دوشنبه، شهریور ۰۶، ۱۴۰۲

خۆشترین سەردەمی ژیانم

 



منداڵی سەردەمی پێکەنینی دڵڕفێنە، میهرەبانییەکی چاوەڕوان نەکراوە، هەر لەو سەردەمەدایە کە مرۆڤ ، ژیان، ساف و زولاڵ و پڕ مانا دەبینێت و چێژێکی راستەقینەی  ژیان تەجروبە دەکات .

منداڵی، بۆ هەر کەس  مانای شتێکە. بۆ منداڵێکی بەختەوەر لە باوەشی خۆشەویستی بنەماڵەیدا، خێزانەکەی پڕە لە یادەوەری شیرین، وە بۆ منداڵێک کە ناچارە هەر لە منداڵیدا مڵ بداتە کار، پڕە لە ناخۆشی و پەشیمانی، بەڵام ڕاستگۆیی و پاکی و بەختەوەری منداڵی وامان لێدەکات کە هەموومان منداڵیمان بیر بێتەوە و هەندێک جار هەناسە بدەین و بڵێین خۆزگە بگەڕێمەوە بۆ سەردەمی  منداڵی!

منداڵی ئێمە، سەردەمێک بوو کە شۆرشی ئێران دەستی پێکرد، دوایی شەڕی ئێراق و ئێران بۆ ماوەی هەشت ساڵ درێژەی کێشا. هەر چەند سەرەتا شەرەکە لە پارێزگای خوزستان قەتیس مابوو، بەڵام بە فەرمانی رەفسنجانی شەڕکەیان کێشایە هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی ئیڵام ، کرماشان ،کوردستان و موکریانیشی گرتەوە.

شاری سەردەشت تا ساڵی ١٣٦٢-١٣٦١ لە ژێر کۆنترۆڵی پێشمەرگە و هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی دابوو. هەر لەو ساڵانە دابوو کە منداڵانی کورد خوێندنیان بە زمانی کوردی بوو. من یەکیک لەو قوتابیانە بووم ، تەمەنی من یاسایی نە بوو  بۆ خوێندن، واتا شەش ساڵم تەواو نەکردبوو. تەنیا لە بەر خۆشەویستن بۆ دەرسی کوردی بە شێوەیەکی نافەرمی دەچوومە مەدرسە . ئەو سەردەمە گوندی ئێمە دوو ماموستای بوو بە ناوەکانی، ماموستا هەمزە و ماموستا حەسەن... هەر دووکیان منیان خۆشدەویست، بەڵام هێندێکجاریش سەریان دەنامە سەر بە شۆخی ، تورەیان دەکردم، منیش رێپێم دەنان.

کاتێک وێنەی کتێبەکی خوێندنی زمانی کوردیم دەدین، بست بە بست باڵام دەکرد و منیان دەبردە خەیاڵێکی قووڵەوە. خۆشترین دەرسیش لە خوێندی زمانی کوردی ئەو دەرسە بوو بە ناوی (( وڵاتی مە کوردستانە )) .



ئەو ساڵەی کە من دەرسی کوردیم دەخوێند، خۆشترین ساڵی ژیانم بوو. دوایی موجاهدینی خەڵق هاتن ماوەیەک لە مەدرەسەکەدا مانەوە، لە تەنیش مەدرەسەکە چادرێکیشان هەڵدابوو وەک نەخۆشخانە.... هەموو کەسیان بە بەڵاش چارەسەر دەکرد. تا ئەو کاتەی سەردەشت لە ژێر کۆنترۆڵی پێشمەرگە بوو، دوونیا جۆرێکی دیکە بوو. هەموو شتێکی دەوروو بەر جوان و پڕ بەها بوو. هێندێک باڵندە لە ئاسمانی گوندی ئێمە دەفرین و پڕ بە و دۆڵ و کێوانە دەیانخوێند و بە دەنگیان هەر یەکەی لە ئاوازێک نۆتێکی موزیکی خۆشیان لە تێکەڵکردن بە هاش و هووشی رووباری خوارەوەی گووند دروست دەکرد.  بە گرتنەوەی ناوچەی سەردەشت لە لایەن کۆماری ئیسڵامی و کێشانی شەڕ بۆ ناوچەکەی ئێمە و بۆمبارانی چەکی کیمیای ئێراق لە سەردەشت و ناوچەی ئالان، هەموو ئەو باڵندانە یان نەمان یان کۆچیان کرد و نسێ شوومی کۆماری ئیسڵامی بە سەر ناوچەکەدا کێشرا کە تا ئێستاش لە گەڵ بێت، خەڵکی ئەو ناوچەیە رووی ئاسودەیان بە خۆیانەوە نەدیتوە. کاریگەری شەریش ئاکامێکی خەراپی بە سەر سایکۆلۆژی ئێمەی منداڵ و خەڵکی ناوچەکەدا جێ هێشتووە.

 

لە دەرفەتێکدا، هەموو دەرسە کوردییەکانی خوێندنی زمانی کوردی دەخەمە سەر وێبڵاگەکەم....


هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر