چهارشنبه، تیر ۲۴، ۱۳۹۴

رۆڵف یاکوبسێن ، شاعیری سروشت و جوانی


                                          رۆڵف یاکوبسێن

بەشی یەکەم:

رۆڵف یاکوبسێن لە ساڵی  ١٩٠٧ لە وڵاتی نۆروێژ چاوی بە دوونیا هەڵێنا  و لە رێبەندانی ١٩٩٤ لە تەمەنی ٨٧ ساڵیدا لە یەکێک لە خانوە کۆنەکانی شاری هامار کۆچی دوایی کرد.
یاکوبسێن یەکەم شاعیری نۆروێژییە کە تێکنیکی بەربەرەکانی و پێکەوەژیان و سروشتی هێناوەتە ناو شێعرەوە. ئەو سێ هۆکارە ، مرۆڤ، تێکنیک و سروشت وەک گرینگترین ئەنگیزە لە هەموو شێعرەکانی ئەودا بە شێوەیەکی بەردەوام رەنگی داوتەوە.
رەخنەگرێکی فەرانسەویی سەبارەت بە شێعرەکانی یاکوبسێن  دەڵێت:" زۆر یەک لە ووشەکان و بەها کۆنەکانی کوڵتوری نۆروێژی لە شێعرەکانی یاکوبسێن دووبارە زیندوو دەبنەوە و بە شێوەیەکی سەردەمیانە دادەرێژرێنەوە. هەروەها ئەو ئاماژە بەوە دەکات کە شاعیر نە، لە رێگەی ئیدە و بیروبۆچونەکانی بە ڵکو لە رێگەی وشەکانە کە دەتوانێت شێعرێکی جوان پێشکەش کات، شێعرەکانی یاکوبسێن بەو شێوەیەن.

یاکوبسێنی ٨٧ ساڵە لە کۆتایی ساڵەکانی تەمەنیدا زۆر بە کەمی لە ماڵ دەچۆ دەر بە هۆی ئەوەی کە دەست و لاقەکانی دەڵەرزی و زۆر بر زەحمەت دەیتوانی هەنگاو هەڵێنێت. تەنانەت کاتێک کەمێک جموجۆڵی دەکرد سەری لە گیژەوە دەهات. ئەو دەیگوت:" پێشدا من بەو شێوەیە نەبووم بیجگە لە پورتەگاڵ تەواو وڵاتانی ئەورووپایی و هەموو گۆشە و قوژبنێکی نۆروێژ لە گەڵ پێترا گەراوم. ئەو بۆ چەند ساتێک چاوی بریە وێنەیەک کە لە ژورەکەی هەڵاوەسرابوو کە رەسمی خۆی و خێزانی پێترا بوو کە لە نێو جەنگەڵێکدا ئەو وێنەیان کێشابوو. ئەو دەڵێت:" من و پێترا پلانی ئەوەمان هەبوو بچینە پۆلێن، بەڵام بە مەرگی پێترا تەواو ئەو پلان و بەرنامانەی کە دامنابوون گۆرانکاریان بەسەرهات . ئێستا تەنها لە گەڵ یادگارییەکانی شەو دەکەمەوە و هەمیشە ئەو پرسیارە ئاراستەی خۆم دەکەم کە بۆچی من هەمیشە لە سەفەر دابووم؟ هیچ وڵامێکی دروستم بۆ نەدۆزیوەتەوە .
لە گەشتەکانم زیاتر لە هەر شتێک لە ناسینی کەسانی دیکە جێژ و سودم بینیوە. ئەفکاری جیاواز لەوەی کە خۆم هەمبووە.
دروست لە رووبەرووی پەنجەرەی ماڵی یاکوبسێن رێگەی سەرەکی شەمەندەفەری لێیە و لەو هێلەوە لە شەو رۆژێکدا چڵ شەمەندەفەر تپەردەبن بەسەر ئەو رێگەیەدا. یاکوبسێن دەڵێت:" دەنگی تێپەربوونی شەمەندەفەر زۆر بیرەوەری دەخاتەوە بیر من. ئەو شەمەندەفەرانە منیان گەیاندۆتە تەواو دوونیا. من و براکەم کاتێک منداڵ بووین ئێواران سەعات دە چاوەرەی شەمەندەفەری ئۆسلۆ و هامارمان دەکرد و رۆژنامەی ئێوارانی ئەو رۆژەمان دەگەیاندە باوکمان چونکە ئەو خوی بە رۆژنامە خوێندنەوە گرتبوو. هیچ رۆژێک نەبوو کە بێ رۆژنامە شەو بکاتەوە . منیش هەر لە تەمەنی پێنج ساڵییەوە لە باوکم فێر بووم کە بخوێنمەوە. بیرکردنەوە لە ژیان، لە کێشە و ئاریشەکانی کۆمەڵگە و خەڵک ، ئارەزۆی نووسین زوو لە ناخمدا سەری هەڵدا. لە قۆناغی خوێندنم لە قوتابخانەدا بوومە ئەندامی دەستەی نووسەرانی رۆژنامەی قوتابخانەکەمان. لە رۆژنامەکەدا زیاتر سەبارەت بە قوتابی و ماموستاکانم دەنووسی و یان کاریکاتۆری ئەوانم رەسم دەکرد . لە دواناوندیدا بوومە دەستەی نوسەرانی رۆژنامەیەک بە ناوی Norgesgymnastik.

