پنجشنبه، خرداد ۲۶، ۱۳۹۰

حەوتی پوشپەری ساڵی (١٣٦٦)ی هەتاویم چۆن تێپەر کرد؟



هەفت رۆژ لە مانگی یەکەمی هاوینی ١٣٦٦ی هەتاوی تێپەر ببوو. دارو درەختی باخەکان، گەڵاکانیان وردە وردە پانتر دەکرد تا میوە و بەرهەمەکانیان لە گەرمای بەهێزی هاوین بپارێزن. زۆر یەک لە گوندنیشنان بەرەو هەوار کٶچیان کرد بوو. ئاسمانی گوند، ساماڵ بوو هیچ پەڵە هەورێک لە ئاسماندا دیار نەبوو. پەرە سێلکەکان بە ئاسماندا سەمایان بوو، زەردی شامی ، زەنگوڵە ، بوڵبوڵ و ملەکان دەنگیان لە رووبار و دارستانی تەنیشت ماڵمان دەهاتە گوێ و تێکەڵ بە دەنگی مانگا و بزن و حیلەحیلی ئەسپ و هات وهاواری شوان  و قاو قیژی مناڵانی گوند دەبوو. هەموو ئەو نۆت و دەنگانە مووسیقایەکی خۆش و ئارامگریان دروست دەکرد. من تا لە گوند بووم هیچ کات لە بیستنی ئەم مووسیقایانە بێ بەش نەدەبووم،چونکە باوکم هەر لە گەڵ گەزینگی بەرەبەیانی منی لە خەو هەڵدەستاند. ئەم بەیانییەش وەک باقی رۆژەکانی دیکە پێش ئەوی بە دەنگی باوکم بەخەبەر بم، خۆم لە خەو هەستام، چونکە ئێوارەی رۆژی پێشوو لە گەڵ هاورێیەکم لە قەراغ ماڵمان چەند گوڵێکمان لە ناو گوڵزاری نەنکی هاورێکەم شاردبۆوە، ئەورۆژەش کاتیان بوو کە بپشکوون، ئێمەش قەرارمان دابوو کە پێش ئەوەی کەسێکی دیکە ئەو گوڵانە بیانچنێ، ئێمە بۆ خۆمانیان بەرین. دوای گەرانەوەمان لە گوڵ چنینەکە و هاتنەوەمان بۆ ماڵ ، زوو من گوڵەکانم خستنە ناو پەرداخێک ئاوەوە تا جوانتر بپشکوون و رەنگ وروویان بکرێتەوە دوایی پێشکەشی دایکمیان بکەم، چونکە دایکم بە بینینیان شاد دەبوو منیش لە شادی دایکم خۆشحاڵ دەبووم و لە گوڵەکانیش ئەنەرژی و وزەم وەردەگرت. دوای خواردنی بەیانی کە وەک هەمیشە یان ماست و پنیر بوو یان کەرە و هەنگوین چوومە دەرێ. ئەو رۆژە دوای چونە دەری، مەر و ماڵات و گوندنشینان بۆ سەر کەسپ و کاری مووچە و باغ و زەوی و زاریان، گوند بێ دەنگیەکی سەرسورهێنەر دایگرتبوو، دەنگی باڵندەکان کەمتر ببوو ،مەر وبزن ومانگاکان بەرەو   مەزرا ولەوەڕگاکان بردرابوون.
ئەو رۆژە، منیش وەک جاران زەوقی قومارکردن لە گەڵ هاورێکانم نەبوو،تەنیا لەبەر ئەوەی لە ماڵدا بەردەست وپێی دایکم نەگرم چوبوومە دەر، بە ناچاری لە گەڵیان دەستم بە قومارکرد. قومار کردنی منداڵی سەردەمی ئێمەش یان خستە خانە یان مێشن ،...  زۆر جاریش فیشەک تەقاندن بوو بێ ئەوەی لە ئاکام و زەرەرەکانی ئاگادار بین. بەبیرمە کە سەرەتای ساڵی تازە و نەورۆز هەر ئەو ساڵە بوو کە مانگێک پێشتر خۆمان بۆ ئاگڕ کردنەوەی نەورۆز ئامادەکرد بوو، فیشەکێکی زۆرمان کۆکردبوونەوە.  شەوی پێش رۆژی یەکەمی بەهار لە شاخی پشت ماڵان خستمانە ناو ئاگرەکەی نەورۆز، نائاگا لەوەی کە رووبەرووی گوندەکەمان پایەگای ئەرتەشە. دوای کە تەقەی ناو ئاگرەکە دەستی پێکرد، پایەگای روو بەروومان دەستی کرد بە تەقە ، دوای کە ئاگرەکەیان دی هاتن بۆمان ئێمەش بەرەو گوند رامان کرد، بەڵام بە داخەوە ئاگرەکەیان کوژاندینەوە. ئەو کات بارودۆخ زۆر هەستیار بوو شەڕی ئێراق و ئێران بوو و پێشمەرگەش لە گەڵ حکومەت دەرگیر بوو.
ئەو رۆژە دوای قومارێکی زۆر بۆ نانخواردنی نانی نیوەرۆ گەراینەوە ماڵێ . دوای کەمێک پشودان بە دەنگی فرۆکە شەڕکەرەکانی سەدام راپەرین، باڵندەکان لە خوێندن وەستا بوون و پەرەسێلکەکانیش لە سەماکردن، لە ناکاو تەم ومژێکی زۆر لە بەرزایەکی زۆری ئاسمانی دێ شەپۆڵی دەدان، باوکم گووتی:" شیمیایە". منیش سەرم سوورما تا ئەو رۆژە ناوی شیمیایم نە بیستبوو. گووتم:" شیمیایی! دووبارە  باوکم بە دەنگێک بەرز هاواری کرد گووتی: ئەرێ، برۆ دەستەسرەکەت تەڕکە  و بگرێ بە دەمتەوە . منیش وامکرد. باوکم دەیزانی شیمیای چیە؟ یان ئەوەی دیتبوونی کە چەند پەرە سێلکەو و باڵندە لە ئاسماندا گیانیان لە دەستدابوو کەوتبونە دەوروبەری. دەترسا بایەکە شیمیایەکە بەرەو گوند وئێمەش بێنێت.
چەند ساتێک دوای ئەوێ،  کاتژمێر چوار ونیوی دوای نیوەرۆ ئاسمانی شاری سەردەشتێش ئەو هەورێ رەشانەی بە خۆیەوە دیتن.فرۆکە شەڕکەرەکانی سەدام چوار بۆمبیان لە ئاسمانی شارەکە خستبۆ خوارەوە و سێ بۆمبیشیان لە گوندەکانی دەورو بەری ئالان بەردابوونە خوارەوە کە یەکێک لەو بۆمبانە پێش ئەوەی بگاتە ئەرز لە ئاسماندا تەقیبۆوە کە  جۆڵەی باکە  گازەکەی بەرەو ئاسمانی گوندی ئێمەهێنابوو.
دوای ئەو هێرشە درەندانەی سەدام،ئێران لە دەزگاکانی راگەیەندنی دا شاری سەردەشتی بە یەکەمین شاری قوربانی چەکی کیمیاوی ناوی برد، بەڵام شاری سەردەشت یەکەم و ئاخرین شوێن و ناوچە نەبوو ، بەڵکو لە ماوەی دەسەڵاتداری سەدام و شەڕی ئێراق و ئێران زۆر ناوچەی دیکەی کوردستانیش بەر ئەو هێرشە کیمیایە کەوتن کە بە هەزاران کەس بەم چەکە گیانیان لە دەستداو و بە هەزارانی دیکەش بەم چەکە دژە مرۆڤە زامدار و بریندار بوون. ئەوانەی کە تا ئێستاش لە ژیاندا ماون بە دەست زامەکانی ئەودەمەی ئەو چەکە دەناڵێنن. رژیمی سەدام بەردەوام لەو ماددە و گازانە کە بە ئۆرگان فۆسفۆرە( گازی خەردەڵ، ئەعساب و سوتێنەر) ناسرابوون دژی گەلی کوردی لە باشوور و رۆژهەڵات بەکار هێنا. بە کورتی کوردستان بە هەردوو بەشیەوە ببوونە قەڵغان و بەڵاگێرەوەی نەتەوەکانی فارس و عەرەب لەو شەڕەدا.



هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر