شمشێر و خۆرشید
لەسەر بەرزایی ئاڵاکەیان،
شمشێرێک دەدرەوشێتەوە...
نەک لە تیشکی ڕووناکی، بەڵکوو لە خوێنی بێناونیشانەکان.
سەدان ساڵە لە ئایینی ئەواندا،
جەنگ، نانی پیرۆزە
و داگیرکاری، پەرستشی بێویژدانەکان.
لە کۆڵانەکانی مێژوودا،
هەنگاوەکانیان دەنگی ئێسقانی لێ دێت،
و خاکی هەر نیشتمانێکی داگیرکراو،
بە زمانی بێدەنگی ڕووبارەکان دەگریەت.
بەڵام لێرە، لەم سەرەوە،
دراوسێکانی خۆر نیشتەجێن...
گەلێک کە ئاڵاکەیان
بە گزنگی بەیان دەدوورن،
نەک بە هاواری شمشێر.
کوردستان،
نیشتمانێک کە ڕووناکی،
تەنیا چەکیەێتی.
لە چاوی خۆردا،
جێگەیەک بۆ تاریکی نییە،
و لە دڵی ئەوانەی ڕووناکن،
شوێنێک بۆ ستەم و سێبەر نییە.
لەوێ منداڵ،
بە گۆرانی و سروود لەدایک دەبێت،
نەک بە زامی ئاڵا.
و ڕۆژێک،
کاتێک جیهان لە خوێن ماندوو بوو،
مێژوو لاپەڕەی هەڵدەدرێتەوە
—
ئەو کات دەبینن:
خۆر،
لە هیچ شمشێرێک نەترسا.
لە کۆتایی جەنگدا،
کاتێک شمشێرەکان لە ماندووییدا ژەنگ هەڵدەهێنن
و ئاڵاکان لە شەرمدا سەر شۆڕ دەکەن،
چیاکان هێشتا ڕاوەستاون،
بە نێوچەوانی خۆرەتاو لێدراویانەوە.
خۆر لە پشتی وێرانەی سەدەکانەوە
سەر دەردێنێت،
سەیری خوێن ناکات،
بەڵکوو دەڕوانێتە ئەو تۆوەی لە خاکدا ماوەتەوە...
دەڕوانێتە ژیان.
و لە بەرزاییەکانی کوردستاندا،
ئاڵایەک دەشەکێتەوە
کە لە پۆ و تانەکەیدا
هیچ هاوارێک نییە،
جگە لە ڕووناکی، جگە لە خۆر.

هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر