دوشنبه، خرداد ۱۶، ۱۳۹۰

گۆرانکارییەکانی سیاسی جیهان و پەرتەوازەیی پارتە کوردییەکان


لە ڕاستیدا، لە سەردەمی ئێستادا ئاڵ و گۆریەکانی جیهان بەهۆی بەرەو پێشەوەچونی تەکنۆلۆجیا و زانست لە هەموو بوارەکاندا ئەوەندە خێران و زوو بەلامان تێپەر دەبن کە جێگەی هەڵوێستە و سەر سورمانە،  بۆ گەلێک کە سەدان ساڵە لە بازنەیەکدا خۆل دەخواتەوە، گەلی کورد لە مێژووی خۆیدا هەر دەڵێی بەدەوری بازنەیەکدا لە هەوڵدایە،هەمیشە لە پاش تێپەراندنی سێ سەدوو شست دەرەجە، هاتۆتەوە سەر خاڵی سفر و گۆرانکاریەکانی ناوچە و جیهانیش هیچ کاریگەرییەکیان نەبوە بە سەریەوە! بۆچی وابوە؟ رازی ئەو کارە چیە؟

زۆر ئاسانە وەڵامی ئەو پرسیارە بۆ ئەوکەسانەی کە لە کۆمەڵگای کوردەواریدا ژیانیان بە سەر بردبێت، زۆر دوور نارۆین لە ئێستادا هەرکام لە پارتە کوردییەکان بونەتە چەند بەش، هەر کام لەوانەش بەرنامە و پرۆگرامی تایبەت بەخۆیان هەیە، درۆشمەکانیان هەمووی سەرنج راکێش و بریقەدارن وهەمووشیان باسی یەکریزی و برایەتی دەکەن ،بەڵام لە کردەوەدا هیچیان ناهێننەدی، هەر وەک ئەو نەقلەی لێ هاتوە کە وا فەرز کەین کەکۆمەڵێک کەس خردەبنەوە و بڕیاریان ئەوە دەبێت کە پارەیەک بۆ هەژاران کۆ کەنەوە، لەو کۆمەڵە خەڵکە دوو حالەت چاوەروان دەکرێت، یەکەم؛ هەریەک لە ئەندامەکانی ئەو کۆمەڵە دەست بە باخەڵی داکات و بە پێی توانا پارەیەک لە سەر مێز دابنێت، دیارە کە ئەو کردەوەیان بەرهەمێکی هەیە و خزمەت بە هەژار و داماوەکان دەکرێت. دوووەم: هەر یەک لە ئەندامانی کۆمەڵەکە خۆیان لە بیر نەبێت و تەنیا بڵێن کە دەستی فەقیر و هەژاران گرتن چەند شتێکی باشە و خوا چەند بەرانبەر تۆلەی دەکاتەوە. هەرکەسێکیش چاورێ بێت کە کەسی تەنیشتی پارەیەک بدات. لەو حالەتەدا نەتەنیا هیچ بەرهەمێک دەست ناکەوێت ،بەڵکو کاتێکی زۆریش بە فیرۆ دەچێت. ئەو مەسەلە سادە و ساکارە دەکرێت کە لە گەڵ کار و باری سیاسی و کۆمەڵایەتی تەتبیق بکرێت. دەتوانین بڵێین کە زۆربەی ئەو هەوڵانەی کە لە مێژووی ئێمەدا دراون لە حالەتی دووەم دەچن. ئێمەی کورد هەتا درۆشمان هەبێت و کردەوەمان نەبێت هیچ کات نە تەنیا بە ئامانج ناگەین، بەڵکو لێشی نزیک نابینەوە، بەو کارەش تەنیا مێشکی گەنجانێکی نشتیمان پەروەر کۆش دەکەین کە هانبدرێن بۆ بەرگری لە وڵات و نیشتیمان. هەر وەک لە درێژایی مێژووماندا دیتومانەو دەێبێنێن،بەڵام کاتێک ئەو لاوانە دێنە ناو سیستمەکەوە دەبینێن کە دروشم و کردەوەی حزبەکان ئەرز و ئاسمانە، وەک ئێستا لە نێو ئەندامانی پارتە کوردیەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان دەیبینین کە ئ هیوا و ئاواتەکانیانیان لە ناو ئەو چوارچێویە نادۆزنەوە، سەرەرای بێ تەکبیری و بێ ئایندە نگری سەرکردایەتی سیاسی کورد، گەلی کوردیان تووشی سەرلێشێواوی و رەشبینی کردووە. ئەگەر وایە چارە چیە ؟ تا بە ئامانجمان بگەین؟

تەنیا یەک رێگەمان لەبەرە کە لە ئامانج و هیواکانمان نزیک کەنەوە ئەویش رێگەی عەقڵ، رێگەی زانست، رێگەی راستی و چاکەیە. بێجگە لەو رێگەیانە هەر رێگەیەکی دیکە بگرینە بەر، پەشیمانی و دەستبەتاڵیمان پێ دەمێنێت و هەر لە سەر سیفر دەمێنین.ئەگەر سەیری ئەو پەرتەوازەیی پارتە کۆردیەکان بکەین، هەرمرۆڤێکی دڵسۆز بە ئاو و خاکی کوردستان مێشکی جەم دەکات، بە تایبەت ئەو پەرتەوازەیی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و سیاسەتکردنیان. کە لە ئێستادا سیاسەتکردنیان وەک کایەی منداڵان دەچێت،بەوسیاسەتەش تەفسیر و لێکۆلینەوەیان بۆ ئاڵ و گۆرانکاریەکانی ناوچەکە و دوونیا هەیە دڵشیان بەوە خۆشە کە ئەو گۆرانکاریانە ئێمە بەرەو خۆشبەختی دەبن و هەر وەک جوتیارێک دەچن کە نە زەوی هەیە و نە تۆو، بەو حاڵەش هەر باسی باران بارین و بەهار هاتن دەکات و وا نیشان دەدات کە وەک جوتیارە زەویدارەکان چارەنوسی ویش پەیوەندی بە بارین و نە بارینەوی باران هەیە. بەداخەوە لە نێو گەلی ئێمەدا رێگەیەکی رووناک بۆ ژیان نییە نە بۆ ژیانی شەخسی نە بۆ ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی. ئەوەش راستیەکی تاڵە کە ئێمەی کورد پێیەوە دووچار بۆوین لە سایەی پەرتەوازی و یەک نەگرتنی پارتە کورییەکان و نەبوونی بەرنامە وپرۆگرامێکی روون و یەکگرتوو بۆ دوا رۆژی گەلەکەمان. لەوانەشە پارتە کوردییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان تووشی ئەو حالەتە هاتبن کە داروین دەلێت؛ هەر ئەندامێکی لەش ئەگەر بۆ ماوەیەکی زۆر بەکار نەهێنرا وردە وردە لە ناو دەچێت. هەروەک ئەو حالەتە لە ناو حیزبەکانی رۆژهەڵاتدا دەبینین کە ماوەیەکی درێژە راکت و بێ جۆلە ماونەتەوە و لەو ماوەیەدا تەنیا فکریان لە بەرژەوەندی خۆیان کردۆتەوە نەک بەرژەوەندی گەل،سەر ئەنجامەکەشی ئەوەیە کە دەی بینین.

لە کۆتایدا پێویستە ئاماژە بەوە بدەم کە رزگاری گەلێک پەیوەندی بە چاک وپاک بوون و وریا بوونی وانەوە هەیە وزەمەن وا دەخوازێت کە هەموو بێینە سەر یەک رێگە، لێک بڵاو نەبن، ئامانج یەک بێت. دەنا هەگیز رووی حەسانەوە نابینین،رووداوەکانی جیهان هەر چۆنێک بێت، لە ئاکامدا بە زیان و زەرەی وان تەواو دەبێت، ئەوە ئەوپەری نەزانین و بە خەبەری لە گوێی گادا نووستنە کە گروپێک یان دەستەیەک دابنیشن و لێکدا لێکدا قسە لە سەر رووداوەکانی جیهان و ناوچەکە بکەن و هیچ ئەو پەرتەوازیەی خۆیان لە بەر چاو نەبێت و گرینگی پێ نەدەن و پێیان وا بایت کە ئاڵ وگۆریەکانی جیهان ئەوان دەحەسێنێتەوە.

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر