سه‌شنبه، اردیبهشت ۰۸، ۱۴۰۵

ماڵاوایی لە پەیامهێنێکی ئەقڵ؛ لە نێوان فڕینی هەندەکی و ئاسۆیەکی گشتەکیدا

 


ماڵاوایی لە پەیامهێنێکی ئەقڵ؛ لە نێوان فڕینی هەندەکی و ئاسۆیەکی گشتەکیدا

وەک خوێندکارێکی شەیدای فەلسەفە، کە شەوان و ڕۆژانم بە دیار وەرگێڕان و نووسینی بابەتە فەلسەفییەکانەوە لە وێبلاگەکەم بەسەر دەبەم، هەمیشە پێم وابووە کە مردنی هەر بیرمەندێک، تەنها کۆچی دوایی کەسێک نییە، بەڵکو خامۆشبوونی مۆمێکە لەو ڕێگا تاریکەی بەرەو هۆشیاریی نەتەوەیەک دەچێت. ئەمڕۆ هەواڵی گیانلەدەستدانی دکتۆر فاروق ڕەفیق، هەموومانی هەژاند؛ ئەو مرۆڤەی ساڵانێکی زۆر بێوچان هەوڵیدا تاکی کورد لە بازنەی سادەیی و چەقبەستوویی دەربهێنێت و بەرەو ئاستێکی بەرزتری تێگەیشتن و زانیاری ڕێنوێنی بکات.

سەرەخۆشی خۆم ئاراستەی بنەماڵە، هاوڕێیان و سەرجەم نوخبەی ڕۆشنبیری کوردستان دەکەم. دکتۆر فاروق، بەشێکی گرنگ بوو لە مێژووی نوێی ئەندێشەی کوردی.

بەڵام ئەگەر لە ڕوانگەیەکی فەلسەفییەوە سەیری مێراسی فکریی ئەو بکەین، دەتوانین بڵێین؛ دەروازەی تێگەیشتنی ڕاستەقینە لە (بوون و هەقیقەت) نە لە ناو کێڵگەی ئاییندایە و نە لە ژینگەی ئیلحاددایە، بەڵکو تەنها و تەنها لە "ئەقڵ"دایە. ئەقڵیش وەک چەمکێکی فراوان، خاوەنی دوو ڕەهەندی سەرەکییە: ئەقڵی هەندەکی (جزئی) و ئەقڵی گشتەکی (کلی).

بە دیدێکی ڕەخنەگرانەی فەلسەفییەوە، دەتوانم بڵێم دکتۆر فاروق لە گەشتە فکرییەکەیدا زیاتر جەختی لەسەر "ئەقڵی هەندەکی" دەکردەوە؛ ئەو ئەقڵەی کە مامەڵە لەگەڵ دیاردەکان و لۆژیکی ژیانی ڕۆژانە و ڕەخنەی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا دەکات. لە بەرامبەردا، کاتێک سەیری مێژووی فەلسەفەی خۆمان دەکەین، دەبینین "سورەوەردی" وەک بیرمەندێکی گەورەی کورد، گرنگییەکی هاوسەنگی بە هەردوو ڕەهەندەکە دەدا.

سورەوەردی پێی وابوو ئەقڵی هەندەکی بۆ ڕێکخستنی ژیان و تێگەیشتن لە وردەکارییەکان پێویستە، بەڵام هەرگیز بەس نییە بۆ گەیشتن بە لوتکەی هەقیقەت. مرۆڤ پێویستی بە "ئەقڵی گشتەکی"یش هەیە؛ ئەو ئەقڵەی کە سنوورە کاتی و شوێنییەکان دەبەزێنێت و لەگەڵ گەردوون و مانا قووڵەکانی بوون یەکدەگرێتەوە. ئەم دوو ئەقڵە وەک دوو باڵ وان؛ بە تەنها یەکێکیان ناتوانرێت فڕینێکی پەتی و دروست بەرەو ئاسمانی ناسین (مەعریفە) ئەنجام بدرێت.

دکتۆر فاروق ڕەفیق، بە باڵە هەندەکییەکەی ئەقڵ، جوڵەیەکی گەورەی لە ناو جەستەی سڕبووی بیری کوردیدا دروست کرد. هەرچەندە ڕەنگە لە گەیشتن بە ئاسۆ گشتەکییەکەدا وەک سورەوەردی هەنگاوی هەڵنەگرتبێت، بەڵام ناتوانرێت نکۆڵی لەوە بکرێت کە ئەو یەکێک بوو لەو دەگمەنە کەسانەی ویستی "مرۆڤی کورد" بکاتە بوونەوەرێکی بیرکەرەوە.

یادی بەخێر و ڕێگای هۆشیاریی نەتەوەکەمان هەمیشە پڕ بێت لە ڕێبوار.

 

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر