لە نێوان ئایینی دامەزراوەیی و ڕووحانییەتی ئازاد: گەڕان
بە شوێن خودا لە سەردەمی مادییەتدا
پێشەکی: قەیرانی مانا لە جیهانی هاوچەرخدا
مرۆڤی سەردەم لە نێوان دوو بەرداشی گەورەدا دەژی؛ لە لایەکەوە
پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا و "لۆژیک" وایکردووە چیدی بە ئاسانی تەسلیمی گوتارە
کلاسیکییەکانی ئایین نەبێت، لە لایەکی دیکەشەوە غەرقبوونی لەناو مادییەت و کاڵاگەریدا،
بۆشایییەکی گەورەی لە ڕۆحیدا دروست کردووە. لێرەوە پرسیارە جەوهەرییەکە سەر هەڵدەدات:
ئایا خودا تەنیا لەناو چوارچێوەی ئایینەکاندا دەدۆزرێتەوە، یان پێویستییەکی ڕوحیی سەروو
ئایدیۆلۆژیایە؟
یەکەم: مێژووی پەیدابوونی ئایین؛ لە ڕووداوێکی ڕوحییەوە
بۆ سیستەمێکی کۆمەڵایەتی
توێژینەوەکانی سەنتەرە ئەکادیمییەکانی وەک "دیڤینیتی
سکوڵ" لە زانکۆکانی هارڤارد و ئۆکسفۆرد ئاماژە بەوە دەکەن کە ئایین لە سەرەتادا
وەک وەڵامێک بۆ "ترس لە سروشت" و "گەڕان بە شوێن مانا" لەدایک
بوو. مرۆڤی سەرەتایی بۆ ئەوەی لە گەردوون تێبگات، پەنای بۆ هێزێکی باڵا دەبرد. ئایینەکان
لە کات و شوێنی گونجاوی خۆیاندا، وەک پەیامێکی ڕزگاریخواز و ئەخلاقی هاتنە کایەوە بۆ
ڕێکخستنی ژیانی مرۆڤ و بەخشینی ئارامی بە دەروونی تاکی چەوساوە.
بەڵام کێشە گەورەکە لێرەوە دەستی پێکرد: کاتێک ئایین لە
"ئەزموونێکی ڕوحیی تاکەکەسی" گۆڕدرا بۆ "دامەزراوەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی".
لێکۆڵەرانی مێژووی ئایینەکان دەڵێن: کاتێک "دین" تێکەڵی "سوڵتە"
و دەسەڵات بوو، جەوهەرە مرۆییەکەی لەدەست دا. ئایین بوو بە ئامرازێک بۆ کۆنترۆڵکردنی
جەماوەر و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی چینێکی تایبەت، بەمەش لە "دەرمانێک بۆ ڕۆح"
گۆڕدرا بۆ "کاڵایەکی بازرگانی" کە لە بازاڕی سیاسەت و ئابووریدا مامەڵەی
پێوە دەکرێت.
دووەم: خاڵیبوونەوە لە ناوەرۆک و یاخیبوونی ژیری
لە ئێستادا، ئایینە دامەزراوەییەکان زۆربەیان لە ویژدان
خاڵی بوونەتەوە. تاکی هۆشیاری ئەمڕۆ، کە بە تیشکی زانست و تەکنەلۆژیا چاوی کراوەتەوە،
چیدی ناتوانێت شوێنکەوتەیەکی کوێر بێت. ئەو دەبینێت کە زۆرێک لەو پەیامانەی بە ناوی
خوداوە بڵاو دەکرێنەوە، نە لەگەڵ لۆژیک دەگونجێن و نە لەگەڵ کەرامەتی مرۆڤ. ئەمە وای
کردووە کە "ئایدیۆلۆژیای ئایینی" لە ئاستی داواکارییەکانی ڕۆحی مرۆڤی مۆدێرن
چۆک دابدات.
بەڵام ئەم هۆشیارییە، مرۆڤی فڕێ نەداوەتە ناو ئارامییەوە،
بەڵکو زیاتر بەرەو مادییەت و پووچگەرایی بردووە. جیهانی ئێستا جیهانی "هەبوونی
شتەکانە" نەک "بوونی مرۆڤ". مرۆڤی مۆدێرن هەموو شتێکی هەیە، بەڵام
"خۆشی" نییە. لێرەدا پێویستی بە خودا وەک "پەناگەیەکی ڕوحی" جارێکی
تر سەرهەڵدەداتەوە، بەڵام خودایەک کە پێویستی بە هیچ کەنیسە، مزگەوت و ناوەندێکی ئایینی
نییە.
سێیەم: خودا وەک دەرمانی ڕووح و مانیفێستۆی ئارامی
فەیلەسوفە ئیلاهییەکان (وەک سپینۆزا،سۆهرەوەردی،
شارەزوری و مەولانا) پێمان دەڵێن: خودا لە هەموو شوێنێکە چونکە ئەو "جەوهەری بوون"ە.
کاتێک مرۆڤ لە قەیران و تەنگانەدایە، پێویستی بەوە نییە بە ناوەندێکی ئایینیدا تێپەڕێت
بۆ ئەوەی بگات بە خودا. "خۆ بە خوا سپاردن" (التسليم) باڵاترین جۆری ئارامییە
کە تێکنۆلۆژیا ناتوانێت بیبەخشێت.
بۆ ئەوەی لەو ئازارانەی ژیان ڕزگارمان بێت کە ماندووی
کردووین، دەبێت بگەڕێینەوە بۆ ئەو پەیوەندییە ڕاستەوخۆیەی نێوان "من" و
"خودا". وەک دەگوترێت: "ئەگەر ئازاری ژیان ماندووی کردووی، دڵتەنگ مەبە،
رەنگە خودا پەرۆشی گوێبیستبوونی نزات بێت." ئەمە مانیفێستۆیەکە بۆ تێپەڕاندنی
خەمە مادییەکان.
چوارەم: فەلسەفەی متمانە و وزەی دەروونی
جوانترین شت لەم گەردوونەدا ئەوەیە کە مرۆڤ تێبگات ئەو
تەنیا نییە. کاتێک پشت بە هێزێکی بێکۆتایی دەبەستیت، بارگرانییەکانی ژیان لەسەر شان
سووک دەبن. ئەمە تەنیا قسەیەکی ئایینی نییە، بەڵکو پێویستییەکی دەروونییە (Psychological Necessity). متمانە
بەوەی کە دۆخی ناهەموار دەڕەوێتەوە، وزەیەکی وا بە مرۆڤ دەبەخشێت کە هیچ ئایدۆلۆژیایەکی
وشک ناتوانێت بینوێنێت.
کاتێک کاروبارەکانت بە تەواوی بە خودا دەسپێریت، سەرسام
دەبیت بەو وزەیەی دڵت دەتەنێ؛ ئەو ئارامییەی دەرگاکانی ترس لە ناختدا دادەخات، چونکە
تۆ چیدی لە ناو بازنەی "هەوڵدانی مادیی چەقۆکێش"دا نیت، بەڵکو لە ناو بازنەی
"ڕەزامەندیی ڕوحی"دایت. ئەگەر بە پێشهاتەکانی ژیان رازی بووی، ئەوا خودا
بەخششی شایان بە خۆتت پێدەبەخشیت، نەک لەبەرئەوەی داوات کردووە، بەڵکو لەبەرئەوەی
"ڕازی" بوویت.
دەرەنجام: خودای ناو دڵ، نەک خودای ناو کتێب
مرۆڤی سەردەم پێویستی بەوەیە دۆخی خۆی لەگەڵ خودای ناو
ناخی خۆی چاک بکاتەوە، چونکە تەنیا ئەو کاتە کاروباری ژیانی بۆ راستەڕێ دەبێت. ئایینەکان
دەکرێ ببنە کەرەستەی بازرگانی و سیاسەت، بەڵام "ڕووحانییەت" و "پەیوەندی
لەگەڵ خودا" قەڵایەکە کە هیچ دەسەڵاتێک دەستی پێناگات.
خودا پێویستی بە خانوویەک نییە کە ناوی مزگەوت یان کەنیسە
بێت، ئەو لە ناو ئەو هەناسەیەدایە کە کاتی دڵتەنگی هەڵی دەکێشیت، لەو متمانەیەدایە
کە کاتێک شتێک لەدەست دەدەیت، پێت دەڵێت: "خودا شتێکت پتیدەبەخشێت کە چاوەڕوانی
دەستکەوتنیت نەکردووە." ئەمە ئەو ئایینە ڕاستەقینەیەیە کە مرۆڤی ئەمڕۆ لە هەموو
کات زیاتر تینوویەتی..

هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر