شنبه، خرداد ۱۴، ۱۳۹۰

لە ساڵیادی کۆچی ئەستێرەیەکی دیکەی ژیانمدا!


زۆرجار، زمان لە خەم و پەژارەی کۆچی خۆشەویستان و ئازیزان، توانای خۆی لە دەستدەدا و مێشک، توانا و هێزی بیرکردنەوەی دەکەوێتە هەوراز و دڵیش پرێشانحاڵ دەبێت. ئەگەر باڵندەیەک بە شەوقی دیارێکی دیکە باڵەکانی سووتان، ئێمە بەجێماوان لە کۆچی ئەودا دڵ و هەناومان کەوتە ژان.
ئای گورگی ئەجەڵ!؟ چت کرد لە گەڵ ئێمە؟ چما نەیکەیت؟ لە کاتێکی زۆر چارەنووساز و هەستیاری تەمەنمان خۆشەویسترین و ئازیزترین کەسانمان بەدوای یەکدا بێ بەزییانە لێ دەستێنیت.تاکو ئێستاش جەستەی سڕ و ماندوو و پەشٶکاو و دڵ بریندارم لە دووری کۆچی نابەوەختی دایک و باوکم هێمن و سارێژ نەببۆوە کە ئەستێرەیەکی دیکەی ئاسۆی ژیانمت بەرەو ئاوابوون برد.
ئاوابوونی ئەو ئەستێرەیە منی تاساند. زامەکانی دووری ئەو باڵ وپەرمی سووتاند و رووحی شەکەتبارمی بەرەو دیارێکی نادیار برد.
کۆچی نابەوەختی مامم منی زیاتر خستە ناو دووریان و تونێلی تاریکی ژیانمەوە. هەرچەند لە راستیدا، لە ماوەی ژیانمدا بەداخەوە، بە هۆی دووری و ئەو بارو دۆخە خەراپەی کە کوردستانی گرتبۆوە و ببۆ هۆی دابرانی خۆشەویستان لەیەکتر، مجاڵی پێکەوە ژیان لە پەنای یەکتری لە ستاندبووین، نەمتوانی کە لە خزمەتی دابم، تەنیا چەند جارێک نەبێت ئەویش بە ترس و لەرزەوە لە نزیکەوە چاوم پێبکەوێت، بەڵام بەو حاڵەش بۆ من وەک ماموستا و هیما  وئۆڵگوی ژیانم بوو. ئەو بوو کە فێری نیشتیمانپەروەری و مێهرەبانی و خزم دۆستی و وفاداری و ئەمەکناسی و راستگۆیی کردم. ئەو بوو کە فێری کردم لە ساتە سەخت و دژوارەکانی ژیانمدا نەبەزم و سڵ نەکەمەوە.هەروەها ئەو بوو کە لە خۆپێگەیاندندا لە دژوارترین ساتە و کەند و کۆسپەکانی ژیانمدا کۆڵ نەدەم، هەر چەند بە هۆی وجودی ئەوەوە رژیمی ئێران لە مافی خوێندن و کارکردن لە زێدی خۆمدا بێ بەشی کردم، بەڵام بۆ من هیچ کات نەبۆ هۆی ئەوەی کە  بسڵمەوە، هەمیشە ئامۆژگاری ئەو بۆ من ئەوە بوو کە مرۆڤ دەتوانێت لە هەموو بار دۆخێکی ژیاندا رێگەی خۆی بدۆزێتەوە و خۆی پێبگەینێت و کەسایەتیەکی پۆزۆتیڤ لە ناخی خۆیدا بۆ دەوروبەرە  وکۆمەڵگەیەکەی دروستبکات و بنیات بنێت. سەرەرای ئەوەی کە من لە ماوەیەکی کورتدا دایک وباوکم لە دەستدا، بەڵام مامۆستا مەلا خدر جێگەی باوکمی پڕ کرد بۆوە.
 بوون و وجوودی ئەو هەرچەند لە تاراوگە بوو، بەڵام هێمنکەرەوە و سارێژکەرەوەی خەم و دڵی بریندارم بوو. دایک و باوکی کۆچکردووم هەمیشە ماموستایان وەک، سیمبوڵی خۆراگری و نەبەزین و نەسرەوتن لە ژیاندا بە نموونە بۆ دەهێنامەوە، چونکە ماموستا بە هۆی شۆرشی نەپساوەی گەلەکەمان زیاتر لە پەنجا ساڵی تەمەنی لە ئاوارەبوون و لە ناو شۆرشدا بردە سەر. ئارەزووی رزگارکردنی گەلەکەی وایکردبوو کە لە خزم وکەس وکار و خۆشەویستانی دوور کەوێتەوە و تاسەی دووری و غەریبی لە ئازیزانی لە پێناو ئامانجێکی پیرۆزدا بە دڵ و بەگیان بچژێت. هەر ئەو لەخۆبردوی و فیداکاریەی مامم وایکردبوو کە خۆشەویستی بە ناو هەناوی کۆمەڵگەدا رۆبچێت و ببێتە کەسایەتیەکی دیار و خۆشەویست لە ناوکوردستاندا .
ووتەکانی مامم، هەمیشە ئاسۆیەکی روون و گەشاوەی بۆ ئێمەو هاورێیانی دەنەخشاند.ئەگەر هەر کەسێک، تەنیا چەند چرکە ساتێک لە پەنا مامۆستا دانیشتبایە بێ هیچ قسە و توانجێک سەرنجی چاوەکانی دابایە، دەیتوانی دوونیایەک قسەی نەوتراو و هیواو ئاواتی پەنگخواردووی لە دیدەکانی بەدیکردبایە، بەڵام بەداخ و کەسەرێکی زۆرەوە، دوای بەربەرەکانیەکی زۆر و دەست وپەنجە نەرمکردن لە گەڵ نەخۆشیەکەی ئەجەڵ مەودای پێنەدا کە ئاوات و ئارەزوەکانی کە هەمان ئازادی و سەربەستی گەلەکەی بوو بێتە دی، بەڵام دڵنیام و هیوادارم کە هاوسەنگەرانی ماموستا رێگەی بەر نادن تاکو بۆکی ئازادی و سەربەستی ننیشتیمانیان لە باوەش نەگرن.
رووحی شاد و رێگەی خەباتی بێ وچان و بێ وەستان درێژەی هەبێت.

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر