دوشنبه، خرداد ۱۶، ۱۳۹۰

راگه‌یاندنی ئازاد له‌ باشووری کوردستان له‌ نێوان بوون و له‌نه‌بووندا



راپۆرت: جه‌مال نه‌جاری
3 ی ئایار به‌ رۆژی جیهانی ئازادی راگه‌یاندن ناسراوه‌، له‌م رۆژه‌ دا رێز له‌ به‌ها و بایه‌خی ئه‌و رۆژنامه‌وانانه‌ ده‌گیرێ، که‌ له‌ پێناوی ئازادیدا گیانی خۆیان خستۆته‌ مه‌ترسی بۆ ئه‌وه‌ی چه‌مکی ئازادی له‌ راگه‌یاندن و کۆمه‌ڵگه‌ی خۆیان جێگیر بکه‌ن، ئازادی راگه‌یاندن زامنكردنی چه‌سپاندنی بنه‌ماكانی مافی مرۆڤ و ئازادییه‌كانی دیكه‌ی كۆمه‌ڵگایه‌، ئه‌وه‌ی ئێستا که‌ له‌ هه‌رێمی کوردستان له‌ رووی ئازادی راده‌ربڕین فه‌زایه‌کی کراوه‌ سه‌ریهه‌ڵداوه‌ و چه‌مکی ئازادی راگه‌یاندن تا راده‌یه‌ک جێکه‌وتووه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هێشتا چه‌مکی ئازادی راگه‌یاندن ئه‌و مانا حه‌قیقییه‌ی به‌خۆ نه‌گرتووه‌ و جار به‌ جار هه‌ڕه‌شه‌ له‌ رۆژنامه‌نووسی کورد و ده‌زگاکانی راگه‌یاندن ده‌کرێ.

ئێستا له‌ كوردستان یاسای رۆژنامه‌نووسی چاودێری چالاكییه‌كانی ده‌زگاكانی راگه‌یاندن و ئازادی راده‌ربرینه‌ و به‌ پێی یاسای ژماره‌ 10 ی ساڵی 1993 و هه‌روه‌ها هه‌مواركردنی یاسای ژماره‌ 35 ی ساڵی 2008 ئازادی راده‌ربڕین له‌ هه‌رێمی كوردستاندا زامنكراوه‌ و به‌ هیچ شێوه‌یه‌كیش سانسۆر له‌ سه‌ر ده‌زگاكانی راگه‌یاندن نییه‌. له‌ سایه‌ی ئه‌و ئازادییه‌شه‌وه‌ توانراوه‌ ده‌یان رۆژنامه ‌و كه‌ناڵی راگه‌یاندن ده‌ستبه‌كار ببن و به‌و په‌ری ئازادییه‌وه‌ كاری راگه‌یاندنی خۆیان په‌ره‌ پێده‌ده‌ن، هه‌رچه‌ند چه‌ند برگه‌ی یاساكه‌ش بۆ رۆژنامه‌نووسان ناروونه‌ و پێویستی به‌ هه‌مواركردنه‌وه‌یه‌كی دیكه‌ی هه‌یه‌.

له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌وانه‌ هێشتا راگه‌یاندنی کوردی که‌م و کورتی تێدایه‌ و به‌ بۆچوونی زۆربه‌ی رۆژنامه‌وانان خاڵی لاوازه‌کانی له‌ خاڵه‌ باشه‌کانی زیاتره‌ به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا راگه‌یاندنی ئازاد کۆمه‌ڵیک رۆڵ له‌خۆ ده‌گرێت بۆ ئه‌وه‌ی چه‌مکی ئازادی ده‌سته‌به‌ر بێت.

ئه‌حمه‌د عومه‌ر زاده‌ رۆژنامه‌نووسی کورد که‌ به‌ هۆی ئازادی قه‌ڵه‌مه‌که‌ی کوردستانی به‌ جێهێشتووه‌ و ئێستا له‌ ولاتی نوروێژ ژیان به‌سه‌ر ده‌بات، له‌مباره‌وه‌ ده‌ڵێت: "له‌پله‌ی یه‌كه‌مدا ئازادی راده‌ربرین رۆڵێكی سه‌ره‌كی ده‌گێرێت له‌ ره‌خساندنی ئازادیدا له‌ هه‌ر وڵاتیكدا، ئه‌و په‌یامنێر و رۆژنامه‌نووسانه‌ی كه‌ له‌ هه‌موو هه‌ل و مه‌رجێكدا چالاكی ده‌نوێنن و كه‌ره‌سته‌یان بۆ به‌گژ داچوونه‌وه‌ی هه‌موو دیارده‌و روداو و باردۆخێك ته‌نیا ووشه‌و وێنه‌یه‌، زۆر جار ئه‌و په‌یامنێر و رۆژنامه‌نووسانه‌ به‌هۆی پیشه‌كه‌یان هێرشیان ده‌كرێته‌ سه‌رو زیندانی ده‌كرێن و یان ده‌كوژرێن، دیموكراسی و ئازادی راده‌برین هه‌روه‌ها یه‌كێكه‌ له‌ بنماكانی پێك هێنانی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی سه‌ره‌رای ئه‌وه‌ی مه‌رجی سه‌ره‌كی په‌ره‌پێدانی ئابووری و كۆمه‌ڵگاشه‌، ده‌توانین لێره‌دا ئاماژه‌ به‌وه‌ بده‌ین كه‌ ئه‌ كۆمه‌ڵگایانه‌ی سانسۆر ده‌خه‌نه‌ سه‌ر راگه‌یاندنه‌كانیان پێشكه‌وتن و په‌ره‌پێدانی پرۆسه‌ی دیموكراسی ده‌وه‌ستێت"

به‌ خۆشییه‌وه‌ ‌ ئاستی هۆشیاری و رۆشنبیری گه‌لی كوردستان له‌ ئاستێكی به‌رزدایه‌ و ئاگاداری گرینگی و بایه‌خی ئازادی راده‌ربرینن له‌ به‌ره‌و پیشكه‌وتنی وڵات، هه‌ر به‌و هۆیه‌وه‌ ئه‌مرۆكه‌ چاڵاكییه‌كان و پیشكه‌وتنه‌كانی ده‌زگاكانی راگه‌یاندن له‌ كوردستان رۆژ له‌ دوای رۆژ له‌ پێشكه‌وتن و گه‌شه‌سه‌ندن دایه‌ و رۆڵی رۆژنامه‌نووس و راگه‌یاندنكارانیش له‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی زانیاری دروست وخێرا به‌رچاوه‌، هیچ لایه‌نێكیش ناتوانێت رۆڵی راگه‌یانه‌كان له‌ ئاراسته‌كردنی كۆمه‌ڵگاو وپته‌وكردنی پیوه‌ندی له‌ نێوان خه‌ڵك و ده‌سته‌ڵات نادیده‌ بگرێت، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ نه‌بوونی پلان و سیسته‌مێكی گشتی له‌ كاری راگه‌یاندن له‌ كوردستاندا نه‌بۆته‌ هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیدا به‌ ئاراستێكی پته‌و و پۆزۆتیڤیانه‌ له‌ به‌ره‌پێشكه‌وتن و سیاسه‌تێكی گشتی و نه‌ته‌وه‌یی وڵاتدا كاریگه‌ری خۆی دابنێت، به‌ڵكۆ هه‌ر راگه‌یاندنێك له‌ كوردستان له‌ چوارچێوه‌ی سیاسه‌تی حزبی و مه‌زاجی به‌رێوه‌به‌ره‌كان دام و دوزگه‌ راگه‌یاندنه‌كان خوڵ ده‌خواته‌وه‌ و تا كو ئێستاش له‌ و بازنه‌یه‌دا ماو نه‌ته‌وه‌.

عومه‌ر زاده‌ په‌یامی رۆژی جیهانی راگه‌یاندن به‌ كۆمه‌ڵگای مرۆڤایه‌تی به‌مشێوه‌یه‌ باس ده‌کات " ئازادی راده‌ربڕین به‌ هۆی خه‌باتێكی به‌رده‌وام و تاقه‌ت پرۆكێنی خاوه‌ن فكر و مامۆستایانێك هاتۆته‌ به‌رهه‌م كه‌ رۆژگارێك به‌ زه‌وق و ئه‌وینێكی فه‌راوان بۆ ئازادی و رزگار كردنی كۆمه‌ڵگای مرۆڤایه‌تی هه‌وڵیانداوه‌، زۆرجار ته‌نانه‌ت گیانی خۆشیان له‌و رێگایادا به‌خشیوه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ ئێمه‌ش به‌ر پرسیارانه‌ رێز له‌و میراته‌ بگرین و له‌ گه‌شه‌سه‌ندنی دریغی نه‌كه‌ین و هه‌وڵبده‌ین كه‌ خاوه‌ندارانی ئه‌ندیشه‌و قه‌له‌م به‌ تایبه‌ت خاوه‌ندارانی رۆژنامه‌ و گۆڤار و سایته‌ ئه‌لكترۆنیه‌كان بتوانن له‌ باردۆخێكی ئازاد و بی مه‌ترسی رۆڵی كاریگه‌رانه‌و سازه‌نده‌ی خۆیان له‌ كۆمه‌ڵگادا به‌ جوانی به‌ جێبگه‌یه‌نن".

به‌شیکی زۆری رۆژنامه‌نووسانی کوردستان باوه‌ڕیان وایه‌ له‌ کوردستان شتێک به‌ ناوی راگه‌یاندنی ئازاد نییه‌ و پێیان وایه‌ ئه‌وه‌ی که‌ وه‌ک راگه‌یاندنی ئازاد ده‌بیندرێ درووستکراوی حزبه‌ و راگه‌یاندنی حزبی به‌رهه‌مهێنه‌ری ئه‌و عه‌قڵییه‌ته‌ن و ئه‌مه‌ش به‌ کارێکی باش نازانن.

سه‌نگه‌ر زراری رۆژنامه‌نووسی گه‌نچ ده‌ڵێت: " ئەوەی ئێستا لە كوردستان هەیە بە بۆچوونی من ئازادی رۆژنامەگەری نییە، بەڵكو دەتوانم ناوی لێ بنێم ئازادی قسەكردن، بەو مانایەی كە تۆی رۆژنامەنووس دەتوانی قسەبكەی، دەتوانی هاوار بكەی، تەنانەت دەتوانی زۆرجار جوێنیش بەم دەسەڵاتدار و بەو دەسەڵاتدار بدەی، بەڵام كەس گوێ لە قسەكانت ناگرێ و حیساب بۆ قسەكانت ناكات، كەواتە تۆ هەر هاوار كە كە كەسێك گوێی لێ نەگرتی چ سوودێكی هەیە.

ئه‌و رۆژنامه‌نووسه‌ پێی وایه‌؛ " یەكێك لە پرەنسیپە بنەڕەتییەكانی ئازادی رۆژنامەگەری كۆكردنەوە و بڵاوكردنەوەی زانیارییە بۆ خەڵك، بەڵام هیچ لایەنێكی پەیوەندار و دەسەڵاتدار ئامادە نییە بەتەواوی ئەو زانیارییانەت پێ بدات كە بۆ رۆژنامەنووس پێویستن و كارەكانی رایی دەكەن كەواتە تۆ دەبێ هەر ئینشا بنووسی ئەمەش پێی ناگوترێ كاری رۆژنامەوانی و بۆیەش لە دەرئەنجامدا فەوزا دروست دەبێ".

به‌ڵام ئاخۆ یاسای رۆژنامه‌نووسی له‌ کوردستان په‌یره‌و ده‌کرێ؟ ئاخۆ ئه‌وه‌ی وه‌ک یاسای رۆژنامه‌نووسی له‌ په‌رله‌مانی کوردستان گفتوگۆی له‌باره‌ کرا بێ که‌م و کورتییه یا چاو پێ خشانده‌وه‌ی پێویسته‌؟

خاتوو شیلان یاسین ی رۆژنامه‌نووس به‌ راڤه‌ی راگه‌یاند: "ئه‌گه‌ر بمانه‌وێ باس له‌و ئازادییه‌ بکه‌ین که‌ له‌ راگه‌یاندن یان رۆژنامه‌ووسی به‌رجه‌سته‌ بکرێ، ئه‌وه‌ی له‌ کوردستان ده‌بیندرێ له‌ ماوه‌ی ئه‌م چه‌د ساڵه‌دا زۆر زیاتر له‌و ئازادییه‌ لای داوه‌ و ده‌توانم بڵێم ناهه‌قی ده‌کرێ به‌رانبه‌ر به‌ به‌شێکی راگه‌یاندنی کوردی و ناشیرینی ده‌کات، ئه‌گه‌ر سه‌یری یاسای رۆژنامه‌نووسی وڵاتانی دراوسێمان و وڵاتانی تری جیهان بکه‌ین ده‌بینی ئه‌و ئازادییه‌ی ئه‌وا به‌ پێی ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییانه‌ دێن که‌ له‌ وڵاتانی خۆیان هه‌یه‌ و له‌ گه‌ڵ ده‌ستووری ئه‌وان ده‌گونجێ، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌ کوردستا هه‌یه‌ زۆر جیاوازه".

شیلان یاسین به‌ راشکاوی ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌کات که‌ راگه‌یاندنی کوردی بێویژدانی پێوه‌ دیاره‌ و ده‌ڵیت: "ئه‌و ئازادییه‌ی له‌ کوردستان هه‌یه‌ وای کردووه‌ چاودێری هه‌موو شتێک بکات وا بکات که‌س نه‌توانێ به‌ ئازادی هه‌ڵس و که‌وت بکات، له‌ لایه‌کیتر ئه‌و ئازادییه‌ی له‌ راگه‌یاندنی کوردیدا هه‌یه‌ له‌ راستیدا بێویژدانییه‌کی پێوه‌ دیاره‌، به‌داخه‌وه‌ ئه‌و قه‌ڵه‌م به‌ده‌ستانه‌ی اوی خۆیان ناوه‌ رۆژنامه‌نووس کاتێ بابه‌تێک ده‌نووسن وێژدانی خۆیان له‌ یاد کردووه‌ بۆیه‌ ده‌بێ یاسایه‌ک هه‌بێ چاودێری ئه‌م وه‌زعه‌ بکات و ئه‌گه‌ر پێویست بوو سزای بدات و ئه‌گه‌ر نا ده‌ستخۆشی لی بکرێ".

هه‌موو ئه‌و روانگانه‌ ئه‌وه‌ ده‌رده‌خه‌ن که‌ هێشتا چه‌مکی ئازادی راگه‌یاندن له‌ کوردستان چه‌مکێکی نامۆیه‌ و به‌ ته‌واوی جێ نه‌که‌وتووه‌، له‌ لایه‌ک جه‌ماوه‌ر به‌ باشی هه‌زمی ئه‌م ئازادییه‌ ناکه‌ن و له‌ لایه‌کیتر ده‌سه‌ڵات ئه‌م ئازادییه‌ به‌ مه‌به‌ستی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی خۆی به‌کار دێنێت و ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه‌ به‌شێکی بچووکه‌ که‌ ئازادانه‌ هاتوونه‌ته‌ مه‌یدان و له‌م پێناوه‌دا کار ده‌که‌ن و رۆژانه‌ رووبه‌رووی هه‌ڕه‌شه‌ و گوڕه‌شه‌ ده‌بنه‌وه.

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر