شنبه، خرداد ۱۴، ۱۳۹۰

کاریگەری شەڕەکان لە سەر تاکی کورد



هەڵکەوتەی ژیئۆپڵۆتیک و جوگرافیای کوردستان، چ لە رابردوو چ لە ئێستادا گرنگیەکی تایبەتی هەبووە بۆ زڵهێزەکانی دوونیا و وڵاتانی دەوروبەری، سەرەرای بوونی سەرچاو سروشتیەکان وخاکە بە پیت وبەرەکەتەکەی کوردستان کە چاوچنۆکی وڵاتانی دەوروبەری بۆ دەستراگەیشتنیان بە خاکی کوردستان تۆختر کردۆتەوە. بۆیە هەمیشە جێگەی مڵملانی و شەڕ وئاڵۆزی بووە.
شەڕەکان لە کوردستان کاریگەریەکی زۆر خەراپی لە سەر روحیە و هەست و سۆزی تاکی کورد داناوە.چ ئەو شەڕانەی دوژمنان و داگیرکەرانی کوردستان بە سەر کوردیان داسەپاندوە یان ئەو شەڕانەی کە کورد دژی کوردی هەڵگریساندووە.
شەڕەکان تەنیا لە بیرەوەری کوردستانیان دا نیین،بەڵکو دەتوانین بە چاو و هەستەکانمان بیانبینین و لەمسیان بکەین. زێدە لەو رەسمانەی کە لە ئاڵبۆمەکانمان دا هەڵگەرتوون و یان بە دەرو دیوارمان وێنە کێشاون یان هەڵمانهاوەسیون کە کاریگەری لە سەر دەروونی کەسەکان وجیلەکانی دوای خۆشی داناوە.
بە چاو خشاندنێک بە رابردوو،بۆمان دەر دەکەوێت کە کوردستان لە رەورەویی مێژوویدا، سەدان جەنگی وێرانکەر تێیدا روویداوە.هەروەها، شاهیدی هەزاران هێرشی ناوخۆ و دەرکی بووە کە سەرتاسەری کوردستانیان کردۆتە گۆرەپانی یەکلاکەرەوەی کێشەکانیان وخاکی پاکیان بە خوێن سوور کردووە.هەرکام لەو شەپۆڵە شەڕانە کاریگەریان لە سەر دەروونی ئێمەداناوە کە تا کو ئێستا خوێندنەوەیەکی زانستیانەمان بۆ نەکردوون.
یەکێک لەو شەڕ داسەپاوانە بەسەر میللەتی کورد لە سەردەمی ئێستاماندا،شەڕی عێراق وئێران بوو کە کوردستان ببۆ قەڵغانی وڵاتانی داگیرکەری کوردستان، من ئەو سەردەمە منداڵ بووم،خۆم ئێستا بە باشی هەستی پێ دەکەم کە چ کاریگەریەکی خەراپی لە سەر دەروونم من و خانوادەم و نموونەی وەک من بەجێ هێشتووە.بە داخەوە تا کو ئێستا ئێمە سەبارەت بەو دیاردەیە خوێندنەوەیەکی ئاکادیمیانەمان بۆ نەکردوە، تەنانەت بیریشمان لێ نەکردۆتەوە.
زۆر جار بە خیاڵیشمان دانایەت کە شەڕێکیش روویداوە، شەڕێک کە تا سنووری نابوود کردنی نەتەوەیەک چوو، هێرشە شیمیایەکانی سەدام بۆ سەر شارەکانی کوردستان لە سەردەشتە وە بگرە تا حلبچە، سەرەرای ئەو کوردانەی بە ناچاری لەو شەڕە ئاڵابوون.ئەوانەی کوژران،رۆیشتن،بەڵام ئەوانەی ئەو رووداوانە دڵتەزێنەیان بە چاوی خۆیان دیتبوو و یان لە بەرەی شەڕەکان مردنی بە کۆیان دیتبوو، گەرانەوە ناو کۆمەڵگە.ئەوانە چیان لێ بەسەرهات؟چیان بە سەر ماڵ و منداڵیان هاتووە؟ ئەگەر بە بیرێکی قوڵ ووردبینانە لەو کێشەیە بروانین، لە راستیدا زۆر دڵتەزێنە.
ئەگەر هەروا دایبنێین کە یەک ملیۆن کەس ئەو رووداوانەیان بە چاو دیتبێ و هەستیان پێکرد بێت و ئەزمونیان هەبێت. ئێمە بە تجروبە وەرگرتن لەو راستیە تێدەگەین کە ئەو وڵاتانەش کە بارو دۆخێکی وەک ئێمەیان بووە، دەزانین کە هەر کەس ئەو تجروبەیان هەبووە چۆن دەروون و رەوانی گۆراوە و کەریگەریەکی نگەتیڤی لە سەر هەست و دەروونیی داناوە.ئاڵۆزی دەروونی پیدا دەکات ومەزاجی تێکدەچێت و لەسەر جەستەشی کاریگەریەکی خەراپ جێدەهێڵێت.
مەبەستیم لەو بابەتە زیاتر خوێندنەوەی تاکی کوردی باشووری کوردستان و بەرپرسیاریەتی بەرپرسانی ئەو بەشەیە لە ئێستادا،کە دەمهەوێت بە کورتی باسی بکەم،چون زیاتر لە هەموو بەشەکان تجروبەی شەڕیان هەیە ، لە نزیکەو شاهیدی سەدان هێرش وپەڵاماردان بوون لە ماوەی سەد ساڵی رابردوو.
هەر وەک لە سەرەوە ئاماژەم پێدا. کە شەڕەکان چ کاریگەریەکی خەراپیان لە سەر رووح و دەروونی تاکی کورد جێهێشتووە. لە پرێشانی دەروونەوە را بگرە تا شەپرێەوی وهیلاکی جەستەیی. دەبینین کە کوردستانی باشوور زۆر لە مێژ نییە کە بە هێندێک ئازادی و مافی سەرەتایی گەیشتووە و تا رادەیەکیش توانیویەتی پێگەی خۆی لە ناو کۆمەڵگەی نێو نەتەویی بکاتەوە.وڵاتێک کە تا دوێنێ وێران کرابوو لە ئاکامی سەرکێشی رژیمی بەعس بۆ سەر ئەو ناوچەیە تا دەگاتە شەڕە ناوخۆیەکانی دوای ئازادبوون. هەموو ئەو رووداوانە پێویستی بە خوێندنەوەیەکی قوڵ و وردە کە بە باوەری من بۆ هیچ کام خوێندنەوەیەکی زانستیانە نەکراوە. ئەو رووداوەی کە ١٧/٢/٢٠١١ لە شاری سڵێمانی روویدا،چاوەروانکراو بوو لە تیلەچاوی ئەو کەسانەی کە لە بارو دۆخ و رووحیەی خەڵکی ئەو ناوچەیە ئاگادارن. هەم بەیاننامەی بزوتنەوی گۆران کە تێیدا داوای هەڵوەشاندنەوەی حکومەتی کرد بوو و هەم بەیاننامەکەی پارتی دێموکراتی کوردستان ویەکییتی نیشتیمانی کوردستان لە وڵامی بەیاننامەکەی گۆران زانستی وسیاسی نەبوون،چونکە بێ گوێدان بە بارودۆخی ئێستای کوردستان نوسرابوون.زۆر گرینگە کە کاتێک بزوتنەوەیەک یان حزبێک بەیاننامەیەک دەردەکات، لێژنەیەک دانیشە بۆ لێکدانەوەی هەموو ووشە و رەستەکانی ئەو بەیاننامەیە کە پێکهاتبێت لە کەسانی پسپۆر و شارەزا لە بوارەکانی دەرووناسی وکۆمەڵناسی و سیاسەتوانی پسپۆر.
بە باوەری من نابێت بە ووشە هەستی جەماوەر لە کاتێکی ئەوا هەستیار بجوڵێنیت،ئەوەی من لە بەیاننامەکەی بزوتنەوەی گۆران و پارتی ویەکیتی تێگەیشتم،یاری کردن بو بە هەستی خەڵک،ئەو خەڵکانەی کە زۆر لە مێژ نییە شەڕی ماڵوێرانکەری براکوژیان تجروبە کردووە.بۆیە ئەرکی سەرەکی ئێستا لە سەر حزبە سەرەکیەکانی کوردستانە کە بە شێوەیەکی ژیرانە مامەڵە لە گەڵ ئەو رووداوە بکەن و نەهێڵن لەوە زیاتر تەشنە بکات و بە شێوەیەکی زانستیانەش خوێندەوەیان هەبێت هەم بۆ داواکاری خۆپێشاندەران هەم بۆ بە سەزاگەیاندنی ئەو کەسانەی دەبنە هۆی گێرەشێوێنی وئاڵۆزی لە کوردستاندا لە دادگەیەکی عادڵانە. بە هیوای چاکبوونەوە بۆ هەموو بریندارەکانی خۆپێشاندانی ١٧/٢/٠٠١١. ئاوتخوازیشم هیچ کات رووداوی دیکە لەم چەشنە روونەداتەوە.
ئەو بابەتە لە کاتی خۆیدا لە سایتە کوردییەکاندا بڵاو بۆتەوە

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر