غوربەت؛ ژیان لە نێوان دوو ڕەگدا
مرۆڤ تەنیا لە خاکێکدا لەدایک نابێت، بەڵکو زمان،
بیرەوەری، دەنگ، بۆن و ڕەنگی ئەو خاکەش بە
شێک دەبێت لە شوناسی پەیوەست بە لە لەدایک بوونیەوە. یەکەم هەناسەی لە ژێر
ئاسمانی شوێنێکی دیاریکراودا هەڵدەکێشێت، بە نان و ئاوی ئەو خاکە پەڕوپۆ دەگرێت و
بە وشەکانی زمانی دایک، جیهان دەناسێت. بۆیە نیشتیمان تەنیا پارچە زەوییەک نییە کە
سنوورەکانی لەسەر نەخشە دیاری کرابن؛ نیشتیمان بەشێکە لە پێکهاتەی دەروونی و بوونی
مرۆڤ.
ئەگەر مرۆڤ هەزار ساڵیش لە زێدی خۆی دوور بکەوێتەوە،
لە قوڵایی ناخیدا شتێک هەر بەو خاکەوە بەستراو دەمێنێتەوە. لەوانەیە زمانی ڕۆژانەی
بگۆڕێت، جل و خواردن و شێوازی ژیانی نوێ فێر بێت، بەڵام بۆنی بارانی زێدی خۆی،
دەنگی گۆرانییەکی کۆن یان ناوی گوند و شاخێک، لەناکاو دەرگای ژوورێکی داخراوی
بیرەوەرییەکانی دەکاتەوە. لەو ساتەدا دەزانێت کە دووری ناتوانێت پەیوەندیی نێوان
مرۆڤ و سەرچاوەی بوونی ببڕێت.
سیمۆن ڤەی دەڵێت: «ڕەگ داکوتان، لەوانەیە گرنگترین و
کەمتر ناسراوترین پێویستیی ڕۆحی مرۆڤ بێت.» ئەم ڕەگ داکوتنە تەنیا مانەوە لەسەر
خاکێک نییە؛ بەڵکو پەیوەستبوونە بە مێژوو، زمان، کۆمەڵگا و بیرەوەرییە هاوبەشەکان.
مرۆڤ کاتێک ڕەگداری خۆی هەست پێدەکات کە دەزانێت لە کوێوە هاتووە، بە چییەوە
پەیوەستە و چیرۆکی ژیانی لە کام ڕابردووەوە دەست پێدەکات.
بەڵام ئێمەی پەنابەر بە ئارەزووی خۆمان خاکمان بەجێ
نەهێشتووە. بێدادپەروەری، زوڵم، شەڕ و دەسەڵاتی سەرکردەکانی وڵاتمان، ئێمەیان لە
ڕەگ و ڕیشەکانی خۆمان هەڵکەند. ئێمە گەشتیار نەبووین کە کاتی گەڕانەوەمان لە پێشدا
دیاری کرابێت؛ دەربەدەرانی ڕێگایەک بووین کە کەسانی تر بەسەر چارەنووسماندا
سەپاندیان. خاکمان بەجێ هێشت، نەک چونکە خۆشمان نەدەویست، بەڵکو چونکە ئەوانەی
دەسەڵاتیان بەسەر خاکەکەدا هەبوو، مافی ژیانی ئازادانەیان لێ سەندبووینەوە.
ئێمە لە وڵاتی دووەمدا وەک لقێک وایەن کە لە دارێکی
کۆن بڕدراوەتەوە و بە ڕەگی دارێکی ترەوە پێکەوە گرێ دراوە. ئەگەر گرێدانەکە
سەرکەوتوو بێت، لقەکە دووبارە سەوز دەبێتەوە؛ لە ڕەگی دارە نوێیەکە ئاو و خۆراک
وەردەگرێت، گوڵ دەکات و میوە دەگرێت. بەڵام ئەو میوەیە چیتر تەواو میوەی دارە
یەکەمەکە نییە و تەواوی میوەی دارە دووەمەکەش نییە. تامی هەردوو خاک، هەردوو وەرز
و هەردوو جۆرە ژیان لە خۆیدا هەڵدەگرێت.
پەنابەر لە وڵاتی نوێدا زمان فێر دەبێت، کار دەکات،
بنەماڵە دروست دەکات و بە هێواشی لە کۆمەڵگای نوێدا ڕەگ دەکوتێت. ئەو خاکەی پەنای
داوەتێ، تەنیا شوێنی مانەوەی نییە؛ دەبێتە بەشێک لە ژیان و ناسنامەی. منداڵەکانی
لەوێ لەدایک دەبن، لە قوتابخانەکانی ئەوێ دەخوێنن و بە زمانی ئەو کۆمەڵگایە خەون
دەبینن. بەم شێوەیە، مرۆڤی پەنابەر بە پەیکەرێکی زیندووی نێوان دوو جیهان دەگۆڕێت؛
هەڵگری دوو زمان، دوو بیرەوەری و دوو شێوازی سەیرکردنی ژیان دەبێت.
بەڵام ئەم ژیانەی نێوان دوو جیهاندا هەم دەوڵەمەندییە
و هەم برین. دەوڵەمەندییە، چونکە مرۆڤ زیاتر لە یەک ڕوانگە بۆ تێگەیشتن لە جیهان
هەیە؛ برینە، چونکە هەرگیز بە تەواوی لە هیچ کامیاندا ئارام ناگرێت. لە وڵاتی
نوێدا، ڕووخساری، ناو، زمان یان یادەوەرییەکانی پێی دەڵێن کە لە شوێنێکی ترەوە
هاتووە. کاتێکیش دوای ساڵانێک دەگەڕێتەوە زێدی خۆی، دەبینێت کە ئەو شوێنە گۆڕاوە و
خۆیشی چیتر ئەو کەسەی پێش کۆچکردن نییە.
ئێدوارد سەعید غوربەت بە دۆخێکی پچڕان و ناتەواوی
دەناسێنێت؛ دۆخێک کە مرۆڤ لە خۆراکی نەریت، خێزان و جوگرافیا دادەبڕێت. لەو
ڕوانگەیەوە، غوربەت تەنیا دووریی جەستە لە نیشتیمان نییە، بەڵکو شکاوی
پەیوەندییەکی قووڵە کە ناتوانرێت بە ئاسانی چاک بکرێتەوە. پەنابەر دەکرێت خانووی
نوێ هەبێت، بەڵام «ماڵ» هەمیشە واتایەکی ترە. خانوو دیوار و سەقفە؛ ماڵ ئەو
شوێنەیە کە مرۆڤ لە ناویدا پێویستی بە ڕوونکردنەوەی ناسنامەی خۆی نییە.
تەنانەت گەڕانەوەش هەمیشە کۆتایی غوربەت نییە. ئەگەر
دوای بیست یان سی ساڵ بگەڕێینەوە نیشتیمان، لەوانەیە ببینین لە خاکی خۆشماندا هەر
غەریبین. هاوڕێکان گۆڕاون، کۆڵانەکان ڕووخاون، وشەکان واتای نوێیان وەرگرتووە و
کۆمەڵگا بەبێ ئامادەبوونی ئێمە بەرەوپێش چووە. ئەو نیشتیمانەی ئێمە ئارەزووی
دەکەین، زۆرجار نیشتیمانی ئێستای سەر زەوی نییە؛ نیشتیمانێکە لە بیرەوەریدا
پارێزراوە. ئێمە بۆ شوێنێک دەگەڕێینەوە کە لە کاتدا وەستاوە، بەڵام لە ڕاستیدا
چیتر بوونی نییە.
لەو کاتەدا مرۆڤ دەزانێت کە غوربەت تەنیا ناوی
وڵاتێکی دوور نییە؛ غوربەت دۆخێکی دەروونی و ناوەوەییە. دەکرێت مرۆڤ لە نیشتیمانی
خۆیدا بێت و هەر غەریب بێت، هەروەها دەکرێت لە خاکێکی دووردا هەست بە نزیکی و
ئارامی بکات. غوربەت ئەو کەلێنەیە کە لە نێوان «ئەوەی بووین» و «ئەوەی بووینەتە»
دروست دەبێت.
هانا ئارێنت لە نووسینی «ئێمەی پەنابەر»دا ئاماژە
بەوە دەکات کە پەنابەر زۆرجار ناچارە ناسنامەی خۆی نوێ بکاتەوە تا بتوانێت لە
جیهانی نوێدا بمێنێتەوە. بەڵام پشت ئەو ڕووخسارە نوێیە، ڕابردوویەک هەیە کە بە
ئاسانی ناسڕدرێتەوە. مرۆڤ دەکرێت زمانێکی نوێ فێر بێت، بەڵام دەنگی دایکی بە زمانی
یەکەم هەمیشە لە قوڵترین شوێنی هۆشیاریدا دەمێنێتەوە.
مەحمود دەروێش پرسیاری «نیشتیمان لە کوێیە؟» لە ئاستی
خاکەوە بۆ ئاستی زمان و بیرەوەری بەرز دەکاتەوە. لە جیهانی ئەو و زۆرێک لە
شاعیرانی ئاوارەدا، نیشتیمان شتێک نییە تەنیا بتوانرێت بە دەست نیشان بکرێت؛
نیشتیمان دەبێتە وشە، شیعر و چیرۆک. کاتێک خاک لە مرۆڤ دەسەنرێتەوە، زمان دەبێتە
دوا پەناگەی. بەهۆی نووسینەوە، مرۆڤ شوێنێک دروست دەکات کە هیچ دەسەڵاتێک ناتوانێت
بە تەواوی لێی دەربکات.
لەوانەیە چارەنووسی ئێمە ئەوە بێت کە هەرگیز تەنیا بە
یەک خاکەوە پەیوەست نەبین. ڕەگی یەکەممان لە زێدی لەدایکبوونە، بەڵام بەشێکی ترمان
لە خاکی ئەو وڵاتەدا گەشە دەکات کە پەنای داوین. ئەمە بە مانای خیانەت لە
نیشتیمانی یەکەم نییە؛ بەڵکو بەڵگەی توانای مرۆڤە بۆ زیندوومانەوە. دارێک کە لە
خاکێکی نوێدا گوڵ دەکات، ڕەگی کۆنی خۆی لەبیر ناکات؛ بەڵام فێر دەبێت لە باران و
خۆری ئاسمانێکی دیکەش ژیان وەربگرێت.
ئێمە میوەی نێوان دوو ڕەگین: ڕەگێک لە خاکی
بیرەوەریدا و ڕەگێک لە خاکی ژیانی ئێستادا. میوەکەمان لەوانەیە جیاواز بێت، بەڵام
ئەو جیاوازییە کەم وکوڕی نییە؛ مێژووی زیندوومانەوەمانە. هەر زمانی نوێ، هەر
هاوڕێیەتیی نوێ و هەر منداڵێک کە لە خاکی دووەمدا لەدایک دەبێت، لقێکی نوێ بە داری
بوونمانەوە زیاد دەکات.
لە کۆتاییدا، غوربەت لەوانەیە برینێک بێت کە هەرگیز
بە تەواوی چاک نەبێتەوە، بەڵام هەمان برین دەتوانێت ببێتە چاوی سێیەمی مرۆڤ؛ چاوێک
کە بەهۆیەوە نیشتیمان، ئازادی و کرامەتی مرۆڤ بە قووڵی دەبینێت. ئەوەی هیچ کات لە
ماڵی خۆی دەرنەکراوە، لەوانەیە نەزانێت «ماڵ» تا چەند پیرۆزە. بەڵام ئەوەی ماڵی لێ
سەندراوەتەوە، دەزانێت کە ماڵ تەنیا شوێنی مانەوە نییە؛ بەشێکە لە ڕۆح.
لەوانەیە ئێمە هەرگیز بە تەواوی نەگەڕێینەوە، تەنانەت
ئەگەر جارێکی تر پێمان بە خاکی نیشتیمان بگاتەوە. چونکە کاتێک مرۆڤ لە ڕەگی یەکەمی
خۆی هەڵدەکەنرێت و بە ڕەگێکی ترەوە دەبەسترێتەوە، چیتر نەک تەنیا هی ئەم خاکەیە و
نەک تەنیا هی ئەوی تر. ئەو دەبێتە مرۆڤی نێوان دوو جیهان؛ کەسێک کە نیشتیمانەکەی
لە سنووری جوگرافیادا کۆتایی نایەت، بەڵکو لە زمان، بیرەوەری و ئەو چیرۆکانەدا
بەردەوام دەبێت کە بۆ نەوەکانی دوای خۆی دەیانگێڕێتەوە.
لەوانەیە مانای ڕاستەقینەی نیشتیمانیش هەر ئەمە بێت:
نەک تەنیا ئەو خاکەی مرۆڤ لەسەری لەدایک بووە، بەڵکو ئەو بەها، زمان، یادەوەری و
خۆشەویستییانەی کە لەگەڵ خۆیدا هەڵیان دەگرێت. دەکرێت سنوورەکان لێمان دوور
بخەنەوە، بەڵام تا کاتێک چیرۆکەکانمان دەگێڕینەوە، زمانەکەمان دەپارێزین و ناوی
خاکەکەمان بە خۆشەویستی دەهێنین، نیشتیمان لە ناوماندا بە زیندوویی دەمێنێتەوە.

هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر