جوگرافیای ئازار و نەوەی ئاگر: خوێندنەوەیەک بۆ شوێنەواری جەنگ لەسەر
ڕوحی تاکی کورد
پێشەکی: منداڵیم لە نێوان دوو تەقینەوەدا
من بەرهەمی سەردەمێکم کە تێیدا مێژوو بە خوێن و دووکەڵ
دەنووسرایەوە. کاتێک هاتمە دونیا، شۆڕشی گەلانی ئێران بە ڕێبەرایەتی خومەینی و دواتر
جەنگی هەشت ساڵەی عێراق-ئێران، بوونە ئەو بێشکەیەی تێیدا گەورە بووم. من و هاووەڵەکانم،
تەنها وەک ناوێک لە ناسنامەدا لەدایک نەبووین، بەڵکو لە ڕووی جەستە و ڕوحەوە، ئازاری
ئەو جەنگانەمان لەمس کردووە. تا ئەمڕۆش، ئەو شەڕانە لەناو خوێن و دەمارەکانماندا دەژین؛
ئەوان کۆتایییان نەهاتووە، بەڵکو تەنها شێوازی خۆیان گۆڕیوە.
جوگرافیا وەک نەفرەت و بەخشیش
کوردستان، بەهۆی هەڵکەوتە ژیئۆپۆلیتیکەکەی و ئەو خاکە
بەپیت و سەرچاوە سروشتییانەی کە هەیەتی، هەمیشە وەک "مەیدانی یەکلاکردنەوەی کێشەی
زلهێزەکان" بینراوە. ئەمە تراژیدیایەکی فەلسەفییە؛ خاکێک کە دەبوو سەرچاوەی ژیان
بێت، بووەتە هۆکاری چاوچنۆکیی داگیرکەران. ئێمە هەمیشە بووینەتە "قەڵغان"
بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی وڵاتانی تر. ئەم دۆخە جوگرافیایە وایکردووە جەنگ تەنها ڕووداوێکی
کاتی نەبێت، بەڵکو ببێتە بەشێک لە "کەلتووری ژیان"ی ئێمە. چ ئەو شەڕانەی
دوژمنان بەسەریاندا سەپاندووین، و چ ئەو جەنگە نگریسە ناوخۆییانەی کە برینێکی قووڵتریان
لە ناخماندا دروست کرد.
سوورانەوەی بازنەی جەنگ: لە سێبەری سوپای پاسداران و زلهێزەکاندا
ئەو تراژیدیایەی لە منداڵیی مندا دەستی پێکرد، ئەمڕۆ لە
فۆرمێکی مەترسیدارتردا دووبارە دەبێتەوە. ململانێی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لە لایەک،
و سیستەمی دیکتاتۆریی سوپای پاسداران لە لایەکی تر، جارێکی تر کوردستانی کردۆتەوە بە
گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی جەنگەکان. لێرەدا، مێژوو بە ئازارەوە خۆی دەنووسێتەوە؛ گەلانی
ئێران و بەتایبەت گەلی کورد، جارێکی تر دەبنە سووتەمەنی و قوربانیی یەکەمی سیاسەتێک
کە هیچ لایەنێکیان سڵ لە وێرانکاری ناکەنەوە.
سوپای پاسداران، وەک ئامرازێکی سەرکوت و دیکتاتۆری، نەک
تەنها خەڵکی ئێرانی بە بارمتە گرتووە، بەڵکو بەو سیاسەتە سەرکێشانەی، ناوچەکەی بەرەو
هەڵدێرێک بردووە کە تێیدا تاکی کورد باجەکەی دەدات. لەم شەڕە نوێیەدا، ئێمە لە نێوان
"بەکارهێنان وەک قەڵغانی مرۆیی" لەلایەن سیستمە دیکتاتۆرەکانەوە و
"بۆردومانی زلهێزەکان"دا گیریمان خواردووە. ئەمە ئەو شەڕە دەروونییەیە کە
مرۆڤی ئێمە تووشی "ئیفلیجی بڕیاردان" دەکات؛ کاتێک دەبینین داهاتووی منداڵەکانمان
لە نێوان بەرداشی بەرژەوەندیی هێزە جیهانییەکان و توندیی سوپای پاسداران ورد دەبێت.
ڕاگەیاندن: جەنگی نوێ لەناو گیرفانەکاندا
لە جەنگی هاوچەرخدا، موشەک و فڕۆکە تەنها نین کە کاولکاری
دروست دەکەن، بەڵکو شاشەکان و مۆبایلەکان بوونەتە مەیدانێکی مەترسیدارتری شەڕ. ڕاگەیاندنی
بێسەروبەر و سێبەر، لەبری ئەوەی برینەکان ساڕێژ بکات، خوێ دەکاتە سەر برینەکان:
ئیفلیجی مێشک: کاتێک میدیا بەبێ وەستان هەواڵی دژبەیەک
بڵاودەکاتەوە، مرۆڤ تووشی جۆرێک لە گێژبوونی مەعریفی دەبێت. ئەمە تەمومژێکی مەبەستدارە
بۆ ئەوەی ئێمە هەمیشە لە دڵەڕاوکێدا بین و نەتوانین بڕیارێکی دروست بۆ چارەنووسی خۆمان
بدەین.
بێڕێزی بە مرۆڤایەتی: نیشاندانی دیمەنی دڵتەزێن تەنها
بۆ "لایک" و بینەر، توندوتیژی لەلامان ئاسایی دەکاتەوە. ئەمە درێژکراوەی
هەمان ئەو جەنگەیە کە دەیەوێت مرۆڤبوونمان لێ زەوت بکات و دڵمان بەرامبەر کوشتن ڕەق
بکات.
برینە بینراوەکان و مێژووی پڕ لە کارەسات
شەڕەکان تەنها لە لاپەڕەی کتێبەکاندا نین؛ ئەوان لەناو
ئالبۆمی وێنەکانماندا، لەسەر دیوارەکان و لەناو چاوی باوک و دایکە ماندووەکانماندا
دەبینرێن. ئێمە نەوەیەکین کە بە چاوی خۆمان "مردنی بەکۆمەڵ"مان بینیوە. لە
سەردەشتەوە تا هەڵەبجە، کیمیاباران تەنها هێرشێکی سەربازی نەبوو، بەڵکو هەوڵێک بوو
بۆ "نابوودکردنی ڕەگی نەتەوەیەک".
ئەوانەی لە بەرەکانی جەنگ گەڕانەوە، تەنها جەستەیەک بوون،
بەڵام ڕوحیان لەوێ مابووەوە. کاتێک مرۆڤێک شاهیدی کۆمەڵکوژی دەبێت، چۆن دەتوانێت بگەڕێتەوە
ناو خێزان و وەک مرۆڤێکی ئاسایی مامەڵە بکات؟ ئەمە ئەو پرسیارە قووڵەیە کە تا ئێستا
لە ڕووی ئەکادیمییەوە وەڵام نەدراوەتەوە. ئێمە ملیۆنان مرۆڤمان هەیە کە "تەجروبەی
توندوتیژی"یان هەیە، بەڵام هیچ سیستمێکی دەروونی و کۆمەڵایەتیمان نییە بۆ چارەسەرکردنی
ئەو هەموو ئاڵۆزییە دەروونی و مەزاجە تێکچووەی کە جەنگ جێی هێشتووە.
کاتێک دایک و باوک دەبنە پەناگە
لەناو ئەم هەموو جەنگە فیزیکی و دەروونییانەدا، گەورەترین
ئەرک دەکەوێتە سەر شانی خێزان. من وەک کەسێک کە جەنگم لەناو مۆخی ئێسقانمدا هەست پێکردووە،
دەڵێم:
پێویستە منداڵەکانمان لە "ژەهری میدیا" بپارێزین.
نابێت ڕێگە بدەین ڕق و کینە لە ناخیاندا بچێنرێت. پاراستنی منداڵ لە کاتی شەڕدا تەنها
شاردنەوەیان نییە لە ژێرزەمینەکاندا، بەڵکو پاراستنی مێشکیانە لەو "دوژمنە وەهمی
و ترسە هەمیشەییەی" کە جەنگی دەروونی و دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکان دروستی دەکەن.
کۆتایی: بەرەو ئاشتییەکی دەروونی
ئاواتەخوازم هیچ کات رووداوی دڵتەزێن و جەنگی دیکە ڕوونەدات،
بەڵام راستییەکە ئەوەیە کە ئێمە لە ناو جەرگەی ئاگردایین. بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە،
پێویستمان بە خوێندنەوەیەکی ئەکادیمی و قووڵ هەیە بۆ تاکی کورد و تاکی ئێرانی. دەبێت
تێبگەین کە ئێمە میللەتێکی "بریندارین" و پێویستمان بە هۆشیارییەک هەیە کە
نەهێڵێت چیتر ببینە ئامرازی جەنگی هێزە دیکتاتۆرەکان و زلهێزەکان. چاکبوونەوە لە برینەکانی
جەنگ کاتێکی زۆری دەوێت، بەڵام یەکەم هەنگاو ئەوەیە کە ڕێگە نەدەین "ئومێد"
لە ناخی منداڵەکانماندا بکوژرێت.

هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر