شوکروڵای بابان کەم و زۆر ناوێکی دیار و ناسراوە بۆ
هەموومان، بە تایبەتی بۆ ئەو کەسانەی کە بە جیهانی ئەدەبیات و کلتووری کوردیدا گوزەریانکردبێت
دەزانن کە لەو جیهانەدا شوکروڵای بابان قەڵافەتی بەرزە و جێ پەنجەی دیارو بەرچاوە.
شوکروڵای بابان لە ساڵی 1923 لە شاری سنە لە دایک بووە، قۆناخەکانی خوێندنی تا ئاستی
دیپلۆم لەو شارە تەواو کردووە، پاشان بۆ درێژەدان بە خوێندن لە تاران گیرساوەتەوە و
لە بەشی ئیلاهیاتی زانکۆی تاران بەکالۆریۆسی بەدەست هێناوە. جیا لە بەکالۆریۆس لەو
بوارەدا ، ماموستا بابان بە هەوڵ و کۆششی بەفرەوانی توانیویەتی لە بورەکانی ئەدەبیاتی
فارسی و جۆگرافیاش بەکالۆریۆس بەدەست بێنێت. بۆ یەکەم جار لە ساڵی 1958 لە رادیۆ تاران
دەستی بە بێژەری کردووە. لە ساڵی 1959 تا 1963 لەگەڵ کۆمەڵێک نووسەری دیکەدا رۆژنامەی
کوردستانیان لە تاران بڵاو کردۆتەوە. بە کردنەوەی رادیۆی کوردی کرماشان رادیۆی تاران
داخرا و هەموو بێژەر و کارمەندەکانی گوارزانەوە بۆ رادیۆی کوردی کرماشان کە شوکرولای
بابانیش یەک لەو کەسانە بوو هاتە رادیۆی کرماشان. دوای ئەوەی رادیۆ و تەلەفزیۆن تێکەل
کران شوکروڵای بابان بۆ ماوەیەک بەرێوەبەری رادیۆی کوردی هەرسێ پارێزگای سنە، کرماشان
و ورمێ بووە. شوکروڵای بابان لەگەڵ ئەوەدا کە بە شێوەیەکی سروشتی خاوەنی دەنگێکی خۆرسکی
زۆر تایبەت بوو بۆ خوێندنەوەی شێعر و چیرۆک و غەزەلی کوردی، لە هەمان کاتدا خاوەنی
خولیایەکی هەمیشەیی بوو بۆ خزمەت کردن بە گەلەکەی لە بواری فەرهەنگ و ئەدەبدا، جیا
لەو بوارەانە لە جوگرافیا و مێژووی کورددا کاری کردووە و هەر لەو پێناوەشدا خاوەنی
چەند بەرهەمی بەنرخ بووە وەک: جوگرافیای کوردستان، فەرهەنگی زمانەوانیی 1000 لاپەرەیی
فارسی – کوردی، گوڵزاری کوردستان، سەلاحەددینی ئەیوبی پاڵەوانی کورد و کۆمەڵێک نامیلکە
و بابەتی بەنرخی تری نووسیوە و بڵاو کردۆتەوە. هەروەها لە دیکلەمەی شیعری شاعیراندا
زۆر سەرکەوتوو بووە و لە نێوبەندی گۆرانییەکانی هونەرمەندی بەناوبانگی کورد حەسەن زیرەک
دا شێعری بۆ خوێندۆتەوە و لە یەکێک لەو شێعرانەدا کە دەیخوێنێتەوە ئامۆژگاری لاوی کورد
دەکات کە فریوی دوژمن نەخوات و دوژمنی کورد نەیباتە مەیدان بۆ شەڕی براکوژی. شوکروڵای
بابان هەروەها میدیاکارێکی سەرکەوتوو بوو بە تایبەتی لە کاتێکدا کە رەنگە بە هۆی بارودۆخی
سیاسی وڵاتەکەی، دەستی زۆر واڵا نەبووبێت کە بە ئارەزوی خۆی بنووسێ و بڵاو بکاتەوە
و بەرنامە پێشکەش بکات، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا زۆر ورد و ژیرانە کاری لەسەر زمان و ئەدەبی
کوردی دەکرد لە راگەیاندندا و دەیزانی کە زمان وەک کۆڵەکەی سەرەکی و توخمی بنەڕەتی
نەتەوە، گرنگی خۆی هەیە و ناوبراو یەکێک لەو کەسانە بووە کە زۆر وشەی کوردی هێناوەتەوە
بۆ نێو ئەدەبیاتی گوتاری و میدیایی کوردی و نەهێشتووە ئەو دەستەواژە و وشانە لەناو
بچن و لە بیری خەڵک بچنەوە. شوکروڵای بابان تەنها بێژەرێکی ئاسایی نەبوو لە راگەیاندندا
بەڵکو مودیر و ئاراستەکارێکی دروستی فەرهەنگی بوو و بە هۆی رێڕەوی دروستی فەرهەنگسازی
کوردی لە تیئۆری و لێدواندا، توانی جۆرێک لە ئەدەبیاتی گشتگیر لە رۆژهەڵاتی کوردستان
بە پێی قەبارەی کارەکەی خۆی لە راگەیاندنی فەرهەنگیدا بەرجەستە بکات و زۆر کەسیشی لەو
بوارەدا پێگەیاندووە و قوتابی و شوێنکەوتووی فەرهەنگی شکوروڵای بابان لە رۆژهەڵاتی
کوردستان کەم نین. بەداخ و پەژارەیەکی زۆرەوە ، رۆژی 26ی خەزەڵوەر لە تەمەنی ٨٩ ساڵیدا،
، بەرێز شوکروڵای بابان لە شاری تاران بۆ هەمیشە ماڵئاوایی لێ کردین.
ماموستا شوکروڵای بابان ٨ منداڵی هەیە، ٦ کور و دوو
کچ. فواد بابان بێژەری کاناڵ یەکی ئێران و بابەک بابان بێژەری هەواڵە وەرزشییەکان و
بەختیار بابان کاپیتانی پێشووی تیمی مللی بەستکیتباڵ ئێران لە کورەکانی خوالێخۆشبوون.
لە راستیدا، مەرگ زۆر جار لەگەڵ خۆی کەسەکان دەبات،
بەڵام راستییەکیش هەیە ئەویش ئەوەیە کە مرۆڤی بەکەڵک دەتوانێ چۆک بە مەرگ دابدا و بە
هۆی بەجێهێشتنی بەرهەمەکانی و مێژووی تێکۆشانی خۆی لە پێناو گەلەکەیدا بە زیندوویی
بمێنیتەو، شوکرولای بابان یەکێکە لەو کەسانەیە کە هەرگیز لە بیر زاکیرەی مێژووی کوردستان
و کورد ناچێتەوە.
بێ گومان
ماموستا شوکروڵای بابان رێگەی بۆ دەیان ئەدیب
و شاعیر و هونەرمەندی کوردی کردەوە و بوارێکی
بۆ رەخساندن تاکو بتوانن لە رێگەی رادیۆوە بەرهەم و گۆرانییەکانیان بگەیەننە ئارەزومەندان
و هەواداران و هۆگرانی شێعر و ئەدەب و هونەری کوردی. لە رێگەی دەنگی بابانەوە
کە تایبەتمەندیەکی تایبەتی هەبوو،زۆر کەسی هاندا کە بیر کەنەوە و کاریکردە سەر
هەستی ئەو کەسانە کە گەشە بە بەهرەکانیان بدەن. لە سەردەمی ئەودا تەنیا دەنگی ماموستا
مەزهەر و ماملێ و زیرەک، هێمنی دەبخشیە مرۆڤی کورد. کێ نییە کە هەستی نەجۆڵیت کاتێک
کە شێعرەکانی ماموستا وفایی بە دەنگی شوکروڵلای بابان دە بیستێت.
موتریب وهره دهستی منو دامانی وهفات بێ
سووتام بهمهستی مهیهوه دهنگی نهوات بێ
ههسته وهره لهو جامی ئەلەستی بده دهستم
بهستهی دهری گوڵزاره ئهوی مهستی سهفات بێ
............................................................
مەحمەدی کەمانگەر هاوکار و هاورێی ماموستا شوکروڵای
بابان لە بیرەوەرییەکانیدا باس لە گەورویی و روخۆشی و زیرەکی ماموستا بابان دەکات و
دەڵێت:" شەوێک ماموستام دیت کە ئەو کات
تەمەنی ٧٧ ساڵ بوو و گۆچانێکی بەدەستەوە بوو. بە شانازییەوە باسی رابردووی دەکردو و
باسی کەسانێکی دەکرد کە کاریگەریان داناوە
لە سەر هەست و ئیحسای ئەو وەک کاک سەدیقی موفتی زادە، سەید تاهیر هاشمی و شێخ
عابد و کامران و ئەحمەدی موفتی زادە و موشیر وەیری. هەروەها باسی ئەو شاعیرانەی دەکرد
کە بە خوێندنەوەی شیعرەکانیان سەر سام بووە وەک خانی و هەردی و دیلان و کامران و هێمن
و ئەحمەد موختار جاف و سالم و گۆران و بێخۆد.ماموستای شوکروڵای بابان هیچکات لە فیکری کۆکردنەوەی ماڵ و سرماییەدا نەبوو،
تەنانەت کاتێک کە خانەنشین کرا خاوەنی مالی خۆی نەبوو و لە خانوی یەکیک لە هاورێکانی
لە سنە ژیانی بەسەر دەبرد . کاتێک دەچێتە تاران بە هاوکاری کورێکی خانوێک دەکرێت. ماموستا
شوکروڵای بابان بەو شێوەیە ژیانی کرد و هەرگیز لە فیکر ئەوەدا نەبوو کە بە کەڵکوەرگرتن
لەو مەقام و پۆستانەی کە هەیبوو پارچەیەک زەمین یان خانوێک بکرێت، بەڵام ناو و یادی
بە هۆی هەوڵەکانی لە گەشەسەندنی فەرهەنگ و ئەدەبی کوردی هەمیشە لە ناوماندا زیندوو
دەمێنێتەوە.
ماموستا شوکروڵای بابان لە رادیۆ کوردی کرماشاندا
بەرنامەی کاروانی هەڵبەست وگۆرانی بەرێوە دەبرد کە بیسەرێکی زۆری هەبوو. لەو بەرنامەدا
شێعری شاعیرێکی پڕ ئاوازە بە دەنکی ماموستا
بابان دەخوێنرایەوە دوای ئەو گۆرانییەکی کوردی بڵاو دەکرایەوە. ئامادەکردنی ئەو بەرنامەیە
حوسێن ناسحی بوو. دەتوانین لێرەدا ئاماژە بەو گۆرانیانەی حەسەن زیرەک بکەین کە ئامادە
و بڵاو دەکرانەوە لە و بەرنامەیەدا. حەسەن زیرەک لە ساڵی ١٣٤٣_ ١٣٤١ لە کرماشان بووە
و باشترین گۆرانییەکانیشی لەو سەردەمەدا بڵاو
بوونەوە. شوکروڵلای بابان ٤٠٠ بەرنامە لە کاروانی هەڵبەست وگۆرانی بە دەنگی خۆی بە زمانی شیرینی کوردی تۆمار کرد کە
لە جۆری خۆیدا بێ وێنەن.
دروستە کە ماموستا بابان بە جەستە ئێستا لە ناوماندا
نەماوە، بەڵام بیرەوەی و یادی ئەو مرۆڤە مەزنە
لە لای ئێمە و جیلەکانی داهاتوودا هەمیشە زیندوو دەمێنێتەوە. شوکروڵای بابان
نمونەیەکی پایەبەرزی کۆمەڵگەی کوردی بوو کە بە بیرەوەری لە یادی ناچارمان دەکات تا
ساتەکانی کۆتایی ژیانمان بە یادی کوردستان و جوانی و شێعر و هونەر بین.تەمەنی مرۆڤ تەواو دەبێت و هەرکام لە ئێمە رۆژێک دبێت ئەو دونیایە جێبێلین،
خۆشبەخت ئەو کەسەیە کە ناوی باش دوای خۆی جێبێلێت. خوالێخۆشبوو شوکروڵای بابان بە هۆی
ئەو خزمەتەی بە هونەر و فەرهەنگ و ئەدەبی کوردی کرد، خاوەنی ئەو تایبەتمەندییەیە.
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر