یکشنبه، خرداد ۱۵، ۱۳۹۰

جەنگی رەوانی حیزبە کوردیەکان دژ بە یەک و ئاکامەکانی


دوای جیابوونەوە و دابڕانی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، هێندێک نووسەر، دەستیان داوتە هێرش وپاڵاماردانی باڵەکانی بەرانبەریان و بەو کارە دەیان هەوێت فیکری خوێنەر و تاکی کورد و ئەندامانی لایەنی بەرانبەریان مخدوش و بە لارێ دابەرن،بۆ بەرژەوەندی و سەرکەوتنی خۆیان، نا ئاگا کە ئەو کار و کردەوی ئەوان خزمەت بە رژیم دەکات و ئاو دەخنە جۆگەی دوژمنەوە.
بۆیە بە پێویستم زانی لەم بابەتە هێندێک لە لایەنی ئەم جەەنگە رەوانیە شی کەمەوە، تا خوێنەری کورد لە راستی ئەم جەنگە کە نووسەرانی پارتە کوردیەکان دژ بە یەکیان هەڵایساندوە تێبگات و لە ئاکامەکانی ئاگادار بێتەوە.
ئەگەر ئاورێک لە مێژووی ئەم جەنگەیە بدەینەوە بۆمان دەردەکەوێت کە جەنگی رەوانی مێژوویەکی زۆر کۆنی هەیە، هەر لە کۆنەوە مرۆڤ بۆ کاریگەری لە سەر هەستەکانی تاکی بەرانبەری لە زۆر حالەت وشێوە کەڵکی وەرگرتوە تاوەکو بیخاتە ژێر کاریگەری و رەکیڤی خۆیەوە. ئەوکار و کردەوانەی کە بۆ هەڵچونی هەستەکانی لایەنی بەرانبەر بەکار هاتووە لە کاتی قەیرانەکاندا وەک شەڕ ودەرگێریەکان چڕتر بوونەتەوە، بە شێوازی جوراوجور دەکرێ بڵێین کەڵکی لێوەرگیراوە. دەستکاری هەستەکانی مرۆڤ رۆڵێکی کاریگەری هەبووە لە سەر سەرکەوتنی شورش و شەڕەکان.

خودی ئەو دەستە واژەیە ( جەنگی رەوانی ) لە شەڕی جیهانی دووەم و لە ئەمریکا پەرەی پێدرا، لەو ساتەوە ئەمریکا وەک چەکێک، بۆ رووخانی هێز ولایەنی بەرانبەری بە شێوەیەکی زانستی و عیلمی بەکاری دێنێت. بۆ نموونە، لە شەڕی عێراق و ئەمریکادا، ئەمریکا بە کەڵک وەرگرتن لەو وسیلەیە توانی ورە و هێزو ئیرادەی دوژمنی تێک بروخێنیت ، دوایی جەنگی فیزیکی دەستپێکرد، کە ئاکامەکەی توانی لە ماوەیەکی کورتدا سەرکەوتن بە دەست بێنیت.هەروەها لە شۆرشی نەپساوەی گەلی کورد لەو شێوەیە بۆ رووخانی ورەی دوژمن کەڵکی لێوەرگیراوە. بۆ نموونە لە سۆرشی ئەمەر پاشای قەلەرەشێ بە بڵاوکردنەوەی دەنگۆیەک کە چەندین هەزار کەس لە کوردانی باشوور ئامادەی خۆیان دەربریوە کە پەیوەستی شۆرشەکەی بن، شای ئێرانی ناچار کرد کە وەڤدێک بۆ وتوێژ رەوانەی سەردەشت بکات.

بە هۆی پێشکەوتنەکانی تێکنۆلۆژی و دەستگاکانی راگەیاندن ئێستا زیاتر لە رابردوو لەو شێوە جەنگە بە مەبەستی کۆنترۆڵکردنی هزرو هۆشی تاکەکان کەڵک وەردەگیرێت، لە پێناو هەدەفێکی ئامانجدار.
یەکیک لە پرنسیپەکانی سەرەکی ئەم جەنگە رەوانیە کەسانی نەزان و نارۆشنبیرن، چونکە کەسی نەزان بە ئاسانی فریو دەدرێت و بەدوای سەرچاوەی راستیەکاندا ناگەرێت،یان ئەگەر لە ناخافڵیەوە گەیشتە راستی و حەقیقەت ئەوە زۆ بەلایدا تێپەر دەبێت و بەلایەوە گرینگ نییە چونکە هەر ئەوەی بە مێشکیدا چرپا و چسپاوە، هەر ئەوی لە لا راستە.
جەنگی رەوانی هەروەها پانتایەکی زیاتر، بە مەبەستی ترسنانەوە و تیرۆر وهاوئاهەنگی کەسانی بەرانبەری لەگەڵ بەرنامە و ئایدیولۆژیەکانی، لە خۆ دەگرێت.
گرینگترین رۆڵی ئەم جەنگە، شکڵدان و خستنە ناو قالبی بیررو ڕاکانی کومەڵگایە لە راستای خۆیدا،ئەو کارەش یان لە لایەن دەزگاکانی راگەیاندن دەکرێت و یان بە شێوەی ترسنانەوە لە ناو دڵی تاکەکانی ناو کۆمەڵدا. دیوید ئاریزۆنهاور لە وتەیەکیدا لە کاتی هەڵبژاردنی بۆ سەرۆککۆماری ئەمریکا ئاوا پێناسەی جەنگی رەوانی دەکات: " جەنگی رەوانی مانای دەستراگەیشتنە بە فیکر و بیر و ئیرادەی خەڵکان لە رێگەی خەبات و روبەروونەوە".
فوڵێر مێژوونوس و توێژەری نیزامی بریتانیا یەکەم کەس بوو کە واژەی جەنگی رەوانی لە ساڵی 1920 بکار هێنا،هەرچەند کردەوەکانی ئەم جەنگە مێژویەکی باستانی و کۆنی هەیە.فولێر لە باسکدا سەبارەت بە ئاکامەکانی پێشکەوتنی تکنۆلۆژی نیزامی لە جەنگی جیهانی یەکەم باسی ئەوە دەکات کە وسیلەکانی جەنگی سونەتی جێگەی خۆی بە جەنگی رەوانی دەدات بە مانای ووشە کە لەو جەنگەدا لە چەک کەڵک وەرناگیرێت بۆ نابوودکردن و لە ناوبردنی تاکەکان، بەڵکو لە جیاتی ئەو کارە ئەندیشەو هزری کەسەکان دەکرێتە نیشانە و هوش و بیریان مشەوەش و لەق دەکەن و ژیان و حیاتی مەعنەوی میلەتێک بەرەو فنابوون رادەکێشێن و ئیرادەیان بێ هێز دەکەن.لەو سەردەمەدا ئەو بیرو بۆ چونەی فولێر بەلای خوێنەران و تویژی زانستی بریتانیا زۆر سەرنج راکێش نەبوو. لە ژانویەی ساڵی 1940 بە هۆی بڵاوکردنەوەی بابەتێک بە ناو نیشانی << جەنگی رەوانی و چۆنیەتی بەرێخستنی>>، بۆ یەکەم جار خۆی خزاندە ناو ئەدەبیاتی ئەمریکا.
داقرتی،١٣٧،ل١٣

دەرئەنجامەکانی جەنگی رەوانی
1.لە ناوبردنی هیوا و ئومیدی تاکەکان ولایەنی بەرانبەر.
2.درووستکردنی جەوێکی بێ متمانەی بە رێبەرانی باڵ و لایەنی بەرانبەر.
3. درووستکردنی درزو لێکدابران لە ناو کۆمەڵدا.
4. دروستکردنی تەفرەقە و دووبەرێکی.
هەڵبژاردنی دەزگای راگەیاندن بۆ بکارهێنانی هێرشی جەنگی رەوانی پیوەندی بە دیزاینەران و بەرێوەبەرانی هێرشبەرەکە هەیە کە لە چ کاتێکدا بەکاری بێن و بە چ ئامانجێک کەڵکی لێوەرگرن.
دەزگاکانی راگەیاندن یەکێک لەو ئەبزارانەن کە دەتوانرێت بۆ ئەم مەبەستە کەڵکی لێوەرگیرێت.بەڵام باشترین ئەبزار بۆ ئەو مەبەستە تەلەفزیۆنە،هیچ ئامرازێک وەک تەلەفزیۆن ناتوانێت بە هەستەکانی بینەر یاری بکات، بەم جۆرە دەتوانین بڵێین کە تەلەفزیۆن وسیلەێکی پیوەندی گرینگە کە دەتوانێت کاریگەریەکی قوڵ لە سەر بیر و هزری تاکەکاندا بنێت.
تکنیکەکانی جەنگی رەوانی
تەکنیکەکانی جەنگی رەوانی زۆرن منیش لەو بابەتەدا تەنیا دەمهەوێت بە چەند دانە ئاماژە بکەم کە گرینگن و لە لایەن دوژمانی شۆرشەکانی کورد ونەتەوەی کورد بەکار دێن.

1.بەر چەسپ لێدان
بە پێی ئەو تکنیکە دەزگای راگەیاندن دەتوانێت واژەی جیاواز بە سفەتی پۆزۆتیڤ و نیگەتیڤ بیانگۆرێت.هێندیک جار ئامانج لێی ئەوەیە کە ئیدە و بیرو بۆچونی تاقمێک یان جەناحێک لەو رێگەیەوە ئیدانە کەن.
خاونانی دەزگاکانی راگەیاندن بە بکار هێنانی ئەم واژانە کاریگەری دەخنە سەر بیر وهزری تاکەکان و بینەران و خوێنەران.بۆ نموونە بە بکارهێنانی عنوان و لەقب و ناو ناتۆرە وەک. دێموکرات، ئازادیخواز،ئاشتیخواز، رزگارکەر، تیرۆریست،دواکەوتووو هەزاران لەقبی باش و خەراپی دیکە،لەوانەیە ئێمە بەرەو راستایەکی دیکە هانبدات و جۆری بیرکردنەوەمان بخاتە کۆنترۆڵەوە.ئەو شێوە تکنیکە زۆرتر لەلایەن دوژمنانی کوردەوە سودی لێوەرگیراوە و هەر حەرکەت و بزوتنەوەی ئازادیخوازی بەرچەسپی تیرۆر و شەڕخوازیان لێداوە ولەرێگەی دەزگاکانی راگەیاندنەکان زەقیان کردۆتەوە و تا رادەیەکی زۆریش توانیویانە سەرکەوتن بە دەست بێنن.
2.ترس نانەوە
یەکێکی دیکە لە تکنیکانەی جەنگی رەوانی ترس و دڵهورە نانەوە لە ناو دوژمنە، بە مەبەستی لاوازکردنی ئیرادە ورووحیەی ئەوان.بۆ نموونە دۆژمنانی کورد بە ترسنانەوە لەوەی بزوتنەوکانی کوردی جوداخوازن دەیان هەوێت کوردستان جیاکەنەوە و لە خێر وبێری کوردستان بێ بەش بن،خەڵکانی خۆیان هانداوە کە بە خەراپترین شێوە بەرەنگاری بزوتنەوەکانی کورد ببنەوە.یەکێک لە برادەرەکانی فارسم کە لە وڵاتی نوروێژ دیتم لە باسێکمدا لە گەڵی باسی ئەوەی کرد کە کاتی فەرمانی جیهادی خومەینی دژی خەڵکی کوردستان گوتی:" ئێمەیان وا تێگەیاندبوو کە کوردەکان ئامانجیان گرتنی تاران و شارەکانی دیکەیە بۆیە ئێمە پشتیوانیمان لەو فەرمانەی خومەینی کرد".
3.ئەهریمەن سازی
لە تکنیکی ئەهریمەن سازی وتاردەر هەوڵدەدات کە تۆویی دوبەرەکی و دوژمنی لە نێوان دوو بۆچون وگروپی دژبەیەک بچێنێت.وەک چندان نمونە کە لە شۆرشەکانی کوردا بەرچاو دەکەوێت نموونەی زەق و بەرچاو شەڕی یەکیەتی نیشتیمانی کوردستان و پارتی دێموکراتی کوردستان و هەروەها شەڕی کۆمەڵە و حزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و... کە دوژمن توانی بەشێوەی جۆراو جۆر هەوڵی لاواز کردنی هێز و ئیرادە و لەناوبردنی شۆرشەکانی کوردبدات. یەکێک لە خاڵە سەرنجراکێشەکانی ئەو تکنیکە لەناوبردنی میلەتێک بە دەستی خۆیان و یان بەدەست گەلێکی دیکەوە بێ ئەوەی خۆی زیانی پێ بگات.
4. تیرۆری کەسایەتی
لە شێوەکانی سەردەم، تیرۆری فیزیکی کەسەکان جێگەت خۆی بە تیرۆری کەسایەتی و شەخسیەتی کەسەکە داوە.لە کاتێکدا کە کەسەکان نەتوانن بە شێوەی فیزیکی لە ناو بەرن ئەوا بە شێوەی رەوانی هەوڵی تیرۆرکردنی کەسایەتیەکەی دەدەن، لە رێگەی دەزگا و ئامێرەکانی راگەیاندن کە کەسایەتیە بەناوبانگ و دیارەکانی باڵی بەرانبەر دەخەنە ژێر زەرەبینەوە و خاڵە لاوازەکانیان زەق دەکەنەوە و لەو رێگەیەوە تیرۆری کەسایەتیان دەکەن. نمونەی هەرەبەرچاو، زۆرن کە من تەنیا ئاماژە بە تیرۆری کەسیەتی ئەوکەسانە دەکەم کە ئیستا لە سایتە کوردیەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بۆنەتە ئامانج، کە لە رێگەی کەسانێکی نا رۆشنبیر ناو ناتۆرە دەخنە پاڵ کەسانی دیار و شۆرشگێڕ،لێرەدا گرینگ نییە کە ناویان بێنم بەڵام ئەگەر خوێنەر سەرنج بداتە هێندێک بابەت کە لە سایتەکان بڵاو دەبێتەوە بە ئاسانی بۆی روون دەبێتەوە، هەر چەند ئەو دیاردەیە دزێوە لە مێژە لە ناو شۆرشگێرانی کورددا بوونی هەیە، بەڵام دوای جیابوونەو و لەتبوونی پارتەکانی رۆژهەڵات زیاتر زەق بۆتەوە، جا ئەو کردەو و نووسینانە ئاگاهانە بێت و یان نائاگاهانە، بە هەردوو شێوە ئەوەی قازانجی سەرەکی دەکات دوژمن و کۆماری ئیسلامی ئێرانە.دەتوانم بڵێم کارێک کە رژیم نەیتوانی بە تانک و تۆپی بکات ئەوا ئێستا پارتە سیاسیەکان، بێ ئەوەی هیچ خەرجیەکی هەبێت خۆیان بە مەبەستی لە ناو بردنی خۆیان دەیکەن، لەوانەیە ئەگەر کۆماری ئیسلامی بی هەویستبایە بە پوڵ و پارە ئەو کارە بکات ملیاردها دۆڵاری هەزینە و خەرجی بویستبایە.

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر