شنبه، تیر ۱۱، ۱۳۹۰

سو ئیستیفادە لە ئایین بۆ چاککردنەوەی نەخۆش!


ئەگەر چاوێك بە مێژووی نەتەوەكەماندا بخشێنینەوە، دەبینین كە هۆكاری سەرەكی بەدبەختی و چارەڕەشی گەلەكەمان نەخوێندەواری و هەژاری ونەبوونی زانست بووە، لەدوای رووخانی ئیمپراتۆریەتی ساسانی، كە دەوڵەتێكی ئایینی زەردەشتی بوو و پایەكانی ئەم دەوڵەتەش لە سەر ئەم ئایینە بنیات نرابوون. زوڵم و زۆری سەران و فەرمانڕەوایانی ئەم دەوڵەتە بە ناوی ئایینەوە بووە هۆی ئەوەی كە رێگە خۆشكەر بێت بۆ باوەڕهێنانی خەڵكی كوردستان بە ئایینی پیرۆزی ئیسلام، بەڵام بە داخەوە هەر لە گەڵ گەشەسەندن وبڵاوبوونەوەی ئەم ئایینە چەندین دابونەریت و كلتووری عەرەبی بادیە نشین هاتە ناو كومەڵگەی كوردی، هەر ئەو عەرەبانە بە سڕینەوەی هەموو كلتوورو فەرهەنگی گەلەكەمان لەرێگەی مەلا نەخوێندەوارەكانی خۆمان لە ناو كۆمەڵگەی كوردەواریدا گەشە و پەرەیان پێدەدا، تەنانەت تا بیست ساڵیش لەمەوبەر زۆربەی مەلاكان كۆك بوون لە سەر ئەوەی كە خوێندنی قوتابخانە خوێندنی شەیتانە و منداڵانی كوردیان بێبەش دەكرد لە چرای زانست و بەرەوپێشچوون. سەرەڕای ئەوەی ئەو مەلایانە منداڵانی كوردیان وابار دەهێنان كە پشت لە كلتوورو دابونەریتی خۆیان بكەن و كلتووری عەرەب فێر بن، تەنانەت ناوی شیرینی كوردی منداڵانیان دەگۆڕییە سەر عەرەبی وبەو مەبەستەی پیرۆزە، نائاگا لەوەی كە ئەو ناوە ناوی قورئانی نییە و ناوی عەرەبییە كە پێش هاتنی ئیسلامیش هەیبانبووە. نموونەیەكی زیندووترو حاشاهەڵنەگر، هەموومان ئاگادارین و دەزانین كە خوتبەی جومعە تا كۆماری مەهاباد بە كوردی خوێندنەوە حەرام بوو، بەڵام پێشەوای نەمر فەرمانیدا كە بكرێتە كوردی و چیتر بە عەرەبی نەخوێندرێتەوە، هەر چەندە تەمەنی ئەم كۆمارە كەم بوو، بەڵام بوو بە چرایەك كە رۆژبەڕۆژ دەدرەوشایە. مەبە ست لەم كورتە مێژووەش تەنیا پێشەكییەكە تا روونكردنەوەی زیاتر بە خوێنەری ئەم بابەتە ببخشێت.

ئەوەی من لێرەدا مەبەستمە و منی راچڵكاند كە دەست بدەم بە پێنووس، چاوپێكەوتنی دكتۆر سامان هەڵەبجەی لەگەڵ “مەلا عەلی كەڵەكی” بوو كە نەدەبایە بكرابایە، مەگەر ئامادەكارییەكی تەواوی بۆ كرابایە، هەر چەند دكتۆر سامان لە بوارەكەی خۆیدا شارەزاییەكی باشی هەیە و دەستخۆشی لێدەكەم، بەڵام ئەم بەرنامەیە بە جێگای خۆی دەبوایە دكتورێكی پاراسایكۆلۆژی بیكردبایە، چونكە قسەكانی مەلا عەلی و چارەسەركردنی نەخۆشییەكان بەم شێوەیەی ناوبراو ئاماژەی پێدەكرد نزیكە لە زانستی پارا سایكۆلۆژی. بەداخەوەش مەلا عەلیش ناشارەزا بوو لەم زانستە، بۆیە تەنیا بۆ پاڵپشتی قسەكانی خۆی یارمەتی لە ئایەتەكانی قورئانی پیرۆز وەردەگرت، ئێمە ئەگەر خوێندنەوەمان هەبێت بۆ زانستەكانی پاراسایكۆلۆژی دەبینین كە چەندین لقی لێ جیا دەبێتەوە، كە بۆ چارەسەركردنی نەخۆشییە درێژ خایەن و گرفتە دروونییەكان كەڵكی لێ وەردەگیرێت. لە زانستی پزیشكیدا ئەم شێوە چارەسەركردنە بە ناوی (توبی) جێگیر ناسراوە. لێرەدا من یەكێك لەو زانستانە بە نموونە دێنمەوە كە ناوی رەیكییە، ئەمەش زانستێكە كە مێژووەكەی بۆ زیاتر لە سێ هەزار ساڵ لە مەوەپێش دەگەڕێتەوە، شایانی باسە، ئەوانەی لەم زانستە كار دەكەن، دەبێت لەچەند خول بەشدار بن تا شارەزاییەكی باش لەم زانستە بەدەست بێنن و ئەو وزەیەی كە مەندە لە لەشیاندا بیخەنە جموجۆڵ، بۆ چارە سەركردنی نەخۆشییەكان، ئەم زانستە لە رێگەی وزەوە دەتوانێت نەخۆش چارەسەر بكات بێ ئەوەی دەرمانی بدەیتێ، یاخود نەشتەرگەری بۆ ئەنجام بدەیت. جێی سەرنجە كە ئەم زانسە سەر بە هیچ ئایین و مەزهەبێك نییە. بە بیروڕای من، مەلا عەلی بێ ئەوەی بەخۆی بزانێت ئەم وزەیەی لە ناو لەشیدا كونترۆڵ كردووە و بۆ چارەسەركردنی نەخۆشییەكان بەكاری دەهێنێت، بەڵام بە داخەوە بێ ئاگایی و نەخوێندەواری مەلا عەلی لەم زانستە مەلای بەرەو لاڕێدا بردووە، بۆیە ناوبراو بۆ بەڵگە هێنانەوە تەنیا پشتی بە قورئانی پیرۆز دەبەست، تەنانەت كار گەیشتە ئەو جێگایەی كە تەواو مەلاكانی كوردستانی بە ناشارەزاو بەنەخوێندەوار لە قەڵەم دەدا. بەداخەوە ئەوەی پێوەندیشیان بەو بەرنامەیەوە دەكرد پاڵپشتیان لە مەلا عەلی دەكرد، مەلا عەلیش زۆر باش توانی و توانیویەتی یاری بە هەستی بینەران وخەڵكی هەژارو نە خوێندەواری كوردستان بكات، ناوبراو لە وەڵامی پرسیارێكدا دەستی بە گریان كرد، گوایا بۆ دینەكەی پیغەمبەر دروودی خوای لێبێت دەگری، بەڵام باشوایە بۆ بەدبەختی و نەخوێندەواری خۆی بگریێ و چیتر ئەو خەڵكە مەزڵوومە بەرەو گۆمڕایی نەبات بەناوی ئایینەوە. بۆیە لێرەدا من پشتیوانی تەواوی خۆم لە بڕیارەكانی وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەم و ئاواتخوازم كە بواری ئەو كەسانە نەدەات كە بە ناوی ئایینەوە بازرگانی بە قورئان دەكەن وگیرفانی میللەتی رەش و رووتی ئێمە بەو ناوە تاڵان دەكەن. باشوایە حكومەتی هەرێمی كوردستان، دوكان و بنكە وبارەگای هەموو ئەو فاڵچی و نووشتووپێچەرانە داخات. راگەیاندنەكانی كوردستانیش رۆشنبیری كۆمەڵایەتی بەخەڵك ببەخشن، هاوكات وتاربێژانی مزگوتەكانیش رێ نێشاندەری كاری چاك و دروست بن، دیارە ئەمەش بە كەڵك وەرگرتن لە ئایاتی قورئان و فەرموودەكانی پیغەمبەر(د.خ) وبە بەراورد لەگەڵ كلتووری خۆمان.
ئەو بابەتە لە کاتی خۆیدا لە رۆژنامەی کوردستان پۆست بڵاو کراوەتەوە. 

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر