چهارشنبه، اسفند ۰۶، ۱۴۰۴

پێشنیازێک بۆ یەکێتیی نەتەوەیی لەژێر سێبەری ئاڵای دایکدا

پێشنیازێک بۆ یەکێتیی نەتەوەیی لەژێر سێبەری ئاڵای دایکدا

ئاڵا بۆ هەر نەتەوەیەک تەنها هێمایەکی سیاسی نییە، بەڵکو "ڕۆحی نیشتمان" و چوارچێوەی کۆکەرەوەی هەموو ئەو بەها کلتوری، مێژوویی و فەلسەفییانەیە کە نەتەوەیەک لەسەری ڕێککەوتووە. بۆ ئێمەی کورد، کە بەهۆی جوگرافیایەکی دابەشکراوەوە لەگەڵ کێشە یاسایی و سیاسییەکاندا دەست و پەنجە نەرم دەکەین، پێویستمان بە "ژێرییەکی دیزاین" هەیە کە بتوانێت هەم یەکپارچەیی نەتەوەیی بپارێزێت و هەم تایبەتمەندی هەر پارچەیەک وەک قەوارەیەکی یاسایی بناسێنێت.

پێشنیازەکەی من لێرەدا کورت دەبێتەوە لەم چەند خاڵەدا:

1. ئاڵای دایک (ئاڵای کوردستانی گەورە):


ئەو ئاڵایەی ئێستا لە باشووری کوردستان دەشکێتەوە (سێ ڕەنگی سوور، سپی، سەوز لەگەڵ خۆرە ٢١ تیشکییەکە)، وەک "ئاڵای دایک" و مەرجەعی نەتەوەیی بێ هیچ دەستکارییەک دەمێنێتەوە. ئەم ئاڵایە هەڵگری فەلسەفەیەکی قووڵی ئایینی و کلتورییە (بە تایبەت خۆرەکە کە هێمای ڕووناکی و ژیانەوەیە لە فەلسەفەی یەزدانی مێهریدا) و نابێت دەستکاری ناوکەکەی بکرێت.

2. هێما هەرێمییەکان (بۆ چارەسەری یاسایی):


بۆ ئەوەی هەر پارچەیەکی کوردستان خاوەن ناسنامەیەکی یاسایی بێت کە لە وڵاتانی داگیرکەردا کەمتر ڕووبەڕووی قەدەغەکردن ببێتەوە، پێشنیاز دەکەم لە گۆشەی سەرەوەی لای چەپ (لەسەر ڕەنگی سوور)، هێمایەکی ئەندازەیی سپی و زۆر سادە زیاد بکرێت کە تەنانەت منداڵێکی بچووکیش بتوانێت وێنەی بکێشێت:

  • باکووری کوردستان: هێمای سێگۆشەیەکی سپی

(وەک ئاماژەیەک بۆ جوگرافیای چیا بەرزەکانی وەک ئاگری و سیپان، کە هێمای خۆڕاگری و بەرزیی ئەم پارچەیەن.)


  • باشووری کوردستان: هێمای چوارگۆشەیەکی سپی

)  وەک گوزارشتێک لە قەڵا دێرینەکان و سەقامگیری و دامەزراوەیی، کە ئێستا ناوەندی بڕیاری سیاسیی نەتەوەکەیە.(


     . ڕۆژهەڵاتی کوردستان: هێمای ئەستێرەیەکی چوارپەڕی سپی 

( وەک هێمای تیشکی زانست، شیعر و کلتوری دەوڵەمەندی ڕۆژهەڵات کە هەمیشە وەک ئەستێرەیەکی ڕێنیشاندەر بۆ پارچەکانی تر درەوشاوەتەوە.(


  • ڕۆژئاوای کوردستان: هێمای دوو هێڵی ئاسۆیی سپی

) وەک گوزارشتێک لە دەشتە پڕ بەرەکەتەکانی جزیرە و کۆبانی، کە هێمای یەکسانی و پیت و فەلسەفەی ژیانە).


3. فەلسەفەی ئەم پێشنیازە:


ئەم پێشنیازە لەسەر بنەمای "یەکێتی لەناو فرەییدا" داڕێژراوە. دانانی هێماکان لەناو ڕەنگی سووردا، ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ناسنامەی هەر پارچەیەک بە خوێن و قوربانییەکانی مێژووی خۆی نەخشێنراوە. کاتێک منداڵێک لە باکوور یان ڕۆژئاوا سەیری ئەم ئاڵایە دەکات، هەست دەکات ئەمە ئاڵای نەتەوەییەکەیەتی (ئاڵای دایک)، بەڵام ئەو هێمایە بچووکە هەستی شۆوناسی ناوخۆیی و یاسایی بۆ دروست دەکات.

لە کۆتاییدا، ئەمە تەنها پێشنیازێکە بۆ گفتوگۆ، بە ئامانجی ئەوەی ئاڵاکەمان لە دەستی قەدەغەکردن ڕزگار بکەین و بیکەینە زمانێکی جیهانی کە هەموو پارچەکان لەژێر یەک چەتری "ڕەنگین"دا کۆبکاتەوە، بەبێ ئەوەی دەستکاری لە قووڵایی فەلسەفی ئاڵای دایکدا بکەین.

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر