پروپاگەندە یان ریکلامی سیاسی، شێوازێکە لە پەیوەندی کە لەوانەیە بتوانێت کاریگەری بخاتە سەر فیکر و هزر وهەڵس وکەوتی مرۆڤەکان.
هەرچی ئیمکانات و ئامرازاکانی راگەیاندن پێشکەوتووتر بن، پروپاگەندەکان دەتوانن کاریگەری زیاتریان هەبێت، بە شێوەیەک کە بە بێ پروپاگەندە ناتوانین لە دەرئەنجامی سەرکەوتنێکی سیاسی دڵنیا بین.هەروەها مانەوەی هەر هێزێکی سیاسی لە سەر دەسەڵات پەیوەندی بە جۆری پروپاگەندە و دەزگەکانی راگەیاندنی هەیە کە چۆن بتوانێت کاریگەری بخاتە سەر هزرو فیکرو رەفتاری تاکەکانی کۆمەڵگە .
واژەی پروپاگەندە، تا سەراتاکانی سەدەی بیستەم بەو شێوەیە کەڵکی لێوەرنەدەگیرا، بەڵام دوایی توانرا بە هۆی پێشکەوتنەکانی تێکنۆلۆژی و ئامرازاکانی راگەیاندن، بە مەبەستی تەوسیف و تەفسیر کردنەوەی رووداو و پێشهاتەکان و رازی کردنی تاکەکان بە شێوەیەکی بەربڵاو بە تایبەت لە شەڕی جیهانی یەکەم بەکار بێت و کەڵکی لێوەربگیرێت.
شەڕی جیهانی دووم نەتەنیا، شەڕی گوڵڵەو بۆمب بوو، بەڵکو شەڕی ووشەکان و پروپاگەندەش بوو.شەڕی پروپاگەندەی نازیەکان سەرەتا لە لایەن ئادۆڵف هیتلێرلە کتێبی( پەیکاری من ) دیزایین و دواییش لە لایەن " گۆبلز" و وەزارەتی پروپاگەندەی ئەو بەرێوەبردرا.وڵایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا بۆ درووستکردنی و بەرێوەبردنی پروپاگەندەی خۆی لە ژمارەیەکی بەرچاو لە پسپۆرانی بواری کۆمەڵناسی و دەروونناسی وڵاتەکەی کەڵک وەرگرت، کە توانی کاریگەری پروپاگەندەی نازییەکان لە شەڕی جیهانی دووەم بە رادەیەکی بەرچاو کەمکاتەوە.
واژەی پروپاگەندە لە ریشەی ووشەی لاتینی pripagaree بە مانای بڵاوکردنەوە یان خستنەگەڕی ئەندیشە و هزری تایبەتە. ئێستاکە ریکلامکردن بەشێکە لە پیوەندیەکانی گشتی بە مەبەستی دەستراگەیشتن بەو دەرئەنجامانەی کە لە پێشدا بەرنامە و پلانی بۆ دارێژراوە.
حزبەکان ، دەوڵەتە فاشیستەکان، نازیستەکان و کۆمەنیستەکان لە رێخستن و بەکار هێنانی پروپاگەندەی سیاسی بە مەبەستی کاریگەری خستنە سەر فیکر و کۆنترۆڵی کۆمەڵانی خەڵک، توانایەکی بەرچاو و تایبەتیان لە خۆیان نیشانداوە.
دەرگیری و کۆنفلیکت لە نێوان حکومەت و حزبەکانی راست و چەپ واژەی ( جەنگی رەوانی و جەنگی پروپاگەندەیان ) هێناوەتە بەرهەم. شەڕی پروپاگەندە لە جەنگی جیهانی دووەم، دوایی لە نێوان دوو جەمسەری رۆژئاوا و ژۆژهەڵات لە دەورانی شەڕی سارد پەرەی پێدرا.
لاسۆڵ پروپاگەندە بەو شێویە پێناسە دەکات:"هەڵبژاردنی وشەکان و بڵاوکردنەوەیان بە مەبەستی کاریگەری خستنە سەر رەفتار و فیکری کۆمەڵانی خەڵک".
(Mequail, 1972)
تەیلۆر، بە شێوەیەکی گشتی پروپاگەندە ئاوا پێناسە دەکات:" کۆبەندێک لە بڕیاری پڕبایخ و هوشیارانە کە لە پێشدا دیزاین کرابن بە مەبەستی تکنیکی راکێشانی سەرنج و بە قەناعەت گەیاندنی تاکەکان بۆ ئەنجامدانی ئەو هەدەف و ئامانجانەی کە لەپێشدا بەرنامە وپلانی بۆ دارێژراوە، ئەو ئامانجانەی کە لە راستای وتاردەرن".
(Taylor, 1993)
ئەوە کورتەیەک بۆ لە مێژوو و پێناسەی پروپاگەندە، بەڵام ئەوەی من مەبەستمە لەو بابەتەدا بیخەمە بەرباس ئەو پرو پاگەنددانەن کە لە لایەن دوژمن و داگیرکەرانی کوردستان بە درێژایی مێژوو دەرحەق بە گەلی کورد بەرێوە بردراوە وهەروەها ئەو پروپاگەندە نازانستیانەنن کە پارت ولایەنە سیاسیەکانی کوردستان بەرانبەر بە خۆیان بەکاریان دێنن بێ ئەوەی لە ئاکام و زەرەر وزیانەکانی ئاگادار بن.
هەروەک ئاماژەمان پێدا، پروپاگەندە بە مانای بەسیج کردنی خەڵکە بۆ هەدەفێکی ئامانجدار، بەڵام زۆر جار زیادەرەوی تێدا دەکرێت و هێندێک جار درۆ دەبێتە هەوێنی پروپاگەندەکان وەک زۆر جار کە گوێبیستی هەواڵێک سەبارەت بە سەرکوتی خەڵکی کوردستان ، لە تەلەفزیۆنەکانی داگیرکەر دەبین، دەبینین کە هەواڵێک چۆن لە شێوەی راستقینەی خۆی بە لاریدا دەبردرێت ویان هەواڵی بەدرۆ بڵاو دەکەنەوە. بۆ نموونە کوشتنی سی کەس کە دەستیان لە تیرۆری خەڵکی مهاباد دابوو، دیتمان کە رژیم بەو درۆیانە چۆن دەیهەویست بیر و رای خەڵکی کوردستان و جیهان بەلارێ دابەرێت خۆی لە راستی رووداوەکە دوورخاتەوە. هەروەها هیندێک لە حزبەکانی کوردستان بەمەبەستی راکێشانی هەست وپشتیوانیان بۆ لای خۆ، کاتێک کەسێک لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەگیرێت، بێ گوێدان بە مەترسی لەدەستدانی گیانی ئەو کەسە خێرا دەکەنە ئەندامی خۆیان.
هەمیشە دۆژمنانی نەتەوەکەمان ویستوویانە کە وێنەیەکی نیگاتیڤ لە شۆرش بەرخۆدانەکانی گەلەکەمان پێشانی خەڵکی دوونیا بدەن. زۆر جار ئەو پروپاگەندەی دوژمنان، ئەدەبیاتێکی تایبەت بە خۆ دەگرێت تەنیا لە بەر ئەوەی بیان هەوێت کردەوە نامرۆڤانەکەی خۆیان پەردەپۆش کەن.
زیایی پور لەو باوەردایەو دەڵێت:" هەر شەڕێک لە دوو زەمینەدا روودەدا، یەکەم؛ گۆرەپانی شەڕەکەیە و دووەم؛ هزرو مێشکی خەڵکە لە رێگەی پروپاگەندە". کەسانی باش وخەراپ زۆر جار دەتوانن لە رێگەی تەحریفکردنی راستیەکان ، پێداهەڵگوتنی زیاد لە سنووری خۆی، هەڵە وتەنانەت درۆ کردن خەڵک بە لارێ دابەن ولە راستی و حەقیقەت دووریان دەخنەوە تا کو پاڵەپشتی و مەشروعیەت بۆ خۆیان پیدا بکەن.
ضیایی پرور، 1386، ل١٥
جۆرەکانی پروپاگەندە:
١. پروپاگەندەی سپی: لەو جۆرە پروپاگەندە سەرچاوەی پروپاگەندەکە بە تەواوی روون وئاشکرایە، ئاستی زانیاریەکان لە سەرێیە، ئەو جۆرە پروپاگەندە جۆرێک پیوەندی دۆستانە درووستدەکەن.
٢. پروپاگەندەی خۆڵەمێشی: لێرەدا سەرچاوەی پروپاگەندەکە روون نییە و زانیاریەکی تەواو نادەنە دەرێ. هەواڵەکان و ئەعلامیە وئەو زانیاریانەی کە سەرچاوەیەکی باوەرپێکراویان هەیە دەچنە چوارچێوەی پروپاگەندەی خۆلەمێشی.پروپاگەندە دژی کۆمۆنیستەکان لە کاتی هێرشی شۆرەوی بۆ ئەفغانستان، جۆرێک، لە پروپاگەندەی خۆڵە مێشی بوو.
٣.پروپاگەندەی رەش: لە پروپاگەندەی رەش سەرچاوو وردبینی زانیاریەکان روون نین.لەو پروپاگەندەدا هەمەجۆرێک تەحریف و جەعل بەکار دێت. زۆر یەک لە ئامرازەکانی راگەیاندن لە کاتی شەڕدا لەو جۆرە پروپاگەندە کەڵک وەردەگرن. پروپاگەندەی دەزگاکانی راگەیاندنی داگیرکەرانی کوردستان دژی ئەپوزسیونەکانی وڵاتەکانیان جۆرێک لە پروپاگەندەی رەش دێتە ئەژمار.
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر