ئیزەدی ئاینێکی کۆنی کوردە کە دەگەرێتەوە سەردەمی میترایەکان،
ئیزەدیەکان لە پێش ئایینی زەدەشتی لە ناوچە میزۆپۆتامیا بوونیان بووە، بەڵام دوای هاتنی
ئاینیی زەدەشتی زۆربەی ئیزەدیەکانیش ئەو ئاینەیان وەرگرت. پەرستگای سەرەکی ئیزەدیەکان
لە لالەشە کە دەکەوێتە باشووری کوردستان. ژمارەیەکی زۆر ئیزدی لە وڵاتی رووسیا و تورکیان،
هەروەها ژمارەیەکیش لە وڵاتی سوریا و هێندێکیشیان بە هۆی زوڵم و زۆری رژیمە دیکتاتۆرەکانی
حاکم بە سەر کوردستاندا بۆ وڵاتانی ئوروپای کۆچیان کردووە کە وڵاتی ئاڵمانیا زۆرترین
ژمارەی پەنابەرە ئیزدیەکانی لە خۆ گرتووە.
بۆ وەڵامى کۆمەڵێک پرسیار و سەردانى ناو برایانى ئێزیدیمان
کرد و لە شارۆچکەى ئیسفنێ شێخان ئەو دیاردە جوانە و ئەو کلتورە رەسەنەى کوردانمان بینى
کە ئێزیدى و موسڵمان و فەلە بەیەکەوە دەژیان لەو پەڕی ئاشتى و ئارامى و تەبایی، وەک
بیستمان کە پەیوەندیەکى پتەوى کۆمەڵایەتیان هەیە و تا ئێستا بێ کێشە و گرفت لەو دەڤەرە
ژیان دەگوزەرێنن، ئەگەرچی هەردوو حکومەتى بەغدا و هەرێم ئاوڕێکى ئەوتۆی لەو دەڤەرە
ئێزیدى نشینانەوە نەداوەتەوە، بەڵام ئەوان هێشتا هەر لە پارێزگارى کردنى خۆیانن لە
مانەوەى خۆیان لە هەموو رووەکانەوە، سەردانى گەلى لالەشمان کرد، وەکو نەریت پێویستە
لە سەرەتاى چوونت بۆ نێو ئەو پەرستگایە پێیەکانت خواس بکەیت و پابەندى پاک و خواێنى
ئەو شوێنە بیت پابەندى ئەو رێنمایانە بیت کە پێویستە بۆ شوێنە پیرۆز و پەرستگاکان هەبێت،
لە دەروازەى لالەشەوە لەلایەن دوو پیاوى ئایینى زۆر هێمن و بەڕێز پێشوازیمان لێکرا،
یەکێکیان بە پیر سەعید وز ئەوەى تریان بە بابەچاویش دەناسرا، کە هەردووکیان پلەیەکى
بەرزن لەنێو ئەم ئایینە، بابەچاویش دوایین پلەى ئەم ئایینەیە:
·
پێناسەیەکى
کورتى ئایینى ئێزیدیمان بۆ بکە..؟
·
ـــ
ئێزیدى کۆنترین ئایینى جیهانە، چونکە ئادەم لە لالەش هاتۆتە بوون، لە رۆژى یەکەمەوە
ئێزیدى خودا پەرستن تاوەکو ئەمڕۆ و تا ئێستا ئەم رێبازەیان بەرنەداوە، داب و نەریتى
خۆشیان بەرنەداوە، ئێزیدیاتى لە کوردستانى عێراقی سەریهەڵداوە و پاشان بڵاوبوەتەوە
بۆ ئیران و تورکیا و سوریا، چونکە لالەش حەجە و سەنتەرى ئێزدیان لالەشە، لە سەرەتاوە
ئێزیدیاتى لەناو کوردا هەبووە و ئایینێکى رەسەنى کوردییە و تەنها ئێزیدى کوردییە، تا
ئێستاش بە هیچ شێوەیەک زمانى خۆیان نەگۆڕیوە، ئایینى ئێزیدى.
·
بە
کێ دەڵێن ئێزدى..؟
·
ـــ
ئێزیدى بریتییە لە برایەتى و راستگۆیی و جوامێری و چاک رەفتارى و بێ جیاوازى و فیداکار
بۆ دراوسێی خۆی، ئێزیدیاتى سمێڵ و ریش و گریڤان(کراسێکى سپییە و بەدەستى خۆیان دەدروون)،
ئێزیدیاتى کوشت و بڕی تێدا نییە و تاوانێکى گەورەیە و لە ئاییندا زۆر حەرامە، ئێزیدیاتى
ئابڕوومەندییە.
·
ئێوە
چی دەپەرستن..؟
·
ـــ
خودا و تاوسی مەلەک(سەرۆکى هەموو فریشتەکان)
·
پەرتووکى
پیرۆزى ئێوە چییە..؟
·
ـــ
مەسحەفى رەش و جەلوە.
·
بڕواتان
بە ئایینەکانى تر و پەرتووکە پیرۆزەکانى تر هەیە..؟
·
ـــ
بەڵێ…ئەوانیش ئایینن و
پەرتووکى ئاسمانیینە و ئەوانیش رێز و بەهاى خۆیان هەیە و تەواوى گووتەکان گووتەى خوداییە
وەک پەرتووکى ئێمە.
·
نوێژکردنتان
کەیە و چۆنە..؟
·
ـــ
بەیانى پێش رۆژهەڵات روومان دەکەینە هەتاو و ئێوارەش پێش رۆژئاوابوون رووى خۆمان دەخەینە
رۆژئاوا، پێش خەوتنیش بۆ ئەوەى مرۆڤ حەلال بێت شەهادەى دینیمان دەڵێین، هاوکات نزاش
دەکەین بۆ هەموو خەڵکى ئینجا بۆ خۆمان، تا بۆ خەڵکى دوعا نەکەین بۆ خۆمان ناکەین بۆ
نموونە دەڵێین :یا
خودێ تو ڤێ دنیایێ بسترینى، میللەتێ مە، گوندێ مە، جینارێ مە پشتى خۆ دبێژین.
·
مردو
ناشتنتان چۆنە..؟
·
ـــ
مردوو دەشۆین، جل و بەرگى لەبەر دەکەینەوە و قەرقارە(رووبێکى گەورەیە) و کفنى لەبەر
دەکەین، پاشان دەیبەین بۆ گۆڕستان، یەک مەتر و نیو گۆڕێک دەکۆڵین و گرێی کفنەکە دەکەینەوە
و ئینجا مردووەکە دەنێژین و پێویستە بۆ شووشتن و ناشتن شێخ و پیر و براى ئاخرەتێ ئامادەى
بن(براى ئاخرەتێ: رۆژی پێش زەواجى ئەو کەسە کەسێکى تر دەکاتە براى ئاخرەتى خۆی بەهۆی
بەردێکى خاکى لالەش و دەیخەنە ناو ئاوێک و دەیدەنە کەسێکى تر تا ببێتە براى ئاخرەتێ).
پاشان دوعاى سەرەمەرگێ بۆ دەکەن، پاشان تەلقین دەدرێ و هێدى هێدى گۆڕەکە پڕ دەکرێتەوە
و کێڵی بۆ دادەنرێن مردووش سەرى لە رۆژئاوا دەبێت و قاچی لە رۆژهەڵات، تەلقین بە وەزن
و قافیەیە و نابێ بگووترێ تەنها لەسەر گۆڕی مردوو چونکە گوناهە.
·
نەریتى
ژنهێنانتان چۆنە..؟
·
ــــ
کوڕ بۆ خۆی لەگەڵ کچێک دادەنیشێت و تەفاهوم لەگەڵ یەکتر دەکەن و پاشان دەچنە خوازبێنى
کچەکە، کاتێ چوونە ماڵى کچە هەموو خێزانەکە بە یەکەوە دادەنیشن و ئەگەر کوڕە و کچە
بە یەکتر رازیبوون ئینجا زیاتر لەیەکتر دەچنە پێش. دواى خواستن کوڕەکە و کچەکە دەبەنە
ماڵى شێخى گوندە کە پێى دەگووترێ(شێخى شێخ هەسن) لەیەکتریان مارە دەکەن.
·
کەسێک
لە ئایینەکەتان بچێتە نێو ئاینێکى تر و بە پێچەوانەوەش ئێوە هەڵوێستتان چۆنە..؟
·
ـــ
ئێمە قەبوڵمان نییە کەس بێتە سەر ئایینى ئێمە و بە پێچەوانەش چونکە ئەوەى بە کەڵک ئایینى
خۆی نێت بەکەڵک هیچ ئایینى تر نایەت.
·
راستە
دەڵێن ئێوە زۆر درەنگ خۆتان دەشۆن و گرنگى بە پاک و تەمیزى خۆتان نادەن..؟
·
ـــ
ئەوە بە هیچ شێوەیەک راست نییە
·
خۆشەویستى
بە هەموو شێوازەکانیەوە لەنێو کوڕان و کچانى ئێوە ئازادە..؟
·
ــــ
پەیوەندى خۆشەویستى ئاساییە و زۆر ئازادە، بەڵام نابێت سنورى ئەخلاقی تێدا ببەزێرێت
و زیادەڕۆیی نابێت لێ بکرێت.
·
کەسێک
لە ئاینێکى ترەوە دەتوانێت هاوسەرگیری لەگەڵ ئێزیدیەک بکات..؟
·
ــــ
ئەوە لاى ئێمە نییە.
·
پارەى
مارەیی(شیربایی) وەردەگرن..؟
·
ــــ
75 گم زێڕە
·
مەى
خواردنەوە لاى ئێوە سزاى لەسەرە..؟
·
ـــ
وەڵامى ئەم پرسیارە لاى هەموومانە.
·
گوناهترین
شت لاى ئێوە چییە..؟
-
کوشتن
و زینا و درۆ
·
چ
جیاوازیەک هەیە لەنێوان ئێزیدیەت و زەردەشتیەت..؟
·
ـــ
زەردەشتیەت لە ئێمە دابڕاون و جیاوازیەکى زۆرى تێدا نییە
·
چ
خواردنێک لاى ئێوە خواردنى گوناهە..؟
·
ـــ
گۆشتى بەراز، خاس و قەڕنابیت و لەهانە
·
ئێوە
بە رۆژوو دەبن…؟ رۆژووەکە کەیە
و چۆنە..؟
·
ـــ
بەڵێ، لە کاتژمێر پێنجى بەیانى تاوەکو 5 و دە یان پانزەى ئێوارێ، لە 12/12 کە سێ رۆژە
و فەرزە، پیاوانى ئایینى کە چەند کەسێکن لە 40ى هاوینێ و 40ى زستانێ هەر 40 رۆژ بەرۆژوو
دەبن و رۆژی پاشانیش جەژنە.
·
پلەى
ئایینى ناو ئێزیدیان چۆنە..؟
·
ـــ
مورید، پیر، شێخ
·
چ
پرسیارێک هەیە حەزناکەیت لێتى بکەین..؟
·
ـــ
نەخێر ئێوە ئازادن چ پرسیار دەکەن بیکەن چونکە ئایینەکەمان دەڵێت پرسیار بەخێرن.
·
لەکاتى
خۆپاککردنەوە لەلەش پیسی چی دەڵێن..؟
·
ـــ
بۆ هەموو کاتەکان خۆشوشتنمان هەیە و هەر کاتێک پێویست بکات بە خۆشووشتن ئەوا خۆمان
دەشۆین.
·
بەلاى
ئێوەوە شەیتان چییە و بەکێ دەگووترێ..؟
·
ـــ
ئەوانەى بە فریشتەکانى خودا دەڵێن شەیتان گوناهبار دەبن چونکە نابێت قسەى خراپ لەخۆت
گەورەتر بڵێیت و قسەى ناشیرینیش هەر ناشیرینە، چونکە ئەوکەسانە بەناوى(تاوسی مەلەک)
وا دەڵێن(تاوسی مەلەک)یش سەرۆکى هەموو فریشتەکانى خودایە بۆیە قسە پێگووتن گوناهبار
دەبن.
·
گەنجانى
ئێوە لە ئێستادا تا چەند پابەندن بە ئایینەکەیانەوە..؟
·
ـــ
هەر کە دەستى راست و چەپی خۆی ناسی ئینجا دەزانێ خێر و گوناه هەیە، ئینجا رێنمایی دینى
دەکەوێتە سەر و پێویستە پابەندى رێنماییەکانى ئایینەکە بێت، ئێستاش لە هەموو ئاینەکان
وا دیارە پابەند بوون کە بووە.
·
ریش
و سمێڵ نەتاشین لاى ئێوە ماناى چییە..؟
·
ـــ
ریش واتا رێگاى ئایین، هەموو پیاوێک پێویستە ریش و سمێڵی هەبێت.
· شەهادەى دینى ئێوە چۆنە..؟
·
ـــ
شەهادەى دینى من یەک الله، مەلیک شێخسن حەق حبیب الله، هەر ئەوە هەر ئەوە نە خوارن
دکەت نە خەوە، شەهادە دینێ من ناڤێ تاوسی مەلەک دێبیت رەوا….هتد
·
بۆچی
بە ئێوە دەگوترێ کوردى رەسەن..؟
·
چونکە
ئێمە ئایین و زمانى کوردیمان پاراستووە
·
کێن
ئەو ئێزیدیانەى کە خۆیان بە کورد نازانن..؟
·
ـــ
کەسی وا نییە، ئەگەر هەشبێت ئەوا نوێژ و دوعا و شاهادەى دینییەکەى کوردییە.
·
مۆسیقا
و گۆرانى و وێنەکێشان لاى ئێوە گوناه نییە..؟
·
-نەخێر.
·
نەریتەکانى
حەج کردن لاى ئێوە چۆنە..؟
·
ـــ
یەکەمجار خۆى تەواو بشوات و سێجار بچێتە پردى سراتێ و پاشان لە کانى سپی خۆی پاک بکاتەوە،
دواتر دەچێتە کانى زمزم و ببێتە حاجى و پاشان دەچێتە سەر کێوى عەرەفاتێ(لە لالەش سێ
چیاى پیرۆز هەیە بەناوەکانى-عەرەفەت، مشەت، عەزرەت) دواتر دەبێت بچێتە سەردانى هەموو
مەزارگەکان.
·
سونەتکردن
و خەتەنە کردن لاى ئێوە هەیە..؟
·
سوونەتکردن
لاى ئێمە هەیە، بەڵام خەتەنە حەرامە لاى ئێمە
·
فرەژنى
و تەڵاق لاى ئێوە هەیە..؟
·
ـــ
لە ئایینى ئێمە نەگووتراوە یەک یان دە ژن بینە، ئەگەرچی شەرمە، بەڵام بەهۆکار هەیە
و ژنەکەش دەتوانى دواتر شوو بکاتەوە و پیاوەکەش دەتوانێ ژنێکى تر بهێنێتەوە.
·
فاڵ
و نوشتە و دوعاکردن بۆ کارى باش و خراپ و بۆ نەخۆشی و…هتد
لاى ئێوە هەیە..؟
·
ـــ
هەموو دوعاکانى خێر و چاکەمان هەیە، بەڵام بە هیچ شێوەیەک دوعایەکى شەڕ و تەفریقە و
تێکدان و….هتد لاى ئێمە نیە
و لە ئاینەکەشمان گوناهە و حەرامە.
·
کەسی
ئێزیدى بە چ رەفتارێک لە ئاینەکەى دوور دەخرێتەوە..؟
·
ـــ
ئەگەر مورید و پیر و شێخ لەیەکتر بخوازن دەبێت لەناو ئێمە دەرچن یاخود لە ئاینێکى تر
بخوازێت، ئەگەر مرۆڤى ئاینێ بکوژێت،.
·
کریڤ
ماناى چییە..؟ بۆچی ئێوە ئەم وشەیەتان پێ خۆش نییە..؟
·
ـــ
کریڤ واتا تۆ لە شیرینى نێوان دووکەس پێتان دەگووترێ کریڤ و واتا کریڤ براى گیانى بە
گیانى، هەندێ کەس وەکو ئیهانە بە ئێزیدیان دەڵێن نەک لە شیرینى.
·
بۆچی
ناوەکانى ئێوە لەگەڵ ناوەکانى موسڵمانان وەک یەکن و عەرەبین..؟
·
ـــ
لەبەر ئەوەى سەدان ساڵە لەگەڵ عەرەب و موسڵمانان دراوسێی یەکتر بووینە.
·
نەریتەکانى
هاتنى خەڵک بۆ پەرستگاى لالەش چۆنە..؟
·
ـــ
پێش هەر شتێ دەبێ پێی خۆی خواس بکات وەک رێزگرتنێک لەو شوێنە، شوێنى تەواولێت لە لالەش
تایبەتە، تف رووکردنە زەوى نابێت لە هەموو شوێنێ و بە تایبەت لە لالەش، ئافرەت و کچان
دەبێ خۆیان داپۆشن، ئەو کەسەى دێتە لالەش نابێت مەى خواردبێتەوە و ریزگرتن لەو پەرستگایە.
·
چ
کاتێک لە شەو رۆژ و چ رۆژێک لە هەفتە و چ رۆژێک لە مانگ و ساڵ لاى ئێوە پیرۆزە..؟
·
ـــ
رۆژهەڵات، چوارشەمە، حیسابی ئێمە کوردیە و ساڵی رۆژهەڵاتییە، نیسان چونکە لە مانگى
نیسان گەردوون و زەوى و ئاسمان دروست بووە و سەرى ساڵی ئێمەش لە مانگى نیسان.
·
پیرۆزترین
شت لاى ئێوە چییە..؟
·
ـــ
پیرۆزترین شت لاى ئێمە ئاگرە، چونکە ئاگر رووناکییە لەلایەن خوداوە.
·
چەند
جەژنتان هەیە و ناویان چییە و لە چ کات و ساتێکى ساڵدان..؟
·
ــ
لە هەر وەرزێک جەژنى خۆمان هەیە وەک کەرنەڤاڵ کەناویان(جەژنى سەرى ساڵ لە مانگى نیسانە،
جەژنى حەجیان، شەڤ بەرات(لیلە قدر)، رۆژیێت ئێزیدیان لە مانگى 12، جەژنى جەما لە مانگى
10 ، جەژنا بێلەندا جەژنى جووتیاران و ئاگر لە مانگى 20/12 ، جەژنى چلەى هاوین، جەژنى
چلەى زستان، جەژنى خدر و ئەلیاس و زۆر جەژنى تر.
·
پەیوەندیتان
لەگەڵ ئایینەکانى تر چۆنە..؟ ئایا سەردانى یەکتر دەکەن..؟ دەچنە پرسە و ئاهەنگ و بۆنە
و داوەتى یەکتر..؟
·
ـــ
بەڵێ زۆر بە ئاسایی سەردان و میواندارى یەکتر دەکەین و بە شانازیەوە دەچینە پرسە و
بۆنە و ئاهەنگى یەکتر بەبێ جیاوازى.
·
خێر
و قوربانى و سەربڕینى ئاژەڵ لاى ئێوە هەیە و چۆنە و چی دەڵێن..؟
·
ـــ
لە قوڕگیدا سەریدەبڕن و دەڵێین: دەستورى ژ خودێ وى مێری ئێ کوشتنا وى حەیوانى حەلال
کرى.
·
سزاى
سێکسی نا شەرعى(زینا) لاى ئێوە چییە..؟
·
ـــ
حەرامە و نابێت ئەوکەسە لەناو ئێمەدا بمێنێت.
·
کارکردنى
ئافرەت لە دەرەوەى ماڵ ئاساییە..؟
·
ــــ
ئاساییە و مامۆستا و دکتۆر و فەرمانبەرى ئافرەتى ئێزیدیمان زۆرە.
·
خوداوەند
لە روانگەى ئێوەوە کێیە و چۆنە و لە کوێیە..؟
·
ـــ
خودا نە دەنگە نە رەنگە و یارەبی کەس نازانى تۆ چۆنى
·
لە
روانگەى ئێوە مرۆڤ دواى مردن چی بەسەر دێت..؟بڕواتان بە زیندوو بوونەوە هەیە..؟
·
ـــ
مادام خێر و شەڕ هەیە بەهەشت و جەهەنەمیش هەیە کەواتە مرۆڤ دواى مردن بۆ حیسابات زیندوو
دەبێتەوە.
·
ناوەکانى
ئێوە لەگەڵ ناوەکانى موسڵمانان زۆر لەیەکتر نزیکە بۆ..؟
·
-خودا پەرستى و خوداناسی بەناو نییە بە
کار و رەفتارە.
·
تا
چەند خۆتان نزیک دەبینن لەگەڵ ئاینى ئیسلام و کریستیان و جوو واتا چیتان لەیەکتر نزیکە..؟
·
ـــ
زۆر شتمان لەیەکترى نزیکە لەگەڵ هەرسێ ئایینەکە، بە تایبەتى هەموو ئاینەکان تەنها یەک
خودا دەپەرستین.
·
لە
پرسەى مردوو چی دەڵێن..؟ پرسەتان چۆنە و چەند رۆژە..؟ چی بۆ خاوەن پرسە دەکەن..؟
·
ـــ
دەڵێین: خودێ بڕەحمێنت، لە خودا دەپاڕێمەوە کە هەموو لایەکتان ساغ و سەلامەت بن و ئیمانتان
لە جێی بێت و ئەوانەى ماون ساغ بن… حەوت رۆژە و چلەى
ماتەمینى و مردوو و ساڵەى مردووش دەکەین، خێر بۆ خاوەن پرسە دەکەین و شتى بۆ دەبەین
وەکو شەکر و ئارد و رۆن و..هتد.
·
ئایا
راستە ئێوە زۆر رقتان لە پیتى(ش)ە..؟
·
ـــ
هیچ راست نییە و وا نییە ئەگەر وابێ دەبێ ئێمە نەڵێین لالەش چونکە(ش) تێدایە، بەڵام
ئەم قسەیە هیچ راستى نییە..
·
کێن
ئەوانەى لە لالەش نێژراون..؟
·
پیاو
چاکى تێدایە، بەڵام لەهەموو پیاوچاکەکان گەورەتر(شێخ هادى)ە.
·
دەکرێ
دەقێکى کورتى پەرتووکە پیرۆزەکەتانمان بۆ بخوێنیەوە..؟
·
ـــ
ئێمە دەمانەوێت بەبێ جیاوازى نێوان ئایینەکان بژین چونکە هەموو مرۆڤین و خوداوەند ئێمەى
دروست کردووە، هەرکەس لە ئێمە چەند ساڵێک لەسەر ئەم زەوییە دەژیین پێویست ناکات دڵی
یەکتر بشکێنین و دونیا بە برایەتى و تەبایی خۆشە و هیوادارم لە خودا نەخۆشی لە زەوى
نەمێنێت و خێر و خۆشی بێتە زەمینى خودا و هەموو بە برایەتى و ساغ و سەلامەتى لە کوردستانێکى
ئارامدا بژین.
·
لە
کۆتاییدا ئێمە زۆر سوپاسی بەڕێزتان دەکەین کە ئەو دەرفەتە گەورەى خۆت بە ئێمەدا.
·
-بابەچاویش: منیش زۆر بەخێرهاتنى ئێوە
دەکەم و سوپاستان دەکەم بۆ ئەو پەیامە پیرۆزەتان کە بڵاوکردنەوەى پەیامى راستییە بۆ
میللەت و هەر سەرکەوتوو بن.
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر