شنبه، اردیبهشت ۲۶، ۱۴۰۵

سایکۆلۆژیای "مانەوە" لە کوردستان: خوێندنەوەی هۆرنای بۆ نەوەیەک لە نێوان ئاگردا

 


سایکۆلۆژیای "مانەوە" لە کوردستان: خوێندنەوەی هۆرنای بۆ نەوەیەک لە نێوان  ئاگردا

پێشەکی:


کوردستان لە ڕووی جوگرافییەوە کەوتووەتە ناو جەرگەی ململانێیەک کە کارن هۆرنای بە "ژینگەی دوژمنکارانە" ناوی دەبات. لایەک ڕژێمەکانی ئایینی توندڕەو لە ناوچەکەدا کە ئایدیۆلۆژیا و شەڕ هەناردە دەکەن، و لایەکی دیکە مەترسی داگیرکەرانی کوردستان بە بەردەوامی بۆ سەر خاک و کەرامەت و داهاتوی تاکی کورد و ئێستاش کە شەڕی ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێران بەردەوامە ، کوردستانیش چەقی ئەو گۆرانکارییانەیە کە لە داهاتودا روو دەدەن. ئەم دۆخە نەک تەنها سیاسییە، بەڵکو قووڵترین برین لە دەروونی منداڵی کورددا دروست دەکات.


۱. لە "دەنگی زەنگ"ەوە بۆ "دەنگی درۆن": گواستنەوەی دڵەڕاوکێ

هۆرنای باس لەو گۆرانکارییە دەروونییانە دەکات کە هەستی ئاسایش تێکدەشکێنن.

  • منداڵانی هەشتاکان: یاد هێنانەوەی ئەو سەردەمە پڕە لە "ترسی سوور". زەنگی ئاگادار کردنەوەی فرۆکەی شەڕکەر، دەنگی تەلەفزیۆن کە مژدەی هێرشی فڕۆکەی دەدا، ڕیزەکانی نان، و بینینی وێنەی "ئەو رێبەرانە" کە مژدەی شەهیدبوونیان بە منداڵان دەدا. ئەمە دڵەڕاوکێیەکی بنەڕەتی( Basic Anxiety) دروست کرد کە جیهان شوێنێکی پڕ لە مەرگ و نادادییە.
  • منداڵانی ئێستا: هەرچەندە وەک جاران فڕۆکە بەسەر شارەکاندا ناسوڕێتەوە، بەڵام "دەنگی درۆنەکان" و "موشەکە بالیستییەکان" کە جاربەجار هەولێر و ناوچەکانی دیکە کوردستان دەپێکن، هەمان ترسیان لای منداڵی ئەمڕۆ زیندوو کردووەتەوە. منداڵی کورد ئێستا لە سۆشیاڵ میدیاوە دەبینێت چۆن وڵاتانی دەوروبەر هەڕەشەی وێرانکاری دەکەن. ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی منداڵ هەمیشە لە "دۆخی ئامادەباشیدا" بژیت، کە ئەمەش سەرەتای دروستبوونی کەسایەتی دەمارگیرە.

۲. نەیارە ناوخۆییەکان و تیپە دەمارگیرەکان (Horney's Coping Mechanisms)

منداڵ و گەنجی کورد بۆ ئەوەی لەم فشارەدا بژی، یەکێک لەم سێ ڕێگایەی هۆرنای هەڵدەبژێرێت:

  • کەسایەتی میهرخواز (جووڵە بەرەو گروپ): لە کوردستانی ئەمڕۆدا، ئەمە لەو گەنجانەدا دەبینرێت کە بۆ بەدەستهێنانی کەمێک ئاسایش، دەبنە پاشکۆی  دەوڵەت یان لایەنە سیاسییەکان یان گروپە ئایینییە توندڕەوەکان. ئەوان "خۆیان" ون دەکەن بۆ ئەوەی "حیزب" یان "سەرکردە" یان "دین" بییانپارێزێت.
  • کەسایەتی باڵادەستخواز (جووڵە دژی خەڵک): ئەو توندوتیژییەی کە ئەمڕۆ لە ناو شەقامی کوردی، لە ناو قوتابخانەکان و سۆشیاڵ میدیادا دەبینرێت، ڕەنگدانەوەی ئەو "هەستی بێدەسەڵاتییە"یە کە سیستمە دیکتاتۆرەکان و شەڕەکان چاندوویانە. گەنجێک کە دەبینێت تەنها "هێز" و "چەک" و "پارە" ڕێز لێ گیراوە، دەبێتە کەسێکی هێرشبەر بۆ ئەوەی نەبێتە قوربانی.
  • کەسایەتی گۆشەگیر (جووڵە بە دوور لە خەڵک): ئەمە باوترین جۆرە لە ناو نەوەی نوێی کوردستاندا. جۆرێک لە "دابڕانی دەروونی". گەنجەکە نە دەچێتە ناو سیاسەت و نە ئایین، بەڵکو لە ناو جیهانی مەجازی و یارییە ئەلیکترۆنییەکاندا خۆی حەشار دەدات.

۳. نیهیلیزم (پووچگەرایی): بەرهەمی نائومێدییەکی درێژخایەن

هۆرنای دەڵێت کاتێک مرۆڤ ناتوانێت کاریگەری لەسەر چارەنووسی خۆی هەبێت، تووشی دەمارگیری دەبێت. گەنجی کورد کە دەبینێت وڵاتەکەی مەیدانی جەنگی داگیرکەرانی کوردستان و ئێستاش ئەمریکا و ئێران و ئیسرائیلە، و ڕژێمەکانی داگیرکەری نیشتیمانەکەی لە چورا لاوە بەردەوام هەڕەشەی لێ دەکەن، تووشی نیهیلیزم (بێمانایی) دەبێت.


ئەم نیهیلیزمە لە چەند شێوەیەکدا دەردەکەوێت
:

  • کۆچی بەکۆمەڵ: گەنجێک کە هیچ ئاسایشێکی دەروونی لە نیشتمانەکەیدا نییە، ئامادەیە خۆی بداتە دەست شەپۆلەکانی دەریا، چونکە لای ئەو "مانەوە لێرە" یانی چاوەڕوانیکردنی مەرگێکی بێمانا.
  • مەسرەفگەرایی و بێباکی: پەنابردن بۆ شێوازێکی ژیان کە تەنها چێژی کاتییە، چونکە متمانەی بەوە نییە کە سبەینێ شەڕ دەست پێناکات.

٤. تەکنەلۆژیا و ترۆمای گواستراوە

ئەگەر لە سەردەمی شەڕی هەشت ساڵەی عێراق-ئێراندا تەنها ڕادیۆ و یەک کەناڵی تەلەفزیۆن هەبوو، ئێستا منداڵی کورد لە ڕێگەی مۆبایلەکەیەوە سات بە ساتی شەڕی غەززە، ئێران و پارچەکانی دیکەی کوردستان، هەڕەشەکانی ئێران و وەڵامەکانی ئیسرائیل دەبینێت. ئەم "تەماشاکردنی مەرگ و وێرانکارییە" بە شێوەی ڕاستەوخۆ، کاریگەرییەکی وێرانکەری لەسەر سیستەمی دەمار دەبێت. هۆرنای دەڵێت ئەمە دەبێتە هۆی دروستبوونی "وێنەیەکی ئایدیالیستی و ساختە بۆ خۆ"؛ گەنجەکە یان دەبێتە پاڵەوانێکی خەیاڵی لە سۆشیاڵ میدیا، یان بە تەواوی لەناو دەچێت.

ئەنجامگیری بۆ بارودۆخی کوردستان:


بە پێی دیدگای کارن هۆرنای، تاکی کورد لە ئێستادا لە "گرێیەکی دەمارگیری" گەورەدا دەژی. لە لایەکەوە دەیەوێت وەک مرۆڤێکی سەردەم و ئازاد بژی، و لە لایەکی دیکەوە سێبەری قورسی دیکتاتۆریەتی ئایینی ناوچەکە و شەڕە بێ کۆتاییەکان ڕێگەی پێ نادەن "هەستی ئاسایش" بچێژێت.

چاکبوونەوەی ئەم نەوەیە پێویستی بە تەنها ئارامی سیاسی نییە، بەڵکو پێویستی بە "شۆڕشێکی دەروونی" هەیە بۆ دووبارە متمانە کردنەوە بە ژیان. وەک هۆرنای دەڵێت: "تا مرۆڤ هەست بە ئاسایش نەکات، ناتوانێت توانا ڕاستەقینەکانی خۆی گەشە پێ بدات." منداڵانی کوردستان پێویستیان بە جیهانێکە کە تێیدا دەنگی "مۆسیقا" بەرزتر بێت لە دەنگی "درۆن و دروشمە ئایدیۆلۆژییەکان". تاکە رێگە بۆ دەرباز بوون لەو دۆخە بەرز بوونەوەی ئاستی هوشیاری و رۆشنبیری تاکی کورد و سەربەخۆیی نیشتیمانەکەیەتی.

 

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر