جمعه، تیر ۲۶، ۱۳۹۴

رۆڵف یاکوبسێن ، شاعیری سروشت و جوانی


بەشی دووم:
مرۆڤ هیچ کات بەورادەییە هەستی بە تەنیایی نەکردووە!؟

شێعرەکانی یاکوبسێن تاکو ئێستا وەرگێردراوەنەتە سەر ٢٢ زمان. بە هۆی کاریگەری لە رووی زمانەوانییەوە و شێوە و فۆرمی شێعرهەڵبەستن و هەم لە روانگەی سەبارەت بە کۆمەڵگە و سروشت شێعرەکانی  یاکوبسێن خوێنەرێکی زۆری بۆ لای خۆیدا راکێشاوە . یاکوبسێن زۆر سادە و ساکار دەنووسێت، بەڵام لە عەینی سادەبوون شێعرەکانی مانایەکی قوڵ بە خوێنەر دەبەخشن.
ئەو سەبارەت بە شێعر و سیاسەت دەڵێت:" گروپێکی بچوک لە کۆمەڵگەدا لە بان راوەستاون و سەبارەت بە هەموو شتێکی ئێمە بریار دەدەن. ئەوانە نوێنەرانی سیاسی کۆمەڵگە نیین،بەڵکو تێکنۆکراتن . من ئەو گروپە وەک مەلا و قەشەی مودێرن دەیاناسم. ئەگەرچی بیرو فیکری سیاسی لە ناو شێعرەکانمدا بوونی هەیە، بەڵام من هەرگیز نەمویستوو کە لە ناو شێعرەکانم لە رەوتێکی سیاسی تایبەت پشتیوانی بکەم. ئەگەرچی قسەکردن سەبارەت بە جەنگی ڤیتنام لە ساڵەکانی ١٩٦٥ سەرنجراکێش بوو، بەڵام ئێستا  هیچ کس شێعری ئەو سەردمە ناخوێنێتەوە. شێعر دەبێت بە زیندوویی بمێنێتەوە .
لە روانگەی یاکوبسێن، جیاوازی چینییایەتی لە نێوان چینەکانی هەژار و دەوڵەمەند کە ئێستاکە لە نێوان دوو جەمسەری باکوور و باشوور لە بەرانبەر یەک راوەستاون، هەمیشە یەکێک لە گرینگترین پرسیارەکانی ئەو بووە و لەو بارەیەوە دەڵێت:" ئێمە ئورووپایی و ئەمریکاییەکان بێ گومان باشتر لە خەڵکانی دیکە نیین. کەشتیمان ساز کرد و بەو کەشتیانە جیهانمان داگیر کرد و خەڵکی وڵاتانی دیکەمان خستە ژێر رەکیفی خۆمانەوە. ئێمە بەو کارە گەیشتینە رەفا و گەشەسەندنی کۆمەڵایەتی، بەڵام لەو رێگەوە زۆر شتمان لە دەست دا. ئیمە نۆروێژییەکان و باقی خەڵکی ئورووپا، خەڵکانێکی تەنییاین. ئێمە خەڵکانێکی ماددیگەراین کە لە بەییانییەوە تاکو شەو هەوڵ دەدەین بۆ ئەوەی کە  ژیانێکی باشتر لەوەی کە هەمانە دەستەبەر بکەین، بەڵام لەو رێگەوە زۆر یەک لە بەها مرۆڤایەتییەکانمان لە دەست داوە. ئێمە وەک خەڵکی وڵاتانی گەشە سەندوو دەستانێکی پڕ و دڵەکانمان خاڵییە. ئەوەی لە ئێمەدا خەریکی مردنە هەستی نیزیکبوونەوە لە خەڵکانی دیکە و دەرکی باردۆخی ئەوانە. هەرگیز ئینسان بەو سنوورە تەنیا نەبووە. ئەو باردۆخەش کە بۆ مرۆڤ هاتۆتە پێش، هیچ هەڵەی مرۆڤ تیدا نییە . باردۆخ جۆرێکە یان ئەوەی کە دەبێت لە راستای ئەو رەوتە مەڵە بکەین یان ئەوەی بچیە بن گۆم. کۆمەڵگە بە پێی کێبەرکێ و پەرەستیژ ، دەبێتە کۆمەڵگەیەکی مەترسیدار.
ئێمە بە هۆی پێشکەوتنی پیشەسازی و تێکنۆلۆژی لە باردۆخێکدا ژیان تێپەر دەکەین کە ئاکامەکەی  بە گشتی  نەخوێندنەوار بەرهەم دێنێت . سەردەمێک کە هێزی بیرکردنەوە و خەیاڵی لە مرۆڤدا بە شێوەیەکی سەر سورهێنەر هێناوتە خوارەوە. هەرجۆرە ئیمکاناتێکی مادی و رووحی لە پێشدا ئامادە کراوە، بە داگرتنی دوگمەیەک ئەو پیویستیانە  بۆت دابین دەکرێت و نامێنێت. ئەوەندە  خۆمان لە لابەلای لاپەرەکانی رۆژنامە و تەلەفزیۆن  نقووم کردووە کە هێزی بیرکردنەوە و خەیاڵ لە مێشکماندا وشک بووە و نەخوێندواری گشتی بۆتە مەترسی بۆ سەر ئێمە.
بە بێ خەیاڵ کردن و بیرکردنەوە و بە بێ هونەری خۆشەویستی و هەستی پێکەوەبوون ، بێ گومان ئێمە دەگەرێنتەوە سەردەمی بەرد و ئەشکەوت . ئێمە خەریکە زۆر یەک لە بەها مرۆڤایەتییەکانمان کە بە درێژایی مێژوو بەدەستمان هێناوە  لە دەست دەدەین. ئەمن بە گۆرانکارییەکی بنەرەتی خۆشبینم و هیوادارم، بەو مەرجە کە ئەوەی کۆمەڵگەی ئێمە دەخاتە مەترسییەوە لە رێگەی هونەرمەندان و شاعیران بۆ خەڵک وێنە بکێشرێت بەو مانایا روون بکرێتەوە.
بە هۆی پێشەوەچوونی شارنشینی لە سەرتاسەری جیهان، من بەرچاوروونییەک بۆ داهاتووی مرۆڤ نابینم . ئەرکی شاعیران و هونەرمەندانە کە سەرنجی خەڵک بۆ سروشت و ژینگە راکێشن و بەها بدەنە ناخی مرۆڤ. لە رێگەی ئافراندی شێعر و هونەر دەتوانیین رەنگێکی باشتر بدەینە ژیان. 

چهارشنبه، تیر ۲۴، ۱۳۹۴

رۆڵف یاکوبسێن ، شاعیری سروشت و جوانی


                                          رۆڵف یاکوبسێن

بەشی یەکەم:

رۆڵف یاکوبسێن لە ساڵی  ١٩٠٧ لە وڵاتی نۆروێژ چاوی بە دوونیا هەڵێنا  و لە رێبەندانی ١٩٩٤ لە تەمەنی ٨٧ ساڵیدا لە یەکێک لە خانوە کۆنەکانی شاری هامار کۆچی دوایی کرد.
یاکوبسێن یەکەم شاعیری نۆروێژییە کە تێکنیکی بەربەرەکانی و پێکەوەژیان و سروشتی هێناوەتە ناو شێعرەوە. ئەو سێ هۆکارە ، مرۆڤ، تێکنیک و سروشت وەک گرینگترین ئەنگیزە لە هەموو شێعرەکانی ئەودا بە شێوەیەکی بەردەوام رەنگی داوتەوە.
رەخنەگرێکی فەرانسەویی سەبارەت بە شێعرەکانی یاکوبسێن  دەڵێت:" زۆر یەک لە ووشەکان و بەها کۆنەکانی کوڵتوری نۆروێژی لە شێعرەکانی یاکوبسێن دووبارە زیندوو دەبنەوە و بە شێوەیەکی سەردەمیانە دادەرێژرێنەوە. هەروەها ئەو ئاماژە بەوە دەکات کە شاعیر نە، لە رێگەی ئیدە و بیروبۆچونەکانی بە ڵکو لە رێگەی وشەکانە کە دەتوانێت شێعرێکی جوان پێشکەش کات، شێعرەکانی یاکوبسێن بەو شێوەیەن.

یاکوبسێنی ٨٧ ساڵە لە کۆتایی ساڵەکانی تەمەنیدا زۆر بە کەمی لە ماڵ دەچۆ دەر بە هۆی ئەوەی کە دەست و لاقەکانی دەڵەرزی و زۆر بر زەحمەت دەیتوانی هەنگاو هەڵێنێت. تەنانەت کاتێک کەمێک جموجۆڵی دەکرد سەری لە گیژەوە دەهات. ئەو دەیگوت:" پێشدا من بەو شێوەیە نەبووم بیجگە لە پورتەگاڵ تەواو وڵاتانی ئەورووپایی و هەموو گۆشە و قوژبنێکی نۆروێژ لە گەڵ پێترا گەراوم. ئەو بۆ چەند ساتێک چاوی بریە وێنەیەک کە لە ژورەکەی هەڵاوەسرابوو کە رەسمی خۆی و خێزانی پێترا بوو کە لە نێو جەنگەڵێکدا ئەو وێنەیان کێشابوو. ئەو دەڵێت:" من و پێترا پلانی ئەوەمان هەبوو بچینە پۆلێن، بەڵام بە مەرگی پێترا تەواو ئەو پلان و بەرنامانەی کە دامنابوون گۆرانکاریان بەسەرهات . ئێستا تەنها لە گەڵ یادگارییەکانی شەو دەکەمەوە و هەمیشە ئەو پرسیارە ئاراستەی خۆم دەکەم کە بۆچی من هەمیشە لە سەفەر دابووم؟ هیچ وڵامێکی دروستم بۆ نەدۆزیوەتەوە .
لە گەشتەکانم زیاتر لە هەر شتێک لە ناسینی کەسانی دیکە جێژ و سودم بینیوە. ئەفکاری جیاواز لەوەی کە خۆم هەمبووە.
دروست لە رووبەرووی پەنجەرەی ماڵی یاکوبسێن رێگەی سەرەکی شەمەندەفەری لێیە و لەو هێلەوە لە شەو رۆژێکدا چڵ شەمەندەفەر تپەردەبن بەسەر ئەو رێگەیەدا. یاکوبسێن دەڵێت:" دەنگی تێپەربوونی شەمەندەفەر زۆر بیرەوەری دەخاتەوە بیر من. ئەو شەمەندەفەرانە منیان گەیاندۆتە تەواو دوونیا. من و براکەم کاتێک منداڵ بووین ئێواران سەعات دە چاوەرەی شەمەندەفەری ئۆسلۆ و هامارمان دەکرد و رۆژنامەی ئێوارانی ئەو رۆژەمان دەگەیاندە باوکمان چونکە ئەو خوی بە رۆژنامە خوێندنەوە گرتبوو. هیچ رۆژێک نەبوو کە بێ رۆژنامە شەو بکاتەوە . منیش هەر لە تەمەنی پێنج ساڵییەوە لە باوکم فێر بووم کە بخوێنمەوە. بیرکردنەوە لە ژیان، لە کێشە و ئاریشەکانی کۆمەڵگە و خەڵک ، ئارەزۆی نووسین زوو لە ناخمدا سەری هەڵدا. لە قۆناغی خوێندنم لە قوتابخانەدا بوومە ئەندامی دەستەی نووسەرانی رۆژنامەی قوتابخانەکەمان. لە رۆژنامەکەدا زیاتر سەبارەت بە قوتابی و ماموستاکانم دەنووسی و یان کاریکاتۆری ئەوانم رەسم دەکرد . لە دواناوندیدا بوومە دەستەی نوسەرانی رۆژنامەیەک بە ناوی Norgesgymnastik.

ئەو رۆژنامەیە ناوندی قوتابیانی دواناوندی سەرتاسەری نۆروێژ بوو. دوای ئەو وەک رۆژنامە نووسێک  دەستم کرد بە هاوکاری و نووسین بۆ گۆڤار و رۆژنامە کانی نۆروێژ . کاتێک دواناوندیم تەواو کرد بیرم لەوە دەکردەوە کە چ رەشتەیەک هەڵبژێرم، ببمە وێنە کێش یان نووسەر؟
سەرئەنجام یاکوبسێن دەچێتە زانکۆ ، بەڵام بەردەوام شێعری دەنووسی ،  شێعرەکانی بۆ هیچ رۆژنامەیەک بۆ بڵاوکردنەوە نەدەنارد. ئەو بریاریدابوو کە هەموویان خر کاتەوە بیانکاتە دیوانە شێعرێک . هیچ نووسەرێکی نەدەناسی ، بەڵام پەیوەندی لە گەڵ زۆر وێنەکێش هەبوو. ئەو بوو بە ئەندامی دەستەن وێنەکێشانی مودێرنیسم و هێندێک جاریش وێنەی دەکێشا. یاکوبسێن دەڵێت:" لە وێنەکێشاندا زۆر خەراپ نەبووم ، بەڵام لە کۆتاییدا گەیشتمە ئەو بریارە کە بەجێگەی وێنکێشان زیاتر دەتوانم هەستەکانم لە رێگەی ووشەوە دەرببرم."

لە قۆناغی زانکۆدا یاکوبسێن لە گەڵ کچێک ئاشنا دەبێت کە موزیسیەنە، هەر لە گەڵ ئەودا (( کۆمەڵەی ئەکادمی کۆر )) یان پێکهێنا. هەر لەو سەردەمەدا بوو کە موزیکی جاز هاتە نۆروێژ. یاکوبسێن حەزی بەو جۆرە موزیکە دەهات. ئەو دەیگووت کە ئاهەنگی شێعرەکانی من بەو جۆرە موزیکە زۆر نیزیکە،بەڵام موزیکی کەلاسیک زیاتر لە گەڵ ئیحساس و رووحیاتی من دەگونجێت. مووسیقی کەلاسیک لە مووسیقی جاز و مودێرن زیاتربەرفرەوانترە .
لە ساڵی ١٩٣٢ یەکەم کۆبەندی شێعرەکانی یاکوبسێن  بە ناوی ( زەمین و ئاسن ) بڵاو بووە. لە گەڵ بڵاوبوونەوەی ئەو کۆبەندە شێعرییە ، یاکوبسێن نازناوی باشترین شاعیری پێبەخشرا بە هۆی ئەوەی کە دەتوانێت ئاریشە و کێشەی ژیانی شاری و پیشەسازی لە رێگەی شێعرەکانیەوە بە باشترین شێوە دەرببرێت. هەر لەو سەردەمەدا یەکێک لە رەخنەگرانی یاکوبسێن  بەناوی هارالد گرەیک دەنووسێت کە یاکوبسێن ئەو شاعیرەییە کە دوای سیگبیۆرن ئۆبسفلدێر و کریستۆفێر ئۆپپداڵ،  گەورەترین شاعیری نۆروێژییە کە شارستانیی پێشەسازی لە رێگەی شێعر دەهۆنێتەوە. لایەنێکی دیکەی شێعری یاکۆبسێن هێزی دەربرینییەتی. ئەو توانایی ئەوەی هەیە کە هەر ئەو شتەی کە دیتوویەتی یان تەجروبەی کردووە بە شێوەیەکی زۆر ماهیرانە لە شێعرەکانیدا وێنەی بکێشێت.
لەو کۆبەندە شێعرییەی یاکوبسێن هێندێک جار دەتوانیین کاریگەری شێعری رۆمانتیک لە ناو شێعرەکانیدا ببینین.
دووەمین  کۆبەندی شێعری یاکوبسێن لە ساڵی ١٩٣٥ بناوی ( قرەبالغ ) و سێیەمین کۆبەندی شێعری  ئەو بەناوی
( شەمەندەفەری رێگەی دوور ) لە ساڵی ١٩٥١ بڵاو بۆووە.

یاکوبسێن لە گەڵ داگریساندنی سیگارێک دەڵێت :" بۆچی دەبایە من شانزدە ساڵ چاوەرێ بکەم بۆ ئەوەی سێیەمین کۆبەندی شێعریم چاپ بکەم، چونکە وام بیر دەکردەوە کە ئێستا هەر ماومە و پێویستە پێبگەم. ئەمن لە بنەماڵەیەکدا هاتومەتە دوونیا کە تێکەڵاو بوونی منی لە گەڵ دوونیای دەرەوە سنووردار کرد بوو . دەبایە بچووبامە دەرەوە و زیاتر لە جیهان تێبگەیشتبامایە. ئەو جیهانە بێ رەحمەی کە ئێمەی دەورداوە، بەڵام بەداخەوە من  هیچی لێ تێنەدەگەیشتم. ئەگەرچی من لە قۆناغی منداڵیەوە  بیرەوەری تاڵم هەیە. ئەمن شارم بیر نەکردووە، جیاوازی چینیایەتی ، زیادبوونی حەشیمەت لە زۆربەی بنەماڵەکان، ئەو خانووە بچکۆلانەی کە  ئەو کرێکارانی کە لە دارستان کاریان دەکرد تێیادا دەژیان، بڵاوبوونەوەی نەخۆشی سێل و ئەو بنەماڵانەی دوانزدە منداڵیان هەبوو و شەوان لە یەک ژووردا دەخەوتن. باوکم دوکتۆر بوو و نەخۆشەکانی چارەسەر دەکرد ، منیش ئەندامی  یەکیتی لاوانی حیزبی کرێکار بووم. دوایی بووە بەرپرسی رێکخراواەی لاوانی حیزبی کرێکار لە ناوچەی خۆمان، بەڵام من هەمیشە باوەرم وابوو کە ناتوانم ببمە سیاسەتمدارێکی باش . ئەمن شاعیرێکم و شێعر دەنووسم. ئەمن لە ساڵی ١٩٧٠ کە پێشەسازی بە شێوەیەکی سەر سوورهێنەر دەچۆ پێش ، زیاتر نیگەرانی دەکردم. پێشەوەچوونی پیشە سازی و زیادبوونی حەشیمەت نەتەنیا مەترسییەک بوون بۆ ژینگە و سروشت، بەڵکو فەرهەنگ و کوڵتوری ئێمەشی دەخستە مەترسییەوە. سروشت بەشێکی هەرە زۆری فیکر و بیری منی داگیر کردووە لە حاڵێکدا من هیچ کات شاعیرێکی رومانتیک نەبووم کە لە رووداوە تاڵەکان دوور کەومەوە. رۆمانتیک و وشە ئایینییەکان ئی سەدەی رابرددون. چۆنییەتی ئەو سەردەمە پێویستی بە ووشەی دیکەیە . ئەرکی ئێمە ئەوەیە کە دەبێ ئەو ووشانە بدۆزینەوە و بیخەینە ناو چوارچێوەی شێعرەوە. کارێکی قورسە ،بەڵام دەبێت لە شوێنێکەوە دەستپێبکەین.
چوارەمین کۆبەندی شێعری یاکوبسێن لە ساڵی ١٩٥٤ بڵاو بۆووە. لەو کۆبەندەدا شاعیر خەریکی دۆزینەوە شتەهایەکی نوێیە. لەو کۆبەندەشێعرییەدا تەنانەت شاعیر بە ناسنامە و بوونی خۆی شک دەکات. لە یەکێک لە شێعرەکان ئاماژە بەوەدەکات کە (( ئایا من رەگێکم لە ناو خاکدا یان لقێکم بە دەست باوە)).
پێنجەمین کۆبەندی شێعری بە ناوی (( هاوین لە ناو چەمەندا)) لە ساڵی ١٩٥٦ بڵاو بۆوە . لە کۆبەندە شێعرییەدا هەر وەک شێعرەکانی دیکە وێنەی جوان و سەرنچ راکێش بۆ خوێنەری شێعرەکانی دەنەخشێةێت.
یاکوبسێن دەڵێت:" لە کۆبەندی شێعری (( مەشقی نەفەس کێشان)) هەوڵمداوە کە خۆشەویستیم بە زەمین و ئاسمان کە ژیانی ئێمە ی لە ژێر رەکیڤی دایە دەرببرم . زەمینێک کە زۆر بێ رەحمانە هێرشمان کردۆتە سەری . لە کۆتا کۆبەندی شێعرییەکەم بە ناوی Nattåpent   بە روونی ئاماژەم پێداوە کە کوڵتوور و فەرهەنگی ئینگلیزی وئامریکایی ناسنامەی مێژوویی و نیشتیمانیی ئێمە دەخاتە مەترسی لە ناوچوون. ئێمە خەریکین ببینە هەرێمێک لە ئەمریکا. من تا کو کۆتا کۆبەندی شێعریم ،شێعری ئاشقانەم نەنووسیوە چونکە تەواو عەشقی من پێترا بوو. ئەویش هەمیشە لە لام بوو.