ئەو رۆژنامەیە ناوندی قوتابیانی دواناوندی سەرتاسەری نۆروێژ بوو. دوای ئەو وەک رۆژنامە نووسێک  دەستم کرد بە هاوکاری و نووسین بۆ گۆڤار و رۆژنامە کانی نۆروێژ . کاتێک دواناوندیم تەواو کرد بیرم لەوە دەکردەوە کە چ رەشتەیەک هەڵبژێرم، ببمە وێنە کێش یان نووسەر؟
سەرئەنجام یاکوبسێن دەچێتە زانکۆ ، بەڵام بەردەوام شێعری دەنووسی ،  شێعرەکانی بۆ هیچ رۆژنامەیەک بۆ بڵاوکردنەوە نەدەنارد. ئەو بریاریدابوو کە هەموویان خر کاتەوە بیانکاتە دیوانە شێعرێک . هیچ نووسەرێکی نەدەناسی ، بەڵام پەیوەندی لە گەڵ زۆر وێنەکێش هەبوو. ئەو بوو بە ئەندامی دەستەن وێنەکێشانی مودێرنیسم و هێندێک جاریش وێنەی دەکێشا. یاکوبسێن دەڵێت:" لە وێنەکێشاندا زۆر خەراپ نەبووم ، بەڵام لە کۆتاییدا گەیشتمە ئەو بریارە کە بەجێگەی وێنکێشان زیاتر دەتوانم هەستەکانم لە رێگەی ووشەوە دەرببرم."

لە قۆناغی زانکۆدا یاکوبسێن لە گەڵ کچێک ئاشنا دەبێت کە موزیسیەنە، هەر لە گەڵ ئەودا (( کۆمەڵەی ئەکادمی کۆر )) یان پێکهێنا. هەر لەو سەردەمەدا بوو کە موزیکی جاز هاتە نۆروێژ. یاکوبسێن حەزی بەو جۆرە موزیکە دەهات. ئەو دەیگووت کە ئاهەنگی شێعرەکانی من بەو جۆرە موزیکە زۆر نیزیکە،بەڵام موزیکی کەلاسیک زیاتر لە گەڵ ئیحساس و رووحیاتی من دەگونجێت. مووسیقی کەلاسیک لە مووسیقی جاز و مودێرن زیاتربەرفرەوانترە .
لە ساڵی ١٩٣٢ یەکەم کۆبەندی شێعرەکانی یاکوبسێن  بە ناوی ( زەمین و ئاسن ) بڵاو بووە. لە گەڵ بڵاوبوونەوەی ئەو کۆبەندە شێعرییە ، یاکوبسێن نازناوی باشترین شاعیری پێبەخشرا بە هۆی ئەوەی کە دەتوانێت ئاریشە و کێشەی ژیانی شاری و پیشەسازی لە رێگەی شێعرەکانیەوە بە باشترین شێوە دەرببرێت. هەر لەو سەردەمەدا یەکێک لە رەخنەگرانی یاکوبسێن  بەناوی هارالد گرەیک دەنووسێت کە یاکوبسێن ئەو شاعیرەییە کە دوای سیگبیۆرن ئۆبسفلدێر و کریستۆفێر ئۆپپداڵ،  گەورەترین شاعیری نۆروێژییە کە شارستانیی پێشەسازی لە رێگەی شێعر دەهۆنێتەوە. لایەنێکی دیکەی شێعری یاکۆبسێن هێزی دەربرینییەتی. ئەو توانایی ئەوەی هەیە کە هەر ئەو شتەی کە دیتوویەتی یان تەجروبەی کردووە بە شێوەیەکی زۆر ماهیرانە لە شێعرەکانیدا وێنەی بکێشێت.
لەو کۆبەندە شێعرییەی یاکوبسێن هێندێک جار دەتوانیین کاریگەری شێعری رۆمانتیک لە ناو شێعرەکانیدا ببینین.
دووەمین  کۆبەندی شێعری یاکوبسێن لە ساڵی ١٩٣٥ بناوی ( قرەبالغ ) و سێیەمین کۆبەندی شێعری  ئەو بەناوی
( شەمەندەفەری رێگەی دوور ) لە ساڵی ١٩٥١ بڵاو بۆووە.

یاکوبسێن لە گەڵ داگریساندنی سیگارێک دەڵێت :" بۆچی دەبایە من شانزدە ساڵ چاوەرێ بکەم بۆ ئەوەی سێیەمین کۆبەندی شێعریم چاپ بکەم، چونکە وام بیر دەکردەوە کە ئێستا هەر ماومە و پێویستە پێبگەم. ئەمن لە بنەماڵەیەکدا هاتومەتە دوونیا کە تێکەڵاو بوونی منی لە گەڵ دوونیای دەرەوە سنووردار کرد بوو . دەبایە بچووبامە دەرەوە و زیاتر لە جیهان تێبگەیشتبامایە. ئەو جیهانە بێ رەحمەی کە ئێمەی دەورداوە، بەڵام بەداخەوە من  هیچی لێ تێنەدەگەیشتم. ئەگەرچی من لە قۆناغی منداڵیەوە  بیرەوەری تاڵم هەیە. ئەمن شارم بیر نەکردووە، جیاوازی چینیایەتی ، زیادبوونی حەشیمەت لە زۆربەی بنەماڵەکان، ئەو خانووە بچکۆلانەی کە  ئەو کرێکارانی کە لە دارستان کاریان دەکرد تێیادا دەژیان، بڵاوبوونەوەی نەخۆشی سێل و ئەو بنەماڵانەی دوانزدە منداڵیان هەبوو و شەوان لە یەک ژووردا دەخەوتن. باوکم دوکتۆر بوو و نەخۆشەکانی چارەسەر دەکرد ، منیش ئەندامی  یەکیتی لاوانی حیزبی کرێکار بووم. دوایی بووە بەرپرسی رێکخراواەی لاوانی حیزبی کرێکار لە ناوچەی خۆمان، بەڵام من هەمیشە باوەرم وابوو کە ناتوانم ببمە سیاسەتمدارێکی باش . ئەمن شاعیرێکم و شێعر دەنووسم. ئەمن لە ساڵی ١٩٧٠ کە پێشەسازی بە شێوەیەکی سەر سوورهێنەر دەچۆ پێش ، زیاتر نیگەرانی دەکردم. پێشەوەچوونی پیشە سازی و زیادبوونی حەشیمەت نەتەنیا مەترسییەک بوون بۆ ژینگە و سروشت، بەڵکو فەرهەنگ و کوڵتوری ئێمەشی دەخستە مەترسییەوە. سروشت بەشێکی هەرە زۆری فیکر و بیری منی داگیر کردووە لە حاڵێکدا من هیچ کات شاعیرێکی رومانتیک نەبووم کە لە رووداوە تاڵەکان دوور کەومەوە. رۆمانتیک و وشە ئایینییەکان ئی سەدەی رابرددون. چۆنییەتی ئەو سەردەمە پێویستی بە ووشەی دیکەیە . ئەرکی ئێمە ئەوەیە کە دەبێ ئەو ووشانە بدۆزینەوە و بیخەینە ناو چوارچێوەی شێعرەوە. کارێکی قورسە ،بەڵام دەبێت لە شوێنێکەوە دەستپێبکەین.
چوارەمین کۆبەندی شێعری یاکوبسێن لە ساڵی ١٩٥٤ بڵاو بۆووە. لەو کۆبەندەدا شاعیر خەریکی دۆزینەوە شتەهایەکی نوێیە. لەو کۆبەندەشێعرییەدا تەنانەت شاعیر بە ناسنامە و بوونی خۆی شک دەکات. لە یەکێک لە شێعرەکان ئاماژە بەوەدەکات کە (( ئایا من رەگێکم لە ناو خاکدا یان لقێکم بە دەست باوە)).
پێنجەمین کۆبەندی شێعری بە ناوی (( هاوین لە ناو چەمەندا)) لە ساڵی ١٩٥٦ بڵاو بۆوە . لە کۆبەندە شێعرییەدا هەر وەک شێعرەکانی دیکە وێنەی جوان و سەرنچ راکێش بۆ خوێنەری شێعرەکانی دەنەخشێةێت.
یاکوبسێن دەڵێت:" لە کۆبەندی شێعری (( مەشقی نەفەس کێشان)) هەوڵمداوە کە خۆشەویستیم بە زەمین و ئاسمان کە ژیانی ئێمە ی لە ژێر رەکیڤی دایە دەرببرم . زەمینێک کە زۆر بێ رەحمانە هێرشمان کردۆتە سەری . لە کۆتا کۆبەندی شێعرییەکەم بە ناوی Nattåpent   بە روونی ئاماژەم پێداوە کە کوڵتوور و فەرهەنگی ئینگلیزی وئامریکایی ناسنامەی مێژوویی و نیشتیمانیی ئێمە دەخاتە مەترسی لە ناوچوون. ئێمە خەریکین ببینە هەرێمێک لە ئەمریکا. من تا کو کۆتا کۆبەندی شێعریم ،شێعری ئاشقانەم نەنووسیوە چونکە تەواو عەشقی من پێترا بوو. ئەویش هەمیشە لە لام بوو. 

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر