جمعه، مهر ۲۲، ۱۳۹۰

ئەگەری ئاڵۆزتربوونی رۆژهەڵاتی ناوەراست


  
رۆژهەڵاتی ناوەراست هەمیشە لە درێژای مێژوودا، گۆرەپانی یەکلاکەرەوەی کێشەکان بووە. هەر لە شەری ئیمپراتوریەکانەوە بگرە تا ئێستا، ئەو ناوچەیە بە هۆی هەڵکەوتەی ژئۆپولیتی و ستراتیژیەتی جێگەی بایخی زلهێزەکانی جیهان بووە.هاتنە سەرکاری حکوومەتەکانی دیکتاتۆر و نەبوونی شفافیەت و متمانە و دواکەوتووی و ناهوشیاری خەڵکانی ئەو ناوچەیە ، کێشەکانی ئاڵۆزتر کردووە، بە چەشنێک هەر بیست یان سی ساڵ لە مێژووی سەد ساڵەی ئەو ناوچەیە ئێمە شاهیدی شۆرشێکی جەماوەری لە یەکێک لە وڵاتانی هەڵکەوتوو لەو ناوچەیە بووین، بەڵام بەداخەوە بە هۆی بێ پڵانی و نەبوونی هەدەفێکی ئامانجدار دیکتاتۆرێک رووخاوە و دیکتاتۆرێکی دیکە لە جێگەی زەق بۆتەوە.
دەتوانین بەراشکاوی ئاماژە بەوە بدەین کە هێنانی سەرکاری دیکتاتۆرەکان لە هەناوی ئەو کۆمەڵگایانە سەرچاوە دەگرێت، بەو مانایە کە خەڵکانی ئەو ناوچەیە بەدیهێنەری ئەو دیکتاتۆرانەن کە حکومرانیان دەکەن. ئەگەرچی کەسانێکیش هەن کە دژی ئەو دیکتاتۆرانە دەوەستنەوە، بەڵام بەداخەوە دەنگی ئەوانە زۆر کزە و زۆر درەنگ، زۆرینەی خەڵک لەو بۆچوون و ئامانجەکانیان تێدەگەن. بۆیە ئەگەر ئێستا وڵاتانی عەرەبی و باکووری ئەفریقا دەستیان داوەتە شۆرش و لە هێندێک لەوانە شۆرشەکانیان سەرکەوتووە، ئەوە بەو مانایە نییە کە بتوانن دێموکراسی بە مانای ووشە مومارسە کەن. سەرەرای ئەوە، پرۆسەی دێموکراسی پێویستی بە زەمان و کات هەیە کە زۆرینەی خەڵک  بتوانن لەوە تێبگەن کە دێموکراسی راستەقینە بە بێ هەڵاواردنی دین و سیاسەت نایەتە دیت، سەرەرای ئەوە دەبێت زمینە خۆشبکرێت بۆ ئەوەی یاساکانی مافی مرۆڤ جێگەی یاسا شەرعی و ئاینەکان لەو وڵاتانە بگرێتەوە، بەڵام لە وڵاتانەوە کە ساڵانێکی درێژە لە ژێر سایەی دیکتاتۆرەکانیان دا ژیاون ئەستەمە بە ماوەیەکی کورتخایەن ئامانجەکانیان بێتە دیت.
وڵاتانی ئێران و تورکیە هەر کامیان ئێستا بە شێوەیەکی راستە و خۆ دەست لە کار و باری ئەو وڵاتانە وەردەدەن کە شۆرشیان بە ئاکام گەیشتووە و یان خەریکە با ئاکام بگات. هەر کام لە وڵاتانە رۆڵی ئێمپراتوریەکانی سەفەوی و عوسمانی دەگێرن کە هەر ئەو رۆڵگێرانەیان ئاکامی باشی نە بۆ خۆیان نە بۆ ئەو وڵاتانەی خەڵکی وەزاڵەهاتوویان ویستوویانە یان دەیان هەوێت لە ژێر حوکمی دیکتاتۆرەکان بێنە دەر. دەستتێوەردانی تورکیا و ئێران زۆر بە ئاشکرایی لە وڵاتی سوریا دا دەبینرێت. ئەگەری زۆری هەیە کە هەر ئەو دەستێوردانە ببێتە هۆی ئەوە شەرێکی ناوچەیی لە رۆژهەڵاتی ناویندا هەڵگریسێت، کە هیچ کەس ناتوانێت داهاتوو و پانتایی ئەو شەڕە پێشبینی کات. سەرەرای ئەوە چاودێری پێشووی ئاژانسی وزەی ناوەکی بە راشکاوی رایگەیاند کە کۆماری ئیسڵامی دەتوانێت تا کۆتایی ٢٠١٣ دەستی بگاتە چەکی ناوەکی، کە ئەوەش نیگەرانییەکی زۆری بۆ کۆمەڵگەی جیهانی دروستکردووە، دوور نییە کە وڵاتانی جیهانی بۆ پێش گرتن لەو کردەوەیەی کۆماری ئیسلامی ئێران هەنگاوی پراکتیکی بهاوێژن. هەروەها کێشەی فەلەستین  بە بانگەوازی مەحموود عەباس لە رێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان خۆی ناوتەوە قۆناغێکی نوێ و حساسیەتێکی دروستکردووە بە چەشنێک کە رێبەری کۆماری ئیسلامی بە راشکاوی رایگەیاند کە دژی ئەو بۆچوونەی مەحموود عەباسە، هەروەها رایگەیاند کە فەلەستین وڵاتێکە کە سنوورەکەی لە نەهرەوە تا بەحرە. هەر ئەو بۆچوونەی رێبەری ئیسلامی ئێران، رێبەرانی ئیسرائیلی خستە ناو کردەوەیەکی بەرگری زیاتر لە جاران. جیا لە کێشەی فەلەستین  و شۆرشی وڵاتانی عەرەبی، چونەدەرەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، کێشەکانی ئەو وڵاتە لە جاران قوڵتر دەکاتەوە و دووریش نییە کە دەستێوەردانەکانی وڵاتانی ناوچەکە لەو وڵاتەدا ، شەرێکی تایفی دەستپێبکات کە سەرتاسەری رۆژهەڵاتی ناوەراست بگرێتەوە.
کوێستان عومەرزادە   

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر