جستجوی این وبلاگ

پنجشنبه، مهر ۲۳، ۱۴۰۵

خوێندنەوەیەکی فەلسەفی و ئەدەبی لەسەر ئەزموونی «سایەی نوور» و زیندووکردنەوەی حیکمەتی ئیشراق

 


لە تەمومژی چەمکەوە بۆ ئاگردانی بوون

خوێندنەوەیەکی فەلسەفی و ئەدەبی لەسەر ئەزموونی «سایەی نوور» و زیندووکردنەوەی حیکمەتی ئیشراق


١. دەروازە: بۆچی گێڕانەوە؟ کاتێک چەمک دەبێتە هەناسە

هەمیشە لە خۆم دەپرسی: چۆن دەکرێت فەلسەفەیەک کە لە لووتکەی ئەبستراکت و لەنێو قەڵا و قاتیی زاراوە تێگەیشتن ‌دژوارەکاندا قەتیس ماوە، داببەزێندرێتە نێو کۆڵانی هەست و ژیانی مرۆڤەوە؟ چۆن دەکرێت فەلسەفەیەک کە باسی «پلەبەندییەکانی بوون» و «تیشکی نوورولئەنوار» دەکات، بۆ ڕۆحی مرۆڤی هاوچەرخ ببێتە ئاوی ژیان، نەک تەنیا مەتەڵێکی وشکی زەینی؟

وەڵامی من بۆ ئەم تەنگژە مێژووییە، هەڵبژاردنی «گێڕانەوە» بوو. لە ڕۆمانی **«سایەی نوور»**دا، من چەمکم نەکردە پێناسە، بەڵکوو کردمە «شوێنکەوت»، کردمە «ڕووداو»، کردمە «برین و ساڕێژبوون». خواستم ئەوە بوو خوێنەر پێویستی بە بڕوانامەی فەلسەفە نەبێت بۆ ناسینی سوهرەوەردی؛ بەڵکوو دەست لە دەستی «هیوا» بنێت، پێ بنێتە نێو دەروازەی باخچەی حیکمەتەوە، لە تەلاری ئاوێنەکاندا سەری لە فرەیی و تێکشکانی وێنەکانی خۆی بسووڕمێت و لەگەڵ پیرانی حیکمەتدا دابنیشێت. حیکمەت لای من، ڕستەیەک نییە لە کتێبێکدا زەرد بووبێت، بەڵکوو سەفەرێکە لە تاریکیی خۆنەناسینەوە بەرەو کەرامەتی ئازادی.


٢. باخچە، ئاوێنە و ئەزموونی گەورەی ناسین

کاتێک «هیوا» لە بەردەم سوهرەوەردیدا ڕادەوەستێت و دەپرسێت: « ئایا ئەم باخچەیە حەقیقەتە یان خەیاڵ؟»، من خوێنەر ڕووبەڕووی گەورەترین پرسیاری ئۆنتۆلۆجی دەکەمەوە: ئایا هەر شتێک بە چاو نەبینرا، نەبووە؟ یان ڕەنگە بینینە باوەکەی ئێمە تەنیا سێبەری حەقیقەت بێت؟

لە «تەلاری ئاوێنەکان»دا، ئاوێنە تەنیا کەرەستەیەکی داستانی نییە، بەڵکوو قەیرانی شوناسە. مرۆڤ کاتێک دەبینێت چەندین وێنەی هەیە کە ئەوانی تر بۆیان دروست کردووە، دەترسێت؛ ترسی ونبوون لە وێنە چەسپاوەکاندا. حیکمەتی ئیشراق لێرەدا دەبێتە چرایەک بۆ ڕەتکردنەوەی وێنە دەستکردەکان و گەیشتن بە «خۆناسیی حزووری»؛ زانینێک کە لە ناخەوە دەترووکێت، نەک لە دەرەوە بسەپێنرێت. لەوێدا ڕووناکی لە چەمکێکی مێتافیزیکییەوە دەگۆڕێت بۆ هێزی ڕزگاربوون و بوێریی هەڵبژاردن.


٣. سوهرەوەردی و شارەزووری: چرایەک لە دەستێکەوە بۆ دەستێکی تر

لە دونیابینیی مندا بۆ مێژووی ئەم نیشتمانە، حیکمەت هیچ کات نەپچڕاوە؛ بەڵکوو لە دەستێکەوە بۆ دەستێکی تر گوێزراوەتەوە. ئەگەر شەهابەدینی سوهرەوەردی ئەو بڵێسە سەرکەشە بێت کە تەمی مشائییەتی لە ئاسۆی بیرکردنەوە ڕاماڵی، ئەوا شمسەدینی شارەزووری ئەو ئەقڵە داهێنەرەیە کە نەیهێشت ئەم ئاگرە خامۆش ببێت.

من کاتێک لە ئاسۆی کولتووری خۆماندا ئەم دووانە بە «ئەفلاتوون و ئەرستۆ»ی ئەم ناوچەیە دەشوبهێنم، مەبەستم هاوشێوەبوونی دەقاودەقی دەقەکانیان نییە لەگەڵ یۆناندا، بەڵکوو مەبەستم ئەو پایەداری و تەواوکەرییە مێژووییەیە:

  • یەکێکیان دادەمەزرێنێت و بە شهوود دەفڕێت (سوهرەوەردی).
  • ئەوی تریان شیدەکاتەوە، دادڕێژێتەوە و دەیکاتە سیستەمێکی بەردەوام (شارەزووری).

فەلسەفە ئەگەر شارەزوورییەکانی نەبێت، دەمرێت. کاروانی ڕۆشنبیریی ئێمەش ئەگەر ڕایەڵەکانی نێوان بەرهەمهێنەر و شیکەرەوەکانی نەناسێت، ناتوانێت دەنگی خۆی لە هاواری مێژوودا بدۆزێتەوە. ئەم ڕۆمانە هەوڵێکە بۆ ئەوەی یادەوەریی فەلسەفیمان لە بیرچوونەوە ڕزگار بکەین.


٤. سیمفۆنیای ئیشراق، لالش و یارسانی: دیالۆگی نەبڕاوەی ڕووناکی

لە «سایەی نوور»دا، سوهرەوەردی بە تەنیا نییە؛ ئەو لە لالش لەگەڵ پیری ئێزیدییەکان دەدوێت، لە بارەگای یارساندا گوێ لە ناڵەی تەنبوور دەگرێت. کاتێک پیری لالش دەڵێت: «خۆر، نیشانەی ئەو نوورەیە کە لە چاوەکان ونە»، سوهرەوەردی نامۆ نییە پێی؛ دەزانێت هەردووکیان لە یەک سەرچاوە دەخۆنەوە، بەڵام بە دوو زاراوەی جیاواز.

من نەمویستووە مێژوونووسێکی دەمارگرژ بم و بە زۆر ئەم باوەڕانە بکەمە یەک قاڵب؛ بەڵکوو وەک ڕۆماننووس و بیرمەندێک، مێزێکی دیالۆگم بۆ ڕاخستوون. لە بەشی «سەما و نوور»دا، کاتێک دەنگی دەف و زایەڵەی تەنبوور لەگەڵ جووڵەی ڕۆحدا یەک دەگرن، ئینسان لە بینەرێکی ساردەوە دەبێتە بەشدارێکی گەرم لە ئافراندندا. مۆسیقا لێرەدا دەبێتە زمانی فریشتەکان، دەبێتە ئەو ڕایەڵە نەبینراوەی کە عیرفانی کوردی و حیکمەتی ڕۆژهەڵاتی بە یەکەوە دەبەستێتەوە؛ هەمەچەشنەیەک کە لە جیاوازییەکانیدا جوانی دەخوڵقێنێت.


٥. قوتابخانە بێ‌دیوارەکان: کاتێک ڕووناکی دەبێتە کەرامەتی مرۆڤ

گەورەترین مەترسیی فەلسەفە، خۆبەستنەوەیەتی لە کۆشکە بەرزەکان و دیواری ئەکادیمیادا. بۆیە لە گەشتی هیوادا، حیکمەت دەچێتە پاڵ کانییەکان، دەچێتە ژێر سێبەری داربەڕووەکان لە نێو «قوتابخانە بێ‌دیوارەکان»دا. منداڵان لەوێ فێری قەبڵاندنی کوێرانەی بیرۆکەکان نابن، بەڵکوو فێری پشکنین، ئەزموون و پرسیارکردن دەبن.

حیکمەت کاتێک تەواو دەبێت کە دەگاتە فەزیلەت و ئەخلاق؛ کاتێک مرۆڤ لە ئەشکەنجە و تاریکی دەردەچێت و دەڵێت:

«ڕزگاری تەنیا ئەو کاتە مانای هەیە کە تۆڵەسەندنەوە جێگەی خۆی بدات بە فێرکردن، و ڕق ببێتە تێگەیشتن.»

ئەمە لوتکەی پەیامی منە لەم ڕۆمانەدا: ڕووناکی لە ئاسمانەوە ناهێنینە خوارەوە بۆ ئەوەی بەسەر کەسانی تردا ببریسکێتەوە؛ دەیهێنین بۆ ئەوەی کەرامەتی مرۆڤی پێ بپارێزین، کۆمەڵگەی پێ لە بازنەی نەفرەت و زوڵم ڕزگار بکەین، و لە مرۆڤێکی بێدەنگکراوەوە بوونەوەرێکی خاوەن شکۆ و هۆشیار بخوڵقێنین.


٦. مافووری پێکەوەژیان و کۆتایی: چرۆیەک لە دڵی برینەکانەوە

لەم بەرهەمەدا، من کلتووری کوردی هەر چوار پارچەی کوردستانم وەک «تار و پۆی مافوورێک» وێنا کردووە. لە مافووردا، تاوەکان و پۆیەکان ڕەنگ و ڕەگەزی جیاوازیان هەیە، بەڵام کاتێک بە یەکدا دەچن، نەخشێکی بێوێنە دەخوڵقێنن. هێنانەناوەوەی ناوی سۆهرەوەردی و پیرانی یارسان و ئیزدی، لالش، هۆرامان، هاوشانی تێڕامانە عیرفانی و فەلسەفییە دەوڵەمەندەکان، هەوڵێکە بۆ ئەوەی بسەلمێنم کە ئێمە بەشدارین لە خەیاڵدان و داناییەکی گەردوونی کە سنوورە دەستکردەکان ناتوانن لە یەکتریمان داببڕن.

«سایەی نوور» تەنیا ڕۆمانێک نییە، بەڵکوو بەڵێنامەیەکە بۆ ڕووناککردنەوەی ناخمان؛ بانگەوازێکە کە پێمان دەڵێت: ڕاستییەکان تەنیا لە کتێبە تۆزاوییەکاندا نین، بەڵکوو لە چاوی ئەو منداڵانەدان کە لە قوتابخانە بێ‌دیوارەکاندا لە مانای خۆر دەڕوانن و لە ناخی خۆیاندا ئاگردانی بوون دادەگیرسێنن.

 

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر