پنجشنبه، دی ۰۱، ۱۳۹۰

چۆن کۆنترۆڵی ژیانت بگریتە دەست !!!




هەر کەس، پێناسەیەکی تایبەتی بۆ ژیان هەیە و لە تیلە چاوی خۆیەوە بە پێی ئەو جیهان بینی و تێروانینەی هەیەتی، ژیان پێناسە دەکات. هێندێک پێناسەی ژیان بەمشێوەیە دەکەن، دەڵێن :"ژیان ئازار و مەینەتی و خەم خواردنە"، هێندێکی دیکەش دەڵێن:" ژیان خۆش ویستن و ئەشقە".
بە بیر و بۆچونی من، ژیانی هەر کەس لە روانگەی کەسەکەوە مانا دەبخشێت و شوناسی خۆی دیاری دەکات. چونکە شوناسی هەر کەس هەڵقوڵاوی  باوەریەتی، باوەری هەرکەسێکیش ئەندیشە و فیکر لە مێشکیدا دروست دەکات، بۆیە چۆن بیر کەیتەوە ژیان وا دەبینیت.
زۆر جار لە هەوراز و نشێوی ژیانمدا گەیشتومەتە خاڵی نا ئومێدی یان بەربەستێک هاتۆتە سەر رێگەم کە ژیانمی سەد و هەشتا دەرەجە سوراندووە، هەر هەمووی ئەوانە پەیامێکیان پیداوم و ئەزمون و تەجروبەیەکیان خستومەتە سەر ژیان، سەرەرای ئەوانەش منیان لە ژیان سڵ نەکردۆتەوە و چۆکیان پێدانەداوم، بەڵکو زیاتر مانایان بەخشیوەتە ژیانم، بەڵام هێندێک جار لە رەرەوەی ژیانمدا ، کێشەکانی ژیان هەستێکی وای پێ بەخشیوم کە کۆنترۆلی ژیانم لە دەست  دەرچووە و هەرچەند زۆر هەوڵم داوە، کەمتر نەتیجەم لێوەرگرتووە و ناچار بووم لە هێندێک سات و شوێندا خۆم بدەمە بەردەست شەپۆلەکانی ژیان، بەڵام ژیان زۆر بێ بەزیانە لە رەرەوەی پێشەوەچوونی خۆیدا بەدار و بەردی داداوم و تاکو سەرم کەوتۆتە بەرد و بەخەبەری هێناومەوە. بۆیە ناچار بووم کە سەبارەت بە فەڵسەفەی ژیان و چۆنیەتی گرتنە دەستی زیاتر تێبفکرم و بیر کەمەوە و بخوێنمەوە تا گەیشتمە ئەو ئاکامە کە دەبێت مانایەکی نوێ بە ژیانم ببەخشم و ژیانێکی نوێ دەست پێ بکەم و کۆنترۆلی ژیان بگرمە ژێر فەرمانی خۆمەوە.
لە راستیدا جیاوازی " بژی بۆ ژیان "، " مەژی بۆ مردن" تا رادەیەک سەختە،بەڵام ئەگەر تێروانینێکی قوڵمان بۆی هەبێت، دەتوانیین ئالوگۆری لە ژیانماندا بەدی بێنیین. ئێستا ئەگەر ئێوەش وەک من لەو ژیانە تکرارییە ماندوو بوون و وای دەبینن کە ژیانێکی تاقەت پروکێنتان هەیە. دەتوانن رەچاوی  ئەو خاڵانەی خوارەوە بکەن ، بەو هیوایەی لە سالی نوێی زایینیدا ئاڵوگۆرێک لە ژیانتاندا بەدی بێنێت.
·        هەمیشە لە یاتان بێت کە ژیان نیعمەتێکە خوا پیداون، بەو مانایەی کە ئێستا کە  کە لە ژیاندان چێژی پێویست لە ژیانتان ببینن و بایخی زیاتری بدەنێ. ژیان بەم جۆرەیە کە تێروانینت بۆی هەیە، دەتوانن هیچ چالاکیەکتان نەبێت، ئەو کات ژیان، کەسێکی تەنبەڵ و بێ بەهەرەت لە ساز دەکات یان دەتوانن ئیرادە بکەن و کۆنترۆڵی بگرنە دەست خۆتان. مایا ئانجلۆ لەو بارەیەوە دەڵێت:" ژیان لە دایکێکی میهرەبان دەچێت کە هەموو بەیانییەک جلکەکاننت رێک وپێک دەکات و پێت دەڵێت، ئازیزم نیگەران مەبە من لە گەڵتم".
·        مانا بە ژیان ببەخشن و ئامانج و هەدەفەکانت لە ژیاندا دیاری بکا.
·        یاسایەکی تایبەت بۆ خۆت دانێ. زۆر یەک لە خەڵکان پێیان وایە ژیان گەمەیە، لەوانەشە هەر ئاوا بێت، بەڵام زۆر یەک لە گەمەکان یاسا و قانونێکی تایبەت بە خۆیان هەیە و مەرجەکان سەرکەوتن و سەرنەکەوتنی تێدا دیاریکراوە.
·        بەرپرسیاریەتی ژیانی خۆت بە تەواوی خۆت بیگرە دەست. ئێستاکە  کە یاسایەکی تایبەت بۆ ژیانی خۆت داتناوە، دەتوانی بەرپرسیاریەتی تەواو ژیانت خۆت بیگریە دەست. جێفری ئەبرێت دەڵێت:" کاتێک کەسێک بەرپرسی کارەکانی خۆی بێت، بۆ ئازادی و ئازاد ژیانکردن پیویستی بە رێگەپێدانی کەسانی دیکە ناکات،بەڵام کاتێک تۆ بۆ ئەنجامدانی کارەکانی خۆت ئیجازە لە کەسانی دیکە دەخوازی، لە راستیدا مافی وتۆت پێ بەخشیون".
·        وردەکاریەکانتان پێ کەم بایخ نەبێت و گرینگی تایبەتیان پێ بدەن. گرینیگ ئەوە نییە چۆن دەژیین. ژیان لە مەسیر و رەرەوەی خۆی زۆر کێشە و بەربەستمان بۆ دێنێتە پێش  کە ناچارین لە بەرانبەریاندا راوەستیین، چونکە ئەگەر وا نەکەین ئەوا روبەرووی زۆر کێشەی گەورەتر دەبینینەوە و شادی و خۆشیەکانمان دەخەنە ژێر مەترسییەوە. ئیستیڤان وینسێنت دەڵێت:" ژیان بە لە ناوچوون و مردن کۆتایی نایەت. ژیانمان ئاوا لە ناو دەچێت کە نەتوانیین لە تەواو ساتەکانی کەڵک وەرگرین، لە حالێکدا هەزاران ئاوات و ئارەزوشمان هەبێت".
·        ماڵئاوایی لە کار و خووە بێ کەڵکەکانمان بکەین. بۆ دەستبەرداربوون لە هەر خووێک تەنیا بیست و یەک رۆژ پیویستە . کەسانی سەرکەوتوو زۆر جار دەست لەو ئاوات و ئارەزوانەیان هەڵدەگرن کە ئامانجەکانیان ناهێنەتە دی.
·        لیستێک لەو کارانەی کە دەتانهەوێت وازیان لێبێنن دروستبکەن.
 ئەگەر ژیانتان بە تەواوی بخنە ژێر لێکۆلینەوە و شیکردنەوە، دەبینن هێندێک کار و خوو هەن کە ژیانی ئێوەیان پەک خستووە ویان رەورەوەی بەرەو پێشەوەچوونی زۆر خاو کردۆتەوە وپێویست دەکات دەستبەرداریان بن. ئەو کارانە کە کاریگەری خەراپی لە سەر ژیانتان درووستکردووە بیاندۆزنەوە و لە سەر کاغەز دیاریان بکەن.
·        بیر لە داهاتووتان بکەنەوە.
بە بکارهێنانی ئەو گۆرانکاریانە و دروستکردنی جەوێکی نوێ و پۆزۆتیڤ لە ژیاندا، هەنگاوێکی زۆر گەورەتان بۆ بەرەو پێشەوەچوون  و ئایندەیەکی گەش هاویشتووە، ئەگەر وایە دڵێر و بەئیرادە و گەشبین بە.لە راستیدا ئاکامی باش بەدوای خۆیدا دێنێتە گۆرێ کە سەرتان لە دەرئەنجامەکانی سوور دەمێنێت.
·        لە تەواو ئیمکاناتان کەڵک وەرگرن.
ئەو خاڵە لە بیر نەکەن کە لە ناو بوونی هەر کەسێکدا ئیستیعداد و بەهرەیەک هەیە کە کەسانی دیکە لێی بێ بەهەرەن. ئەگەر وایە لە هەموو پێتانسیل و ئیمکاناتی دەوروو بەرتان کەڵک وەرگرن بۆ ئەوەی کە ژیانێکی ئاسودە و خۆشتان هەبێت.ئارما بومبێک دەڵێت:' هیوادارم ئەو کاتەی کە ژیانم کۆتای دێت و لە حزوری خوادا ئامادە دەبم، لە هەموو ئیمکاناتێک کە خوا پیدابووم ئیستیفادەی پێویستم کردبێت، بەشێوەیەک بە خودای خۆم بڵێم، یەزدانی مەزن لە هەموو ئەو شتانەی لە ئیختیارت هاویشتبووم بە باشترین شێوە کەڵکم لێوەر گرتوون".

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر