یکشنبه، اسفند ۲۸، ۱۳۹۰

جێژنی نەورۆز لە روانگەی هزر و بەڵگە مێژوویەکانەوە



 بە پێی زۆربەی بەڵگە مێژووییەکان، جێژنی نەورۆز پێشینەیەکی دوورودرێژی هەیە و کۆنترین جێژنی مرۆڤە لە سەر زەوی. بە پێی ئەو لێکۆڵینەوانەی لەو بوارەدا کراون، کۆنترین مرۆڤەکانی سەر گۆی زەوی، ئەو کاتەی کە لە ئەشکەوتەکاندا ژیاون، رۆژی یەکەمی بەهاریان کردووە بە جێژن. دۆکتور مەولوود ئیبراهیم حەسەن لە وتارێکی تێر و تەسەلدا بە وردی چووەتە بنج و بناوانی مێژووەوە و بەڵگە دێنێتەوە لەسەر ئەوەیکە ئەو جێژنە هەمان جێژنی (تەمووز و عەشتار)ە، کە سۆمەرییەکان پێش ئەوەی لە ئەشکەوتەکانی کوردستان بێنە دەر و بەرەو خوارووی وڵاتی عێراقی ئێستا داگەڕێن، ئەو جێژنەیان بەڕێوە بردووە.  لە مێژووی تەبەریدا باس لەوێ دەکرێت کە عێراقی ئێستا کە مورکی عەرەبی پێوە لکاوە،پێش هاتنی ئێسلام تەنیا حیرە  کە شارێکە ئێستا لە عێراق عەشیرەتێکی عەرەبی لێبوە، ئەویش بە هۆی دوژمنکاریان هاتونەتە ئەو ناوچەیە و مافی نیشتەجێبوونیان لە پاشاکانی ساسانی کە خۆیان بە رەچەلک کوردبوون وەرگرتووە. هەروەها عەبدولخالق سەرسام لە کتێبی ئاڤێستای نەورۆزدا بە بەڵگە دەیسەڵمێنێت کە سۆمەرییەکان کوردبوون و نەورۆزیش جێژنێکی کۆنی کوردا کە هەر سەردەمەی  بە بەردەوامی بە پێی باردۆخ و هەڵ و مەرجی رامیاری و ئابووری و فەرهەنگی یادی کراوەتەوە، هەروەها لە هەر سەردەمێکدا نەتەوەی حاکم هەوڵی سرینەوەی ئەوی داوە  کە مێژووی نەورۆز لە کورد داببرێت و  بیکاتە موڵکی خۆی. بۆ نموونە شاعیری فارس (فیردەوسی) دانەری کتێبی شانامە، بنەچەی نەورۆز دەباتەوە سەر کۆنە ئەفسانەیەکی بێ بنەما، واتە ئەفسانەی کاوە و زوحاک. ئەوەی فیردەوسی باسی دەکات هیچ بنەمایەکی مێژوویی نییە. دیارە زوحاک یان (ئاستیاگ) هەبووە و دوایین پاتشای مادەکان بووە. بەڵام نەوەک ئەو جۆرەی کە فیردەوسی باسی دەکات بێجگە لە ئەفسانە لە هیچ شتێکی دیکە ناچێت. هەرچەند بەڵگەی زۆر هەن کە شانامەی فەردوسی کۆپی کراوەێک بێت لە شانامە نووسراوەکانی پێشوو بە دەستکاریەوە.
بە پێی بیرو بۆچوونی شوێنەوارناسان و مێژوونووسان کوردستان بە لانکەی شارستانیەت دێتە ئەژمار، هەبوونی ئایینە جۆراو جۆرەکان و کەمە نەتەوەکان ئەو بۆچوونە پشت راست دەکەنەوە، هەروەها سەبارەت بە جێژنی نەورۆز  بە پێی بەڵگە مێژووییەکانیش دەرکەوتووە کە جێژنێکی تەواو کوردییە و لە کوردستانەوە بە وڵاتان و ناوچەکانی دیکەی دەورووبەرماندا بڵاو بووەتەوە.
سەرەرای بەڵگە مێژوویەکان هێندێک بیروبۆچونی دیکە هەن کە بناغەیان لە سەر سروشت و هزر بنیات نەراون. ئەگەر باس لە رابردوو بکەین پێش ئەوەی تێکنۆلۆژیا بێتە ناو ژیانی مرۆڤەوە زۆر بەی نەتەوەکان لە سەر کشتو کاڵ و ئاژەڵداری ژیانی خۆی بردوە بەرێوە. کوردستانیش کە ناوچەیەکی شاخاویە و زۆربەی رووبارەکان لەو ناوچەیە سەرچاو دەگرن، نموونەیان هەرە گەورەیان، رووباری دەجلە و فوراتە . ئەو ناوچەیە ئەو رووبارانەی بە ناودا تێپەریوە میزۆپۆتامیای ناو بووە کە سەرچاوەی شارستانییەتی مرۆڤایەتی بووە، هەر وەک دەشزانین ئاوەدانی لە قەدیمدا لە کەنار ئاو و رووبارەکان بوو و پیشەی زۆر بەی خەڵکی ئەو سەردەمەش ئاژەڵدار بووە و بە دەم ئاژەڵدارییەوە کشتوکاڵی کردووە. کەوابوو گۆڕانە وەرزییەکان، لە ژیانی ئەو گەلەدا گرینگیی تایبەت بە خۆی هەبووە. بە تایبەت وەرزی زستان لە کۆندا تەمەنێکی درێژتر لە ئێستای هەبووە و ئێستاش پیاوە بەتەمەنەکانی کورد باشیان لەبیرە کە ساڵی ساڵان بەفرێکی قورس دەباری و جار هەبووە هەتا دوو مانگ لە بەهاریش تێپەڕیوە و بەفر هەر نەتواوەتەوە و عەرزی بەر نەداوە. لەو حاڵەتەدا  ژیانی گوزەرانی خەڵکی ناوخۆشتر  کردووە و خستونیەتیە چەرمەسەری و نارەحەتیەوە ئەگەر وایە، بە پێی هەموو ئەو فاکتەرانە، هەم سرووشتی و هەمیش مەنتیقییە کە کورد تەواوبوونی وەرزی تووش و سەرمای زستانی کردبێتە جێژن، هەروەها مامۆستا هێمن موکریانی جێژنی نەورۆز دەباتەوە سەردەمی ئاژەڵداریی کورد و بە تایبەتی پێی وایە ئەو رۆژە رۆژی مەڕ زایینە. لەو سۆنگەیەوە کە مەڕداری کورد،  رانە مەڕەکەی لەو رۆژەدا دەزێ کردوویەتە جێژن.
سەرەڕای ئەوەیکە لە هەندێ لە ئەفسانە کۆنەکاندا باس لەوە دەکرێ کە ئەو رۆژەی مرۆڤ بۆ یەکەم جار ئاگری تێدا دۆزیوەتەوە، دەکەوێتە ئاخر شەوی زستان و یەکەم رۆژی نەورۆز و هەموو ساڵێک ئەو رۆژەی وەک رۆژێکی  پیرۆز یاد کردۆتەوە  و بایخێکی زیاتریان داوە بە ئاگر چونکە سەرەرای ئەوەی گەرمی کردونەتەوە ، زۆر پێشکەوتنی دیکەشی بەدوای خۆیدا هێناوەتە ئاراوە. بە گشتی ئاگر لە باوەڕی کۆنی کوردەواریی خۆماندا هێمایەکی لە مێژینەیە. کەس نکۆڵی لەوە ناکات کە بەر لە هاتنی ئایینی ئیسلام کوردەکان ئیزدەی وزەردەشتی بوون. ئەوان ئاگرپەرست نەبوون. بەڵکوو ئاگر بەلایانەوە وەک هێمایەکی پیرۆز پارێزراوە.ئێستاش شوێنەواوری ئەو ئاگردانانە لە گۆشەو کەناری کوردستان داماون، کە گەورەترینیان ئاگردانێکە کەوتۆتە ناوچەی تیکاب و بە تەختی سڵێومان ناسراوە.
بە گشتی و بەراشکاوی لە کۆتایدا دەتوانم ئەوە بڵێم کە  بەپێی هەموو هێماکان نەورۆز کۆنترین جێژنی کوردە و لە کوردستانیشەوە بە ناوچەکانی دیکەی ئاسیادا بەتایبەتی بە ناوچەکانی ئێراندا بڵاو بۆتەوە و ئێستا زۆر گەل و نەتەوە هەن، خۆیان بە خاوەنی ئەو جێژنە دەزانن. لەو نێوەدا ئەوەی زیاتر لە هەموویان بە هێما و باوەڕی کۆنەوە لە جێژنی نەورۆزدا بوونی هەیە و مۆرکە مێژوویی و کەونەکانی بە روخساری ئەو جێژنەوە دیارن، کوردە.
نەورۆزتان پێرۆز بێت و هیوادارم رۆژێکی نوێ و وەرزێکی نوێ بێت پڕ لە سەرکەوتن لە ژیانی و کایە و گشت بوارەکانی هەر تاکێکی کورد لەم جیهانەدا.
سەرچاوەکان؛ ویکیپیدیا ، ئاڤێستای نەورۆز ، مێژووی تەبەری


هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر