن دروست نابێت، بەڵکو لە ڕێگەی
دانپێدانان بە "مافی دیاریکردنی چارەنووس"
(Self-determination) دروست دەبێت.
3. ئەزموونی گەلان: وانەیەک بۆ فاشیستەکان
مێژووی زانستیی سیاسی پێمان دەڵێت ئەو وڵاتانەی بەسەر
تەوژمی فاشیزمی ناوەندگەرادا زاڵ بوون، تێگەیشتن کە "یەکپارچەیی بە زۆرەملێ،
دایکی پارچەپارچەبوونە".
- ئیسپانیا: دوای
دیکتاتۆرییەتەکەی فرانکۆ، تێگەیشتن کە بەبێ دانپێدانان بە ناسنامەی کەتەلۆنی
و باسک، وڵات ئارامی بەخۆیەوە نابینێت.
- کەنەدا: کاتێک
کیوبیک داوای جیابوونەوەی کرد، دەوڵەت بە تۆمەتی "خەیانەت" هێرشی
نەکردە سەریان، بەڵکو ڕێگەی دا بە ڕێکارێکی دیموکراسیانە گەل خۆی بڕیار بدات.
ئەنجامەکەش مانەوەی کیوبیک و بەهێزبوونی کەنەدا بوو.
ئەم ئەزموونانە دەسەلمێنن کە ناسنامە بە "ئینکارکردن" نامرێت، بەڵکو تەنها دەگۆڕێت بۆ ڕقێکی پیرۆز بەرامبەر بە ناوەند.
4. قەیرانی ویژدان و مێتۆدی "ئەویترسازی":
ئەو هێرشە پڕوپاگەندانەی دوای گۆڕانکارییەکانی ئەم
دواییە دژی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان دەستی پێکردووە، نیشانەی تێکچوونی
هاوسەنگیی دەروونیی ناوەندگەرایانە. ئەوان کاتێک دەبینن کورد خاوەنی ئیرادەیە،
پەنا دەبەنە بەر "تۆمەتبارکردن". وەک فرانتز
فانون دەڵێت:
"داگیرکەر هەمیشە قوربانییەکە وەک شەڕخواز و تێکدەر وێنا دەکات، تا شەرعییەت
بدات بەو توندوتیژییەی کە خۆی دەیکات."
قسەی کۆتایی:
ئەگەر بەڕاستی خەمخۆری "تەمامییەتی
ئەرزی"ن، بزانن کە فاشیزمی ناوەندگەرا و ئینکارکردنی ناسنامە فرەچەشنەکان،
گەورەترین هۆکاری هەڵوەشانەوە و دابەشبوونی کۆمەڵگایە، نەک داخوازیی حزب و
نەتەوەیەکی ستەملێکراو.
من وەک کوردێک، چیتر ماندوو نابم لە وەڵامدانەوەی ئەو کەسانەی خۆیان لە ناحاڵیبوون داوە؛ چونکە لۆژیکی ئێمە "ئازادی و کەرامەت"ە، لۆژیکی ئەوان "ترس و سڕینەوە"یە. مێژووش سەلماندوویەتی کە کامەیان دەمێنێتەوە.

هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر