شنبه، دی ۱۳، ۱۴۰۴

مانیفێستی ڕەخنە: لە تەکیەی سیاسییەوە بۆ بونیادنانی نەتەوە

 


مانیفێستی ڕەخنە: لە تەکیەی سیاسییەوە بۆ بونیادنانی نەتەوە

خوێندنەوەیەک بۆ قەیرانی پۆتانسیەلی بەفیڕۆچوو لە ئاییندەی کورددا

مرۆڤ بوونەوەرێکی مێژووییە، بەڵام کێشەی ئێمەی کورد ئەوەیە کە لە ناو "مێژوویەکی بازنەیی"دا گیرمان خواردووە؛ هەمیشە دەستپێدەکەینەوە بەبێ ئەوەی بگەین. ئەو واقیعەی ئێستا ئەحزابی کوردی تێیدان، گوزارشتە لە جۆرێک لە "فێتێشیزمی حیزبی"؛ واتە حیزب لە ئامرازێک بۆ ڕزگاریی مرۆڤ، بووەتە ئامانجێکی پیرۆز کە مرۆڤی تێدا دەکرێتە قوربانی.

یەکەم: فەلسەفەی "موریدایەتی" و کوشتنی بکەری سیاسی

ئەو سیستمەی کە ئێستا لەناو ئەحزابی کوردیدا پیرۆ دەکرێت و من ناوی دەنێم "سیستمی خانەقا"، لە فەلسەفەی سیاسییدا بە "پەیوەندیی پاتڕۆنال" (Patronage) دەناسرێت. کاتێک حیزب لە فۆرمی "تەکیە"دا کار دەکات، عەقڵ دەوەستێت و "وەلا" (Loyalty) دەبێتە تاقە پێوەری بوون. لەم دۆخەدا، تاکی حیزبی چیتر "هاووڵاتییەکی ئازاد" نییە، بەڵکو پارچەیەکە لە ئامێرێکی گەورە. ئەگەر ڕەخنە بگرێت، وەک "لادەر" یان "جاش" (ئەو تۆمەتە ترسناکەی بۆ بێدەنگکردن بەکاردێت) وێنا دەکرێت. ئەمە "تیرۆری فیکرییە" لە ناوخۆی ماڵی کوردیدا؛ کاتێک ئێمە نەتوانین جیاوازیی ناوخۆیی قبوڵ بکەین، چۆن دەتوانین بەرەوڕووی داگیرکەر ببینەوە کە لە بنەڕەتدا لەسەر سڕینەوەی جیاوازییەکان بونیاد نراوە؟

دووەم: وزەی نەرێنی و دیالێکتیکی شکست (نموونەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان)

لە کاتێکدا جیهان و ناوچەکە لەبەردەم گۆڕانکاریی گەورەدایە، بۆ نموونە لە دوای شۆڕشی "ژینا" لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بینیمان کە چۆن تاکی کورد لە شەقامدا ئامادەی قوربانیدان بوو، بەڵام پۆتانسیەلی حیزبەکان لە جیاتی ئەوەی ببێتە "بەرەیەک بۆ ڕێبەرایەتیکردنی گۆڕانکاری"، سەرفی "ململانێی مێژوویی و سڕینەوەی یەکتر" بوو.

کاتێک ئێمە وزەمان تەنها بۆ دژایەتی یەکتر بەکاردێنین، خەریکی جێبەجێکردنی ستراتیژیی نەیارەکانمانین بە دەستی خۆمان. ئەمە ئەو شوێنەیە کە "عەقڵی سیاسی" تێیدا شکست دەهێنێت؛ کاتێک "ڕقی ناوخۆیی" لە "بەرژەوەندیی نەتەوەیی" گەورەتر دەبێت.

سێیەم: تەنگژەی ئەلتەرناتیڤ و سێبەری "کوڕی شا"

ئەگەر ئاماژەیەک بە پرسی "کوڕی شا" بکەین کە تەواو راگەیاندنی خستۆتە ژێر رەکیڤی خۆی و بە ئاسانی دەتوانێت جەماوەر و رووداوەکان ئاراستە بکات و لە ئاوی لێڵ ماسی بگرێت ، دەتوانیین بەو جۆرە شرۆڤەی بۆ بکەین کە لە فەلسەفەی "بوون"دا، ئەگەر تۆ بۆشاییەک دروست بکەیت و پڕی نەکەیتەوە، کەسێکی تر پڕی دەکاتەوە. جنێودان بە ڕەزا پەهلەوی یان هەر هێزێکی تر، نیشانەی دەسەڵات نییە، بەڵکو نیشانەی "بەتاڵیی ستراتیژییە".

پرسیارە فەلسەفی و ڕەخنەییەکە ئەمەیە: بۆچی کورد نەیتوانیوە کەسایەتییەک یان ناوەندێکی بڕیار دروست بکات کە جیهان وەک "تاکە نوێنەری شەرعی" سەیری بکات؟

ئێمە خەریکی "ڕابردوو پەرستی" و "کەسایەتی پەرستی" ناوخۆییمانین، لە کاتێکدا مێژوو بە خێراییەکی سامناک تێدەپەڕێت. جنێودان بەوانی تر، تەنها جۆرێکە لە "پاکانەی دەروونی" (Psychological projection) بۆ شاردنەوەی شکستی خۆمان لە ڕێکخستنی ماڵی خۆماندا.

چوارەم: ئیکۆلۆژیا و ئاییندە؛ لە حیزبەوە بۆ نیشتمان

خاڵە هەرە مرۆییەکەی ئەم بابەتەم، پرسی ژینگەشە. خەرجکردنی ملیۆنان دۆلار بۆ "بارگە و بنکەی بێ بەرهەم" لە کاتێکدا خاکی کوردستان بەرەو وشکبوون و بیابانبوون دەچێت، گەورەترین تاوانی ئەخلاقییە. حیزبێک خەمی "دارستانەکانی کوردستان" و "ئاوی زێیەکان"ی نەبێت، چۆن دەتوانێت بانگەشەی ئازادیی مرۆڤی ئەو خاکە بکات؟

سەوزکردنی کوردستان کارێکی سیاسیی مۆدێرنە، چونکە پاراستنی "ژیانە". بەڵام حیزبی کوردی هێشتا لە قۆناغی "شەڕی سەنگەرە" کۆنەکاندا ماوەتەوە و ئاگای لە "ئاسایشی ژینگەیی" نەوەکانی داهاتوو نییە.

پەیامی کۆتایی

قەتاری گۆڕانکارییەکان، بۆ کەس ناوەستێت. مێژوو بەزەیی بەو نەتەوانەدا نایەتەوە کە "کات" بەفیڕۆ دەدەن. کاتی ئەوە هاتووە حیزب لە "تەکیەیەک بۆ پیاهەڵدان بە سەرۆک"ەوە ببێتە "ناوەندێکی زانستی بۆ بەڕێوەبردنی قەیرانەکان".

ئەگەر ئەمڕۆ خۆمان ڕانەچڵەکێنین و لەم "خەونە ئایدۆلۆژییە" خەبەرمان نەبێتەوە، بەیانی تەنها دەتوانین بە جنێودان بە ئەلتەرناتیڤە داسەپاوەکان، برینەکانی خۆمان ساڕێژ بکەین، بێ ئەوەی هیچمان لە واقیعەکە گۆڕیبێت.

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر