جمعه، خرداد ۱۵، ۱۴۰۵

فەلسەفەی ‘قەدر و یادکردنەوە’ لە کۆمەڵگا زیندووکوژەکاندا

 


فەلسەفەی ‘قەدر و یادکردنەوە’ لە کۆمەڵگا زیندووکوژەکاندا

مرۆڤایەتی بە درێژایی مێژوو، تووشی پارادۆکسێکی ئەخلاقیی قووڵ بووە؛ پارادۆکسی "دوای مردن ناسین". ئەم دیاردەیە تەنها پەیوەست نییە بە نوخبە و بیرمەندەکانەوە، بەڵکو برینێکی قوڵە لە جەستەی پەیوەندییە خێزانییە سادەکانیشماندا. بۆچی زۆربەی مرۆڤەکان تەنها کاتێک "ئامادەیی" کەسێک دەبینن کە "ون" دەبێت؟ بۆچی مزارە ساردەکان و مەڕمەڕی سەر گۆڕەکان شکۆدارترن لە باوەشێکی گەرم و وشەیەکی پڕ لە ڕێز لە کاتی ژیاندا؟

١. ئۆنتۆلۆژیای ونبوون: کاتێک نەبوون دەبێتە مەرجی بینین

لە ڕوانگەیەکی فەلسەفییەوە، مرۆڤی زیندوو "کائینێکی تێپەڕە"، واتە هەمیشە لە گۆڕان و جوڵەدایە، خاوەن کەمکوڕی و هەڵەیە. ئەم "زیندووێتییە" وادەکات دەوروبەرەکەی (خێزان بێت یان کۆمەڵگا) تەنها لە ڕێگەی کێشە ڕۆژانەکان و بەرژەوەندییەکانەوە مامەڵەی لەگەڵ بکەن. بەڵام "مردن" جۆرێک لە جێگیری و پیرۆزی بە مرۆڤ دەبەخشێت.

مردن، مرۆڤ لە "کائینێکی واقیعی" دەگۆڕێت بۆ "ئایدیا و وێنە". کاتێک ئەندامێک لە بنە ماڵەیەک  بە نموونە، باوکێک دەمرێت، یان بیرمەندێک ماڵئاوایی دەکات، چیتر ئەو مرۆڤە نییە کە ڕەخنە بگرێت، داوا بکات یان ڕکابەریمان بکات؛ لێرەدا کۆمەڵگا هەست بە ئارامی دەکات و دەست دەکات بە "داڕشتنەوەی وێنەکەی" بەو شێوەیەی کە خۆی حەزی لێیەتی. ئێمە بۆ "مردوو" ناگرین، بەڵکو بۆ ئەو وێنە ئایدیاڵە دەگرین کە لە مێشکماندا بۆمان دروست کردووە.

٢. پیرۆزیی پاشوەختە:

لە دەروونناسیی کۆمەڵایەتیدا، ئەو فەوزایەی لە پرسەکان و ئەو خەرجییە زۆرانەی لە کێلی مەزارەکاندا دەکرێن، وەک میکانیزمێکی "پاکبوونەوە" (Catharsis) لێکدەدرێنەوە. ئەو خێزانەی لە کاتی ژیاندا گوێیان بە قسەی دایک یان باوکیان نەدەدا و بە کردەوەکانیان ڕۆحیان بریندار دەکرد، پاش مردنی پەنا دەبەنە بەر "زیادەڕەویکردن لە ڕێزگرتن".

ئەمە ڕێزگرتن نییە لە "بەرامبەر"، بەڵکو هەوڵێکی ناھۆشیارانەیە بۆ شاردنەوەی "هەستی تاوان". کێڵە رازاوەکە قەبارەی ئەو بۆشاییە ئەخلاقییە پیشان دەدات کە لە کاتی ژیانیدا دروست ببوو. ئێمە بە گوڵەکانی سەر گۆڕەکە، دەمانەوێت برینەکانی ویژدانی خۆمان ساڕێژ بکەین، نەک ڕێز لە باوکەکە بگرین؛ چونکە ڕێزی ڕاستەقینە تەنها کاتێک مانای هەیە کە "وەرگر" (Recipient) زیندوو بێت و هەستی پێ بکات.

فەیلەسوفی ئەڵمانی ئارسەر شوپنهاوەر دەڵێت: "مردن هەموو کەموکوڕییەکان دەسڕێتەوە".
کاتێک باوکێک لە ژیاندا دەبێت، وەک "مرۆڤێکی ئاسایی" دەردەکەوێت؛ ڕەنگە توڕە بێت، داواکاری هەبێت، یان ڕەخنە بگرێت. ئەم لایەنە "مرۆییە پڕ لە کێشەیە" وادەکات منداڵەکان لێی بێزار بن. بەڵام کاتێک دەمرێت، هەموو ئەو کێشە ڕۆژانەییانە نامێنن و تەنها "وێنەیەکی پیرۆز و بێگەرد" لە مێشکدا دەمێنێتەوە. لێرەدا زیندووەکان چیتر لەگەڵ "کەسەکە" مامەڵە ناکەن، بەڵکو لەگەڵ "یادەوەرییەکی دەستکاری کراو" مامەڵە دەکەن.

هەروەها،لە فەلسەفەی "دیاردەناسی"دا (Phenomenology)، مرۆڤ زۆرکات بەهای شتەکان تەنها لە ڕێگەی "ونبوونیانەوە" دەزانێت. کاتێک باوک هەیە، وەک "ئۆکسجین" وایە؛ هەستی پێ ناکرێت چونکە بەردەستە. بەڵام کاتێک نامێنێت، بۆشاییەکی فیزیکی و دەروونی دروست دەبێت. ئەو گریان و شیوەنە، لە ڕاستیدا گریانە بۆ ئەو "بۆشاییە" نەک بۆ خودی باوکەکە. مرۆڤەکان بۆ خۆیان دەگرین، بۆ ئەوەی کە چیتر ئەو سێبەرەیان لەسەر نەماوە.

ئەگەر لە بواری کۆمەڵناسی سەیری کەین دەتوانین بابەتەکە بە وتەی کۆمەڵناس ئێرڤینگ گۆفمان دەوڵەمەندتر بکەین کە  باس لەوە دەکات کە ژیانی کۆمەڵایەتی وەک "شانۆ" وایە. لە زۆرێک لە کۆمەڵگا نەریتییەکاندا، پرسە و گۆڕستان شوێنی نمایشکردنی "پەیوەندییە خێزانییەکانە".

ئەو خێزانەی کە لە ژیاندا ڕێزی باوکیان نەگرتووە، ئێستا لەبەردەم چاوی خەڵک و کۆمەڵگادا هەوڵ دەدەن بیسەلمێنن کە "ئێمە خێزانێکی بەوەفاین". فرمێسکی گەرم و مەزاری گەورە دەبنە جۆرێک لە "بەرگری کۆمەڵایەتی" بۆ پاراستنی ناوبانگی خێزانەکە، نەک وەک گوزارشتێکی ڕاستەقینە لە خۆشەویستی.

٣. دادپەروەریی درەنگ وەخت: کاتێک مەزار دەبێتە زیندانی فکر

کۆمەڵگا زیندووکوژەکان، ئەو کۆمەڵگایانەن کە متمانەیان بە "ئێستا" نییە. ئەوان هەمیشە لە ڕابردوودا دەژین. کاتێک بیرمەندێک لە ژیاندا قەدری نییە، چونکە "هۆشیاریی ئێستا" دەشڵژێنێت. بەڵام کاتێک دەمرێت، دەبێتە "مێژوو". مێژووش بێدەنگە و مەترسی نییە.

دروستکردنی مزار و یادکردنەوەی ساڵانە، زۆرجار جۆرێکە لە "زیندانیکردنی فکر". ئێمە ئەو بیرمەندە لە ناو پەیكەرێکدا قەتیس دەکەین بۆ ئەوەی چیتر مەترسی نەبێت بۆ سەر دۆخی باومان. ئەمە گەورەترین زوڵمە؛ چونکە قەدرگرتنی ڕاستەقینە ئەوەیە کە پانتایی بۆ بیرکردنەوەی ئەو مرۆڤە بکەینەوە کاتێک لە ژیاندایە، نەک دوای مردنی یاد بکرێتەوە یان شوێنێک یان شەقامێک بە ناوی کەین.

٤. بەرەو ئەخلاقی "ئامادەیی"

بۆ ئەوەی لەم بازنە داخراوەی "مردووپەرستی" ڕزگارمان بێت، دەبێت سیستمێکی ئەخلاقی نوێ دابڕێژین کە ناوی بنێین "ئەخلاقی ئامادەیی". ئەم ئەخلاقە پێمان دەڵێت:

  • هەناسەیەک لە ژیاندا، لە هەزار کێڵ و مزاری رازاوە لە دوای مردن بەهادارترە.
  • ماچکردنی دەستی ماندووی باوکێک، لە هەموو ئەو فرمێسکانە پیرۆزترە کە دەڕژێنە سەر گۆڕەکەی.
  • خوێندنەوەی لاپەڕەیەک لە نووسەری زیندوو، پڕماناترە لە دانانی تاجەگوڵینە لەسەر مەزارەکەی.

ئەنجام:
کۆمەڵگایەکی تەندروست، پێویستی بە گۆڕستانی شکۆدار نییە، بەڵکو پێویستی بە "ماڵی پڕ لە ڕێز" هەیە. با فێربین مرۆڤەکان وەک "هەبوونێکی زیندوو" ببینین، نەک وەک "پڕۆژەیەکی دواخراوی یادکردنەوە". با قەدرگرتن تەنها نەبێتە شیوەن، بەڵکو ببێتە ژیان. چونکە مردووەکان پێویستیان بە گوڵ نییە، ئەوە زیندووەکانن کە لە بێ قەدریدا دەپووکێنەوە.

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر