لەسەر کورسیی "قوتووەکە"وە بۆ ڕەگەکانی
مێژوو: گەشتێک بەناو ئازاری زمانی دایکدا
پێشەکی: زمان وەک ناسنامە
بۆ من، زمانی دایک تەنیا کۆمەڵە وشەیەک
نییە بۆ ئاخاوتن، بەڵکوو ئەو هەناسەیەیە کە بوونی منی پێ پێناسە دەکرێت.
فەیلەسوفەکان دەڵێن مرۆڤ تا ئەو شوێنە دەتوانێت جیهان ببینێت کە زمانەکەی ڕێگەی پێ
دەدات. کاتێک زمانێکت لێ دەسەندرێتەوە، لە ڕاستیدا جیهانبینیت لێ دەدزرێت. من وەک
منداڵێکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئەم ڕاستییە فەلسەفییەم بە گۆشت و پێست و بە فرمێسکی
سەر لاپەڕە نەخوێندراوەکانی کتێبە نامۆکان تاقی کردووەتەوە.
یادەوەرییەک لە سەردەشت: کورسییەک لە شکۆ
پێش ئەوەی تەمەنم بگاتە شەش ساڵ، لە
سەردەشت و دەوروبەری، کە ئەو کات لەژێر سایەی پێشمەرگەدا بوو، من تامی ئازادیم
کرد. باشم لە یادە، تەمەنم تەنیا چوار ساڵ بوو، دەچوومە قوتابخانە. هەرچەندە بە
ڕەسمی ناوم نەبوو و کورسییان پێنەدەدام، بەڵام ئیرادەی من لەو تەمەنەدا لە قاڵبێکی
بچووکدا کۆببووەوە: "قوتوویەکم" پەیدا کردبوو، دەمبرد و لەسەری
دادەنیشتم تەنیا بۆ ئەوەی گوێم لەو دەنگە بێت کە ڕۆحم دەیناسییەوە. خۆشترین
چرکەساتی ژیانم ئەو کاتانە بوو کە "دەرسی کوردی"مان هەبوو. ئەو قوتووە
بۆ من لە تەختی پاشایەتی بە نرختر بوو، چونکە لەوێدا "خۆم" بووم.
تراژیدیای ئاسیمیلاسیۆن: کاتێک زمان دەبێتە دیوار
بەڵام زۆری نەخایاند، تەمەنی من و مێژووی وڵاتەکەم کەوتە ناو تەمومژێکی ڕەشەوە. بە هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی، هەموو شتێک گۆڕا. کاتێک بوومە شەش ساڵ، ناچار کرام بە زمانێک بخوێنم کە "زمانی دڵم" نەبوو. من لە ناو پۆلدا بووم، بەڵام وەک ئەوەی لە پەراوێزی جیهاندا بم؛ مامۆستا دەدوان و من تێنەدەگەیشتم.
تاڵترین یادەوەریم پۆلی سێیەمی سەرەتایی
بوو؛ کتێبێکیان بۆ خوێندنەوە پێداین، کتێبەکەی من باسی رەوک و گەورەو بوونی گیا و داری دەکرد، بە زمانی فارسی بوو کە هەرچەندم دەکرد، تەنیا ڕیزە پیتی بێگیانم دەبینی.
فارسییەکە هێندە قورس بوو بۆ منداڵێکی کورد کە نەیدەتوانی پەیوەندی لەگەڵدا دروست
بکات. ئەوەندە گریام، ئەوەندە ئەو کتێبە غەریبەم بە فرمێسکەکانم تەڕ کرد، تا
دواجار ناچار بوون بۆم بگۆڕن. ئەو گریانی من، هاواری بێدەنگی نەتەوەیەک بوو کە
لەناو ماڵی خۆیدا کرابووە غەریبە.
بنەما ئەکادیمییەکان: تاوانی زمانکوژی (Linguicide)
توێژینەوە ئەکادیمییەکان، لەوانە ڕاپۆرتەکانی یونسکۆ
و تیۆرییەکانی "پەروەردەی فرەزمانە"، جەخت دەکەنەوە کە فێربوون بە زمانی
دایک مافێکی بنەڕەتیی مرۆڤە. کاتێک منداڵ بە زمانی دایکی دەخوێنێت، گەشەی دەروونی ،زیرەکی ،هوشیاری و ژیریی (Cognitive Development) دوو
هێندە خێراتر دەبێت. بەپێچەوانەوە، سەپاندنی زمانێکی بێگانە لە تەمەنی منداڵیدا،
جۆرێکە لە "فاشیزمی پەروەردەیی" کە دەبێتە هۆی کوشتنی داهێنان و
دروستکردنی کەسایەتییەکی لەرزیو. ئەو دەوڵەتانەی کوردستانیان داگیر کردووە، ئەمە
وەک چەکێک بەکار دەهێنن بۆ ئەوەی نەوەکانمان بکەنە پاشکۆی کلتووری خۆیان.
ڕەسەنایەتیی زمانی کوردی: ڕیشەیەک لە ئەنادۆڵ و
زاگرۆس
ئێمە خاوەنی زمانێک نین کە لە پەراوێزدا
دروست بووبێت. توێژینەوە نوێیەکانی زانکۆ جیهانییەکان (وەک ئەو توێژینەوەیەی لە ساڵی ٢٠٢٣ لە
گۆڤاری Science بڵاوکرایەوە) دەیسەلمێنن کە ڕیشەی
زمانە "هیندۆ-ئورووپاییەکان" دەگەڕێتەوە بۆ ناوچەی ئەنادۆڵ و باکووری
کوردستان و چیاکانی زاگرۆس. ئەمە واتە زمانی کوردی یەکێکە لە کۆنترین و ڕەسەنترین
لقەکانی دارستانی زمان لە جیهاندا. زمانێک کە ڕیشەی ٨٠٠٠ ساڵەی هەیە، شایەنی ئەوە
نییە لەژێر پێی فاشیزمی زمانەوانیدا بپلیشێتەوە.
ئەنجام: بەرەو ئیرادە و سەربەخۆیی
ئەمڕۆ، لە ڕۆژی زمانی دایکدا، من تەنیا یادی ڕابردوو ناکەمەوە، بەڵکوو بانگەوازێک بۆ داهاتوو دەکەم. هیچ یەک لەو دەوڵەتانەی ئێمەیان دابەش کردووە، ئامادە نین دان بە مافی پەروەردەی ئێمەدا بنێن، چونکە دەزانن "زمان" کلیلی سەربەخۆییە.
تەنیا ڕێگەی ئێمە هۆشیاری،
یەکگرتن و خەباتە بۆ سەربەخۆیی. دەبێت
بە ئیرادەی خۆمان جیهان ناچار بکەین دانمان پێدا بنێت. ئێمە نامانەوێت
منداڵەکانمان چیتر لەسەر "قوتوو" دانیشن یان بۆ تێنەگەیشتن لە
کتێبەکانیان بگریەن. ئێمە دەمانەوێت منداڵی کورد بە شانازییەوە، لەسەر کورسیی
ئازادی و بە زمانی شیرینی دایکی، زانست و مێژووی ڕاستەقینەی خۆی بخوێنێت.
زمانی ئێمە، قەڵای ئێمەیە. تا زمان مابێت، کوردستان هەر دەمێنێت.

هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر