یکشنبه، بهمن ۰۱، ۱۳۹۱

رێزگرتن و یادکردنەوە لە بەرهەم و کارە هونەرییەکانی شوکروڵای بابان



بە مەبەستی رێزگرتن و یادکردنەوە لە بەرهەم و کارە هونەرییەکانی نووسەر و شاعیر و هونەرمەندی کورد شوکروڵای بابان ، کۆمەڵێک ئەدیب و هونەرمەند و رۆشنبیر لە وڵاتی نۆروێژ بە هاوکاری کۆمەڵەی کوڵتوری کوردی رۆمەریکە سیمینارێکیان لە ناوندی پێشوا لە لیلەسترۆم لە وڵاتی نۆروێژ پێکهێنا.
دوای دەقیقەیەک بێ دەنگی  بۆ رێزڵێنان لە گیانی ئەو  مرۆڤانەی کە لە پێناو ئازادی و سەربەستی و بۆ بەیهێنانی کۆمەڵگایەکی یەکسان تێکۆشان، سیمینارەکە دەستی پێکرد.
 سەرەتا بەرپرسی کۆمەڵەی کوڵتوری رۆمەریکە کاک ئەبوبکری قەدی کورد وێرای بەخێرهاتنی میوانان و بەشداربووانی رێ و رەسمی رێزڵێنان لە خەبات و تێکۆشانی خوالێخۆشبوو شوکروڵای بابان  ، باسیشی لە گرینگی سازدانی ئەو رێ و رەسمانەی کردەوە، تاکو جیلی نوێ رابردووی ئەو مرۆڤە مەزنانە بیر نەکەن و رێگەیان درێژەی پێبدەن.
دوایی جێگری بەرپرسی کۆمەڵەی کوردی رۆمەریکە ئالان عومەرزادە کورتەیەک لە ژیان و خەباتی شوکروڵای بابانی باس کرد. بەرێزیان ئاماژەی بەوەدا کە شوکرولای بابان بە هەوڵ و تێکۆشانی توانیبووی سێ بەکالۆریۆس لە بوارە جیاجیاکان وەک ئەدەبیاتی فارسی، جوگرافیا و ئیلاهیات لە زانکۆی تاران وەرگرێت.لە هەرکام لەو بورانەشدا توانیبوی بەرهەمی بە پێز پێشکەش بە کۆمەڵگای کوردی بکات، وەک: جوگرافیای کوردستان، فەرهەنگی زمانەوانیی 1000 لاپەرەیی فارسی – کوردی، گوڵزاری کوردستان، سەلاحەددینی ئەیوبی پاڵەوانی کورد و هەروەها کۆمەڵێک نامیلکە و بابەتی بەنرخی دیکە. جێگری بەرپرسی کۆمەڵەی رۆمەریکە لە وتارەکەیدا ئاماژەی  بە کاریگەری دەنگی ماموستا شوکروڵای بابان کرد لە سەر گەشە سەندنی فەرهەنگ و هونەر و ئەدەبیاتی کوردی، بە جۆرێک کە  زۆر کەس لە رێگەی دەنگی ئەوەوە دەستیان دایە پێنووس  و هەروها لە رێگەی ئەوەوە و رادیۆوە توانیان بەهرەکانیان گەشە پێبدەن. هەروەها بەرێزیان ئاماژەی بەوەدا کە لە تەمەنی خزمەتی هونەری ماموستا بابان لە رادیۆی کوردی کرماشان توانی ٤٠٠ بەرنامە لە کاروانی هەڵبەست وگۆرانی  بە دەنگی خۆی بە زمانی شیرینی کوردی تۆمار بکات کە لە جۆری خۆیدا بێ وێنەن.
دوایی شاعیری بەناوبانگی نۆروێژی ئەرلینگ شیتتلسێن چەند شێعرێکی بە زمانی نۆروێژی پێشکەشی هەوادارانی شێعر و ئەدەب کرد. پاشان ماموستا بەهروز سەلاواتی شاعیر و هاورێی ماموستای شوکروڵای بابان وتەیەکی بەو بۆنەوە  پێشکەش کرد ، بەرێزیان وێرای ئاماژەکردنی بە گرینگی تێکۆشان و خەباتی فەرهەنگی ماموستا بابان ، باسی ئەوەشیکر کە بابان رۆلێکی بەرچاوی هەبوو لە هێنانە کایەیی زمانێکی پاراو و ستانداردی کوردی لە رێگەی میدیاوە.
پاشان شاعیر سامان خانقینی  سەرەرای پێشکەشکردنی چەند شێعرێک بە زاراوەی کەڵهوری ، کورتە باسێکیشی سەبارەت بە کاریگەری دەنگی ماموستا شوکروڵای بابان کرد لە سەر خۆدی خۆی و ئاماژەی بەوەشدا کە ماموستا شوکروڵای بابان  رێگەی بۆ ئەو و دەیان ئەدیب و شاعیر و هونەرمەندی کوردی  کردەوە و بوارێکی بۆ رەخساندن تاکو گەشە بە بەهرەکانیان بدەن.
هەر لە درێژەی سیمینارەکەدا هەریەک لە شاعیر و رۆژنامەنووس و نووسەران ١. هاشم رۆستەمی ٢. کوێستان عومەرزادە ٣. کامران شافیعی ٤. بەرزان شاسوار بە پێشکەشکردنی بەرهەمەکانیان یاد و بیرەوەری ماموستا شوکرولای بابانیان بەرز راگرت.
هەروەها هونەرمەند هێدی قادری بە مەقامێک بەشداری ئەو رێ رەسمەی کرد.
جێی باسە  کە ماموستا شوکروڵای بابان ٨ منداڵی  دوای خۆی بە جێهێشت، ٦ کور و دوو کچ. فواد بابان بێژەری کاناڵ یەکی ئێران و بابەک بابان بێژەری هەواڵە وەرزشییەکان و بەختیار بابان کاپیتانی پێشووی تیمی میللی بەستکیتباڵ ئێران لە کورەکانی خوالێخۆشبوون.

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر