"چلساڵەکانی ئەمڕۆ "
لە زەمەنێکی نەک زۆر دووردا، تەمەنی چل و پەنجا ساڵی، وێستگەی گەیشتن
بە کەناری ئارامی و بڕانەوەی گەردەلوولەکانی گەنجی بوو. چل ساڵەکان، خاوەن شکۆ و
"هەیمەنە"ی ناو بنەماڵە بوون؛ وشەی ئەوان بڕیار بوو و ڕیشی سپییان،
قیبلە نومای ڕێگەی نەوەکانی دوای خۆیان. ژیانیان لەسەر زەمینێکی ڕەق و جێگیر وەستا
بوو، نە ترسی سبەینێیان بوو، نە خەمی لەدەستدانی پێگەیان.
بەڵام چل ساڵەکانی ئەمڕۆی ئێمە، لە نێوان دوو دنیای جیاوازدا
هەڵواسراون. ئەوان نە شکۆ و ڕێزی "پیرانی" نەوەکانی ڕابردوویان بۆ
ماوەتەوە، و نە وەک هاوتەمەنەکانیان لە وڵاتە پێشکەوتووەکان، خاوەنی ئاسایشی
دارایی و جێگیریی دەروونین.
چل ساڵەی ئەمڕۆی ئێمە، کەسێکە کە لە ناوەڕاستی تەمەنیدا، تازە خەریکی
ململانێیە لەگەڵ شەپۆلەکانی کۆچ و دەربەدەری. ئەو هێشتا لە وڵاتی
"غوربەت"دا، خەریکی ئەلفوبێی زمانێکی بێگانەیە؛ لە کاتێکدا زەینی
ماندووی، چیتر ئەو زەینە بێخەمەی بیست ساڵان نییە. لە وڵاتێکی غەریبدا، دەبێ وەک
گەنجێکی تازەپێگەیشتوو تاقیکردنەوەی کار و شۆفێری بدات و لە بەردەم یاسا نامۆکاندا
ڕابوێستێت، لە کاتێکدا دڵی لای ئەو یادگارییانەیە کە لە نیشتمان جێی هێشتوون.
ئەم نەوەیە، خەم و دڵەراوکێی گەنجێکی بیست ساڵە لە جەستە و ڕۆحی
مرۆڤێکی پەنجا ساڵەدا هەڵدەگرێت. ئەو ئەوەندە بەبەختە کە هێشتا سێبەری دایک و
باوکی بەسەر سەریەوەیە، بەڵام هەموو بەیانییەک بەو دڵەراوکێیەوە لە خەو هەڵدەستێت
کە: ئایا ئەمڕۆ حاڵی دایک و باوکە پیرەکەم باشە؟
چلساڵەی ئەمڕۆ، "پردێکە" لە نێوان دوو نەوە؛ ئەو هەم دەبێ
باوک بێت بۆ منداڵەکانی، و هەم دەبێ ببێتە "دایک و باوک" بۆ دایک و
باوکی خۆی. ئەو کۆڵەکەیەکە کە مافی نییە بلەرزێت، مافی نییە هەست بە لاوازی بکات،
و مافی نییە بە قووڵی بگریەت؛ چونکە چاوی هەمووان لەسەر ئەوە. لە سەردەمێکدا کە نە
منداڵەکانی وەک جاران گوێڕایەڵن و نە پیرەکانیش وەک جاران توانای خۆڕاگرییان ماوە،
ئەو دەبێ ئاگای لە هەمووان بێت، کێشەی هەمووان چارەسەر بکات و کێشە و تەنیاییەکانی
خۆیشی لە ناوەوە قووت بدات.
ئەم نەوەیە، هەمان ئەو گەنجانەن کە لە ناڕوونترین سەردەمی ئەم
نیشتمانەدا گەورە بوون. ئەوانەی هەموو تاقیکردنەوە و هەڵەکانی مێژوو لەسەر جەستە و
ڕۆحی ئەوان کرا. ئەو نەوەیەی کە سادەترین خۆشییەکانی ژیانیان بە "تاوان"
دەژمێردرا و ترس و دڵەراوکێ وەک چەشنی نینۆک چوونە بە ناو خانەکانی جەستەیانەوە. لە منداڵیدا
"گوێڕایەڵ" بوون و لە گەورەییشدا هەر خەریکی "خزمەتکردن" و
ملکەچکردن بوون بۆ ژیان. هەمیشە چاوەڕوانی "سەرابێک" بوون بە ناوی
"پاشەڕۆژێکی باشتر"، بەڵام پاشەڕۆژ هات و ئەوان هێشتا هەر ڕادەکەن.
ئەی چل ساڵەی ماندووی نیشتمان!
ئەگەر بەخت یاوەرت بوو و لە ناو ئەم هەموو زریانەدا هێشتا زیندووی؛
بەهێز بە! زۆر بەهێز بە!
تۆ نەوەیەکیت کە قەدەر کێشاوێتییە ناو جەنگێکی بێکۆتایی. مەترسە
ئەگەر جەستەت ماندووە و لێدانی دڵت هەندێک جار ناڕێکە؛ چونکە تۆ بارستایی دوو سەدە
لەسەر شانەکانت هەڵدەگریت. چاوەڕێی ئارامیی چلساڵەکانی جاران مەکە، چونکە مێژوو
بڕیاری داوە تۆ "پاڵەوانە ماندووەکە" بیت.
گورج و گۆڵ بە و بەهێز ڕابوێستە... چونکە ژیان هێشتا کاری زۆری پێتە.

هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر