سه‌شنبه، دی ۰۶، ۱۳۹۰

لە ووتە بەنرخەکانی شکسپیر



ویلیام شکسپیر دەڵێت :

? I always feel happy, you know why
من هەمیشە هەست بە خۆشی دەکەم ، دەزانی بۆ؟


Because I don't expect anything from anyone

لە بەر ئەوەی چاوەروانی هیچ شتێکم لە هیچ کەس نییە!


Expectations always hurt ...

چاوەروانییەکان هەمیشە زیان دەبەخشن ...


Life is short ...

ژیان کورتە ...


So love your life ...

ئەگەر وایە ژیانت خۆش بوێت ...


Be happy

خۆشحاڵ بە


And keep smiling

و پێبکەنە


Just Live for yourself and ..

تەنیا بۆ خۆت ژیان بکە و ...


Befor you speak ؛ Listen

پێش ئەوەی قسە بکەیت ؛ گوێ بگرە


Befor you write ؛ Think

پێش ئەوەی بنووسی ؛ بیر کەوە


Befor you spend ؛ Earn

پێش ئەوەی خەرج کەیت ؛ بەدەست بێنە


Befor you pray ؛ Forgive

پێش ئەوەی بپارییەوە ؛ ببەخشە


Befor you hurt ؛ Feel

پێش ئەوەی زەربە لێبدەیت ؛ هەست بکە


Befor you hate ؛ Love

پێش ئەوەی رقت لێبێتەوە؛ خۆشت بوێ


That's Life
ژیان ئەوەیە ...


Feel it, Live it & Enjoy it

هەستی پێبکە، ژیان بکە و چێژی لێوەرگرە

پنجشنبه، دی ۰۱، ۱۳۹۰

چۆن کۆنترۆڵی ژیانت بگریتە دەست !!!




هەر کەس، پێناسەیەکی تایبەتی بۆ ژیان هەیە و لە تیلە چاوی خۆیەوە بە پێی ئەو جیهان بینی و تێروانینەی هەیەتی، ژیان پێناسە دەکات. هێندێک پێناسەی ژیان بەمشێوەیە دەکەن، دەڵێن :"ژیان ئازار و مەینەتی و خەم خواردنە"، هێندێکی دیکەش دەڵێن:" ژیان خۆش ویستن و ئەشقە".
بە بیر و بۆچونی من، ژیانی هەر کەس لە روانگەی کەسەکەوە مانا دەبخشێت و شوناسی خۆی دیاری دەکات. چونکە شوناسی هەر کەس هەڵقوڵاوی  باوەریەتی، باوەری هەرکەسێکیش ئەندیشە و فیکر لە مێشکیدا دروست دەکات، بۆیە چۆن بیر کەیتەوە ژیان وا دەبینیت.
زۆر جار لە هەوراز و نشێوی ژیانمدا گەیشتومەتە خاڵی نا ئومێدی یان بەربەستێک هاتۆتە سەر رێگەم کە ژیانمی سەد و هەشتا دەرەجە سوراندووە، هەر هەمووی ئەوانە پەیامێکیان پیداوم و ئەزمون و تەجروبەیەکیان خستومەتە سەر ژیان، سەرەرای ئەوانەش منیان لە ژیان سڵ نەکردۆتەوە و چۆکیان پێدانەداوم، بەڵکو زیاتر مانایان بەخشیوەتە ژیانم، بەڵام هێندێک جار لە رەرەوەی ژیانمدا ، کێشەکانی ژیان هەستێکی وای پێ بەخشیوم کە کۆنترۆلی ژیانم لە دەست  دەرچووە و هەرچەند زۆر هەوڵم داوە، کەمتر نەتیجەم لێوەرگرتووە و ناچار بووم لە هێندێک سات و شوێندا خۆم بدەمە بەردەست شەپۆلەکانی ژیان، بەڵام ژیان زۆر بێ بەزیانە لە رەرەوەی پێشەوەچوونی خۆیدا بەدار و بەردی داداوم و تاکو سەرم کەوتۆتە بەرد و بەخەبەری هێناومەوە. بۆیە ناچار بووم کە سەبارەت بە فەڵسەفەی ژیان و چۆنیەتی گرتنە دەستی زیاتر تێبفکرم و بیر کەمەوە و بخوێنمەوە تا گەیشتمە ئەو ئاکامە کە دەبێت مانایەکی نوێ بە ژیانم ببەخشم و ژیانێکی نوێ دەست پێ بکەم و کۆنترۆلی ژیان بگرمە ژێر فەرمانی خۆمەوە.
لە راستیدا جیاوازی " بژی بۆ ژیان "، " مەژی بۆ مردن" تا رادەیەک سەختە،بەڵام ئەگەر تێروانینێکی قوڵمان بۆی هەبێت، دەتوانیین ئالوگۆری لە ژیانماندا بەدی بێنیین. ئێستا ئەگەر ئێوەش وەک من لەو ژیانە تکرارییە ماندوو بوون و وای دەبینن کە ژیانێکی تاقەت پروکێنتان هەیە. دەتوانن رەچاوی  ئەو خاڵانەی خوارەوە بکەن ، بەو هیوایەی لە سالی نوێی زایینیدا ئاڵوگۆرێک لە ژیانتاندا بەدی بێنێت.
·        هەمیشە لە یاتان بێت کە ژیان نیعمەتێکە خوا پیداون، بەو مانایەی کە ئێستا کە  کە لە ژیاندان چێژی پێویست لە ژیانتان ببینن و بایخی زیاتری بدەنێ. ژیان بەم جۆرەیە کە تێروانینت بۆی هەیە، دەتوانن هیچ چالاکیەکتان نەبێت، ئەو کات ژیان، کەسێکی تەنبەڵ و بێ بەهەرەت لە ساز دەکات یان دەتوانن ئیرادە بکەن و کۆنترۆڵی بگرنە دەست خۆتان. مایا ئانجلۆ لەو بارەیەوە دەڵێت:" ژیان لە دایکێکی میهرەبان دەچێت کە هەموو بەیانییەک جلکەکاننت رێک وپێک دەکات و پێت دەڵێت، ئازیزم نیگەران مەبە من لە گەڵتم".
·        مانا بە ژیان ببەخشن و ئامانج و هەدەفەکانت لە ژیاندا دیاری بکا.
·        یاسایەکی تایبەت بۆ خۆت دانێ. زۆر یەک لە خەڵکان پێیان وایە ژیان گەمەیە، لەوانەشە هەر ئاوا بێت، بەڵام زۆر یەک لە گەمەکان یاسا و قانونێکی تایبەت بە خۆیان هەیە و مەرجەکان سەرکەوتن و سەرنەکەوتنی تێدا دیاریکراوە.
·        بەرپرسیاریەتی ژیانی خۆت بە تەواوی خۆت بیگرە دەست. ئێستاکە  کە یاسایەکی تایبەت بۆ ژیانی خۆت داتناوە، دەتوانی بەرپرسیاریەتی تەواو ژیانت خۆت بیگریە دەست. جێفری ئەبرێت دەڵێت:" کاتێک کەسێک بەرپرسی کارەکانی خۆی بێت، بۆ ئازادی و ئازاد ژیانکردن پیویستی بە رێگەپێدانی کەسانی دیکە ناکات،بەڵام کاتێک تۆ بۆ ئەنجامدانی کارەکانی خۆت ئیجازە لە کەسانی دیکە دەخوازی، لە راستیدا مافی وتۆت پێ بەخشیون".
·        وردەکاریەکانتان پێ کەم بایخ نەبێت و گرینگی تایبەتیان پێ بدەن. گرینیگ ئەوە نییە چۆن دەژیین. ژیان لە مەسیر و رەرەوەی خۆی زۆر کێشە و بەربەستمان بۆ دێنێتە پێش  کە ناچارین لە بەرانبەریاندا راوەستیین، چونکە ئەگەر وا نەکەین ئەوا روبەرووی زۆر کێشەی گەورەتر دەبینینەوە و شادی و خۆشیەکانمان دەخەنە ژێر مەترسییەوە. ئیستیڤان وینسێنت دەڵێت:" ژیان بە لە ناوچوون و مردن کۆتایی نایەت. ژیانمان ئاوا لە ناو دەچێت کە نەتوانیین لە تەواو ساتەکانی کەڵک وەرگرین، لە حالێکدا هەزاران ئاوات و ئارەزوشمان هەبێت".
·        ماڵئاوایی لە کار و خووە بێ کەڵکەکانمان بکەین. بۆ دەستبەرداربوون لە هەر خووێک تەنیا بیست و یەک رۆژ پیویستە . کەسانی سەرکەوتوو زۆر جار دەست لەو ئاوات و ئارەزوانەیان هەڵدەگرن کە ئامانجەکانیان ناهێنەتە دی.
·        لیستێک لەو کارانەی کە دەتانهەوێت وازیان لێبێنن دروستبکەن.
 ئەگەر ژیانتان بە تەواوی بخنە ژێر لێکۆلینەوە و شیکردنەوە، دەبینن هێندێک کار و خوو هەن کە ژیانی ئێوەیان پەک خستووە ویان رەورەوەی بەرەو پێشەوەچوونی زۆر خاو کردۆتەوە وپێویست دەکات دەستبەرداریان بن. ئەو کارانە کە کاریگەری خەراپی لە سەر ژیانتان درووستکردووە بیاندۆزنەوە و لە سەر کاغەز دیاریان بکەن.
·        بیر لە داهاتووتان بکەنەوە.
بە بکارهێنانی ئەو گۆرانکاریانە و دروستکردنی جەوێکی نوێ و پۆزۆتیڤ لە ژیاندا، هەنگاوێکی زۆر گەورەتان بۆ بەرەو پێشەوەچوون  و ئایندەیەکی گەش هاویشتووە، ئەگەر وایە دڵێر و بەئیرادە و گەشبین بە.لە راستیدا ئاکامی باش بەدوای خۆیدا دێنێتە گۆرێ کە سەرتان لە دەرئەنجامەکانی سوور دەمێنێت.
·        لە تەواو ئیمکاناتان کەڵک وەرگرن.
ئەو خاڵە لە بیر نەکەن کە لە ناو بوونی هەر کەسێکدا ئیستیعداد و بەهرەیەک هەیە کە کەسانی دیکە لێی بێ بەهەرەن. ئەگەر وایە لە هەموو پێتانسیل و ئیمکاناتی دەوروو بەرتان کەڵک وەرگرن بۆ ئەوەی کە ژیانێکی ئاسودە و خۆشتان هەبێت.ئارما بومبێک دەڵێت:' هیوادارم ئەو کاتەی کە ژیانم کۆتای دێت و لە حزوری خوادا ئامادە دەبم، لە هەموو ئیمکاناتێک کە خوا پیدابووم ئیستیفادەی پێویستم کردبێت، بەشێوەیەک بە خودای خۆم بڵێم، یەزدانی مەزن لە هەموو ئەو شتانەی لە ئیختیارت هاویشتبووم بە باشترین شێوە کەڵکم لێوەر گرتوون".

سه‌شنبه، آذر ۲۹، ۱۳۹۰

من عاشقی منداڵانم


پسپۆرێکی کۆمەڵناسی لە گەڵ هێندێک لە خوێندکارەکانی سەردانی ناوچەیەکی هەژار نشینی بالتیمۆریان کرد، تاکو بتوانن سەبارەت بە کەیسی، ئێستا و داهاتووی ٢٠٠ کەس لە منداڵە هەژارەکانی ئەو ناوچەیە لێکۆلینەوەیەک ئەنجام بدەن. لە هەموو خوێندکارەکان داواکرا کە هەڵسەنگاندنی خۆیان سەبارەت بەو منداڵە هەژار و بێ ئیمکاناتانە دەرببرن. هەموو خوێندکارەکان بەم جۆرە هەڵسەنگاندنی خۆیان خستبۆ روو کە : " هیچ شانسیان نییە بۆ ئەوەی سەرکەون".
بیست و پێنج ساڵ دوایی پسپۆرێکی دیکە بۆ لێکۆلینەوە لە کەیسی ئەو منداڵانە رەوانەی ئەو ناوچەیە کرایەوە. ئەو داوای لە خوێندکارەکانی خۆی کرد کە بەدواداچوونێک بۆ کەیسی ئەو کەسانە بکەن و بزانن چارەنووسیان بە کوێ گەیشتووە. بە دەر لە بیست کەس لەوان کە مردبوون یان لەو شوێنە کۆچیان کردبوو، لە نێوان ١٨٠ کەس لە ئەوان ١٧٦ کەس سەرکەوتنی باشیان بەدەست هێنابوو، یان ببوونە دوکتۆر یان موهەندیس یان بازرگان و کەسایەتیەکی سەرکەوتوویان لێ دەرچوو بوو.
ئەو پسپۆرە کۆمەڵناسە بە سەرکەوتنی ئەو منداڵە هەژارانە سەری سورمابوو و داوایکرد کە لێکۆلینەوەی زیاتر بکرێت. بە خۆشحاڵیەوە ئەو پسپۆرە توانی هەموو ئەو کەسانە بدۆزێتەوە و داوایلێکردن کە وەڵامی ئەو پرسیارانە بدەنەوە کە لە پێشدا بۆ لێکۆڵینەوەکەی ئامادە کرد بوو.
لەوانەیە جێگەی سەر سوورمان بێت، بەڵام هەموویان لە وڵامی ئەو پرسیارە کە هۆکاری سەرکەوتنی ئێوە بۆ چی دەگەرێتەوە؟ لە وڵامدا گووتبویان:"  هۆکاری سەرەکەوتنی ئێمە ، ماموستاکەمانە!".
ئەو مامۆستایە لە ژیاندا مابوو، پسپۆرە کۆمەڵناسەکە لە گەران بدوایدا، دۆزیەوە. مامۆستاکە زۆر پیر ببوو،بەڵام هۆش و زیرەکی خۆی هەر وەک جاران تیژ بوو. پسپۆرەکە بەدوای ئەو وڵامە دەگەرا کە چ فۆرمۆڵێکی جادویی وایکردووە تا کو تۆ بتوانیت لەو منداڵە هەژارانە، کەسایەتیەکی سەرکەوتوو درووست کەیت. ماموستاکە زەردەخەنەی رەزامەندی نیشتە سەر لێوی و گوتی: من کارێکم نەکردووە، بەڵکو من لە ناخمەوە ئەو منداڵانەم خۆش دەویست.

جمعه، آذر ۰۴، ۱۳۹۰

زیادبوونی ئازارەکانی ژنان لە کۆمەڵگە گەشەنەسەندووەکاندا


هەر کردوەیەک کە ببێتە هۆی ئازاردانی فیزیکی و رووحی کەسی بەرانبەر دەچێتە خانەی توندو تیژییەوە.  بەڵام، کاتێک باس لەو توند و تیژیانە دەکرێت کە تاکەکانی هەر  کۆمەڵگایەک پێیەوە دەتلێنەوە، زیاتر رەنگدانەوە بیر و فیکرانەیە کە تاکەکانی کۆمەڵگەکانی پێنەگەیشتوو لە جەخزە و بازنەی خۆیاندا دەخولێتەوە و کۆمەڵگەش لە بەستەری چەقبەستووی خۆیدا دەهێلێتەوە، بەتایبەت لە  کۆمەڵگاکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە سەرچاوە و بەرهەمی فیکری دیکتاتۆریانەی تاکەکانی ئەو کۆمەڵگاکانەیە کە لە ئاکامدا شەڕو توندو تیژی لێدەکەوێتەوە. بە دڵنیایەوە دەتوانم  بڵێم کە قوربانی سەرەکی ئەو توندو تیژیانە ژنانی ئەو کۆمەڵگایانەن. هەر یەک لەئیمە کەم تا کورتێک لەسەر مێژوی  ئازارو ئەشکەنجەدان و  سوکایەتیکردن و بچوکردنەوەی کەسایەتی ژنان و  چەوسانەویان و پێشێلکردنی مافەکانیان چ لە خێزاندا یان لە کۆمەلگەدا بیستومانە یان بە چاوی خۆمان دیتومان و هەستمان بە ئازار و مەینەتیەکان کردوە، دەشزانین کە ئەو دیاردەیە کە بۆتە کوڵتور و کۆمەڵگای لە کۆمەڵگەیەکی یەکسانی خواز بۆ  کۆمەڵگەیەکی پیاوساڵار گۆریوە،  بەتایبەت  لەوکۆمەڵگەیانەی کە لە ئاست  ئابوری،  فەرهەنگی ، هۆشیاری و رۆشنبیریەوە هەژارن . ووشەی توندو تیژی دەتوانێت بە زۆر شێوە پیناسە بکریت  کە رەنگدانەوەی نیگەتیڤ لە سەر جەستەی و سایکۆلۆژی کەسی قوربانی جێدەهێلێت. بۆ نمونە، لیدان، سوکایەتی، ئازاردان، شکاندن، بەکەم وەرگرتن، بایکۆت کردن،فەرهەنگی، ئابوری،  دەسترێژی بۆ سەر جەستەی ژن، شکاندن،جنێودان،هەڵاواردن کە دەبنە هۆی ئەو کەسایەتی ژن بچوکبکرێتەوە و تووشی  نەخۆشی خەمۆکی ببێتەوە و لە ئاکامدا دەبێتە هۆی ئەوە کە کەسی قوربانی بیر لە خۆکوشتن بکاتەوە.
توند و تویژی، هەروەها دەتوانرێت وەک دیاردەیەک سەیربکرێت کە تاکەکانی ئەو کۆمەڵگایانە رووبەرووی دەبنەوە.  زۆر جار لە میدیاکان گوێبیستی جۆرها توندو تیژی دەبین، بێ ئەوەی لە هۆکار و سەرچاوەی ئەو توند و تیژیانە بکٶڵرێتەوە بەلام،  ئایا هەر بیستنی بەسە؟  یان دەبێت دەزگاکانی راگەیاندن لە فیکری ریگەچارە یەک بۆ کەمکردنەوە و نەهێشتنی ئەو دیاردە دابن کە وەک پەتا لە کۆلەڵگە بڵا بۆتەوە کە هۆکاری سەرەکیشی بۆ کەم هوشیاری کەساکەن دەگەرێتەوە.  بۆیە بە راشکاوی داتوانم ئاماژەی بەو خاڵە بکەم کە دەزگاکانی راگەیاندن هۆکاری بڵاو بوونەوەن تا چارەسەرکردن ، چونکە بە پێی پێویست نەیانتوانیوە مامەڵەی زانستیانە لە گەڵ رووداوکاندا بکەن و تاکەکان لە ئاست مافەکانیان هوشیار کەنەوە.
پەرەسەندنی ئەو توندو تیژیانە پەیوەندی بە ئاستی کۆمەڵگە پیاوساڵارەکانەوە هەیە کە تێیدا پیاوان شەرەف لە ناو دەلینگی ئافرەتدا دابینن، شتێکی حاشاهەڵنەگرە، هەموو ئەو توند و تیژیانەی کە ئەنجام دەدریت تەنها لەبەر ئەوەیە کە ئەو خێزانە کەسایەتی لە کۆمەڵگەدا لەککەدار نەبێت. بەپێی ئەو ئامارانە کە ساڵانە رادەگەیەندرێت، دەبینین کە ساڵ بە ساڵ ئەو توندو تیژیانە  رێژەیان زیاد دەکات.
توندو تیژی دژ بە ژنان لە هەر کۆمەڵگایەکدا بەدی دەکرێت ،بەڵام ئاستی ئەو توند و تیژیانە لە کۆمەڵگەیەکدا بۆ کۆمەڵگایەکی دیکە  جیاوازە. بەو مانایا کە توندو تیژی لە وڵاتە  دێموکراتەکانیش کە لە ئاستێکی باشی رەفای کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیدان بەدیدەکرێت،  بەڵام جیاوازیەکە لەوەدایە کە لە وڵاتانێک کە قانون و یاسا حاکمە،  رێگە بە هیچ توند و تیژیەک نادرێت  و مافی ژنان و پیاوان لە یاساکان مسەوگەر کراوە و لەوانەشە لە هێندێک بواردا مافەکانی ئافرەت لەو وڵاتانەدا زیاتر بێت لە مافەکانی پیاوان ،  بەڵام بەداخەوە لە کۆمەڵگا سونەتیەکان ،یاساکان لەسەر بنەمای  دین و  مەزهەب  دارێژراون کە لە زۆر بواردە دژیاتی هەیە لە گەڵ یاساکانی مافی مرۆڤ. 

لە کۆتایدا دەمهەوێت ئاماژە بەوە بکەم  کە توندو تیژی دژ بە ژنان لە کۆمەڵگە گەشە نەسەندوەکاندا ،  بۆتە مۆتە و کابوسێک کە سەراپا مێشک و جەستەی ژنانی داگیر کردوە . بۆیە بۆ دەربازبوون لەو کابوسە ئەرکی ژنانە کە خۆیان لەو بەند و زنجیرە ئازاد  بکەن و بۆ دەستەبرکردنی مافەکانیان شێلگیرانەتر بێنە مەیدان و کارێک بکەن کە یاساکانی مافی مرۆڤ شوێن ئەو یاسانە بگرێتەوە کە لە سەر بنەمای ئایینی یان خێلەکی دارێژراون.
بۆ روونکردنەوە و وردبوونەوەی زیاتر لەو توندو تیژیانە بە پێویستم زانی ئاماژە بەو ئامارانە بکەم کە لە ساڵی2010  کەلەلایان بەریوەبەرایەتی توندو تیژی دژ بە ژیان لە کوردستان ئەنجام دراوە.
ئەوژنانەی کە لە پارێزگای هەولیر خۆیان کوشتوە ( 12) ژن کە تەمەنیان 18  بۆ 30 وە باس لەوە دەکات کە  ئەو خۆکشنە لە %٧٦ بە هۆی چەکەوە بوە ەر لە % ٣٣  لە ریگە خۆخینکاندن .
هەروەها راپرتەکە باس لەوەدەکات کە هەر لە سالی رابریدودا (26)  ژن كوژراون، کە لەوانە 5 یان بە به‌بیانووی‌ شه‌ره‌ف‌و (17)شیان به‌هۆی‌ كێشه‌ی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ کە بەسیی رۆر گرفتەکە دەگەریتەو ەبۆ  مۆبایل، ڕاپۆرته‌كه‌ ڕوونیشیكردووه‌ته‌وه‌، جگه‌ له‌كوژرانی‌ ئه‌و ژنانه‌ له‌هه‌ولێر، (64 ، كه‌ (55%)یان به‌هۆی‌ ڕقی‌ خێزانه‌كانیانه‌وه‌ بووه‌، (65%)ی‌ ئه‌و ئافره‌تانه‌ی‌ كه‌ سووتاون شوویان كردووه‌، هاوكات (102) سه‌دو دوو ژنی‌ تر به‌هۆی‌ قه‌زاو قه‌ده‌ره‌وه‌ سووتاون.
له‌و ڕاپۆرته‌دا باسی‌ له‌وه‌شكردووه‌، ساڵی‌ ڕابردوو (1123)  سكاڵایان تۆماركردووه‌، كه‌ (48%)یان ته‌مه‌نیان له‌نێوان (19 بۆ 30) ساڵیدابووه‌، (63%)شیان هۆكاری‌ سكالاَكان ده‌گه‌ڕێننه‌وه‌ بۆ كێشه‌ی‌ نێواخێزانه‌كان.

ڕاپۆرته‌كه‌ی‌ به‌ڕێوه‌به‌رێتی‌ گشتی‌ توندوتیژی‌ دژی‌ ژنان
ئاماژەی‌ به‌وه‌شكردووه‌، له‌و ساڵه‌دا (235 ئه‌شكه‌نجه‌دراون، كه‌ (85%)یان شوویانكردووه‌، (66%)شیان هۆكاری‌ ئه‌شكه‌نجه‌دانیان بۆكێشه‌ی‌ نێوان ژن‌و مێرد ده‌گه‌ڕێننه‌وه‌، (35 ژنی‌ تریش توندوتیژی‌ سێكسییان به‌رامبه‌ر كراوه‌‌و كه‌ (60%)یان خوێنده‌وارن‌و (78%)ی ئه‌و ڕێژه‌یه‌ش، له‌لایه‌ن كه‌سانی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ خێزان توندوتیژییان له‌به‌رامبه‌ردا كراوه‌.


به‌گشتی‌ ئه‌و دۆسێیانه‌ی‌ كه‌ ساڵی‌ (2010) له‌و به‌ڕێوه‌به‌رێتییه‌ تۆماركراون، (74%)یان له‌دادگا داخراون،
بەپێی ئەوئامارانە کە لە ساڵانە لە بەرێوەبەرایەتی توندوتیژییەوە رادەگەینرێت ، هۆکاری جیاواز لە خۆدەگرن کە بۆ ریشەکێشکردنی ئەو دیاردەیە پێویستە بە باشی لە هۆکارەکانی بکۆڵرێتەوە بۆ ئەوەی کۆمەڵگەیەکی هێمن و ئارام بەدی بێت کە دوور بێت لە هەرە جۆرە توند و تیژیەک.
بەهیوای کۆمەڵگەیەکی یەکسان و دێموکراسیخواز و دوور لە هەرە چەشنە توندو تیژییەک.
کوێستان عومەرزادە
   بۆ ئاماری ڕێژەی توندوتیژیەکان کەڵک لەو سایتە وەرگیراوە .
http://www.kcnorg.org

یکشنبه، آبان ۲۹، ۱۳۹۰

سوپاس و پێزانین بە بۆنە هەڵبژاردنم لە کۆمەڵەی کوڵتوری کورددا لە وڵاتی نۆروێژ


دوایی ئەوەی لە کۆبۆنەوەی ئەندامان و دۆستانی فەرهەنگ و کوڵتوری کورد لە تاریخ١٨.١١.٢٠١١ لە کۆمەڵەی کوڵتوری کوردی لە رۆمەریکە لە وڵاتی نۆروێژ، بە دەنگدانی ئەندامانی ئەو کۆمەڵە کوڵتوریە یەکەم دەنگم بەدەست هێنا ،ئەمرۆش لە دەنگدانێکی دیکەی ئەندامانی هەڵبژردراو لەو کۆمەڵەدا بە جێگیری کۆمەڵی کولتوری کوردی  و هەروەها بۆ بەرپرسی بەشی ئاموزشی ئەم ناوندە فەرهەنگیە هەڵبژردرام، هیوادارم بتوانم رۆڵم هە بێت لە ناسینی شارستانیەت وکوڵتوری گەلی کورد بە خەلکی وڵاتی نورویژ و هەروەها بتوانم نەوەی تازە پیگەیشتوو و منداڵانی کوردی تاراوگە نشین زیاتر  بە کوڵتوری دەوڵەمەندی خومانیان ئاشنا بکەین.
لێرەدا زۆر سوپاسی ئەو کەسانە دەکەم کە دەنگیان دا بە من ، منیش هیوادارم لە ئاست ئەو بەرپرسیاریەتەدا بم.
هەروەها داوا لە هەموو ئەو کەسانە دەکەم کە لە وڵاتانی ئوروپادا ژیان دەکەن و لە بوارێکدا کە پیوەندی بە کوڵتوری خۆمانەوە هەیە پسپۆرن پیوەندیمان پێوە بکەن بە تایبەت  ئەو کەسانەی لە ولاتی نۆروێژ نیشتە جێن. بۆ ئەوەی بە هاوکاری هەموو لایەکمان لە خزمەت بەرە پێشەوەچوون و گەشەسەندنی کوڵتوری کورد دا بین.

جمعه، آبان ۱۳، ۱۳۹۰

پیاوانیش دڵیان هەیە!!!



پیاوانیش دڵیان دەنگی هەیە،بەڵام  ترپەی دەنگی کەمترە لە دەنگی دڵی یەک ژن.
پیاوانیش لە تەنیایی خۆیاندا بۆ خۆشەویستەکانیان دەگرین، لەوانەیە نەت دیتبێ، بەڵام هەمیشە فرمێسکەکانیان لە چوارچێوەی دڵتەنگیەکانیان رادەگرن.
هەرکات تایبەتمەندی ژن بوونت دەبینم سینگم دەدەمە پێش... دەنگم بۆرتر دەکەم... تا لەرزینی دەنگم هەست پێ نەکەیت.
تایبەتمەندی پیاوبوون... پێت خۆشە لە خوێندنەوەی نیگای تیلە چاوی ژنێکەوە بێ، نەک  پیاو بیت بە هۆی هێزی بازوەکانت.!!!!
وەک تۆ، دڵم دەگیرێت، دەگوشرێت..،بەڵام ناگریم.
منداڵ دەبمەوە..بهانە دەگرم...
تۆ ئەوانە باش دەزانی...
بە دڵ ئارەزومە سەر بنێمە سەر رانت...
تاکو بە دەستەکانت، مووەکانی سەرم بڵارێنی...
پێم خۆشە بۆنت کەم....
عاشقی بۆنی پرچتم!
من زیاتر لە تۆ پێویستم بە باوەشی تۆیە....
چونکە کاتێک تەنیام... یادەوەری بیرەوەریەکانت هێز و ئومێدم پێ دەبخشێ!
تاکو بۆ بەختەوەریت.... پێکەنینت.... ئارامی وهێمنیت... تێبکۆشم....
من تایبەتمەندی پیاوبوونی خۆم بە هۆی تایبەتمەندی ژن بوونی تۆوە دەزانم!
ئەوە بوو دەردە، دەڵی پیاوێک..
تۆ ئەوانە تێدەگەیت بە هۆی ژن بوونتەوە.

جمعه، مهر ۲۲، ۱۳۹۰

ئەگەری ئاڵۆزتربوونی رۆژهەڵاتی ناوەراست


  
رۆژهەڵاتی ناوەراست هەمیشە لە درێژای مێژوودا، گۆرەپانی یەکلاکەرەوەی کێشەکان بووە. هەر لە شەری ئیمپراتوریەکانەوە بگرە تا ئێستا، ئەو ناوچەیە بە هۆی هەڵکەوتەی ژئۆپولیتی و ستراتیژیەتی جێگەی بایخی زلهێزەکانی جیهان بووە.هاتنە سەرکاری حکوومەتەکانی دیکتاتۆر و نەبوونی شفافیەت و متمانە و دواکەوتووی و ناهوشیاری خەڵکانی ئەو ناوچەیە ، کێشەکانی ئاڵۆزتر کردووە، بە چەشنێک هەر بیست یان سی ساڵ لە مێژووی سەد ساڵەی ئەو ناوچەیە ئێمە شاهیدی شۆرشێکی جەماوەری لە یەکێک لە وڵاتانی هەڵکەوتوو لەو ناوچەیە بووین، بەڵام بەداخەوە بە هۆی بێ پڵانی و نەبوونی هەدەفێکی ئامانجدار دیکتاتۆرێک رووخاوە و دیکتاتۆرێکی دیکە لە جێگەی زەق بۆتەوە.
دەتوانین بەراشکاوی ئاماژە بەوە بدەین کە هێنانی سەرکاری دیکتاتۆرەکان لە هەناوی ئەو کۆمەڵگایانە سەرچاوە دەگرێت، بەو مانایە کە خەڵکانی ئەو ناوچەیە بەدیهێنەری ئەو دیکتاتۆرانەن کە حکومرانیان دەکەن. ئەگەرچی کەسانێکیش هەن کە دژی ئەو دیکتاتۆرانە دەوەستنەوە، بەڵام بەداخەوە دەنگی ئەوانە زۆر کزە و زۆر درەنگ، زۆرینەی خەڵک لەو بۆچوون و ئامانجەکانیان تێدەگەن. بۆیە ئەگەر ئێستا وڵاتانی عەرەبی و باکووری ئەفریقا دەستیان داوەتە شۆرش و لە هێندێک لەوانە شۆرشەکانیان سەرکەوتووە، ئەوە بەو مانایە نییە کە بتوانن دێموکراسی بە مانای ووشە مومارسە کەن. سەرەرای ئەوە، پرۆسەی دێموکراسی پێویستی بە زەمان و کات هەیە کە زۆرینەی خەڵک  بتوانن لەوە تێبگەن کە دێموکراسی راستەقینە بە بێ هەڵاواردنی دین و سیاسەت نایەتە دیت، سەرەرای ئەوە دەبێت زمینە خۆشبکرێت بۆ ئەوەی یاساکانی مافی مرۆڤ جێگەی یاسا شەرعی و ئاینەکان لەو وڵاتانە بگرێتەوە، بەڵام لە وڵاتانەوە کە ساڵانێکی درێژە لە ژێر سایەی دیکتاتۆرەکانیان دا ژیاون ئەستەمە بە ماوەیەکی کورتخایەن ئامانجەکانیان بێتە دیت.
وڵاتانی ئێران و تورکیە هەر کامیان ئێستا بە شێوەیەکی راستە و خۆ دەست لە کار و باری ئەو وڵاتانە وەردەدەن کە شۆرشیان بە ئاکام گەیشتووە و یان خەریکە با ئاکام بگات. هەر کام لە وڵاتانە رۆڵی ئێمپراتوریەکانی سەفەوی و عوسمانی دەگێرن کە هەر ئەو رۆڵگێرانەیان ئاکامی باشی نە بۆ خۆیان نە بۆ ئەو وڵاتانەی خەڵکی وەزاڵەهاتوویان ویستوویانە یان دەیان هەوێت لە ژێر حوکمی دیکتاتۆرەکان بێنە دەر. دەستتێوەردانی تورکیا و ئێران زۆر بە ئاشکرایی لە وڵاتی سوریا دا دەبینرێت. ئەگەری زۆری هەیە کە هەر ئەو دەستێوردانە ببێتە هۆی ئەوە شەرێکی ناوچەیی لە رۆژهەڵاتی ناویندا هەڵگریسێت، کە هیچ کەس ناتوانێت داهاتوو و پانتایی ئەو شەڕە پێشبینی کات. سەرەرای ئەوە چاودێری پێشووی ئاژانسی وزەی ناوەکی بە راشکاوی رایگەیاند کە کۆماری ئیسڵامی دەتوانێت تا کۆتایی ٢٠١٣ دەستی بگاتە چەکی ناوەکی، کە ئەوەش نیگەرانییەکی زۆری بۆ کۆمەڵگەی جیهانی دروستکردووە، دوور نییە کە وڵاتانی جیهانی بۆ پێش گرتن لەو کردەوەیەی کۆماری ئیسلامی ئێران هەنگاوی پراکتیکی بهاوێژن. هەروەها کێشەی فەلەستین  بە بانگەوازی مەحموود عەباس لە رێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان خۆی ناوتەوە قۆناغێکی نوێ و حساسیەتێکی دروستکردووە بە چەشنێک کە رێبەری کۆماری ئیسلامی بە راشکاوی رایگەیاند کە دژی ئەو بۆچوونەی مەحموود عەباسە، هەروەها رایگەیاند کە فەلەستین وڵاتێکە کە سنوورەکەی لە نەهرەوە تا بەحرە. هەر ئەو بۆچوونەی رێبەری ئیسلامی ئێران، رێبەرانی ئیسرائیلی خستە ناو کردەوەیەکی بەرگری زیاتر لە جاران. جیا لە کێشەی فەلەستین  و شۆرشی وڵاتانی عەرەبی، چونەدەرەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، کێشەکانی ئەو وڵاتە لە جاران قوڵتر دەکاتەوە و دووریش نییە کە دەستێوەردانەکانی وڵاتانی ناوچەکە لەو وڵاتەدا ، شەرێکی تایفی دەستپێبکات کە سەرتاسەری رۆژهەڵاتی ناوەراست بگرێتەوە.
کوێستان عومەرزادە   

چهارشنبه، شهریور ۳۰، ۱۳۹۰

عەشق هەوێنی سەرکەوتن و ئومێدە



هێندێک جار ، زۆر رووداوی شیرین و تاڵ لە ژیانی رۆژانەی مرۆڤدا دێنە پێش، کە چاوەروانکراو نین و بێ ئەوەی ئامادە و پلانی پێش وەختت بۆی هەبێت روودەدات، بۆ دەرباز بوون لە هەر چەشنە رووداوێک لەو جۆرە دەبێ مرۆڤ بریاری سەرەکی خۆی بدات. یەکێک لە بریارە سەخت و گرینگەکان کە مرۆڤ بە هەر هۆکارێکەوە بۆی دێتە پێش و دەبێت بیدا، کۆچکردنە. کاتێک رەگی هەموو ئەو بیرەوەری و پیوەندیانە دەبری و بۆ وڵاتێکی دیکە کۆچ دەکەی دەبێت ئامادەی هەر جۆرە رووداوێکی چاوەرواننەکراو بیت. هێندێ جار بارو دۆخ بە شێوەیەک دەگۆردرێت کە هیچ شتێک وەک ژیانی پێشووت ناچێت و ناتوانی کە بە هەمان شێوە  وئوسلوبە ئەسپی ژیانت تاو بدەیت. وا پێدەچێت کە ژیانی پەنابەری یەکێکە لەو رووداوانە بێت کە ئینسانی پەنابەر  دەبێت لە گەڵ شەپۆڵی رەورەوی ژیان خۆی ئاراستەکات و خۆی لەناو کێشە و ئاریشەکانی ژیانی پەنابەریدا بدۆزێتەوە.
کاتێک لە زێدێک  کە عەشق  و خۆشەویستیت بۆی هەیە و هەبووە و  ئێمەی کورد بە نیشتیمان ناوی دەبەین ،بە زۆری کۆچت پێدەکرێت و رەپێت دەنێن. ئەو نیشتیمانەی کە هەموو کۆلان و دار و بەرد و وەرزی ساڵەکانی بۆ تۆ بیرەوەریە و نیوەی قۆناغەکانی ژیانت لە ناویدا قاڵبی دارێژراوە و لە ناو ئەو ژینگەیەدا گەورە وپەڕ وباڵت گرتووە. ناچاری بە هەموو بیرەوەری خۆش و ناخۆشەکانی ماڵئاوایی لێبکەیت. هەر لەو راستایەشدا هەزاران چاو، چاوەروانی سەرکەوتن و خۆشبەختی تۆ دەکەن.
 هەزاران مرۆڤی ژیر و پاک بە هەر هۆکارێکەوە بێت ماڵئاوایی لە نیشتیمان دەکەن و بەهەزاران ئومێد و هیواوە بۆ وڵاتە دوور دەستەکان کۆچ دەکەن بێ ئەوەی پلانێکی پێش وەختیان بۆ ئەو کۆچە هەبێت، لێرەیە کە مرۆڤ ناچار دەبێت ئیرادەی خۆی بداتە دەست شەپۆلەکانی ژیان، بەڵام دەبێت سەخت بێت لە بەرانبەر هەر جۆرە کێشەیەکی چاوەرواننەکراو، دەبێت لە خەبات دابێت بۆ زاڵ بوون بە سەر هەموو ئەو کێشانە دێنە پێشت، دەبێت ئومێدت زیاتر کەیت و هەنگاوکانت گورج و تۆڵتر. ئومێد بەو مانایا کە دەبێت ریسک بکەیت دەبێت خۆت بخەیتە مەترسیەوە. نا ئومێدبوون لە هەوڵ و خۆپێگەیاندن شکەستی بەدواوەیە.
دەبێت مرۆڤ خۆی بخاتە مەترسیەوە، چونکە گەورەترین مەترسی لە ژیان مرۆڤ ، بوونی ترسە کە نەتوانی ریسک بکەیت. کەسێک کە ئیرادە و توانای ئەوەی نییە ریسک بکات و خۆی بخاتە مەترسیەوە، لە راستیدا ناتوانێت هیچ کارێک ئەنجام بدات و شتێک بەدەست بێنێت. ئەو دەتوانێت لە زیان و ماندووبوونەکانی رەنج و هەوڵدان  خۆی دوور بخاتەوە ورزگاری بێت، بەڵام ناتوانێت فێر بێت و خۆی پێ بگەیەنێت، تەنانەت ناتوانێت کەسێکیشی خۆش بوێت وژیانێک بۆ خۆی درووستکات.
هێندێک کەس دەتوانن گۆرانکاری بە سەر خۆیاندا بێنن و لە هەموو روێکەوە خۆیان ئاپدەیت کەنەوە و لە گەڵ گۆرانکاریەکانی ژیان بچنە پێش، ئەوانە ژیان زۆر سادە و ساکار دەگرن و لە گەڵ پێشهاتەکانی ژیان زۆر باش مامەڵە دەکەن و خۆیان لە گەڵ رەوتی ژیان دەگونجێنن. لە بەرانبەر ئەو کەسانەشدا هێندێک کەس هەن کە زۆر وردبینانە و رۆشنفکرانە بۆ کێشەکان دەروانن و کێشەکان لە حالەتی ئاسایی خۆیاندا گەورەتر دەکەن.
ئەزموون و تەجروبەکانی ژیان نیشانی داوە کە کاتێک بارو دۆخ دەگۆرێت، بە قازانجی ئێمەیە کە ئەو کارانە ئەنجام بدەین کە سادە و  ساکارو کاریگەر، خۆیان دەنوێنن.
هاونیشتیمانم، ساڵانێکە کە لە گەڵ دەرد و غەم و شادی و تەنیای و خۆشبەختی تۆ ئاشنام، چونکە خۆشم لە جنس و قوماشی تۆم. زۆر جار بیرکردنەوەم لەو هەموو زوڵم و زۆریەی کە ساڵانێکە بە ناوی جیاوازی نەتەوە و ئایینەوە لێمان دەکرد کەمتر ئەزیەت و نارەحەتم دەکات لەوەی کە خۆمان یەکترمان پێ قەبووڵ ناکرێت، بو نموونە هەر حیزبە وپارتەی هەرچەند لە بناغە و ئەساسدا یەکن ، بەڵام ئێستا بوونەتە چەندین تاقمی جیاواز کە هەر هەموویان خەسارێکی زۆر دەگەیەنە شیرازە و بەدەنەی کۆمەڵگای کوردەواری.
نارەحەتم لەوەی کە خۆشەویستی و عەشق لە ناوماندا جێگەی خۆی داوە بە رق و کینە و یەکتر هەڵاواردن و بوغزاندن بە هەر ناوێکەوە هەبێت. جوداخوازی رەگی داکوتاوە لە هەموو تاڵەدەزوی سەرو خواروی ژیانمان، جیاخوازی لە بیرکردنەوە لە سەر بنەمایەکی ناژیرانە هەر لەناو خێزانی کورد را بگرە تا دەگاتە ئۆرگان و پارتە سیاسی و مەدەنییەکانی کورد دەبینرێت کە ریشەی هەموو ئەو کێشانەش دەگەرێتەوە بۆ دیکتاتۆری و جۆری بیرکردنەوەی کەسەکان. بە شێوەیەک کە بە بچوکترین شەپۆڵی جیاوازی بیرکردنەوە و بیرورا، تەنیای هەڵدەبژێرین وتەنیا دەبین. بەوشێوەیە زۆرترین زیانەکانی بەر خێزان دەکەوێت کە گرینگترین  وجوانترین ناوەند و ئۆرگانی کۆمەڵایەتی و سیاسییە لە بەریەک هەڵدەوەشێت و ئەندامانی تووشی جۆرها خەسار و زیان دەبن کە لە داهاتوودا تێهەڵانەوەیان ئاستەمە.
خێزان یان خانەوادە بە شوێنێک دەگوترێت کە مرۆڤ تێیدا ئارام بگرێت و هەست بە خۆشیەکانی ژیان بکات، ئەگەر عەشق و خۆشەویستی لە ناو ئەندامانی خێزاندا نەمێنێت ئەوکاتەیە کە بۆ هیچ کامیان ، خانەوادە ئەو پەنەگەیە نامێنێت و شیرازەی خۆی لەدەستدەدات.
چ زۆرن ئەو خێزانانەی پەنابەرن، بەڵام ئەو خۆشەویستییەی لە ناو نیشتیمانی خۆیاندا لە ناویاندابووە ئێستا  لە ناویاندا بوونی نەماوە و بە هات هاوار بە سەریەکدا تۆوی رەق وکینە، جێگەی عەشق و خۆشەویستی گرتۆتەوە و شیرازە و ناوەندی گەرمی ژیانیان تێک چووە. زۆر جار کاتێک لە بۆنەکانی نەتەوەیی و کۆمەڵایەتییەکانی کوردیدا بەشدار دەبم گوێبیستی زۆریەک لەو بەسەرهاتانە دەبم کە فڵان کەس لە گەڵ خێزانی جیابوونەتەوە ویان دەیان هەوێت جیا ببنەوە.
هەر کۆمەڵگایەک کێشە و ئاریشەی تایبەت بە خۆی هەیە، بەڵام گرینگ ئەوەیە کە چۆن مامەڵە لە گەڵ ئەو کێشانەدا بکەین. بە بیر و باوەری من کاتێک کێشەیەک لە ژیاندا دێتە پێش، چارەسەر ئەوە نییە کە تۆ گۆرەپان خاڵی کەیت و لە کێشەو موشکیلاتت رابکەیت، بەڵکو دەبێت پلان و راهکاری پێویست بۆ چارەسەرکردنیان بدۆزیەوە. دەبێت ئێمە لە بچوکترین ئۆرگانی کۆمەڵایەتی خۆماندا کە خێزانە سەرمایە گوزاری بکەین بە هەر رێگەیەک بێت چ ماددی یان مەعنەوی دەبێت شیرازەی توند و تۆڵ بکەین بۆ ئەو کەسانەی خۆشمان دەوێن و خۆشیان دەوێین. چونکە سەرکەوتن و هێز لە کۆ دایە نەک لە تەنیایی .
ئێمە هەموومان پێکەوە جوانین و پێکەوە دەتوانین لوتکەی سەرکەوتنەکانمان لە باوەش گرین. سەرکەوتنەکان هەمیشە لە لوتکەدان و شتە بچوک و بێ بایخەکانیش هەمیشە لە نەزمیدان. دەبێت ئاگادار بین کە هەنگاوەکانمان بۆ پێشکەوتن وسەرکەوتن قایمتر دابنیین بۆ ئەوەی بە بچوکترین لەرزین خۆمان نەدۆرێنین .
لە پتەوکردنی شیرازەی ناو ماڵ وخێزانمان لە هیچ شتێک دریغی نەکەین و بە هەر بەهایەک بێت ئەو عەشق و خۆشەویستیەی ناو خێزانمان بپارێزین. خۆشەویستی و عەشق پێویستیەکی سەرەکی بەردەوامی ژیانە. بە بێ یەکبوون و تەبابوون هیچ ئۆرگان و خانەوادە و حیزبێک دەوام ناهێنێت.
ناو خێزان پڕ کەین لە خۆشەویستی و سەفا وسەمیمیەت. ئەوکارە دەتوانیین بە بێ پوڵ وپارە بکەین، چونکە ئازموونی ژیان دەریخستووە کە بە بێ پارە وئیمکاناتیش دەتوانیین خۆشەویستی وعەشقمان بۆ یەکتر هەبێت.

یکشنبه، شهریور ۲۰، ۱۳۹۰

بۆچی پەیوەندی کورد و ئیسرائێل بڤەیە!؟


ئاسۆ عومەرزادە


کورد و جوو دوو گەلی خاون مێژوو وشارستانیەتن. لە بوارەکانی مێژوویی و کلتووری و کۆمەڵایەتی ئەو دوو گەلە خاڵی هاوبەشیان زۆرن. کوردستان لە سەرچاوەکانی مێژوویدا بە لانکەی شارستانیەت بەناو بانگە. زۆریەک لە ئایینەکان چ زمینی یان ئاسمانی لە ناوچەکانی کوردستان و ئیسرائیل سەریانهەڵداوە،بوونی ئایینەکانی ئیزدی،یارسان، زردەشتی،مانی و مەسیحی و یهودی گەواهیدەری ئەو راستییەن.هەروەها،پێکەوە ژیانی ئایینە جۆراوجۆرەکان لە کوردستان ئەوە دەسڵمێنێت کە گەلی کورد گەلێکی ئاشتیخوازو مرۆڤ دوست بووە،سەرەرای ئەوە کە هەر ئائدیۆلۆژیەک یان دینێکی نوێ هاتبێتە ناویەوە ئەگەرلە روانگەیانەوە سوودمەند بوو بێت بە سینگێکی ئاواڵە وەریانگرتووە. ئایینی ئیسلامیش یەکێک لەو ئایینانە بوو کە لە دورگری عەرەبی سەریهەڵداو بە ناوچەکەدا بڵاو بۆوە و زۆربەی کوردەکانیش بە سینگێکی ئاواڵە پێشوازیان لێکرد،بەڵام بەداخەوە هەردوایی بڵاوبوونەوەی ئەو ئایینە هێندێک مەلاو کەسانی ئایینی سوودیان لەو دەرفەتە وەرگرتوو وبەناوی ئیسلام بەرد بوونە خیانەت وتاڵانکردنی ماڵ و نامووسی خەڵکی کورد ولە هیچی کردەوەیەکی ناشیرن دژ بەو گەلە خۆیان نەپاراست و بۆ بارەقەڵلاهی خەلیفەکانیان ئەوەی خەراپ بوو بە سەر ئەو گەلەیانداهێنا. تا بیست ساڵ لەوە پێش ،هێندێک لە مەلاکان بەناوی دین و ئیسلام خوێندنی مەدرەسەیان لە ماڵ و منداڵی کورد قەدەغە دەکرد وناردینیان بۆ قوتابخانە بە سەرەتای دەستپێک بە کافربوونیان دەزانی، زێدە لەوە خوێندنی مەدرەسەیان بە خوێندنی شەیتان ناو دەبرد بۆ ئەوەی گەلی کورد چاوی نەکرێتەوە و گوێ لەمستی قسەکانی مەلاکان بن. ئێستاکە گەرچی سەردەمەکەی گۆراوە و گەلی کورد هوشیار وبەئاگا بۆتەوە، بەڵام بە شێوەیەکی دیکە کەوتونەتە دوژمنایەتی ئەو گەلە، ئەوەش هێندێک لە مەلاکان بە تایبەت ئەوانەی لە ناو پارتە ئیسلامیەکاندان خەڵکی کوردستان هاندەدەن کە دوژمنایەتی گەلی ئیسرائیل بکەن.هەرچەند لە قورئاندا هاتووە کە:" گەلان هەمووی برای یەکن و ئەوەی جیایاندەکاتەوە کاری چاکەی زۆرترە".هەروەها، چەندین ئایەی دیکەشمان لەو زمینەیەیدا هەیە،بەڵام بەداخەوە بەرژەوەندی مەلاکان وموریدەکانیان لە گەڵ خەلیفەکانیان ئەو ئایەتانە نابینن. بە درێژای هەزارو چوارسەد ساڵ لەوە پێش کەسایەتی تاکی کورد بچوککراوەتەوە و هەمیشە لە لایەن ئەو مەلایانە وا تێگەیندراون کە دەبێت ئەو گەلە لەخزمەت نەتەوەکانی عەرەب وتورک وفارس دابن و هەرشتێک بە قازانجی ئەو میللەتە بوو بێت، ئەوە لەلایەن ئەو بەکرێگیراوانە حرام کراوە.هەر ئەو گەلانەی کە بە درێژی میژوو كوردیان كردبوو پێشەنگی شەڕەكانی خۆیان لە ژێرچەتری پاراستنی ئاینی ئیسلام، بۆ چەسپاندنی پێگەی نەتەوایەتی خۆیان هەردەم گوتویانە ئیسلام رێگە نادات هیچ نەتەوەیەك جیا بێتەوە،لە بینینی دەوری شوفینی و دەستەڵاتی دین و دوڵەتیان خستبووە ژێر دەستەڵاتی خۆیان.
هەموومان دەزانین جوو لە هەموو شار و ناوچەیەكی كوردستان بە هەر چوار پارچەیەوە ژیاوە و مال و حال و ناونیشانی خۆیان هەبووە، دەورێکی سەرەکیشیان گێراوە لە گەشەسەندنی ئابووری کوردستان.هەرچەند ئێمەی کورد مێژوویەکی دوورو درێژمان هەیە لە گەڵ گەلی جوو و پیوەندیەکی بەهێزمان هەبووە،بەڵام ئێستا لە لایەن دوڵەتانی عەرەبی وئیسلامی دوژمنایەتی کورد دەکرد و پیوەندی کورد و جوو بە حرام دەزاندرێت. لە حالێکدا،دەوڵەتە عەرەب و ئیسلامییەكان پەیوەندی راستەخۆ یا ناراستەخۆیان لەگەڵ ئیسرائیل هەیە و لە هەموو دوڵەتە عەرەبی و ئیسلامییەكاندا جگە لە چەند وەڵات نەبێت ئاڵای ئیسرائیلی دەشەكێتەوە و پەێوەندییە مرۆییەكانی كورد- ئیسرائیلیش بە خەیانەت وهێرش بۆ سەر ئیسلام ناوزەد دەكەن. ئێمه‌ی كورد هیچكات زیانمان له‌ جووله‌كه‌كان نه‌دیوه‌، به‌پێچه‌وانه‌ زیاتر لە دراوسێ موسەڵمانەكانمانه‌وه‌ زیانمان دیتووە. له‌ هه‌ر شوێنێك ناوی جووله‌كه‌ یان ئیسرائیل دێت له‌ ژێر هه‌ر ناوێكدا بێ، باسكردنه‌كه‌ی بۆ كورد بڤه‌یه‌. بە درێژایی مێژوو، دۆستایه‌تی و پێكه‌وه‌ ژیانی سه‌رجه‌م چین و توێژ و ئایینه‌كان له‌ كوردستاندا هه‌بووه‌ و كێشه‌یه‌كیان پێكه‌وه‌ نه‌بووه‌. به‌ تایبه‌تی له‌سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتدارێتیی كورده‌كاندا، جووله‌كه‌ و باقی كه‌مینه‌ ئایینییه‌كانی دیكه‌ی نێو كوردستان، مافه‌كانیان به‌ ته‌واوه‌تی له‌به‌رچاو گیردراوه‌ و فه‌رق و جیاوازییان نه‌خراوه‌. نموونه‌ش هه‌م سه‌رده‌می كۆماری كوردستانه‌ كه‌ تێیدا هه‌موو مافه‌كانی كه‌مینه‌ ئایینییه‌كان دابین كرابوو، هه‌میش له‌سه‌رده‌می ئێستای حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا كه‌ به‌ڵگه‌یه‌كی حاشاهه‌ڵنه‌گره‌ و تازه‌تریشن به‌ڵگه‌ی روونیش كۆڕه‌وی مه‌سیحییه‌كانه‌ له‌ ناوچه‌ جیاجیاكانی عێراقه‌وه‌ بۆ بن باڵی حكومه‌تی هەرێمی کوردستان.
گەلی کورد دەتوانێت بێ گوێدان بە هەرەشەکانی وڵاتانی دەوروبەری پیوندییەکانیان بە سیاسەتێکی دروست وژیرانە لە گەڵ هەموو گەلانی دوونیا داربرێژێت بە تایبەت لە گەڵ گەلی ئیسرائیل کە خاڵی هاوبەشی زۆرپێکەوە کۆمان دەکاتەوە و ئێستاکەش باشترین هەلە کە ئەو دەرفەتە بقۆزینەوە،چونکە ئێمە پێویستیمان بە زۆر بوار هەیە کە جوولەکەکان ئەو قۆناغەنەیان تێپەراندووە و ئەزموونی باشیان وەرگرتووە لە ناوچەیەکدا کە دۆژمنەکانمان یەکن.
پێویستە میللەتی کورد، هەموو تواناکانی بخاتە گەڕ بۆ ئەوەی چارەنووسی خۆی خۆی بگرێتە دەست و ئامادە قوربانیدان بن، تاکو لە ژێر ستەم و چەپۆکی گەلانی فارس و تورک وعەرەب بێنەدەر. گەلی جوو هەرچەند لە سەرخاک و وڵاتی خۆیان نەبوون ،بەڵام بە هۆی هەوڵە بەردەوامەکانیان توانیان خاکیان بستێنەوە وبە مافەکانیان بگەن، بەڵام ئێمە کارمان ئاسانترە لە گەلی جوو بۆ ستاندنەوەی خاکەکەمان، چونکە ئێمە لەسەر خاکی خۆمان دەژین تەنیا ورەو و بەرخۆدانێکی گشتی پێویستە بێ سڵمینەوە لە هەموو تەنگ وچەلەمەیەک، دژی ئەو نەتەوانەی خاکەکەیان داگیر کردووین.هەروەها لە سەر کورد پێویستە پیوەندیەکانیان لە گەڵ کوردە جووەکان لە هەموو بوارێکدا پەرە پێبدات،چونکە سەرمایەیەکی بەنرخی دوارۆژی کوردن،سەرەرای ئەوەی کە کورد وئیسرائیل دەبێت پیوەندیەکی بەهێز و ستراتیژی پێکەوە ببەستن،چونکە پیوەندی کورد و جوو سەرەرای ئەوە کە زۆر کۆنە ، بەڵام لە ئێستادا پیوندیەکی ستراتیژی و پێویستەیەکی هەونوکەییە.

چهارشنبه، مرداد ۱۲، ۱۳۹۰

راستی ژیان



لەم رۆژگارە بێ سەرە و بەرەی ئەمرۆدا کە  پارە و مادییات لە ژیاندا قسەی یەکەم دەکات و هەموو شتەکان بە دەوری ئەودا خوڵ دەخولێنەوە. عاتفە و هەست ، خۆشەویستی و مرۆڤدۆستی وا پێ دەچێت کە لەبیر بکرێن . لە دوونیایەکدا کە هەژاری و بێدەرەتانی ، شەڕ و خوێنرشتن، گەندەڵی وتیرۆر رۆژ بە رۆژ بەرەو هەڵکشاندەچێت،  هیچ شتێک بێجگە لە پشتێوانەی مەعنەوی و گەشبینی لەم سەردەمەدا،  ناتوانێت مرۆڤ و بەشەر لەو هەموو شڵەژانی دەروونی و رووحی رزگار کات،بۆیە خەڵکانی دەوروبەرمان خۆش بوێت تاکو خۆشەویست بین، بەڵام بەداخەوە بۆ من تەجروبە و ئەزموونی ژیانم بەمجۆرە دەرسی دادام کە:

هەرچی مێهرەبانتر بیت، زیاتر زوڵمت لێدەکرێت.

هەرچی راستگۆتر بیت ، زیاترین درۆت لە گەڵ دەکرێت.

هەرچی لەم رۆژگارەدا زیاتر خۆت خاکی بنوێنی ، بایخی کەمترت بۆ دادەنێن.

هەرچی دڵت ئاسانتر بخەیتە دەستی کەسانی بەرانبەرت ، زیاتر دڵت دەگوشرێت.

ئەگەر بزانن کە چاوەروانی وپێویستت بە هاوکاریانە،  بە رادەی دوونیایەک لێت دوور دەکەونەوە.

یکشنبه، مرداد ۰۹، ۱۳۹۰

جۆرەکانی بێ شعوری /٢


بەشی پەنجەم:

بێ شعوری کەسایەتیەکی ئاینی سفەت

خۆشبەختانە هەموو پیاوە ئاینیەکان بێ شعور نین، پیاوی ئاینی زۆرمان هەیە کە بە پێی رێهنمایەکانی ئاینەکەیان کاری باش ئەنجامدەدەن،بەڵام بەو حاڵەش نابێت کە لەو کەسانەی بە ناوی دین و ئایین کردەوی دوور لە هەستی مرۆڤایەتی ئەنجام دەدەن غافڵ بین. وەک هەر شتێکی دیکە ئاینیش ئەگەر بکەویتە دەستی کەسێکی خەراپ بە لارێدا دەبردرێت.ئەو بێ شعورانە بە دوو تایبەتمەندی لەوانەی دیکە جیا دەکرێنەوە.
·       ئەوان لە یەک کاتدا دەتوانن لە خوا و شەیتان  بۆ ترۆرکردنی دوژمنانی خۆیان کەڵک وەرگرن، بەو مانایە کە ئەوان دەتوانن بە نزیکبوونەوە لە خوا و دوورکەوتنەوەیان لە شەیتان وەک ئامرازێک بۆ دەستراگەیشتنیان بە ئامانجە دژە مرۆڤایەتیانەی کە مەبەستیانە کەڵک وەرگرن.
·       ئەوان وادەزانن کە ئەرکی ئەخلاقییانە تاکو نارەحەتی و خەمۆکی و بیروبۆچونی خۆیان بە سەر خەڵکانی دیکەدا بسەپێنن. زۆر یەک لە بێ شعورەکان پێیان خۆش نییە کە کەس سەر  لە لا کار وباریان دەر بێنێت، بەڵام ئەم جۆرە بێ شعورە جیاواز لەوانەی دیکەیە.بە پێچەوانە ئەوان هەموو هەوڵەکانی خۆیان دەخنە گەڕ بۆ ئەوەی کەسانی دیکە راکێشن بۆ لای خۆیان ، بەو واتایە ئەوان دەیان هەوێت کۆپیەک لە خۆیان دروست بکەن.
·       ئەوان مەغرور و لە خۆباین، خاکی بوون لە لای وان مانایەک نابەخشێت و تا کو سەریان بە بەرد نەکەوێت لەو بوارەدا هوشیار نابنەوە، بەڵام هێچ کام لەو شتانەش  نابنە هۆی ئەوە کە ئەوان سەبارەت بە بابەت گەلێک وەک مێهرەبانی و چاکەکەردن و... وتار نەدەن. لە راستیدا ئەوان سەبارەت بە خاکی بوون و پاداشی مرۆڤی روشت بەرز بۆ خۆیان قسەناکەن، بەڵکو ئەوان دەیان هەوێت ئەو قسانە بە گوێی ئێوەدا بخوێنن. لە واقعیدا ئەوان کارێک دەکەن کە ئێوە بۆ ئەوان کرنۆش بەرن.
·        ئوسلوبی ژیانی وان، لە لای خۆیان تەنیا رێگەی راست ودروستی ژیانە،ئەوان پێیان وایە کە تەنیا ئەوان لە سەر حەقن  و شێوەی ژیانکردنی وان دروستە.لە راستیشدا هەر لەو بوارەدایە کە زۆر یەک لەو بێ شعورانە دەیان هەوێت یارمەتی خەڵکانی دیکە بدەن. ئەوان نە تەنیا بۆ کۆپیکردنی خەڵکانی دیکە لە ئایەتی کتێبە پیرۆزەکان کەڵک وەردەگرن، بەڵکو دەشیان هەوێت کە بیروبۆچونی خۆشیان بە سەر ئێوەدا بسەپێن و ناچارتان کەن کە وەک وان بیر کەنەوە. هەرکەسێکیش لە گەڵ ئەوان بکەوێتە موناقشە وا نیشاندەدەن کە شەیتان چۆتە لەشی  کەسی بەرانبەریانەوە.
ئەو جۆرە بێ شعورانە زۆر زیرەکن لە بەسەرهات و دروستکردنی قسە کە پیوەندیان بدەن بە خوا و پیغەمبەران، ئەوان زۆرتر جەخت لە سەر مەسائیلێک دەکەنەوە کە پیاو چاکان و موسەلمانان هیچکات سەبارەت بەو شتانە پرسیار ناکەن و بێ باوەرەکانیش زۆر لەو مەسائیلە سەردەر ناهێنن کە بۆیان ببێتە جێگەی پرسیار و رەخنەیان ئاراستە کەن. ئەوانیش وەکو باقی بێ شعورەکانی دیکە بە گەورەکردنی شتەکان، ئامانج و مەبەستەکانیان دەبەنە پێش.
بێ شعوری ئاینی سفەت، هێزی وتار بێژی باشیان هەیە و بە ئاسانی دەتوانن کە سەرنجی خەڵکان بە لای خۆیاندا راکێشن. هێندک جار ئەو بێ شعورانە بە باوەر بەخۆبوونێکی زۆر بە خۆیان وا خۆ نیشاندەدەن کە دەتوانن سەگێکی هار بترسێنن، ئەوان بۆ پێش بردنی مەبەستەکانیان هەرکارێک پێویست بێت دەیکەن.
ئەوان رەحم  و بەزەییان نییە، هەرچەند خۆیان وا نیشاندەدەن کە رەحم و بەزەیی لە وتارەکانیاندا بە شێوەیەکی سەیر و سەرنج راکێش دەردەبرن،بەڵام هەڵس وکەوتی ئەوان بە جۆرێکە گوایە پێکەوە هەڵکردن و پێکەوژیان بە شێوەیەکی ئاشتیانە مەترسیەکە بۆ سەر مرۆڤ، تەنیا لە باردۆخی تایبەت کەڵکی لێوەردەگرن.ئەو جۆرە بێ شعورانە لەوی عیب و عاری کەسانی دەوروبەریان ئاشکرا دەکەن و ئیدانە وترۆری کەسایەتیان دەکەن چێژ وەردەگرن. بە خۆشحاڵیەوە ئەو جۆرە بێ شعورانە لە خوا نزیک نابنەوە، ئەگەر نزیک بانەوە دوور نەبوو کە لە خواش رەخنە بگرن.
ئەوان عاشقی ئەوەن کە گناح بکەن، لەوەی کە وا خۆنیشاندەدەن کە لە گناحکردن بێزارن تەنیا دروشمیانە، ئەوان لەوەی کە خاڵە لاوازەکانی کەسانی دەوروبەریان زەق کەنەوە خۆشحاڵن و وزەی لێوەردەگرن. ئەوان پڕن لە وزە و ئەنەرژی نیگاتیڤ و دڵیان پرە لە رق و کینە. بە کورتی ئەوان نەخۆشی سادیسمیان هەیە کە پێیان خۆشە بەردەوام خەلکانی دەور و بەریان ئەزیەت و نارەحەت کەن. سەرەرای ئەوە ئەوان کەسانێکی دوورووی زۆر زیرەکەن کە دەتوانن بە ئاسانی فێڵ بکەن و ئامانجەکانیان بەرەو پێشەوە بەرن.