پنجشنبه، شهریور ۳۱، ۱۴۰۱

شۆرشی ژن ،ژیان ،ئازادی

 



وشەی شۆڕش، بە واتای سەرهەڵدان و لە روانگەی کۆمەڵناساندا، هەر بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی جەماوەری کە ببێتە هۆی پرۆسەی گەورەی چاکسازی یان گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی ، پێی دەوترێت شۆڕش.

شۆڕشە گەورەکان ئەو شۆڕشانەن کە لەگەڵ خۆیاندا  گۆڕانکاری بنچینەییان خۆڵقاندووە، لە حکومەت و قەوارەی کۆمەڵایەتی وڵاتێکدا ، لەنێویاندا دەتوانین ئاماژە بە شۆڕشی گەورەی فەرەنسا و شۆڕشی روسیای ١٩١٧  بکەین.

ئەو شۆڕشانەی  کە لە سەدەی بیستەمدا ڕوویان داوە، كاریگەری زۆری لەسەر كۆمەڵگەی ئەو وڵاتانە هەبووە و نزیكەی هەموو شۆڕشەكانی سەدەی ڕابردوو لە كۆمەڵگە تازەپێگەیشتوەكاندا ڕوویان داوە نەك لە وڵاتانی پیشەسازیدا. ئه‌و دوو ڕووداوه‌ شۆڕشگێڕانه‌ی که‌ قووڵترین ئاکامیان بۆ هه‌موو جیهان هه‌بوو، بریتی بوون له‌ شۆڕشی ڕووسیای ساڵی 1917 و شۆڕشی ساڵی 1949ی چین. هەردوو شۆڕشەکە لە کۆمەڵگەی گوندنشین و سوننەتیدا ڕوویانداوە، هەرچەندە یەکێتی سۆڤیەت لەو کاتەوە ئاستێکی بەرزی پیشەسازی بەدەستهێناوە. هەروەها زۆرێک لە وڵاتانی جیهانی سێیەم لە سەدەی بیستەمدا شۆڕشیان بەخۆوە بینیوە، بۆ نموونە مەکسیک، تورکیا، میسر، ڤێتنام، کوبا و نیکاراگوا. ئێران لە ساڵی ١٩٧٨دا بە شۆڕشێکی جەماوەری گەورەدا تێپەڕی.

تەنانەت ئەمڕۆش ، شاهیدی ئەو شۆڕشانەین کە لە سەدەی بیست و یەکەمدا ڕوویانداوە یان ڕوودەدەن، شۆڕشەکانی تونس و میسر کاریگەرییەکی زۆریان لەسەر پێشهاتەکانی ناوچەکە هەبووە و هیوای خەڵکی ناوچەکەیان بۆ دیموکراسی زیاتر کرد. دیکتاتۆرەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە ناوچەیەکی دەوڵەمەندیان لە جیهاندا  لە بەردەستدا هەبووە و هەیە چ لە رووی سەرمایەی مرۆڤیەوە و چ لە ڕووی کانگای نەوت و گاز و هتدەوە، نەک هەر خەڵکیان لە وڵاتەکانیان بێبەش کرد لە داهاتی ئەو کانگایانە ، بەڵکو  ئازادی و توانای  بریار دان و بیرکردنەوەشیان لێ زەوتکردن .

 کۆماری ئیسلامی ئێران  لە ساڵی ١٣٥٧شۆڕشی گەلانی ئێرانیان دزی و ئێستا  پێیان وایە دەیانەوێت زاڵ بن بەسەر جیهاندا و دەسەڵاتی عەدالەتی مەهدی دامەزرێنن، لە هیچ تاوانێک  بۆ بەرەو پێش بردنی ئەو بیرۆکریان بەرانبەر گەڵانی ئێران  و ناوچەکە لەو چڵ و سێ ساڵەی حکومەتیان سڵ نەکردەوتەوە .

 ئەوەی ئێستا لە کوردستان و ئێران روو دەدات  کەلەکە بووی ئەو کێشە و ئاریشانەن کە خەڵکی ئێران لەو ماوەی کۆماری ئیسڵامی ئێراندا رووبەرووی بونەتەوە . خەڵک لەم ماوەیەدا ئەزموونێکی باشی پەیدا کردوە  و ڕێگە نادەن جارێکی دیکە شۆڕشەکەیان بە فیڕۆ بچێت، بەڵام ئەم پرسیارە دێتە گۆرێ: ئایا خەڵک و پلاتفۆرمی سیاسی ئێران توانای شۆرشێکی دیکەیان هەیە؟ ئایا ئەم شۆرشە کە زۆربەی شارو شاروچکەکانی ئێرانی گردۆتەوە سەرکەوتوو دەبێت و ئاکامەکەی دەبێتە شۆرشی هەموو گەڵانی ئێران، بەو واتایا گەڵانی ئێران لە سایەیدا بە مافەکانی دەگەن؟

 بۆ ئەوەی وەڵامێکی ورد و زانستی بۆ ئەم پرسیارە بدرێتەوە، پێویستە گرنگی بەو فاکتەرانە بدەین کە شۆڕشەکان لە قاڵب دەدەن و سەردەکەون؟ ئایا ئەو فاکتەرانە بۆ شۆڕشی ئەمجارە ، خوازراو بوونیان هەیە یان نا؟..

 شارەزایانی زانستی سیاسی بە تایبەت لە مەسەلەی شۆڕشەکاندا لەسەر بوونی چوار فاکتەر و توخم بۆ پێکهاتن و سەرکەوتنی هەر شۆڕشێک کۆکن.

یەکەم : ناڕازیبوون لە دۆخی ئێستا،

دووەم: ڕۆحی شۆڕشگێڕانە و ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە دۆخی ئێستا،

سێیەم:  ئایدیۆلۆژی و یان  بەرنامەیەکی شۆڕشگێڕانە  و باش دژی سیستەمی ئێستای حکومەت و دوای رووخای ئەو .

چووارەم : رێبەری و سەرکردایەتی.

 چوار توخم و فاکتەری بنەڕەتی و پێویستن بۆ پێکهاتن و سەرکەوتنی هەر شۆڕشێک. ئەم چوار فاکتەرە ئێستا لە ئێران ئامادەن.

ئەوەی کۆماری ئیسڵامی ئێران تا ئێستا بە ترس و تۆقاندن،  خەڵکیان لە هاتنە سەر شەقامەکان کۆنترۆڵ کردبوو  بە کۆژرانی زاڵمانەی ژینا ئەمینی  و هاتنە سەر شەقامی خەڵک، لە زۆربەی شارو شاروچکەکانی ئێران و یەکیەتییەک  کە لە دروشمەکانی ئەمجارە ی خۆ پێشاندەران کە لە هەموو پێکهاتەوە و گەڵانی ئێراندا رەنگدانەوەی هەیە لە گەڵ هاو سۆزی و پشتیوانی لە گەلی کورد ، هیچ ترسیان نەماوە و زۆر ئازایانە رووبەرووی هێزە سەرکوتکەرەکانی رژیم دەبنەوە.

ئەگەر بۆ بەرچاو روونی، بە کورتیش چاوێک لە مێژووی هەریەک لە وڵاتە گەورەکانی عەرەبی لە حەفتا ساڵی ڕابردوودا بخشێنینەوە، دەبینین چ کودەتا و خوێنڕشتن و گۆڕانکارییەک ڕوویداوە. لە عێراقی دراوسێی ئێران، کودەتایەکی سەربازی کۆتایی بە دەسەڵاتی پاشایەتی هێنا. چەند ساڵێک پێش ئەوە، لە میسر، ئەفسەرە لاوەکان بە ئەنجامدانی کودەتای سەربازی ڕژێمی شاهانەیان ڕووخاند و سیستەمێکی ستەمکاری و ناکارامەیییان دامەزراند، کە جەمال عەبدولناسر هێمای باڵای ئەو سیستەمە بوو. کودەتا لە دوای کودەتا لە سوریا ڕوویدا. تا دواجار حافز ئەسەد نیزامی دەسەڵاتی گرتە دەست و چەند دەیەیەکی خایاند و دواجار حکوومەتی ڕادەستی بەشاری کوڕی کرد . لە لیبیا قەزافی بە ئەنجامدانی کودەتای سەربازی دەسەڵاتی گرتە دەست . سودان وڵاتێکی تری کودەتا عەرەبییە کە عومەر بەشیر بەهاوکاری دەسەڵاتی سەربازی زاڵ بوو. لە لوبنان هەرچەندە کودەتای سەربازی ڕووی نەداوە، بەڵام ئەو وڵاتە هەمیشە ڕووبەڕووی شەڕی ناوخۆ بووەتەوە، چونکە خاوەنی پێکهاتەیەکی کۆمەڵایەتی و سیاسی زۆر ئاڵۆزە کە دۆخەکە زۆر لەرزۆک دەکات. حکومەتی یەمەنیش  بە هۆی کودەتا چوار دەیەی پێش ئێستا کۆتایی بە دەسەڵاتی پاشایەتی هێنا، بە یەک وشە، لە چەند دەیەی ڕابردوودا، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەمیشە ناوەندی گرژی و ئالۆزی بووە تا ئێستا.

لە کۆتاییدا،  ئەو پرسیارانە دەبێت هەر تاکیکی ئێرانی لە خۆی بکات کە : ئایا  شۆرشی ئەمجارە بە ئاسانی سەر دەکەوێت ؟  بە رای من بۆ  دڵنیابوون لە  سەرکەوتنی  شۆرشی ئەمجارە، گەڵانی ئێران دەبێت بەهایەکی گەورە بدەن و لە هیچ فیداکارییەک سڵ نەکەنەوە، چونکە رژیمی دیکتاتوری کۆماری ئیسڵامی هەر لە سەرەتاوە بە خوێن هاتووە و پێویستیشی بە خوێنێکی زۆرە تا دەستیان لە دەسەڵات بەردەبێت، هەروەها یەکێتی لە نێوان گەڵانی ئێراندا دەبێت بگاتە ئاستێکی بەرز، لە دروشم و کردەوە و بەرنامەکانیاندا دەبێت رەنگدانەوەی ئەو یەکیەتییە  بن چ ئێستا و چ لە دوای کۆماری ئیسڵامی.

لە ئەگەری بە سەر ئەنجام نەگەیشتنی راپەرینەی ئەمجارە، کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ مانەوەی خۆی ، شەرێکی گەورەی ناوچەیی دەست پێدەکات کە هەموو گەڵانی ئێران و ناوچەکە خسارمەندی سەرەکی ئەم شەڕە دەبن.


هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر