چهارشنبه، شهریور ۳۰، ۱۳۹۰

عەشق هەوێنی سەرکەوتن و ئومێدە



هێندێک جار ، زۆر رووداوی شیرین و تاڵ لە ژیانی رۆژانەی مرۆڤدا دێنە پێش، کە چاوەروانکراو نین و بێ ئەوەی ئامادە و پلانی پێش وەختت بۆی هەبێت روودەدات، بۆ دەرباز بوون لە هەر چەشنە رووداوێک لەو جۆرە دەبێ مرۆڤ بریاری سەرەکی خۆی بدات. یەکێک لە بریارە سەخت و گرینگەکان کە مرۆڤ بە هەر هۆکارێکەوە بۆی دێتە پێش و دەبێت بیدا، کۆچکردنە. کاتێک رەگی هەموو ئەو بیرەوەری و پیوەندیانە دەبری و بۆ وڵاتێکی دیکە کۆچ دەکەی دەبێت ئامادەی هەر جۆرە رووداوێکی چاوەرواننەکراو بیت. هێندێ جار بارو دۆخ بە شێوەیەک دەگۆردرێت کە هیچ شتێک وەک ژیانی پێشووت ناچێت و ناتوانی کە بە هەمان شێوە  وئوسلوبە ئەسپی ژیانت تاو بدەیت. وا پێدەچێت کە ژیانی پەنابەری یەکێکە لەو رووداوانە بێت کە ئینسانی پەنابەر  دەبێت لە گەڵ شەپۆڵی رەورەوی ژیان خۆی ئاراستەکات و خۆی لەناو کێشە و ئاریشەکانی ژیانی پەنابەریدا بدۆزێتەوە.
کاتێک لە زێدێک  کە عەشق  و خۆشەویستیت بۆی هەیە و هەبووە و  ئێمەی کورد بە نیشتیمان ناوی دەبەین ،بە زۆری کۆچت پێدەکرێت و رەپێت دەنێن. ئەو نیشتیمانەی کە هەموو کۆلان و دار و بەرد و وەرزی ساڵەکانی بۆ تۆ بیرەوەریە و نیوەی قۆناغەکانی ژیانت لە ناویدا قاڵبی دارێژراوە و لە ناو ئەو ژینگەیەدا گەورە وپەڕ وباڵت گرتووە. ناچاری بە هەموو بیرەوەری خۆش و ناخۆشەکانی ماڵئاوایی لێبکەیت. هەر لەو راستایەشدا هەزاران چاو، چاوەروانی سەرکەوتن و خۆشبەختی تۆ دەکەن.
 هەزاران مرۆڤی ژیر و پاک بە هەر هۆکارێکەوە بێت ماڵئاوایی لە نیشتیمان دەکەن و بەهەزاران ئومێد و هیواوە بۆ وڵاتە دوور دەستەکان کۆچ دەکەن بێ ئەوەی پلانێکی پێش وەختیان بۆ ئەو کۆچە هەبێت، لێرەیە کە مرۆڤ ناچار دەبێت ئیرادەی خۆی بداتە دەست شەپۆلەکانی ژیان، بەڵام دەبێت سەخت بێت لە بەرانبەر هەر جۆرە کێشەیەکی چاوەرواننەکراو، دەبێت لە خەبات دابێت بۆ زاڵ بوون بە سەر هەموو ئەو کێشانە دێنە پێشت، دەبێت ئومێدت زیاتر کەیت و هەنگاوکانت گورج و تۆڵتر. ئومێد بەو مانایا کە دەبێت ریسک بکەیت دەبێت خۆت بخەیتە مەترسیەوە. نا ئومێدبوون لە هەوڵ و خۆپێگەیاندن شکەستی بەدواوەیە.
دەبێت مرۆڤ خۆی بخاتە مەترسیەوە، چونکە گەورەترین مەترسی لە ژیان مرۆڤ ، بوونی ترسە کە نەتوانی ریسک بکەیت. کەسێک کە ئیرادە و توانای ئەوەی نییە ریسک بکات و خۆی بخاتە مەترسیەوە، لە راستیدا ناتوانێت هیچ کارێک ئەنجام بدات و شتێک بەدەست بێنێت. ئەو دەتوانێت لە زیان و ماندووبوونەکانی رەنج و هەوڵدان  خۆی دوور بخاتەوە ورزگاری بێت، بەڵام ناتوانێت فێر بێت و خۆی پێ بگەیەنێت، تەنانەت ناتوانێت کەسێکیشی خۆش بوێت وژیانێک بۆ خۆی درووستکات.
هێندێک کەس دەتوانن گۆرانکاری بە سەر خۆیاندا بێنن و لە هەموو روێکەوە خۆیان ئاپدەیت کەنەوە و لە گەڵ گۆرانکاریەکانی ژیان بچنە پێش، ئەوانە ژیان زۆر سادە و ساکار دەگرن و لە گەڵ پێشهاتەکانی ژیان زۆر باش مامەڵە دەکەن و خۆیان لە گەڵ رەوتی ژیان دەگونجێنن. لە بەرانبەر ئەو کەسانەشدا هێندێک کەس هەن کە زۆر وردبینانە و رۆشنفکرانە بۆ کێشەکان دەروانن و کێشەکان لە حالەتی ئاسایی خۆیاندا گەورەتر دەکەن.
ئەزموون و تەجروبەکانی ژیان نیشانی داوە کە کاتێک بارو دۆخ دەگۆرێت، بە قازانجی ئێمەیە کە ئەو کارانە ئەنجام بدەین کە سادە و  ساکارو کاریگەر، خۆیان دەنوێنن.
هاونیشتیمانم، ساڵانێکە کە لە گەڵ دەرد و غەم و شادی و تەنیای و خۆشبەختی تۆ ئاشنام، چونکە خۆشم لە جنس و قوماشی تۆم. زۆر جار بیرکردنەوەم لەو هەموو زوڵم و زۆریەی کە ساڵانێکە بە ناوی جیاوازی نەتەوە و ئایینەوە لێمان دەکرد کەمتر ئەزیەت و نارەحەتم دەکات لەوەی کە خۆمان یەکترمان پێ قەبووڵ ناکرێت، بو نموونە هەر حیزبە وپارتەی هەرچەند لە بناغە و ئەساسدا یەکن ، بەڵام ئێستا بوونەتە چەندین تاقمی جیاواز کە هەر هەموویان خەسارێکی زۆر دەگەیەنە شیرازە و بەدەنەی کۆمەڵگای کوردەواری.
نارەحەتم لەوەی کە خۆشەویستی و عەشق لە ناوماندا جێگەی خۆی داوە بە رق و کینە و یەکتر هەڵاواردن و بوغزاندن بە هەر ناوێکەوە هەبێت. جوداخوازی رەگی داکوتاوە لە هەموو تاڵەدەزوی سەرو خواروی ژیانمان، جیاخوازی لە بیرکردنەوە لە سەر بنەمایەکی ناژیرانە هەر لەناو خێزانی کورد را بگرە تا دەگاتە ئۆرگان و پارتە سیاسی و مەدەنییەکانی کورد دەبینرێت کە ریشەی هەموو ئەو کێشانەش دەگەرێتەوە بۆ دیکتاتۆری و جۆری بیرکردنەوەی کەسەکان. بە شێوەیەک کە بە بچوکترین شەپۆڵی جیاوازی بیرکردنەوە و بیرورا، تەنیای هەڵدەبژێرین وتەنیا دەبین. بەوشێوەیە زۆرترین زیانەکانی بەر خێزان دەکەوێت کە گرینگترین  وجوانترین ناوەند و ئۆرگانی کۆمەڵایەتی و سیاسییە لە بەریەک هەڵدەوەشێت و ئەندامانی تووشی جۆرها خەسار و زیان دەبن کە لە داهاتوودا تێهەڵانەوەیان ئاستەمە.
خێزان یان خانەوادە بە شوێنێک دەگوترێت کە مرۆڤ تێیدا ئارام بگرێت و هەست بە خۆشیەکانی ژیان بکات، ئەگەر عەشق و خۆشەویستی لە ناو ئەندامانی خێزاندا نەمێنێت ئەوکاتەیە کە بۆ هیچ کامیان ، خانەوادە ئەو پەنەگەیە نامێنێت و شیرازەی خۆی لەدەستدەدات.
چ زۆرن ئەو خێزانانەی پەنابەرن، بەڵام ئەو خۆشەویستییەی لە ناو نیشتیمانی خۆیاندا لە ناویاندابووە ئێستا  لە ناویاندا بوونی نەماوە و بە هات هاوار بە سەریەکدا تۆوی رەق وکینە، جێگەی عەشق و خۆشەویستی گرتۆتەوە و شیرازە و ناوەندی گەرمی ژیانیان تێک چووە. زۆر جار کاتێک لە بۆنەکانی نەتەوەیی و کۆمەڵایەتییەکانی کوردیدا بەشدار دەبم گوێبیستی زۆریەک لەو بەسەرهاتانە دەبم کە فڵان کەس لە گەڵ خێزانی جیابوونەتەوە ویان دەیان هەوێت جیا ببنەوە.
هەر کۆمەڵگایەک کێشە و ئاریشەی تایبەت بە خۆی هەیە، بەڵام گرینگ ئەوەیە کە چۆن مامەڵە لە گەڵ ئەو کێشانەدا بکەین. بە بیر و باوەری من کاتێک کێشەیەک لە ژیاندا دێتە پێش، چارەسەر ئەوە نییە کە تۆ گۆرەپان خاڵی کەیت و لە کێشەو موشکیلاتت رابکەیت، بەڵکو دەبێت پلان و راهکاری پێویست بۆ چارەسەرکردنیان بدۆزیەوە. دەبێت ئێمە لە بچوکترین ئۆرگانی کۆمەڵایەتی خۆماندا کە خێزانە سەرمایە گوزاری بکەین بە هەر رێگەیەک بێت چ ماددی یان مەعنەوی دەبێت شیرازەی توند و تۆڵ بکەین بۆ ئەو کەسانەی خۆشمان دەوێن و خۆشیان دەوێین. چونکە سەرکەوتن و هێز لە کۆ دایە نەک لە تەنیایی .
ئێمە هەموومان پێکەوە جوانین و پێکەوە دەتوانین لوتکەی سەرکەوتنەکانمان لە باوەش گرین. سەرکەوتنەکان هەمیشە لە لوتکەدان و شتە بچوک و بێ بایخەکانیش هەمیشە لە نەزمیدان. دەبێت ئاگادار بین کە هەنگاوەکانمان بۆ پێشکەوتن وسەرکەوتن قایمتر دابنیین بۆ ئەوەی بە بچوکترین لەرزین خۆمان نەدۆرێنین .
لە پتەوکردنی شیرازەی ناو ماڵ وخێزانمان لە هیچ شتێک دریغی نەکەین و بە هەر بەهایەک بێت ئەو عەشق و خۆشەویستیەی ناو خێزانمان بپارێزین. خۆشەویستی و عەشق پێویستیەکی سەرەکی بەردەوامی ژیانە. بە بێ یەکبوون و تەبابوون هیچ ئۆرگان و خانەوادە و حیزبێک دەوام ناهێنێت.
ناو خێزان پڕ کەین لە خۆشەویستی و سەفا وسەمیمیەت. ئەوکارە دەتوانیین بە بێ پوڵ وپارە بکەین، چونکە ئازموونی ژیان دەریخستووە کە بە بێ پارە وئیمکاناتیش دەتوانیین خۆشەویستی وعەشقمان بۆ یەکتر هەبێت.

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر