جمعه، بهمن ۱۵، ۱۳۹۵

دروستکردنی تفەنگ لە لایەن کەریم و لەدەستدانی قامک و چاوی سەدیق




لە سەرەتای سەدەی بیستەمەوە تا کو ئێستا زیاتر لە ٢٥٠ شەڕ لە جیهاندا روویانداوە.  قوربانیانی یەکەمی هەموو ئەو شەڕانە ش لە پڵەی یەکەمدا منداڵانن، دوایی ژنان و توێژەکانی دیکەی کۆمەڵگە.
شەڕی عێراق و ئێران کە هەشت ساڵی خایاند ، یەکێک لەو شەرانە بوو کە لە قۆناغی منداڵی ئێمەدا روویدا. ئەو شەڕ نەگریسە کاریگەریەکی خەراپی لە سەر رووح و رەوانی ئێمەی دروستکرد ، بە تایبەت ئێمە کە نزیک سنووری ئێراق و  ئێران بووین ، هەر دوو لا بە شێوەیەکی زۆر درندانە بە فرۆکە و تۆپ و خۆمپارە  بوردومانی ئێمەیان دەکرد. ئێمە لە ماوەی ئەو هەشت ساڵەیەدا ژیانمان هەمووی بە ترس و دڵەراوکێ تێپەر کرد. رۆژ نەبوو کە رووداوێکی ناخۆش روو نەدا یان خەبەرێکی ناخۆش نەبیستین، یان فرۆکەی ئێراق بۆمبارانمان نەکات ، لە بەد شانسی ئێمە هەمووی ئەو فرۆکانەی کە دەگەرانەوە ئێراق و بۆمبیان پێمابوو لەو دۆڵ و کێو و دەشتەی دەورووبەری گوندی ئێمەیان خاڵی دەکرد. ئێستا کە دوای ٣٦ ساڵ فکری لێدەکەمەوە، ئێمە زۆر شانسمان هێنا کە لە ناو ئەو دوزەخە گیانمان رزگار بوو. خۆم لە نیزیکەو شاهیدی چەندین جار بۆمبارن و تۆپبارکردنی  دەوروبەرمان بووم.
 دوای کۆتای جەنگیش،  کۆتایی بەو نەهامەتی و ناخۆشی ئێمە نەهات . لە یادمە کە پێنجومی سەرەتایم تەواو دەکرد و دەچوومە قۆناغێکی دیکە، بە هۆی ئەوەی گوندی ئێمە و دەوروبەرمان مەدرەسەی ناوندی نەبوو ، ناچار یان دەبایە وازمان لە خوێندن هێنابایە یان باش بمان خوێندبایە تا لە مەدرەسەیەکی دەوڵەتی وەرگیراباینایە، دەنا زۆربەمان بە هۆی بارو دۆخی خەراپی ئابوری بنەمالەکانمانەوە، نەماندەتوانی درێژە بە خوێندن بدەین.
سەدیق ئەو هاورێیەم کە چەند ساڵێک لە من گەورەتر بوو ، ئەو دوو ساڵ دەبوو کە لە مەدرەسەیەکی دەوڵەتی کە پێان دەگووت شەبانە روزی دەرسی دەخوێند ، ئەو مەدرەسەیە تایبەت بوو بەو کەسانە کە هەم لە بواری هۆش و دەرسەوە زیرەک بوون . من کە لە قۆناغی سەرەتایی لە مەدرسە قوتابیەکی زیرەک بووم ئەو شانسم پێدرا کە لەو مەدرەسەیە کە لە مەهاباد هەڵکەوتبوو وەرگیرێم. بەو بۆنەوە هاورییەتی من و سەدیق دەستی پێکرد، زۆر پێم خۆش بوو کە لە سەدیق سەبارەت بە مەدرەسەکە و شاری مەهاباد زانیاری وەرگرم، من کە زیاتر لە گوندەکەی خۆمان دوور نەکەوتبوومە وە بەلامەوە زۆر خۆش و سەرنجراکێش بوو . بۆیە زۆر کونجکۆڵ بووم کە سەر لە هەموو شتێک دەر بێنم.
لە یادمە کە هاوین بوو و کاتی پشووی مەدرەسەمان بوو. رۆژێک سەدیق گووتی :" کەریمی برام ، توانیویەتی تفەنگێک دروستکات کە دەتوانی چوێلەکە بکوژێت.  " ئێمەش کە منداڵی دوای شەری ئێراق و ئیران بووین، هەروەک لە سەرەوە ئاماژەم پیدا کە چۆن ئەم جەنگە کاریگەری خستە سەر رووح و رەوانی ئێمە . یەکێک لەو کاریگەریانە ئەوە بوو کە ئێمەش ئەو یاریانەی کە هەڵماندەبژاردن زیاتر تفەنگ و ئەو شتانە بوون  کە دیتبوومانن بە دەست گەورەکان . تفەنگ یەکێک لەو ئەسپاپ بازیانە بوو کە زیاتر حەزمان لێبوو .
بە کورتی من زۆر حەزم لێبوو کە ئەو تفەنگەی سەدیق بە دەست کەریمی برایەوە دیتویەتی چۆنە ؟ و چۆن بەکار دێت؟
سەیق گووتی:" ئەو تفەنگە بە هێزی بارووت کار دەکات و پێویستی بە چاشنی قاپۆری گوڵەی تفەنگە ."
منیش گووتم زۆر باشە ئەگەر وایە با بچین ئەو بارووتە بەدەست بێنیین، بەڵام پێم بلێ لە کوێ ئە بارووتە و چاشنیە دەست دەکەوێت . دەوروبەری گوندی ئێمە کە هەموو پایگای کۆنی سەردەمی جەنگ بوون پڕ بوون لەو شتانە. رۆژێک پلانمان دانا کە لە گەڵ سەدیق بچینە دەوروبەری پایگایەک کە ئێستا هێندێک سەربازی تێدا مابوون. چووین هێندیک قاپۆرمان دیتنەوە و پێویستیمان بە هێندێک بارووت بوو. هەر شتێک بەردەستمان دەکەوت، بێ گوێدان بە مەترسییەکانی دەبایەسەرمان لێدەرهێنابایە کە چییە. لە ناکاو من شتێکم دیتەوە ، نەمزانی چییە کەمێک دەستم تێوەردا و دوو لەت بوو ، دیتم لایەکی بارووتی تیدایە. لایەکیشی خڕ بوو. ئەو لایەی کە بارووتی تێدابوو بە سەدیقم نیشاندا کە ئەو باروتە یان نا، سەدیقی هاورێم زۆر خۆشحاڵ بوو کە توانیمان کەمێک بارووت بدۆزینەە ، گوتی با لە گریفان دا نەرژێت بە بەردێک خەریکی پان کردنەوەی سەرەکەی بوو، منیش خەریکی ئەو بەشەی بووم کە لە دەستم دامابوو. لە ناکاو گوێم لە دەنگێکی بەرز بوو، دیتم لە پشت سەرمەوەیە، سەدیقی هاورێم ، تەواو سەر و چاو لەشی ببۆ خوێن. دەستی بە من نیشاندا من ئیسکی قامکی دەستانم دیت کە گۆشتیان پیوە نەمابوو، هەمووی داماڵابوو . زۆر ترسام ، ئەو دووەم جار بوو بەم شێوەیە بترسم ، جارێکی دیکەش گولێکی وێڵ لە نیوەشەودا بە ژنێکی جیرانمان کەوتبوو . ئەو کات پێنج یان شەش ساڵان بووم ، منیش لە گەڵ ئەو خەڵکانە چووم بۆ سەیر کردنی دیتم جەستەی بە مردووی راکشاوە لە ناو کۆشکی ماڵەکەیدا ، ترسم رێنیشت ، ئەو ترسە بە رادەیەک بوو کە شەوانە نەمدەتوانی لە ئامێزی داکیشمدا خەوم لێبکەوێت کات بە بیرم دەهاتەوە.
سەدیق، ئەو هاورێ ئازیزەم! کە دەبوو چاو ساغی من لە شارێ مەهاباد بۆ ساڵی نوێ خوێندن، بەو شێوەیەم دیت، هاواری بۆ من هێنا ، دەست و گیانی بە منی نیشاندا، هیچ کەس لە دەورو بەرمان نەبوو . من لە راستیدا نەم دەزانی چیبکەم!؟
لە ناکاو چەند سەربازمان دیت کە لە پایگاکە دەهاتنە خوارەوە، هەمووی بە چەکەوە ، زیاتر ترساین، بەڵام کات سەدیقی هاورێمیان دیت، بەم شێوەیە، زوو بێسیمیان کرد بۆ پایگە کە ماشێنک بنێرن ، زۆر باش بوو کە کتو پڕ فریامان کەوتن  و سەدیقیان بۆ نەخۆشخانە گواستەوە . دوای هەفتەیەک سەدیق لە نەخۆشخانە گەرایەوە، بەڵام بەداخەوە سەدیق چاوێک و قامێکی بەو هۆیەوە لە دەست دا.
ئەو شتەی لە پەنجەی سەدیقی هاورێم دا تەقیەوە ،چاشنی نارنجک بوو .

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر