جمعه، تیر ۲۶، ۱۴۰۵

سپینۆزا و گەڕانەوە بۆ کانیاوی زاگرۆس: کاتێک "ئەخلاق" دەبێتە دەنگی کپکراوی میزۆپۆتامیا

 


سپینۆزا و گەڕانەوە بۆ کانیاوی زاگرۆس: کاتێک "ئەخلاق" دەبێتە دەنگی کپکراوی میزۆپۆتامیا

زۆر کەس وا دەزانن باروخ سپینۆزا لە سەدەی حەڤدەیەمدا تەنها ڕێچکەیەکی نوێی لە فەلسەفەی ڕۆژئاوادا داهێنا، بەڵام ئەگەر بە چاوێکی "ئیشراقی" و مێژوویی سەیری کتێبی «ئەخلاق» بکەین، دەبینین سپینۆزا هیچ شتێکی نەکردووە جگە لە دووبارە داڕشتنەوەی ئەو فەلسەفە دێرینەی کە بۆ هەزاران ساڵ لە بناری چیاکانی زاگرۆس و دەشتەکانی میزۆپۆتامیادا، لە ناو دڵی ئایینە کوردییەکان و فەرهەنگی ناوچەکەدا هەناسەی داوە.

فەلسەفەی بیابان بەرامبەر فەلسەفەی چیا

ئێمە چەندین سەدەیە لە ناو "فەلسەفەیەکی هاوردەکراوی بیابان"دا سەرگەردانین؛ فەلسەفەیەک کە لەسەر بنەمای "دوالیزم" یان دوو جەمسەریی (خودا بەرامبەر مرۆڤ، ئاسمان بەرامبەر زەوی، خێر بەرامبەر شەڕ) بونیاد نراوە. لەم دیدگایەدا خودا وەک حاکمێکی توندوتیژ و دابڕاو لە سروشت وێنا دەکرێت کە لە دەرەوەی گەردوون دانیشتووە و حوکم دەدات.

بەڵام ئەوەی سپینۆزا لە ئەوروپا وەک "کوفر" و "شێتایەتی" ناسێنرا، لە ڕاستیدا هەمان ئەو "یەکێتیی بوون"ە بوو کە لە ئایینی ئێزدی، یارسان و فەلسەفەی ئیشراقدا هەبووە. لای سپینۆزا، خودا و گەردوون یەکن  ئەمە ڕێک کۆپی ئەو دیدگایەیە کە دەڵێت: خودا لە ناو هەموو گەردیلەیەکدایە، لە ناو ڕەنگی گوڵ، لە ناو تیشکی خۆر و لە ناو دڵی مرۆڤدایە. لای ئێزدییەکان، خێر و شەڕ دوو هێزی دژبەیەک نین، بەڵکو خودا سەرچاوەی هەموو شتێکە و ئەوەی ئێمە پێی دەڵێین "شەڕ"، تەنها پلەیەکی ناتەواوی عەقڵە بۆ تێگەیشتن لە گشتگیریی بوون.

سپینۆزا: وەرگێڕی فەلسەفەیەک کە لێمان دزراوە

ئەو کاتەی سپینۆزا دەڵێت "خودا یانی دەسەڵاتی سروشت"، ئەو خەریکە بە زمانی مۆدێرن وێنەی "تاوسی مەلەک" یان "سوڵتان سەهاک" دەکێشێتەوە. ئەو خواوەندەی کە لە ئایینە کوردییەکاندا هەیە، خودایەکی "ئامادە" و "حازر"ە، نەک خودایەکی "دوور و غائیب".

تراژیدیای ئێمەی مرۆڤی ئەم ناوچەیە لێرەدایە: ئێمە بە دوای خوادا لە ناو دەقە هاوردەکراوەکانی بیاباندا دەگەڕێین، لە کاتێکدا هەزاران ساڵە "خوا" لە ناو شارستانییەتی زاگرۆسدا وەک "ڕووناکی" (ئیشراق) پێناسە کراوە. سپینۆزا تێگەیشت کە هیچ شتێک لە دەرەوەی خودا نییە، کەچی ئێمە لە ژێر کاریگەریی فەلسەفەی بیاباندا، خۆمان لە خودا و خودا لە خۆمان جیا دەکەینەوە، بۆیە نە خۆمان دەدۆزینەوە و نە خوداش.

ئەخلاق وەک شادی، نەک وەک سزا

لە فەلسەفەی بیاباندا، ئەخلاق یانی "ترس لە سزا"، بەڵام سپینۆزا وەک میراتگرێکی ڕاستەقینەی ئایینە سروشتییەکانی میزۆپۆتامیا، ئەخلاق بۆ "شادی" دەگەڕێنێتەوە. لای ئەو، گەیشتن بە خودا یانی گەیشتن بە عەقڵ و ناسینی ئەو یەکێتییەی کە لە نێوان هەموو بوونەوەراندا هەیە. ئەمە هەمان ئەو "ئاشتییە جیهانییە"یە کە لە سروتە ئایینییە کۆنەکانی میزۆپۆتامیادا بۆ سروشت و مرۆڤایەتی دەخوازرا.

دەرەنجام

کتێبی «ئەخلاق»ی سپینۆزا، لە ڕاستیدا گەڕانەوەی ڕۆحی زاگرۆسە بۆ ناو جەستەی وشک و بێگیانی ڕۆژئاوا. ئەوەی سپینۆزا نووسیویەتی، ڕەگی لەو فەلسەفە قووڵەدایە کە پێی وایە ژن و پیاو، تاریکی و ڕووناکی، مرۆڤ و سروشت، هەموویان پارچەیەک لە یەک تابلۆن.

کاتیەتی لەوە تێبگەین کە ئێمە پێویستمان بە فەلسەفەی هاوردەکراو نییە بۆ ناسینی خودا؛ تەنها پێویستە ئەو تۆز و خۆڵەی "بیابان" لەسەر عەقڵمان بمالین و بگەڕێینەوە بۆ ئەو ڕووناکییە ئیشراقییەی کە هەزاران ساڵ پێش سپینۆزا، لە چیاکانی ئێمەوە بەرەو هەموو جیهان تیشکی دەدایەوە. ئێمە خودامان لێ ون نەبووە، ئێمە "خۆمان" و "مێژووی فیکری خۆمان" لێ ون بووە.

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر