سه‌شنبه، خرداد ۳۱، ۱۳۹۰

مردووەکانی کەنار ئاگر!


پیاوە تازەکە هەر لە شەوی یەکەمەوە، شەهامەتی هاتنە دەرەوەی لە قەبرکەی نەبوو!
نەیدەزانی کە  کاتێک مردوەکانی دیکە لە بوونی ئەو خەبەردار بن، چ بەڵایەک بە سەردەهێنن؟ چونکە قەبرستان پڕ لەو کەسانە بوو کە ئەو ببۆ هۆی مردنیان. ئەوانەی کە لە شەقام گوڵلەیان بەرکەوتبوو، ئەوانەی کە لە سێدارەدرابوون، ئەوانەی کە گوڵەباران کرابوون، ئەوانەی کە بە دەستوری ئەو کوژرابوون و ئەوانەی کە لە ژێر شکەنجەی پیاوانی ئەو گیانیان لە دەستدابوو.
مردووەکان عادەتیان بوو کە هەموو شەوێ لە قەبرەکانیان بێنەدەرێ و ئاگڕێک بکەنەوە و لە دەوری کۆ ببنەوە و دیدار تازە کەنەوێ و دەستە  سەرد وئێسکاویەکانیان پێ گەرم کەنەوێ.
لە سەر تاشە بەردەکانی قەراغ ئاگرەکە، دوو دوو لە پەنای یەک دادەنیشتن و سەریان دەخستە سەر شانی یەکتر و بە هەر بهانەیەک یەکتریان ماچ دەکرد.هێندێکیان دەستیان دەخستە ناو دەستی یەکەوە بە ناو قەبرستانەکەدا پێیاسەیان دەکرد. هێندێکیشیان لە باوەشی یەکتردا درێژ دەبوون و سەریان دەخستە سەر سینگی یەکەوە بۆ ئەوەی بزانن کە دڵی کامیان باشتر و خێراتر لێدەدات. چەند کەسێکیشیان کە پێکەوە کەپڵ بوون دەگەران بۆ ئەوەی قەبرێکی چۆڵ بدۆزنەوە و کەمێک لە خەڵوەتی خۆیاندا دەردی دڵ بکەن.
دوو مردوو لە ناویاندا هەبوون کە هەموو شەوە، رووبەرووی یەکتر دادەنیشتن و لە نێوان بڵێسەکانی ئاگرەکە لە یەکتریان دەروانی. ئەوان لە ژیانی پێشوویاندا ئاشقی یەکبوون، بەڵام هیچ کات پێک نەگیشتبوون.
مردوە تازەکە هەموو شەوێ سەری لە گۆرەکەی دەردەهێنا و سەیری مردوەکانی دیکەی دەکرد، ئەو مردوانەی کە تاکو زیندوو بوون هیچکات رێگەیان پێنەدەدرا ئەو کارانە بکەن.
لە ترس و لە سەرمان تاکو بەیانی لە ناو قەبرەکەیدا دەلەرزی و خۆی خڕدەکردەوە، گۆرەکەی ئەوندە تاریک و سارد بوو کە دڵی بە ناچاری و بەزۆری لێیدەدا، وەکو سەگە بەرەڵایەک کە بە تەنیا خۆی پێ بریندارەکەی بڵێسێتەوە. چۆکەکانی دەخستە باوەشی و دڵداری خۆی دەدایەوە.
دوای چەند هەفتەیەک، مردووەکان زانیان کە مردووە تازە هاتووەکە لەو ماوەیەدا بۆ یەک شەویش نەهاتۆتە دەرێ، بۆیە بڕیاریان دا خۆیان سەردان و بەخێرهاتن و داوەتی کۆری شەوانەی خۆیانی بکەن. هەموویان بەرەو گۆری کەوتنە رێ و بانگیان کرد و داوایان لێکرد کە ترس و شەرمی بشکێنێت و لە گۆرەکەی بێتە دەرێ و پەیوەستی وان بێت.
پیاوە تازە هاتوەکە چی دیکە نەیدەتوانی خۆی بشارێتەوە . زۆر لە سەرخۆ و بە هێمنی  وەکو مارێک خۆی خزاندە دەرەوەی قەبرەکە، لە سەر کێلە بەردەکەی دانیشتو لە خەجاڵەتیان سەری داخست.
لە ئان و ساتێکدا، بێ دەنگیەکی تۆقێنەر قەبرسانی داگرت. مردوە تازکە خەریک بوو لە ترسان زراوی بچێت و دڵی بتەقێت و بە زاریدا بێتەدەرێ.
هەموو ناسیبویانەوە.
هەر هەموویان ئارەزویان ئەو رۆژە بوو کە هاتە دی. هێندێک لەو مردووانە هێرشیان کردە سەری،بەڵام ئەوانی دیکە رێگریان کرد. چەند کەسی دیکەش تفیان کردە خۆی و گۆرەکەی.
مردووە تازەکە لە ترسان و لە شەرمان ببۆ بە بەردێک و ‌غیرەتی جۆڵاندن  و سەربڵندکردنی خۆشی نەبوو. مردووەکانی دیکەش بە بێ دەنگی سەیریان دەکرد.
کەم کەم هەموویان بێ ئەوەی زیانی پێ بگەیەنن دەوریان چۆڵکردوو و گەرانەوە لای ئاگرەکەیان.
ئەو دوو مردوانەی کە هەموو شەوێک لە نێوان بڵێسە ئاگرەکە سەیری یەکتریان دەکرد هەر لە قەراغ قەبرەکەی مابونەوە.
دوای ئەوەی کە مردوە تازەکە توانی تەکانێک بخوا و بگرێتەوە ناو گۆرەکەی، ئەو دووانە توانیان بۆ یەکەم جار دەستی یەکتر بگرن و سەر بخنە سەر شانی یەکتر و بگرێنەوە لای ئاگرەکە.
ئەو شەوە، مردووە تازە هاتووەکە بۆ یەکەمین جار و ئاخرین جاری  لە گۆرەکەی هاتبۆ دەر، دوای ئەو شەوە،هیچ کەس ئەوی نەدیتەوە.
مردووەکانیش هیچ کات نەچونەوە سەر گۆرەکەی و پرسیاری بکەن، تەنانەت لەو شەوە بەدواوە باسیان نکردەوە. ئەوانەی کە لە دەورو بەری نێژرابوون هەر ئەو شەوە قەبرەکانیان گۆری.
بەڵام مردووەکان نەیاندەتوانی لە بیری کەن، چونکە هەموو شەوێ لە دوورەوە، رەشایی سەر و چاوی دیکتاتۆرێکیان دەدیت کە تا نیوەی لە گۆرەکەی دەردێنێت و دەروانێتە کۆری گەرمی دۆستانەو و ئاگرەکەیان. هەروەها دەیاندیت کە لە  سەرمای زۆر لێوەکانی خۆی دەکرۆژت و خوێنی لێدەهێنان.


و: ئالان عومەرزادە
ن:جەواد سەعیدی پوور

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر