چهارشنبه، شهریور ۳۰، ۱۳۹۰

عەشق هەوێنی سەرکەوتن و ئومێدە



هێندێک جار ، زۆر رووداوی شیرین و تاڵ لە ژیانی رۆژانەی مرۆڤدا دێنە پێش، کە چاوەروانکراو نین و بێ ئەوەی ئامادە و پلانی پێش وەختت بۆی هەبێت روودەدات، بۆ دەرباز بوون لە هەر چەشنە رووداوێک لەو جۆرە دەبێ مرۆڤ بریاری سەرەکی خۆی بدات. یەکێک لە بریارە سەخت و گرینگەکان کە مرۆڤ بە هەر هۆکارێکەوە بۆی دێتە پێش و دەبێت بیدا، کۆچکردنە. کاتێک رەگی هەموو ئەو بیرەوەری و پیوەندیانە دەبری و بۆ وڵاتێکی دیکە کۆچ دەکەی دەبێت ئامادەی هەر جۆرە رووداوێکی چاوەرواننەکراو بیت. هێندێ جار بارو دۆخ بە شێوەیەک دەگۆردرێت کە هیچ شتێک وەک ژیانی پێشووت ناچێت و ناتوانی کە بە هەمان شێوە  وئوسلوبە ئەسپی ژیانت تاو بدەیت. وا پێدەچێت کە ژیانی پەنابەری یەکێکە لەو رووداوانە بێت کە ئینسانی پەنابەر  دەبێت لە گەڵ شەپۆڵی رەورەوی ژیان خۆی ئاراستەکات و خۆی لەناو کێشە و ئاریشەکانی ژیانی پەنابەریدا بدۆزێتەوە.
کاتێک لە زێدێک  کە عەشق  و خۆشەویستیت بۆی هەیە و هەبووە و  ئێمەی کورد بە نیشتیمان ناوی دەبەین ،بە زۆری کۆچت پێدەکرێت و رەپێت دەنێن. ئەو نیشتیمانەی کە هەموو کۆلان و دار و بەرد و وەرزی ساڵەکانی بۆ تۆ بیرەوەریە و نیوەی قۆناغەکانی ژیانت لە ناویدا قاڵبی دارێژراوە و لە ناو ئەو ژینگەیەدا گەورە وپەڕ وباڵت گرتووە. ناچاری بە هەموو بیرەوەری خۆش و ناخۆشەکانی ماڵئاوایی لێبکەیت. هەر لەو راستایەشدا هەزاران چاو، چاوەروانی سەرکەوتن و خۆشبەختی تۆ دەکەن.
 هەزاران مرۆڤی ژیر و پاک بە هەر هۆکارێکەوە بێت ماڵئاوایی لە نیشتیمان دەکەن و بەهەزاران ئومێد و هیواوە بۆ وڵاتە دوور دەستەکان کۆچ دەکەن بێ ئەوەی پلانێکی پێش وەختیان بۆ ئەو کۆچە هەبێت، لێرەیە کە مرۆڤ ناچار دەبێت ئیرادەی خۆی بداتە دەست شەپۆلەکانی ژیان، بەڵام دەبێت سەخت بێت لە بەرانبەر هەر جۆرە کێشەیەکی چاوەرواننەکراو، دەبێت لە خەبات دابێت بۆ زاڵ بوون بە سەر هەموو ئەو کێشانە دێنە پێشت، دەبێت ئومێدت زیاتر کەیت و هەنگاوکانت گورج و تۆڵتر. ئومێد بەو مانایا کە دەبێت ریسک بکەیت دەبێت خۆت بخەیتە مەترسیەوە. نا ئومێدبوون لە هەوڵ و خۆپێگەیاندن شکەستی بەدواوەیە.
دەبێت مرۆڤ خۆی بخاتە مەترسیەوە، چونکە گەورەترین مەترسی لە ژیان مرۆڤ ، بوونی ترسە کە نەتوانی ریسک بکەیت. کەسێک کە ئیرادە و توانای ئەوەی نییە ریسک بکات و خۆی بخاتە مەترسیەوە، لە راستیدا ناتوانێت هیچ کارێک ئەنجام بدات و شتێک بەدەست بێنێت. ئەو دەتوانێت لە زیان و ماندووبوونەکانی رەنج و هەوڵدان  خۆی دوور بخاتەوە ورزگاری بێت، بەڵام ناتوانێت فێر بێت و خۆی پێ بگەیەنێت، تەنانەت ناتوانێت کەسێکیشی خۆش بوێت وژیانێک بۆ خۆی درووستکات.
هێندێک کەس دەتوانن گۆرانکاری بە سەر خۆیاندا بێنن و لە هەموو روێکەوە خۆیان ئاپدەیت کەنەوە و لە گەڵ گۆرانکاریەکانی ژیان بچنە پێش، ئەوانە ژیان زۆر سادە و ساکار دەگرن و لە گەڵ پێشهاتەکانی ژیان زۆر باش مامەڵە دەکەن و خۆیان لە گەڵ رەوتی ژیان دەگونجێنن. لە بەرانبەر ئەو کەسانەشدا هێندێک کەس هەن کە زۆر وردبینانە و رۆشنفکرانە بۆ کێشەکان دەروانن و کێشەکان لە حالەتی ئاسایی خۆیاندا گەورەتر دەکەن.
ئەزموون و تەجروبەکانی ژیان نیشانی داوە کە کاتێک بارو دۆخ دەگۆرێت، بە قازانجی ئێمەیە کە ئەو کارانە ئەنجام بدەین کە سادە و  ساکارو کاریگەر، خۆیان دەنوێنن.
هاونیشتیمانم، ساڵانێکە کە لە گەڵ دەرد و غەم و شادی و تەنیای و خۆشبەختی تۆ ئاشنام، چونکە خۆشم لە جنس و قوماشی تۆم. زۆر جار بیرکردنەوەم لەو هەموو زوڵم و زۆریەی کە ساڵانێکە بە ناوی جیاوازی نەتەوە و ئایینەوە لێمان دەکرد کەمتر ئەزیەت و نارەحەتم دەکات لەوەی کە خۆمان یەکترمان پێ قەبووڵ ناکرێت، بو نموونە هەر حیزبە وپارتەی هەرچەند لە بناغە و ئەساسدا یەکن ، بەڵام ئێستا بوونەتە چەندین تاقمی جیاواز کە هەر هەموویان خەسارێکی زۆر دەگەیەنە شیرازە و بەدەنەی کۆمەڵگای کوردەواری.
نارەحەتم لەوەی کە خۆشەویستی و عەشق لە ناوماندا جێگەی خۆی داوە بە رق و کینە و یەکتر هەڵاواردن و بوغزاندن بە هەر ناوێکەوە هەبێت. جوداخوازی رەگی داکوتاوە لە هەموو تاڵەدەزوی سەرو خواروی ژیانمان، جیاخوازی لە بیرکردنەوە لە سەر بنەمایەکی ناژیرانە هەر لەناو خێزانی کورد را بگرە تا دەگاتە ئۆرگان و پارتە سیاسی و مەدەنییەکانی کورد دەبینرێت کە ریشەی هەموو ئەو کێشانەش دەگەرێتەوە بۆ دیکتاتۆری و جۆری بیرکردنەوەی کەسەکان. بە شێوەیەک کە بە بچوکترین شەپۆڵی جیاوازی بیرکردنەوە و بیرورا، تەنیای هەڵدەبژێرین وتەنیا دەبین. بەوشێوەیە زۆرترین زیانەکانی بەر خێزان دەکەوێت کە گرینگترین  وجوانترین ناوەند و ئۆرگانی کۆمەڵایەتی و سیاسییە لە بەریەک هەڵدەوەشێت و ئەندامانی تووشی جۆرها خەسار و زیان دەبن کە لە داهاتوودا تێهەڵانەوەیان ئاستەمە.
خێزان یان خانەوادە بە شوێنێک دەگوترێت کە مرۆڤ تێیدا ئارام بگرێت و هەست بە خۆشیەکانی ژیان بکات، ئەگەر عەشق و خۆشەویستی لە ناو ئەندامانی خێزاندا نەمێنێت ئەوکاتەیە کە بۆ هیچ کامیان ، خانەوادە ئەو پەنەگەیە نامێنێت و شیرازەی خۆی لەدەستدەدات.
چ زۆرن ئەو خێزانانەی پەنابەرن، بەڵام ئەو خۆشەویستییەی لە ناو نیشتیمانی خۆیاندا لە ناویاندابووە ئێستا  لە ناویاندا بوونی نەماوە و بە هات هاوار بە سەریەکدا تۆوی رەق وکینە، جێگەی عەشق و خۆشەویستی گرتۆتەوە و شیرازە و ناوەندی گەرمی ژیانیان تێک چووە. زۆر جار کاتێک لە بۆنەکانی نەتەوەیی و کۆمەڵایەتییەکانی کوردیدا بەشدار دەبم گوێبیستی زۆریەک لەو بەسەرهاتانە دەبم کە فڵان کەس لە گەڵ خێزانی جیابوونەتەوە ویان دەیان هەوێت جیا ببنەوە.
هەر کۆمەڵگایەک کێشە و ئاریشەی تایبەت بە خۆی هەیە، بەڵام گرینگ ئەوەیە کە چۆن مامەڵە لە گەڵ ئەو کێشانەدا بکەین. بە بیر و باوەری من کاتێک کێشەیەک لە ژیاندا دێتە پێش، چارەسەر ئەوە نییە کە تۆ گۆرەپان خاڵی کەیت و لە کێشەو موشکیلاتت رابکەیت، بەڵکو دەبێت پلان و راهکاری پێویست بۆ چارەسەرکردنیان بدۆزیەوە. دەبێت ئێمە لە بچوکترین ئۆرگانی کۆمەڵایەتی خۆماندا کە خێزانە سەرمایە گوزاری بکەین بە هەر رێگەیەک بێت چ ماددی یان مەعنەوی دەبێت شیرازەی توند و تۆڵ بکەین بۆ ئەو کەسانەی خۆشمان دەوێن و خۆشیان دەوێین. چونکە سەرکەوتن و هێز لە کۆ دایە نەک لە تەنیایی .
ئێمە هەموومان پێکەوە جوانین و پێکەوە دەتوانین لوتکەی سەرکەوتنەکانمان لە باوەش گرین. سەرکەوتنەکان هەمیشە لە لوتکەدان و شتە بچوک و بێ بایخەکانیش هەمیشە لە نەزمیدان. دەبێت ئاگادار بین کە هەنگاوەکانمان بۆ پێشکەوتن وسەرکەوتن قایمتر دابنیین بۆ ئەوەی بە بچوکترین لەرزین خۆمان نەدۆرێنین .
لە پتەوکردنی شیرازەی ناو ماڵ وخێزانمان لە هیچ شتێک دریغی نەکەین و بە هەر بەهایەک بێت ئەو عەشق و خۆشەویستیەی ناو خێزانمان بپارێزین. خۆشەویستی و عەشق پێویستیەکی سەرەکی بەردەوامی ژیانە. بە بێ یەکبوون و تەبابوون هیچ ئۆرگان و خانەوادە و حیزبێک دەوام ناهێنێت.
ناو خێزان پڕ کەین لە خۆشەویستی و سەفا وسەمیمیەت. ئەوکارە دەتوانیین بە بێ پوڵ وپارە بکەین، چونکە ئازموونی ژیان دەریخستووە کە بە بێ پارە وئیمکاناتیش دەتوانیین خۆشەویستی وعەشقمان بۆ یەکتر هەبێت.

یکشنبه، شهریور ۲۰، ۱۳۹۰

بۆچی پەیوەندی کورد و ئیسرائێل بڤەیە!؟


ئاسۆ عومەرزادە


کورد و جوو دوو گەلی خاون مێژوو وشارستانیەتن. لە بوارەکانی مێژوویی و کلتووری و کۆمەڵایەتی ئەو دوو گەلە خاڵی هاوبەشیان زۆرن. کوردستان لە سەرچاوەکانی مێژوویدا بە لانکەی شارستانیەت بەناو بانگە. زۆریەک لە ئایینەکان چ زمینی یان ئاسمانی لە ناوچەکانی کوردستان و ئیسرائیل سەریانهەڵداوە،بوونی ئایینەکانی ئیزدی،یارسان، زردەشتی،مانی و مەسیحی و یهودی گەواهیدەری ئەو راستییەن.هەروەها،پێکەوە ژیانی ئایینە جۆراوجۆرەکان لە کوردستان ئەوە دەسڵمێنێت کە گەلی کورد گەلێکی ئاشتیخوازو مرۆڤ دوست بووە،سەرەرای ئەوە کە هەر ئائدیۆلۆژیەک یان دینێکی نوێ هاتبێتە ناویەوە ئەگەرلە روانگەیانەوە سوودمەند بوو بێت بە سینگێکی ئاواڵە وەریانگرتووە. ئایینی ئیسلامیش یەکێک لەو ئایینانە بوو کە لە دورگری عەرەبی سەریهەڵداو بە ناوچەکەدا بڵاو بۆوە و زۆربەی کوردەکانیش بە سینگێکی ئاواڵە پێشوازیان لێکرد،بەڵام بەداخەوە هەردوایی بڵاوبوونەوەی ئەو ئایینە هێندێک مەلاو کەسانی ئایینی سوودیان لەو دەرفەتە وەرگرتوو وبەناوی ئیسلام بەرد بوونە خیانەت وتاڵانکردنی ماڵ و نامووسی خەڵکی کورد ولە هیچی کردەوەیەکی ناشیرن دژ بەو گەلە خۆیان نەپاراست و بۆ بارەقەڵلاهی خەلیفەکانیان ئەوەی خەراپ بوو بە سەر ئەو گەلەیانداهێنا. تا بیست ساڵ لەوە پێش ،هێندێک لە مەلاکان بەناوی دین و ئیسلام خوێندنی مەدرەسەیان لە ماڵ و منداڵی کورد قەدەغە دەکرد وناردینیان بۆ قوتابخانە بە سەرەتای دەستپێک بە کافربوونیان دەزانی، زێدە لەوە خوێندنی مەدرەسەیان بە خوێندنی شەیتان ناو دەبرد بۆ ئەوەی گەلی کورد چاوی نەکرێتەوە و گوێ لەمستی قسەکانی مەلاکان بن. ئێستاکە گەرچی سەردەمەکەی گۆراوە و گەلی کورد هوشیار وبەئاگا بۆتەوە، بەڵام بە شێوەیەکی دیکە کەوتونەتە دوژمنایەتی ئەو گەلە، ئەوەش هێندێک لە مەلاکان بە تایبەت ئەوانەی لە ناو پارتە ئیسلامیەکاندان خەڵکی کوردستان هاندەدەن کە دوژمنایەتی گەلی ئیسرائیل بکەن.هەرچەند لە قورئاندا هاتووە کە:" گەلان هەمووی برای یەکن و ئەوەی جیایاندەکاتەوە کاری چاکەی زۆرترە".هەروەها، چەندین ئایەی دیکەشمان لەو زمینەیەیدا هەیە،بەڵام بەداخەوە بەرژەوەندی مەلاکان وموریدەکانیان لە گەڵ خەلیفەکانیان ئەو ئایەتانە نابینن. بە درێژای هەزارو چوارسەد ساڵ لەوە پێش کەسایەتی تاکی کورد بچوککراوەتەوە و هەمیشە لە لایەن ئەو مەلایانە وا تێگەیندراون کە دەبێت ئەو گەلە لەخزمەت نەتەوەکانی عەرەب وتورک وفارس دابن و هەرشتێک بە قازانجی ئەو میللەتە بوو بێت، ئەوە لەلایەن ئەو بەکرێگیراوانە حرام کراوە.هەر ئەو گەلانەی کە بە درێژی میژوو كوردیان كردبوو پێشەنگی شەڕەكانی خۆیان لە ژێرچەتری پاراستنی ئاینی ئیسلام، بۆ چەسپاندنی پێگەی نەتەوایەتی خۆیان هەردەم گوتویانە ئیسلام رێگە نادات هیچ نەتەوەیەك جیا بێتەوە،لە بینینی دەوری شوفینی و دەستەڵاتی دین و دوڵەتیان خستبووە ژێر دەستەڵاتی خۆیان.
هەموومان دەزانین جوو لە هەموو شار و ناوچەیەكی كوردستان بە هەر چوار پارچەیەوە ژیاوە و مال و حال و ناونیشانی خۆیان هەبووە، دەورێکی سەرەکیشیان گێراوە لە گەشەسەندنی ئابووری کوردستان.هەرچەند ئێمەی کورد مێژوویەکی دوورو درێژمان هەیە لە گەڵ گەلی جوو و پیوەندیەکی بەهێزمان هەبووە،بەڵام ئێستا لە لایەن دوڵەتانی عەرەبی وئیسلامی دوژمنایەتی کورد دەکرد و پیوەندی کورد و جوو بە حرام دەزاندرێت. لە حالێکدا،دەوڵەتە عەرەب و ئیسلامییەكان پەیوەندی راستەخۆ یا ناراستەخۆیان لەگەڵ ئیسرائیل هەیە و لە هەموو دوڵەتە عەرەبی و ئیسلامییەكاندا جگە لە چەند وەڵات نەبێت ئاڵای ئیسرائیلی دەشەكێتەوە و پەێوەندییە مرۆییەكانی كورد- ئیسرائیلیش بە خەیانەت وهێرش بۆ سەر ئیسلام ناوزەد دەكەن. ئێمه‌ی كورد هیچكات زیانمان له‌ جووله‌كه‌كان نه‌دیوه‌، به‌پێچه‌وانه‌ زیاتر لە دراوسێ موسەڵمانەكانمانه‌وه‌ زیانمان دیتووە. له‌ هه‌ر شوێنێك ناوی جووله‌كه‌ یان ئیسرائیل دێت له‌ ژێر هه‌ر ناوێكدا بێ، باسكردنه‌كه‌ی بۆ كورد بڤه‌یه‌. بە درێژایی مێژوو، دۆستایه‌تی و پێكه‌وه‌ ژیانی سه‌رجه‌م چین و توێژ و ئایینه‌كان له‌ كوردستاندا هه‌بووه‌ و كێشه‌یه‌كیان پێكه‌وه‌ نه‌بووه‌. به‌ تایبه‌تی له‌سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتدارێتیی كورده‌كاندا، جووله‌كه‌ و باقی كه‌مینه‌ ئایینییه‌كانی دیكه‌ی نێو كوردستان، مافه‌كانیان به‌ ته‌واوه‌تی له‌به‌رچاو گیردراوه‌ و فه‌رق و جیاوازییان نه‌خراوه‌. نموونه‌ش هه‌م سه‌رده‌می كۆماری كوردستانه‌ كه‌ تێیدا هه‌موو مافه‌كانی كه‌مینه‌ ئایینییه‌كان دابین كرابوو، هه‌میش له‌سه‌رده‌می ئێستای حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا كه‌ به‌ڵگه‌یه‌كی حاشاهه‌ڵنه‌گره‌ و تازه‌تریشن به‌ڵگه‌ی روونیش كۆڕه‌وی مه‌سیحییه‌كانه‌ له‌ ناوچه‌ جیاجیاكانی عێراقه‌وه‌ بۆ بن باڵی حكومه‌تی هەرێمی کوردستان.
گەلی کورد دەتوانێت بێ گوێدان بە هەرەشەکانی وڵاتانی دەوروبەری پیوندییەکانیان بە سیاسەتێکی دروست وژیرانە لە گەڵ هەموو گەلانی دوونیا داربرێژێت بە تایبەت لە گەڵ گەلی ئیسرائیل کە خاڵی هاوبەشی زۆرپێکەوە کۆمان دەکاتەوە و ئێستاکەش باشترین هەلە کە ئەو دەرفەتە بقۆزینەوە،چونکە ئێمە پێویستیمان بە زۆر بوار هەیە کە جوولەکەکان ئەو قۆناغەنەیان تێپەراندووە و ئەزموونی باشیان وەرگرتووە لە ناوچەیەکدا کە دۆژمنەکانمان یەکن.
پێویستە میللەتی کورد، هەموو تواناکانی بخاتە گەڕ بۆ ئەوەی چارەنووسی خۆی خۆی بگرێتە دەست و ئامادە قوربانیدان بن، تاکو لە ژێر ستەم و چەپۆکی گەلانی فارس و تورک وعەرەب بێنەدەر. گەلی جوو هەرچەند لە سەرخاک و وڵاتی خۆیان نەبوون ،بەڵام بە هۆی هەوڵە بەردەوامەکانیان توانیان خاکیان بستێنەوە وبە مافەکانیان بگەن، بەڵام ئێمە کارمان ئاسانترە لە گەلی جوو بۆ ستاندنەوەی خاکەکەمان، چونکە ئێمە لەسەر خاکی خۆمان دەژین تەنیا ورەو و بەرخۆدانێکی گشتی پێویستە بێ سڵمینەوە لە هەموو تەنگ وچەلەمەیەک، دژی ئەو نەتەوانەی خاکەکەیان داگیر کردووین.هەروەها لە سەر کورد پێویستە پیوەندیەکانیان لە گەڵ کوردە جووەکان لە هەموو بوارێکدا پەرە پێبدات،چونکە سەرمایەیەکی بەنرخی دوارۆژی کوردن،سەرەرای ئەوەی کە کورد وئیسرائیل دەبێت پیوەندیەکی بەهێز و ستراتیژی پێکەوە ببەستن،چونکە پیوەندی کورد و جوو سەرەرای ئەوە کە زۆر کۆنە ، بەڵام لە ئێستادا پیوندیەکی ستراتیژی و پێویستەیەکی هەونوکەییە.