لە دوونیای ئەمرۆدا بە تایبەت لە ئورووپا و رۆژئاوا شیعروئەدەبیات بە هۆی پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی و پیشەسازی پەرەی ستاندووە وخەریکە خۆی لە قۆناغی پۆست مودێرنیزمیش تێپەردەکات، لە کوردستان و لە ناو لاوانی کوردیشدا ئەو ئوسڵوبە شیعرە بەرچاو دەکەوێت،تەنانەت هێندێک لەو لاوانە بەبێ ناسینی رابردویی ئەدەبی کوردی ئەو شێوازە شیعرە پەیرەودەکەن،بە مەبەستی شیکردنەوەی ئەو ئوسڵوب و شێوازە شیعرە چاوپێکەوتنێکمان لە گەڵ چەند شاعیری بە ئەزموون لە هەردوو پارچەی کوردستان "رۆژهەڵات و باشوور" سازدا،ئەوانیش بەم جۆرە دیدو بۆچونی خۆیان خستەروو.
سەرەتا ماموستا ئەحمەد نەزیری شاعیر و نووسەر لە رۆژهەڵاتی کوردستان سەبارەت بە پەیرەوکردنی ئەم رێچکە شیعرییە گوتی؛بە باوەری من هیچ گەڵێک ناتوانێت بە بێ رابردوی ئەدەبی و فەرهەنگی خۆی هیچ ئیشک بەرەو پێشەوە ببات،ئێمەی کوردستانیش ناتوانین بە پاڵەپشتی فەرهەنگ و ئەدەبی بێگانە و بەفەراموشکردنی رابردووی ئەدەبی خۆمان کارێک ئەنجام بدەین.ئێمە رابردوێکی پڕشەنگدارمان هەیە بۆ نەموونە ئەگەر چاوێک بە شیعرەکانی کونی گەلەکەمان وەک بێسارانیدا بخشێنین وبەراوردیان بکەین لە گەڵ شاعیرانی دیکە دوونیا،بۆمان دەردەکەوێت کە لە هەموو بوارەکاندا لەوان پێشکەوتوتر بووە،ئەگەر ئێمە لە گەڵ رابردووی ئەدەبی خۆمان بەرەوپێشەوە برۆێن وخۆمان لە گەڵ گۆرانکاریەکانی جیهان بگونجێنین زۆر سەکەوتۆتر دەبین،ئەگەر نا نە ئەدەبیاتیشمان بەرەو پێشەوە دەچێت و نە بەوانیش دەگەین.
دوایی ماموستا کەریم دەشتی شاعیر ونووسەر لە باشووری کوردستان بەم شێوەیە را و سەرنجی خۆی دەربری؛شیعر هەر چەند تاکو ئێستا هیچ پێناسەیەکی دیاریکراوی بۆی نییە تا کو ئێمە بتوانین چەمکی شیعر و رەهەندەکانی شیعر بە سەر رارەوەکانی زەمەندا دابەش بکەین،بەڵام هەر زەمانە وجۆرێک ئیقاعی خۆی هەیە لە هەموو بوارەکانی ئەدەب و رۆشنبیری کوردیدا بەتایبەت لە شیعردا،ئێمەی کورد زەمانێکی زۆرە خەریکی هۆنینەوەی شیعرین،چونکە بە درێژایی مێژوو لە ژێر چەپۆکی داگیرکەران دابووین،بۆیە شیعر تاکە رێگایەک بووە بۆ ئەوەی بتوانین مەبەستەکانی خۆمان تییدا دەرببرین وبەرگری و داکۆکی لە نەتەوەکەمان بکەین،ئەمرۆکە شیعر بە هۆی ئەو هەموو پەرەسەندنە کە لە بوارەکانی کۆمەڵایەتی و پیشەسازیدا هاتۆتە کایەوە، تووشی گۆرانکاری بووە،بەڵام لەو باوەر دانیم کە لە کاریگەری رادەی شیعری کەمکردبێتەوە.من پێم وایە کە هەرچەند زیاتر بوارەکانی تەکنۆلۆجیا وبوارەکانی دیکە پێشکەوێ ئەوەندە زیاتر خەڵک لە شیعر نزیکتر دەکەوێتەوە،چونکە پێشکەوتنی تەکنۆلۆجیا و بوارەکانی دیکە وا دەکات کە مرۆڤ لە بواری رووحانیەت دوور کەوێتەوە،رووحانیەت مەبەستم ئەوەیە کە چۆن تۆ دەتوانی لە ناو ناخی خۆتدا بژی و جۆرێک لە هەستی شێعر درووست بکەیت.ئێستا بە پێی ئەو لێکدانەو رەخنەیانەی کە لە کوردستان هەیە،رێبازی جیا جیای شیعر هاتونەتە کایەوە،بەتایبەت ئێستا زۆر زەرەرمان لەو قۆناغە بەر کەوتووە،چونکە هەموو پەرەسەندنەکانی ئابووری و تەکنۆلۆجیا لە رێگەی مۆدێرنیتە هاتونەتە ئاراوە،بەڵام ئێستا ئێمە نەگەیشتوینەتە ئەو قۆناغە کە بە تەواوەتی هەست بەوبابەتە بکەین،بەڵام ئێستا جۆرێک لە مۆدی شیعری بە ناوی پۆست مۆدێرنیزمەوە هاتۆتە کایەوە کە من بۆ خۆم لە گەڵ ئەو جۆرە شیعرانە دانیم کە تەنیا مودێرن بن بەڵکو دەبێت لە ناوەرۆکەوە تەعبیر لەو رێبازە بکەن.ئەو رێبازانە زۆر گرنگن کە زیاتر تەعبیر لە پرۆژەیی رەخنەیی دەکەن نەک شیعر،جارێ ئەمن ناتونم کە ناوی بنێم کە ئەو شیعرە لە مۆدەی پۆست مۆدێرنیزمە یان مۆدێرنێتەیە،شیعر لە سەرەوەی وان دەژیت،ئێمە لە کاتێکدا بەو جۆرە شێوازە شیعرانە دەچین با هەولێکی ئەوەش بدەێن کە رابردوو کڵتوری خۆمان بخوێنینەوە،بۆ ئەوەی بیکەینە بناغەیەک و بۆ ئەوەی بشتوانین لە هەموو چەمکەکانی رەخنەیی ئێستاو داهاتوش بگەین.
ماموستا سوارەی فتووحی شاعیر و نووسەر لە رۆژهەڵاتی کوردستان پێی وا بوو کە ئەم شەپۆڵە تازەی شیعر کە هاتۆتە کایەوە،لە مێژە بوونی هەیە،بەڵام بۆ ئێمە تازەیەو شاعیرە لاوکانمان بە شێوەیەکی لاواز وەریان گرتوە،بەرێزیان زۆرتر رووی لە شاعیرە لاوەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بوو وگوتی؛بە بیرو بۆچوونی من ئەم بزوتنەوەی شیعریە کە تازە لاوەکان روویان تێکردوە دوو دەستەن،دەستەیەک کە لە شتەکە حاڵین،چونکە رابردووی ئەدەبی گەلەکەیان بە باشی دەزانن و بە ئاگاداری و وریایەوە هەنگاویان بۆ هەڵێناوەتەوە،بەڵام دەستەیەکی دیکە کە ئەو شێوازە شیعرییە پەیرەو دەکەن،شتەکانیان زۆر لاواز وەرگرتوە بەبێ ئەوەی رابردووی ئەدەبی خۆیان بخوێننەوە،ئەو دەستەیە لەوانەیە رابردوی ئەدەبی خۆشیان برۆخێنن و یان باوەریان بەرابردووی ئەدەبی کوردی نەبێت،بەو کارەشیان زیانێکی زۆر گەورە لە شیعری کوردی دەدەن.جا لێرەدا دەتوانم بە کورتی بلێم کە ئەو جۆرە شێوازە شیعرییە لە کوردستان بە تایبەت لە رۆژهەڵاتی کوردستان کێشەیەکی گەورەی لە ئەدەبیاتی کوردیدا ناوەتەوە،بەداخەوە ئەو بەشە بچوکەی کە راگەیاندنی کوردی لە ئێرانەوە بۆی رەخساوە بەم جۆرە شیعرانە بەشێکی زۆری داگیر کردوە و ئەوە بۆتەوە هۆی ئەوە کە زۆر بەرهەمی باش پاشکەوێت و بواری وەی بۆ نەرەخسە کە چاپ بکرێت.
لێکدانەوەی ماموستا هاشم سیراج نووسە ر وشاعیر بەم جۆرە بوو کە تا رادەیەک جیاواز بوو لە بیر و بۆچوونی ئەوانی دیکە،گوتی؛شیعر حاڵەتێکی فەردانیەوە کە پەیوەستە بە حاڵەتێکی ئیستاتیکییەوە،بە نیسبەت ئەو پێشکەوتنانەی کە بە سە دوونیادا هاتووێن ئەوەش حاڵەتێکە کە پەیوەستە بە خودی شاعیرەوە کە دەتوانێت بەردەوام بێت لە رێگەکانی هەستەکانی و خوێندنەوەوە.
دەتوانم بڵێم کە حاڵەتەکان تێکەڵێن بە جیهانەوە،دەتوانم لە راستیدا ئاماژە بەوەش بدەم کە کڵتوری ئێمە بەشێکە لە کڵتورەکانی جیهانەوە،ئێمە بەس ناتوانین بە تەنیا باسی کڵتوری کوردی بکەین و پێمان راست بێت،پێویستە تۆ شتی خەڵکانی دیکە بخوێنیەوە بۆ ئەوەی باشتر لە شتەکانی خۆت تێبگەیت،بەلای من گەنج و لاوەکانی کورد ئەو مرۆڤانەن کە بەهەرەی شیعریان تێدایە و بە هەستەوە شێعر دەنووسن،گەنج ئەگەر لە دوونیای خوێندنەوە و نووسین داببرێت ناتوانێت بەدەوام بێت لە دوونیای نووسین بە هیچ ئاکام ناگات،شیعر حاڵەتێکی دۆزەخی مەترسیدارە کە لە رێگای خۆنووسینەوەوە هاتۆتە کایەوە،زۆر جار لەوانەیە کە شتێک بنووسی کە لە بەرژەوەندی خۆت نەبێت،کەواتە پێویستە کە ئێمە بە شێوەیەکی ژیرانە و وردبینانەوە لە دوونیای شیعر بدوێین نەک بەر تەسکی بکەینەوە کە بڵێین ئەو گەنجە وادەکات یان بەم شێوەیە دەنووسێت،گەنج خۆی دەدۆزێتەوە و هەموو گەنجێکیش دوونیایەکی تایبەت بە خۆی هەیە.
تێبینی؛ئەم ریپۆرتاژە بۆ یەکەم جار لە هەرێم تیڤی ودوایی لە رۆژنامەی خەبات ژمارە ٢٣٠٥ بڵاو کراوەتەوە.
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر