شنبه، دی ۱۳، ۱۴۰۴

سەروەریی دیجیتاڵی: بۆچی دەبێت ناوەندە ئەکادیمییەکانی کوردستان ببنە خۆراکی هۆشی دەستکرد؟

 

سەروەریی دیجیتاڵی: بۆچی دەبێت ناوەندە ئەکادیمییەکانی کوردستان ببنە 

خۆراکی هۆشی دەستکرد؟


هۆشی دەستکرد (AI) لە جەوهەری خۆیدا ئامێرێکی بێدەنگە، تەنها ئەو کاتە دەست بە قسە دەکات کە ئێمە "داتا"ی پێ دەدەین. ئەمڕۆ شەڕی مانەوەی نەتەوەکان لە ناو لاپەڕەی کتێبە کاغەزییەکاندا نییە، بەڵکو لە ناو ئەو "کۆد" و "تێکستانە"دایە کە دەخرێنە ناو جیهانی دیجیتاڵییەوە. ئەگەر ناوەندە ئەکادیمییەکانی کوردستان قۆلی لێ هەڵناماڵن و لەخۆ نەکەون و کتێبخانەکانیان لە ڕەفە تەپوتۆزاوییەکانەوە بۆ سەر هاردوێر و سێرڤەرە جیهانییەکان نەگوازنەوە، مێژوو و ناسنامەی ئێمە لە داهاتوویەکی نزیکدا دەبێتە "تەنی نامۆ" لە ناو مێشکە دەستکردەکاندا.

هۆشی دەستکرد: ئاوێنەیەک بۆ ئەو داتایانەی هەمانە

کاتێک باس لە گرنگی هۆشی دەستکرد دەکەین، باس لە بزوێنەرێکی بێوێنە دەکەین کە دەتوانێت ملیۆنان لاپەڕە لە چرکەیەکدا بخوێنێتەوە. بەڵام کێشەکە لێرەدایە: هۆشی دەستکرد ناتوانێت ئەو کتێبە بخوێنێتەوە کە هێشتا بە دەستنووس لە کتێبخانەیەکی زانکۆدا ماوەتەوە. بۆ ئەوەی ئەم تەکنەلۆژیا پێشکەوتووە خزمەتی دۆزی کورد و ڕاستییە زانستییەکان بکات، پێویستە ناوەڕۆکی کوردی لە "فۆرمی فیزیکی"یەوە بگۆڕدرێت بۆ "فۆرمی دیجیتاڵی" (Text-based Data).

ئەمە تەنها کارێکی تەکنیکی نییە، بەڵکو پرۆسەیەکە بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە مەعریفییەی کە نەیارانی کورد بەکاری دینن.

ئەزموونی گەڕان لە ئەرشیفە ڕووسییەکان: وانەیەک بۆ ئێمە

من لە توێژینەوەکانمدا سەبارەت بە پرۆسەی "تورککردنی ئازەربایجان" و گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکە، گەیشتمە ڕاستییەک کە بەبێ هاوکاری هۆشی دەستکرد و هەبوونی "ئەرشیفی دیجیتاڵی" مەحاڵ بوو. کاتێک بەدوای ڕەگ و ڕیشەی کورد لەو ناوچانەدا دەگەڕام، هۆشی دەستکرد بەهۆی هەبوونی "کریدتی ئەکادیمی" و دەستپێڕاگەیشتنی بە سەرچاوە جیهانییەکان، توانی دیوارە ئەستوورەکانی ئەرشیفی ڕووسیا ببڕێت.

لەوێدا بینیم کە چۆن ڕووسیا هەموو سەرژمێری و بەڵگەنامە کۆنەکانی خۆی دیجیتاڵ کردووە. هۆشی دەستکرد توانی ئەو داتایانەم بۆ دەربهێنێت کە دەیسەلمێنن لە سەردەمی پێش پەهلەوی و لە سەرژمێرییە کۆنەکاندا، زۆربەی ئەو حەشیمەتەی ئێستا بە "ئازەری" ناو دەبرێن، بە ڕوونی وەک "کورد" تۆمار کراون و نیشتیمانەکەش وەک خاکی کوردستان ناسێنراوە. ئەگەر ڕووسەکان ئەو داتایانەیان نەخستایەتە سەر ئینتەرنێت، مێژووی ئەو ناوچانە هەر بەو شێوەیە دەمایەوە کە سیاسەتی تورککردن و داگیرکاری دەیویست بمانخوێنێتەوە،چونکە لە سەردەمی په هلەوی یەکەم و دووەم هەموو ئەو ناوچانە بە هاوکاری ئەتاتورک و دەوڵەتی تورکییە بە تورک و ئازەری ئەژمار کرابوون.

ئەرکی ناوەندە ئەکادیمییەکانی کوردستان

ئەم ئەزموونە پێمان دەڵێت: ئەگەر ئێمە خۆمان داتاکانمان بڵاونەکەینەوە، کەسانی تر بە ئارەزووی خۆیان دەماننووسنەوە.

دیجیتاڵکردنی کتێبخانەکان: زانکۆکانی ئێمە دەبێت تێزەکانی ماستەر، دکتۆرا، و دەستنووسە مێژووییەکان بکەنە دەقی دیجیتاڵی (OCR) تا هۆشی دەستکرد بتوانێت وەک سەرچاوە بەکاریان بهێنێت.

دەوڵەمەندکردنی ئینتەرنێت: تاکی کورد و مامۆستایانی زانکۆ دەبێت وتارە زانستییەکانیان لە جیاتی فایلی PDF ی وێنەیی، وەک "دەقی کراوە" بڵاو بکەنەوە.

دروستکردنی بنکەی داتا (Database): پێویستمان بە بانکێکی زانیاریی نیشتیمانی هەیە کە هەموو بەڵگەنامە مێژووییەکانمان تێدا کۆبکەینەوە.

ئەنجام

هۆشی دەستکرد بۆ من بووەتە ئامرازێکی سیحراوی بۆ بڕینی سنوورەکان و گەیشتن بەو ڕاستییانەی لە ئەرشیفە دوورەکاندا شاردرابوونەوە. بەڵام بۆ ئەوەی ئەم کارە بۆ هەموو مێژوو و زانستی کورد دووبارە ببێتەوە، پێویستمان بە شۆڕشێکی دیجیتاڵی هەیە لە ناوەندە ئەکادیمییەکانماندا. ئێمە دەبێت ئینتەرنێت پڕ بکەین لە "داتای کوردیی ستاندارد"، تاوەکو کاتێک سبەی جیهان لە هۆشی دەستکرد دەپرسێت "کورد کێیە و خاکی کوێیە؟"، سیستمەکە وەڵامەکەی لە ئەرشیفە ڕاستەقینەکان و توێژینەوە ئەکادیمییەکانی خۆمانەوە وەربگرێت، نەک لەو سەرچاوە شێوێنراوانەی کە ناسنامەی ئێمەیان تێدا ون کراوە.

پڕکردنەوەی ئینتەرنێت بە بابەتی بەپێز و ئەکادیمی، گەورەترین سەنگەری بەرگرییە لەم سەردەمەدا.

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر