مانیفێستی بێدەنگی: لە نێوان حیکمەتی باوکم و
فەلسەفەی سۆزان کین-دا
منداڵ بووم کاتێک باوکم تۆوی یاخیبوونێکی بێدەنگی لە
ناخمدا چاند. ئەو کاتانەی دونیا خەریکی ڕاهێنانی مرۆڤەکان بوو بۆ ئەوەی هاوار بکەن
تا ببیسترێن، باوکم دەستی لەسەر شانم دادەنا و بە هێمنییەکی دەگمەنەوە دەیگوت: «ڕۆڵە، بڕوانە پەیکەری بوونت؛ خودا دوو
گوێچکە و تەنها یەک زمانی پێ بەخشیوی، ئەمە بانگەوازێکی پیرۆزە بۆ ئەوەی دوو
هێندەی ئەوەی دەیدوێیت، گوێ بگریت. تێڕامان لە کەناری بێدەنگیدا مرواری
دەدۆزێتەوە، نەک لە زۆربڵێیی بێسووددا. »
ساڵان تێپەڕین و من بەو باوەڕەوە گەورە بووم، تا ئەو
ڕۆژەی بەر پەڕەکانی کتێبەکەی سۆزان کین (Quiet) کەوتم.
لەوێدا تێگەیشتم ئەوەی باوکم فێری کردبووم، تەنها ڕەوشتێکی باوان نەبوو، بەڵکو
فەلسەفەیەکی قووڵی ژیان و یاسایەکی سەروەریی ڕۆح بوو. سۆزان کین چاوەکانی منی
کردەوە بەسەر ئەو نەخۆشییە گەورەیەی ناوی ناوە «جیهانێک کە ناتوانێت لە قسەکردن
بوەستێت»؛ جیهانێک کە بە هەڵە پێیوایە ئەو کەسەی دەنگی بەرزترە، حەقیقەتی پێیە، و
ئەو کەسەی بێدەنگە، هیچی پێ نییە!
من وەک کەسێکی دروونگەرای بیرکەرەوە، زۆر زوو لەم
هاوکێشە چەوتەی سەردەم یاخی بووم. کاتێک دەبینم مرۆڤەکان دەکەونە دەمەقاڵێیەکی تاڵ
و بێئامانج، نەک بۆ گەیشتن بە ڕاستی، بەڵکو تەنها بۆ ئەوەی ئایدیا و بۆچوونە
چەقبەستووەکانی خۆیان بەسەر ئەوی تردا بسەپێنن، دڵم لەو هەموو ژاوەژاوە نامۆ
دەبێت. چ نەفامییەکی گەورەیە کاتێک مناقەشەیەک لە سەرەتاوە دیارە کە ئامانجەکەی
سەپاندنی «ئیگۆ»یە، نەک ئاڵوگۆڕی هزر! لەبەردەم ئەم جۆرە جەنگە بێهودانەدا، من
تاقەت و حەوسەڵەی بەفیڕۆدانی وزەم نییە.
سۆزان کین بە جوانی پێمان دەڵێت: گۆشەگیری و بێدەنگی
کەموکوڕی نییە، بەڵکو شوێنی لەدایکبوونی داهێنان و قووڵبوونەوەیە. ئەو وزەیەی
زۆربڵێیەکان لە هاوارکردندا بەبای دەدەن، من لە تەنیایی و بیرکردنەوەدا دەیپارێزم.
کاتێک بەرامبەرەکەم هەموو چەکەکانی دەخاتە گەڕ تا دەنگی زاڵ بێت، من بە تێپەڕینێکی
هێمنانە وەڵامی دەدەمەوە. بێدەنگیی من لەو چرکەساتانەدا بێدەسەڵاتی نییە، بەڵکو
بەکارهێنانی «هێزە پەنهانەکەمە»؛ چونکە تێگەیشتووم هیچ بەڵگەیەک ناتوانێت ئەو کەسە
بێدار بکاتەوە کە بڕیاری داوە تەنها گوێ لە دەنگی خۆی بگرێت.
من قەرزاری ئەو دوو گوێچکەیەم کە باوکم دەیگوت بۆ
گوێگرتنە، نەک تەنها بۆ بیستنی دەنگ، بەڵکو بۆ بیستنی ئەو مانایانەی لە نێوان
دێڕەکان و لە بێدەنگییەکاندا خۆیان حەشارداوە. قەرزاری سۆزان کینیشم کە پێی گوتم:
پێویست ناکات خۆت بگۆڕیت بۆ ئەوەی لەگەڵ جیهانێکی دەنگبەرزدا بگونجێیت.
ئەمڕۆ، من بە شانازییەوە بێدەنگم. با جیهان لە شەڕی
سەپاندنی قسەکانیاندا گەرووی خۆیان بدڕێنن؛ من لە کەنارە ئارامەکەی خۆمدا، بە دوو
گوێچکەوە لە گەردوون ڕادەمێنم و بە یەک زمانەوە، وشەکانم بۆ ئەو شوێنانە هەڵدەگرم
کە بەهای بێدەنگیش دەزانن.

هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر