لە دەستووری "ئەیدسڤۆڵ"ەوە بۆ خەونی
نەتەوەیی کورد: خوێندنەوەیەک بۆ ئیرادە و دامەزراوەیی
نووسینی: ستافی زێڕنووس
١٧ی مای تەنیا بەروارێکی ساڵنامەیی نییە بۆ
گەلی نۆروێژ، بەڵکوو گوزارشتە لە چرکەساتی "بوون" و تێپەڕین لە پاشکۆیی
بۆ سەربەخۆیی. لە کاتێکدا جیهان تەماشای ئاهەنگەکانی ئەم وڵاتە دەکات، بۆ ئێمەی
کورد کە هێشتا لە ناو جەرگەی ململانێی مان و نەمانداین، ئەم ڕۆژە دەبێتە هەوێنێک
بۆ پرسێژە فەلسەفی و سیاسییە قووڵەکان: بۆچی نەتەوەیەک بە چەند ملیۆن کەسەوە
دەبێتە خاوەن دەوڵەت و دەستوورێکی مێژوویی، بەڵام نەتەوەیەک بە پەنجا ملیۆن کەسەوە
هێشتا لە بازنەی داخراوی بێدەوڵەتیدا دەخولێتەوە؟
لە جەنگاوەری ڤایکینگەوە بۆ عەقڵی یاساناس
مێژووی نۆروێژ و سکاندیناڤیا مێژووی گۆڕانی
"هێزی ڕەق"ە بۆ "هێزی نەرم". ڤایکینگەکان کە وەک جەنگاوەرێکی
بێوێنە و دەریاوانێکی لێهاتوو دەناسران، توانییان ناسنامەیەکی بەهێز بۆ ناوچەکە
دروست بکەن. بەڵام نۆروێژ ڕێگەیەکی پڕ هەوراز و نشێوی بڕی؛ بۆ ماوەی زیاتر لە چوار
سەدە لەژێر هەژموونی دانیمارکدا بوو (کە بە "شەوە ٤٠٠ ساڵەییەکە" ناوزەد
دەکرێت)، دواتر لە ساڵی ١٨١٤دا وەک غەنیمەیەکی جەنگ درایە دەست سوید.
خاڵی وەرچەرخانی فەلسەفی و سیاسی نۆروێژ لێرەدایە: لە
ساڵی ١٨١٤دا، لە شارۆچکەی "ئەیدسڤۆڵ"، نوخبەیەکی ڕۆشنبیر و سیاسی
نۆروێژی کۆبوونەوە و لەبری پەنابردن بۆ شەڕی بێ ئاکام، "دەستوور"ێکیان
نووسی. ئەوان نۆروێژیان وەک وڵاتێکی سەربەخۆ ناساند کە لە یەکێتییەکی تایبەت و
کاتیدا بێت لەگەڵ سوید. ئەو دەستوورە کە تا ئەمڕۆش بناغەی دەوڵەتی نۆروێژە،
مانیفێستی ئیرادەی گەڵێک بوو کە بڕیاری دابوو چیتر "پاشکۆ" نەبێت.
نۆروێژییەکان لە ساڵی ١٩٠٥دا بە ڕیفراندۆم و بە دیپلۆماسییەکی ژیرانە، بەبێ ڕشتنی
خوێن، جیابوونەوەی سەربەخۆی تەواوەتییان لە
سوید ڕاگەیاند.
پارادۆکسی ژمارە: بۆچی نۆروێژ و بۆچی کورد نا؟
لێرەدا پرسیارە جەوهەرییەکە سەرهەڵدەدات: نۆروێژ لە
ساڵی ١٩٠٥دا تەنیا ٢.٣ ملیۆن کەس بوو، کەچی کورد ئەمڕۆ نزیکەی ٥٠ ملیۆن کەسە. ئایا
جیاوازییەکە لە "ئیرادە"دایە یان لە "سیستەمی بیرکردنەوە"؟
١. لە
خێڵەوە بۆ دەوڵەت: نۆروێژ
توانی بەسەر پێکهاتە کۆنەکاندا سەربکەوێت و چەمکی "هاوڵاتی" بخاتە
سەرووی "ئەندامی خێڵ". لە بەرانبەردا، کۆمەڵگەی کوردی هێشتا لە
ململانێدایە لەگەڵ پاشماوەکانی خێڵایەتی. ئیرادەی سیاسی کورد لەبری ئەوەی لە دەوری
"بەرژەوەندی نەتەوەیی" کۆببێتەوە، زۆرجار لەناو "بەرژەوەندی
بنەماڵەیی و ناوچەیی"دا پارچەپارچە بووە.
٢. حیزب
وەک "خانەقایەکی مۆدێرن": یەکێک
لە کێشە هەرە قووڵە فەلسەفییەکانی حیزبی کوردی ئەوەیە کە نەیانتوانیوە لە
عەقڵییەتی "شێخ و مورید" یان "ئاغا و ڕەعیەت" ڕزگاریان بێت.
زۆرجار حیزبی کوردی، لەبری ئەوەی دامەزراوەیەکی سیاسی بێت بۆ بەرهەمهێنانی فیکر و
ستراتیژ، بووەتە بەرگێکی نوێ بۆ هەمان پەیوەندییە خێڵەکییە کۆنەکان. سەرکردە تێیدا
نەک وەک سیاسییەک، بەڵکوو وەک "کێوی نەتەوەیی" یان "شێخێکی
مەعنەوی" تەماشا دەکرێت کە قسەکانی دەبنە دەقێکی پیرۆز و جێگەی ڕەخنە نین.
ئەم شێوازە لە پەیوەندی (موریدایەتی سیاسی)، ڕێگرە لە دروستبوونی "ئیرادەی
گشتی" (General Will) کە
ڕۆسۆ باسی دەکات.
٣. یاسا
یان شەخس؟: نۆروێژییەکان
لە ١٨١٤دا یاسایان نووسی و شەخسیان خستە خزمەت یاساوە. لای کورد، زۆرجار یاسا
دەکرێتە قوربانی بۆ پاراستنی شەخس و پێگەی هێزەکان. ئەمە وا دەکات کە نەتەوە لە
پڕۆسەی "دامەزراوەییبوون" (Institutionalization) پەککەوتە
بێت.
ئەنجامگیری فەلسەفی
سەرکەوتنی نۆروێژ لەوەدا نەبوو کە ژمارەیان زۆر بوو،
یان لەوەدا نەبوو کە جەنگاوەری باش بوون، بەڵکوو لەوەدا بوو کە توانییان
"گرێبەستێکی کۆمەڵایەتی" نوێ ئیمزا بکەن. ئەوان تێگەیشتن کە سەربەخۆیی
پێش ئەوەی ئاڵایەک بێت لەسەر دامەزراوەکان، دەبێت "عەقڵێکی سەربەخۆ" بێت
لەناو تاکەکاندا.
بۆ ئێمەی کورد، ١٧ی مای دەبێت تەنیا ڕۆژێکی نۆروێژی
نەبێت، بەڵکوو دەبێت ڕۆژی ڕامان بێت لە خۆمان. نەتەوەی پەنجا ملیۆنی ئەگەر
نەتوانێت لە بازنەی خێڵ، خانەقا و حیزبی بنەماڵەیی بێتە دەرێ، هەمیشە وەک
"کۆمەڵە مرۆڤێکی زۆر" دەمێنێتەوە نەک وەک "دەوڵەتێکی خاوەن
ئیرادە". کێشەی کورد تەنیا داگیرکەر نییە، بەڵکوو ئەو عەقڵییەتە ناوەکییەیە
کە هێشتا ناتوانێت "نیشتمان" لە "خێڵ" و "یاسا" لە
"سەرۆک" جیا بکاتەوە.
نۆروێژ نیشانی داین کە بچووکترین نەتەوەکان ئەگەر
خاوەن "یاسا" و "یەکڕیزیی عەقڵانی" بن، دەتوانن لەناو جەرگەی
ئیمپراتۆرییەتەکاندا سەربەخۆیی بدۆزنەوە. ئەمە ئەو وانەیەیە کە دەبێت زێڕنووس
بکرێت.
ستافی ماڵپەڕی زێڕنووس

هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر