شنبه، خرداد ۱۴، ۱۳۹۰

سرینەوەی رەنگە سەدامیەکان!




وێناکردنی ژیان بێ رەنگ وەک،ژیانکردنە بێ روح. رەنگ، روحی ژیان وسروشتە ،لە یەک ووشەدا رەنگ ژیانە. رەنگ شوناس دەدا بە ماددە وکەڵ وپەڵەکانی دەوروبەرمان و بە رەنگەوە مانا پەیدا دەکەن.
رەنگەکان ئەنەرژی و وزەی تایبەت بە خۆیان هەیە، کە کاریگەری دەخەنە سەر مرۆڤ. رەنگەکان نە تەنیا بە هۆی بەخشینی جوانی بە دەورو بەرمان ، بەڵکو بۆ ئێمەش جێگەی باییخن،هەروەها کاریگەری بەهێزیشیان هەیە بۆ سەر جەستەمان. بایخی رەنگەکان لەروانگەی کاریگەربوونیان بۆ سەر مرۆڤ لە کەس شارەوە نییە.ئەو لایەنە لە تایبەتمەندی رەنگەکان بە تایبەت لە دەروونناسیدا بایخێکی زۆری هەیە.زۆرجار دەروونناسان لە رەنگ وەک؛ دەرمان بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشیەکانی، ئاڵزایمێر وخەمۆکی و بێ خەوی کەڵک وەردەگرن.
کەڵکوەرگرتن لە رەنگەکان لە جێگەی خۆیدا دەتوانێت، یارمەتیدەرێکی باش بێت لە دابەزاندن و کەمکردنەوەی شەکەتی و ماندووبوونمان، هەروەها ئامرازێکی گرینگن بۆ ئاراستەکردنی حالاتی دەروونی تاکەکانی کۆمەڵگەیەک.زێدە لەوە دەتوانیین بە بەکارهێنانی رەنگ جەوێکی یەکگرتوو درووستکەین ویان جیای کەینەوە.
رەنگەکان مانای تایبەت بە خۆیان هەیە،تەنانەت بە وێناکردنی رەنگەکان لە مێشکماندا زۆر شت دەتوانین مانای بۆ بدۆزینەوە،بۆ نموونە بە وێناکردنی رەنگی پیروزەیی یان شین، وێنەی مزگەوت و شوێنە پیرۆزەکانمان دەخاتە بەرچاو.هەر رەنگێک مانایەکی تایبەتی هەیە و سمبۆڵی شتێکە.
لە کۆندا،بە هۆی بە کارهێنانی کەڵ و پەلی سروشتی بۆ دروستکردنی خانو و بیناکان،بەرادەیەکی مامناوندی روخسارێکی وەک یەککیان هەبوو.ئەو رەنگانەی کە بۆ دیزاینی شارەکان کەڵکی لێ وەردەگیرا، بە پێی رووحیە و داب ونەریتی ئەو ناوچانە هەڵدەبژردران و بەکار دەهاتن و بەشیک بوون لە شوناسی خەڵکی ئەو ناوچەیە.( هەر رەنگێک لە ئاڵای هەر وڵاتێک نشانە و سمبوڵی ناسنامەی ئەو گەلەیە).
ئەوەی ئەمرۆکە لە رەنگکردنی شەقام و ماڵەکان و جەوی شارەکانی کوردستان، دەبینین جۆرە ئاڵۆزیەکی پێوە دیارە ، کەڵکوەرگرتن لە رەنگەکان لە رەنگردنی شەقام و بیناکان لە شارەکاندا بەبێ گوێدان بە پرنسیپەکانی رەنگ و دیزاینیان جۆرێک شڵەژانی دروونی بۆ تاکەکانی ناو شار درووست دەکات . هەروەها ئەگەر سەیری دەر و دیواری شارەکانی کوردستان بکەین دەبینین زۆر جار لە لایەن دگیرکەرانی کوردستان بە ئەنقەست جۆرە رەنگەکیان بەکار هێناوە کە کاریگەری نیگەتیڤ بخاتە سەر دەروونی خەڵکی کوردستان ، بۆ نموونە لە باشوووری کوردستان لە سەردەمی رژیمی پێشو لە جۆرە رەنگێکی بیابانی کەڵک وەردەگیرا تەنانەت دەرو دیواری زانکۆکانیش هەر بەو رەنگە رەنگدەکران کە هیچ ناسنامەی فەرهەنگی و نەتەوەیی میلەتی کورد پێوە دیار نەبوو، بەڵکو تەنیا دەڵالەتی لە ناسنامە عەرەبی بیابانی دەکرد، بەداخەوە ئێستاش دوای تێپەر بوون لە بیست ساڵ لە وەدەرنانی رژیمی بەعس ئەو رەنگە هەر بە دام و دەزگەکان ماوەتەوە.
کەڵکوەرگرتن لەو رەنگانە بەبێ رەچاوکردنی هوییەت وناسنامەی ئەو گەلە جۆرێک پریشانی و تورەیی و بێ ئوقرەیی لە تاکەکانی ئەو کۆمەڵگایە دێنێتە بەرهەم کە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی توندوتیژی لە ناو تاکەکانی ئەو کۆمەڵگایەدا.لە ئێستادا لە رەنگکردنی دەر ودیواری شارەکان بێ خوێندنەوە بە مانای رەنگەکان کەڵکوەردەگیرێت کە لە هیچ یاسایەکی رەنگی تایبەت پیرەوی ناکرێت.بە گشتی لە رەنگکردنی دەر و دیوارەکان تەنیا وەک ئامرازێکی سەرنجراکێش کەڵک وەردەگیرێت.هەر رەنگێک پەیام ومانایەکی تایبەتی هەیە. کاتێک بێ گوێدان بەو مانایای کە لە رەنگەکەدا شاراوەیە کەڵکوەردەگیرێت، دەوروبەر دەبێتە شوێنێکی بێزارکەر بۆ تاکەکانی.
رەنگەکان هۆکارێکن بۆ بەرزکردنەوەی تواناکانی تاک بە رەچاوکردنی ماناو وناسنامە و کلتوری ئەو گەلە، بەڵام ئەمرۆکە بە شێوەیەکی رەمەکی دوور لە پەرەنسیپی رەنگەکان بەکار دێت،بۆ نموونە ئەوەی ئێستا لە ناوچە بیابانیەکانی باشوورو رۆژئاوای ئێراق بەکار دێت هێچ جیاوازی نییە کە لە هەوڵێر و سڵێمانی و دەهۆک و زاخۆ و قەڵادزێ بەکار دێت.ئەو ئاڵۆزیە لە رەنگکردنی شارەکان لە هەموو شوێنێک بەرچاو دەکەوێت.
لە حالێکدا، ئەندازیاران ودیزاینەرانی جەوی شارەکان ، دەتوانن بە بەکارهێنانی گونجاوی رەنگ لە کەنار رەنگ و شێوەی بافتی شارەکان، مانایەکی دیکە ببخشنە ژینگە،هەروەها دەتوانن زۆرترین تەسیر وکاریگەری بخنە سەر هزر ودەروونی تاکەکان، بەڵام بەداخەوە ئەمرۆکە زیاتر لە هەر سەردەمێکی دیکە شاهیدی بێ گوێدانی بایخ وپرەنسێپەکانی رەنگکردنی شارەکانمانین کە بە شێوەیەکی رەمەکی وزەوقی کەسەکان بەکاری دهێنرێت، نەک بەرچاوکردنی باردۆخی هەرێمی وناوچەیی و زانستی.
لە کۆتاییدا،هیوادارم ئەندازیاری پارک و شوێنە گشتیەکانی کوردستان بە رەچاکردنی پەرنسیپەکانی رەنگ، خوێندوەی دەرووناسانەشیان لە بەکارهێنانی رەنگەکاندا هەبێت.هەروەها ئاواتخوازیشم کە بەرپرسان وکاربەدەستانی باشووری کوردستان ئەو جیاوازیە رەنگەی کە لە کاتی شەڕی ناوخۆ لە شەقام ودەرو دیواری شوێنە گشتیەکان لە سڵیمانی وهەولێر بوونی هەیە، یەکی خەن وئەو رەنگانەش کە لە سەردەمی رژیمی سەدامدا بە ئەنقەست بۆ تێکدانی باردۆخی دەروونی خەڵکی کوردستان بەکار هاتووە بسرنەوە.

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر